ڕاپۆرتی کوردستانی

01:43 - 13/02/2021

چڕنوکی تورکیا گارە بریندار دەکات؟ چی روویدا؟‌

پەیسەر

ماوەی چوار رۆژە تورکیا ئۆپراسیۆنێکی بۆ سەر شاخی گارە و ناوچەکانی دەورووبەری دەستپێکردووە، وەزارەتی بەرگری تورکیا و پەکەکە ئاماژە بە سەرکەوتنی هێزەکانیان دەکەن و دان بە شکستدا نانێن. شەڕ لە گارە بەردەوامی هەیە و فڕۆکەکانی تورکیاش تاکو ئێستا ناوچەکە بۆردومان دەکەن. لە چوار رۆژی رابردوودا چی روویدا؟

تورکیا چڕنوک لە گارە دەدات
لە رۆژی ١٠ی شوباتەوە تورکیا "ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-٢"ی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاخی گارە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵیت، "بە ئامانجی سەقامگیرکردنی ئاسایشی سنورەکانمان و پوچەڵکردنەوەی هێرشەکانی تیرۆر لە باکوری عێراقەوە بۆ سەر ئاسایش و خەڵکەکەمان، لە چوارچێوەی بەرگری رەوا لە گەلەکەمان، لە رۆژی ١٠ی شوباتەوە "ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-٢" بۆ سەر بارەگا و ناوچەکانی پەکەکە لە ناوچەی گارە لە باکوری عێراق دەستیپیکردووە."

لە راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری تورکیادا هاتووە، زیاتر لە ٤٠ فڕۆکەی شەڕکەڕ، هەواڵگری، بێفرۆکەوان و سوتەمەنی پێدەر لە ئۆپراسیۆنەکەی گارەدا بەشدارن.

زیانەکان لە زاری تورکیاوە
تورکیا ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوام جەخت لە "زیانی زۆر" لە گەریلاکان دەکاتەوە و وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە دەڵیت، "بە تەواوی ئامانجەکانی پەکەکە لە شاخی گارە پێکراون و زیان لە بوونی پەکەکە لە ناوچەکەدا دراوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە، دوای هێرشە ئاسمانییەکان لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە سەربازەکانیان دابەزاندووەتەوە ناوچەکە.

لە دواین بڵاوکراوەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە دوو گەریلای دیکە کوژران، ژمارەی گەریلا کوژراوەکان لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا بۆ ٤٢ گەریلا بەرزبووەتەوە.

بەرگری تورکیا دەڵێت، لەو ٤٢ کوژراوەی پەکەکە، دوو کەسیان کادری باڵای پەکەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ سێیەم کادر لە هێرشەکاندا کوژرا.

تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە لا رۆژانی یەکەم و دووەمی ئۆپراسیۆنەکەدا سێ سەربازیان کوژراوە و چەند سەربازێکی دیکەش بریندارن.

ئاماری شەڕەکە لە زاری پەکەکەوە
ژامارەکانی ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ژمارەکانی تورکیا جیاوازن. هەپەگە لە راگەیەندراوی دوێنێ هەینیدا دەڵێت، "تاکو ئێستا ٣٠ سەربازی تورکیا کوژراون و دەیان سەربازی دیکەش بریندار بوون.

هەپەگە لەبارەی دابەزاندنی سەربازانی سوپای تورکیا لە گارە دەڵێت، سەربازانی تورکیا هەوڵیانداوە لە چیای گارە دابەزن و جێگیر ببن، بەڵام گەریلاکاننیان بە توندی بەرپەرچیان داونەتەوە و ناچاریان بوون بکشێنەوە و دانەبەزن.

چوار رۆژەکە چی روویدا؟
بەپێی زانیاری و بڵاوکراوەکان چوار رۆژی شەڕەکە تاکو ئەمڕۆ بەم جۆرە بووە؛

لە رۆژی یەکەمدا واتە ١٠ی شوبات، یەکەم پێکدادانی نێوان تورکیا و گەریلا لە گوندی سیانێ روویداوە و زیان بە تورکیا گەیەندراوە. لە نزیک نیوەڕۆدا سوپای تورکیا هێرشی کردووەتەوە سەر سیانێ و شەڕ و پێکدادان روویداوەتەوە.

هەمان رۆژ و لە کاتژمێرەکانی دوای نیوەڕ و سەر لە ئێوارەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دیسان لە سیانێیان داوەتەوە. لەو چەند کاتژمێرە کەمەدا شەش جار دەڤەری سیانێ بۆردومان کراوە‌.

لە رۆژی یەکەمدا وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند سەربازیان لە گارە - سیانێ دابەزاندووە، بەڵام هەپەگە رەتیکردەوە و وتی، تورکیا بە هێلیکۆپتەر هەوڵی داوە سەرباز دابەزێنێت، بەڵام گەریلاکان رێگایان پینەداون و ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن.

ڕۆژی دواتر، واتە ١١ی شوبات، تورکیا ئەم هێرشانەی ئەنجامداوە؛
شەش هێرش بۆ سەر هەرێمی سێدارێی گارە، پێنج هێرش بۆ سەر هەرێمی نێرانێ، نۆ هێرش و پەلامار بۆ سەر دەوروبەری گوندی مووسەلەکا، بلند بازی و شکفتیان.

