ڕاپۆرتی کوردستانی

04:49 - 10/01/2019

كەلتورێكه‌ لە سیستمە دیكتاتۆرییەكانەوە بۆمان ماوەتەوە‌

پەیسەر

كاتێك دەچتە نێو فەرمانگە حكومەیەكانی هەرێمی كوردستان یەكەم دیاردەیەك كە چاوت ده‌یبینێت بوونی چەند وێنەیەكی سەركردە حیزبیەكانی (باشووری كوردستان)ە ، ئەوەش سەرسوڕمانەكەت زیاتر دەكات لەنێوان زۆنەكان و هەندێكجاریش مەیل و ئینتیمای فەرمانگەكەدا دەگۆڕێت و لە وێنەی یەكێكەوە دەگۆڕێت بۆ یەكێكی تر هەر لەنێو هەمان حیزب دا، بەڵام ئاماژەكان روونن دەبێت خەڵكی ئاسایی ئەوەندە هۆشیاری هەبێت كە لەیەكترییان جیابكاتەوە.

كاتێك دەچیتە ده‌ڤه‌ری زه‌رد، تەنها وێنەی (بارزانی باوك و كوڕ) دەبینرێت، خۆ ئەگەر ئەو فەرمانگەیە یان ئەو شوێنەی كە وێنەگەی تێدا هەڵواسراوە كەسی یەكەمی سەر بە یەكێك لە (بارزانی كوڕەزاكان – نێچیرڤان و مەسرور) بێت ئەوا وێنەی ئەوان یان لەسەر مێز یاخود لە تەنیشی ئەوانی ترەوە دادەنرێن. 

كاتێك دەچیتە نێو ئەو ناوچانەی كە دەسەڵاتی پارتی تیایدا كەمتر دەبێتەوەو حیزبەكانی تری كوردستان (بەتایبەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان) تیایدا دەوێرن هەناسەیەك بدەن، ئیدی مۆدێلێكی تر دێتە كایەوە، ئەویش لە شوێنە فەرمیەكان وێنەی دوو قۆڵی (مەسعودبارزانی و جەلال تاڵەبانی – بە پێكەنینەوە)دادەنرێن، لێرەشدا میزاج و ئینتیمای بەرپرسی فەرمانگە دووبارە دێتەوە نێو كایەكەوە، وێنەی یەكێكیان بە جیاواز و بەبایەختر و شوێنی باشتر هەڵدەواسرێت بۆ نموونە ئەگەر بەرپرسی یەكەم پارتی بێت ئەوا وێنە دوو قۆڵیەكە بە بچووكی و وێنەی مەسعود بارزانی بە گەورەتر و گەشاوەتر دەبینرێـت، یان وێنەی(كوڕەزاكان) دەبینرێت لە سەر مێز و پشتە سەری بەڕێوەبەری فەرمانگەوە. 
هەرچی -یەكێتی- یەكانی سنووری ناوچەی هاوبەش (هەولێرو دەوروبەری) هەیە، لەگەڵ وێنەی دووقۆڵیەكەدا  وێنەی سەركردەی دیاری ناوچەی هەولێری یەكێتی و جێگری سكرتێری گشتیەكەیان (كۆسرەت رەسووڵ) دادەنرێت.

لەناوچەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، لە هەموو فەرمانگەو قوتابخانەكاندا ، وێنەی دوو قۆڵی هەڵدەواسرێت بەوئەندازەیەی كە لە هەولێر و ناوچەكانی تریش هەڵدەواسرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وێنەی (تاڵەبانی باوك) بە گەورەتر و پرشنگدار تر دادەنرێت.
نەك هەر لەنێو فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا وێنەكان دەبینرێت و كراون بە فەرمان، بەڵكو لەنێو هۆڵی چوونە ژوورەوەی پەرلەمان دا(كە دەبێت یاساكە لای ئەوانەوە دەربچێت) وێنەی بارزانی باوك دانراوە، كەچی دوای تەواو بوونی چوار خولی پەرلەمانی و دەست بەكار بوونی خولی پێنجەم هیچیان لەو بارەوە نەگوتووە، تەنها خستنە رووی پرۆژە یاسایەك بوو بەڵام هیچی لی شین نەبوو نەچووە نێو بەرنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە هیچ خولێكدا.

لەو بارەیەوە ئەبووبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری خولە چوارەم و پێنجەم لەسەر لیستی (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) دەڵێت، لە خولی رابردووی پەرلەمان ویستوویانە لەرێگەی یاسایەكەوە هەڵواسینی وێنە لە فەرمانگەكان رێكبخەن و وردەكارییەكەی بكەن بە یاسا، بەڵام پرۆژە یاساكە تەنها خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو دواتر بێدەنگی لێكراو ئاراستەی لیژنەكان نەكرا.
هەڵەدنی بۆ پەیسەر گوتی"ئەو وێنانە هەروەك و دیاردەیەكی حزبی هەڵدەواسرێن، و لەگەڵ رۆحی سەردەمدا ناگونجێن، ئێمە رەمزەكانمان دەكرێت بە شتی دیكە رێزیان لێبگیرێت، ئەمە كەلتورێكی رۆژهەڵاتیانەی دواكەوتووە، كە لە سیستەمە دیكتاتۆرییەكانەوە بۆمان جێماوە".. بە هەمان شێوەش لە نێو وەزارەتەكان و ئەنجوومەنی وەزیرانیش وێنەكانی بارزانی (باوك و كوڕ) هەن و هیچ پاساوێكی یاسایشی نیە.