هەمان ڕۆژ، لە کاتی نیوەڕۆدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هەرێمی کۆلیتیان لە خواکوڕک بۆردومان کرد.

دوێنێ ١٢ی مانگ و لە سێیەم رۆژی شەڕەکەدا، تورکیا دیسان هێرشی کردەوە سەر شاخی گارە و گوندەکانی بناری شاخەکە.

هەر دوێنێ گوندەکانی چەم شرتێ و سەری چل گێڕا بەسەختی بۆردوومان کران، دوانیوەڕۆش فڕۆکەکانی تورکیا گەلی زەنتکیان لە بناری چیای گارە لە سنووری شارۆچکەی چەمانکێ بۆردوومانکرد.

دوای عەسری هەینی فڕۆکەکانی تورکیا چیای خێرێیان لە سنووری شارۆچکەی قەسرۆک و قەزای شێخان بۆردوومانکرد.

سەرلەئێوارەش لە بناری چیای گارە شەڕی سەخت لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا روویدایەوە.

شەوی رابردووش دیسانەوە فرۆکەکانی تورکیا چەند گوندێکی بناری چیای گارەیان بۆردومان کردەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانەوە بڵاونەکرایەوە.

ئەمڕۆ سەرلەبایەنی و لە چوارەم رۆژی شەڕەکەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی گوندی سیانێیان کردەوە، واتە ئەو گوندەی یەکەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکە بۆردومان کرا.

شەڕی "دۆستەکان"
دوێنێ وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لە رۆڵی "دۆست و هاوپەیمانەکان"ی کرد لەم شەڕەدا.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا هاتبوو، "بە هاریکاری و تەنسیق لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانمان، پێش هێرشەکان ئامانجەکانی پەکەکەمان لە شاخی گارە دیاریکرد و دواتر هێرشمان کرد."

هەپەگە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیای رەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکمان لەبارەی بەشداریکردنی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنەکەی گارەدا نییە، ئەو زانیارییانەشی تورکیا باسی دەکات لەم بارەیەوە درۆن و راست نین، ئەوەی هەیەو راستە سوپای تورکیا هێز و کۆپتەرەکانی لە بنکەی شرناخەوە بۆ بنکەی باشیک گواستووەتەوە، لەوێشەوە بەسەر شارۆچکەی باکرمانی سەر بە ئاکرێدا چوونەتە سەر ناوچەکانی گارە، بەڵام لەم دۆخەدا هیچ کاردانەوە و دژایەتییەک لە پارتییەوە بۆ ئەم کارەی تورکیا نەبینراوە."

ئەمە لە کاتێکدایە لە دووەم رۆژی هێرشەکەدا هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپا جڤاکێن کوردستان- کەجەکە رایگەیاند، "سوپای تورکیا بەبێ رەزامەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناتوانن هیچ جۆڵەیەکی داگیرکەری لە شاخی گارە ئەنجامبدەن، چونکە دەبێت رێگاپێدان و پەسەندکردنیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە وەرگرتبێت."

ئەمریکا؛ یاری دوو سەرە
ئەمریکا لەبارەی ئۆپراسیۆنی ئەمجارەی تورکیاوە لێدوانی جیاواز دەدات و لێدوانەکانیش لەگەڵ یەکتردا یەکناگرنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "داوا لە تورکیا دەکەین ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت، هەر هێرشێکی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا، پێویستە لەسەر بنەمای ڕەزامەندی و ڕێز لە سەروەری عێراقدا بێت."

لە هەمان کاتدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە لێدوانێکی جیاواز دەدات و دەڵێت، "ئێمە خەمبارین بە کوشتنی سەربازەکانی تورکیا لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکە و سەرەخۆشیش لە خێزانی سەربازە کوژراوەکان دەکەین، پاڵپشتی لە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆشمان دەکەین".

 

حەشد ئامادەی بەرگرییە
حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، ئامادەن بەرگری لە شنگال بکەن و رێگا نادەن سوپای تورکیا شارەکە داگیر بکات.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا حەشدی شەعبی سێ لیوای بردووەتە شنگال و لە چەند شوێنێکی جیاوازدا بڵاویکردوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە ناوچەکەوە، لیوای ٢١ی حەشدی شەعبیی بەدر لە رۆژهەڵاتی شنگال، لیوای ١٤ لەسەر چیای شنگال و  لیوای 33 لە رۆژئاوای شارەکە جێگیر کراون.

لیواکانی حەشدی شەعبی کە لە نەجەف، کەربەلا و موسڵەوە روویان لە ناوچەکانی شنگال کردووە، رایانگەیاندووە ئامادەن بەرگری لە هەر هێرشێک بکەن کە بکرێتە سەر شارەکە.  

چەکدارانی حەشد کە نزیکن لە ١٠ هەزار کەسەوە دەڵین، لەسەر داوای فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی لەناكاوی توركیا بۆ ناوچەكە هاتوونەتە ناوچەکە و جێگیر کراون.