بەهانەی بوونی ئەو وێنانە ئەوەیە (جەلال تاڵەبانی – سەرۆك كۆماری عێراق ) و (مەسعوود بارزانی- سەرۆكی هەرێمی كوردستان)بوون، بەڵام لە ئێستەدا هەردووكیان بە سەرۆك نەماون، دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی یەكەمیان لە ناوەڕاستی ساڵی 2014  تەواو بووەولە بەروای (3/10/2017) بە نەخۆشی كۆچی دوایی كردووەو دوای ئەویش (فوئاد مەعصوم – لە حیزبەكەی تاڵەبانی) بووە سەرۆك كۆمار، بەلام تا تەواو بوونی وادەی سەرۆك كۆماری (هیچ !!) وێنەیەكی ئەو نەبینرا دابنرێت،لە رۆژی (2/10/2018) شەوە دكتۆر بەرهەم صاڵح لە هەمان حیزبی تاڵەبانی بووەتەوە سەرۆك كۆماری عێراق و تا ئێستەش نەبینراوە وێنەیەكی دابنرێت.

 هەرچی مەسعود بارزانیشە ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمەكەی (دوای دوو خول) لە بەرواری 29/10/2017 كۆتایی هاتووە و بووتەوە سەرۆكی پارتەكەی خۆی (پارتی دیموكراتی كوردستان).
ئەوانەی تریش كە وێنەكانیان دادەنرێت یەكێكیان (نێچیرڤان) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كاربەڕێكەر و كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم و كوڕی (ئیدریس بارزانی و زاوای مەسعود بارزانی)یەو كەسی دووەمیش وێنەی (مەسروربارزانی- كوڕی گەورەی مەسعودبارزانی) و كاندیدی حیزبەكەی بۆ سەرۆكی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و (كۆسرەت رەسووڵ)یش كە (جێگر!!)ی یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، هەرچەندە ئەو حیزبە لەكاتی مردنی (تاڵەبانی)یەوە بێ سكرتێر ماوەتەوەو بۆچوونی جیاواز لەو بارەیەوە هەیە.

بە پێی وتەی شارەزایان ، هەڵواسینی وێنەی سەركردەی حیزبی لەنێو فەرمانگە حكومیەكان دا پاڵپشت نیە بە هیچ رێكارێكی یاسایی و تەنها (عورف)ێكەو هیچی تر ، ئەم دیاردەیە ئاماژەیە بۆ چەند خاڵێك:
1- درێژە پێدانی رەوایەتی شۆڕشگێڕیی و فرۆشتنەوەی خەباتی كوردایەتی بە نەوەكانی دوای خۆیان. وەك ئەوەی بیانەوێت لەو رێگەیەوە (نەمری) بە كەسەكان ببەخشن.

2- نەبوونی یاسایەك كە سەرجەم بابەتەكانی وێنەی هەڵواسراو رێك بخات، وەك : وێنەی كێ هەڵبواسرێت؟ ئەو پێودانگانە چین كە دەتوانرێت وێنەی یەكێك لە یەكێكی دیكە جیابكاتەوە. قەبارەی وێنەكەچەندبێت ، كام وێنەیە هەڵبواسرێت، لەكام جێگە هەڵبواسرێـت و چەندان وردەكاری تر كە پێویستی بەیاسایەك هەیە رێكی بخات و تائێستەش ئەو یاسایە لە كوردستاندا بوونی نیە.

3- دەسەڵاتی حیزب و خاوەن وێنەكان (كە هەندێكجار كەسانی ناو حیزبەكانن) لەناو كایەكانی دەسەڵاتەكانی (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری)دا و دەستێوەردانی راستەوخۆیە لەو كایانە و نیشاندان و دەرخستنی هەژمونیانە بەسەر ئەو فەرمانگانەوە كە وێنەكانیان هەڵواسراوە.

پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ لە خولی تازەی (پەرلەمان و حكومەتی )ی نوێدا یاسایەكە خوێندنەوەی تری بۆ دەكرێت و ئاراستەی لیژنەكان دەكرێنەوە ؟ یان ئەوەیە وێنەكان دادەگیرێن، كە بڕواناكرێت ئایدۆلۆژیاو گیانی رۆژهەڵاتیانەی ئەم حیزبانە رێگە بەوە بدات؟ یاخود رێگەی سێیەم و چاوەڕوان كراو پەیڕەودەكرێت كە وێنەكان هەر وەكو خۆیان دەمێننەوەو لەپەنای ئەوانیش دا وێنەی تری نوێ دێنە پێشەوە، كە بەرپرسە حیزبیەكانی (بنەماڵەكانی )تاڵەبانی و بارزانین..