11:38 - 13/02/2021
هەرێمی کوردستان لەژێر سێبەری جەنگی تورکیا و پەکەکەدا
دەیان ساڵە پێکدادانی چەکداری لەنێوان تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەیە، بەشێکی زۆری ئەم پێکدادانەش لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندان، بەشێک لە چاودێران و شیکەرەوانی سیاسیی و ئەمنیش باس لە مەترسی ئەم ململانێیە لەسەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بوونی ململانێیه‌كی ئیقلیمی و جیهانی به‌هێز له ناوچه‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی تێكچونی دۆخی ئه‌منی هه‌رێمی كوردستانی دروستكروه
هەرێم لەنێوان تورکیا و پەکەکە
سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی لە ڕانانی ژمارە شەشی خۆیدا باس لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان و کاریگەری لەسەر هەریمی کوردستان دەکات، لە رانانەکەدا هاتووە، هێرشی هێزه ئاسمانی و یه‌كه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مجاره‌ی توركیا له ساڵی (٢٠٢٠) به قۆناخێكی نوێ و جیاوازی شه‌ڕی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌ژمێردرێت كه مێژوه‌كه‌ی بۆ نزیكەی 40 ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك ئه‌م پارته بڕیاری دا هه‌رێمی كوردستان بكاته پێگه‌یه‌ك له‌شه‌ڕی دژ به توركیا.
باس لەوەش کراوە، هه‌رچه‌نده لهڕووكەشدا ئه‌م هێرشانه‌دا وه‌ك شه‌ڕێكی دوو لایه‌نه‌ی (توركی) سه‌یر ده‌كرێت، به‌ڵام كردنی هه‌رێمی كوردستان به مه‌یدانی سه‌ره‌كی شه‌ڕه‌كه و فراوانی هێرشه‌كه و بوونی ململانێیه‌كی ئیقلیمی و جیهانی به‌هێز له ناوچه‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی تێكچونی دۆخی ئه‌منی هه‌رێمی كوردستانی دروستكروه كه له مێژه وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئارامی عێراق و ناوچه‌كه سه‌یر ده‌كرێت.
هه‌رێم و مێژووی پڕ له ململانێی توركیا و پەكەكە
توێژەرانی سەنتەرەکە سەرەتا باس لە مێژووی ملاملانێکانی هەردوولا دەکەن، پاش كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی ١٩٨٠ سه‌رجه‌م پارته سیاسی و رێكخراوه مه‌ده‌نی و مرۆییه‌كان قه‌ده‌غه كران، پارت و ڕێكخراو‌و و كه‌سایه‌تییه كوردی و ماركسسیهكان پشكی شێریان له قه‌ده‌غه و گرتن به‌ركه‌وت، كه به‌هۆیه‌وه به‌شێك له‌و پارتانه چالاكی سیاسی و ڕێكخراوه‌ییان برده ده‌ره‌وه‌ی توركیا، له‌وانه‌ش پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
سه‌رباری بونی گفتوگۆی توند لەنێوان پارته كوردی و ماركسییه‌كان سه‌باره‌ت ئه‌وله‌ویه‌تی ده‌سپێكردنی خه‌بات و چالاكی سیاسی و سه‌ربازی دژ به ده‌وڵه‌ت له نێو توركیا یان له ده‌ره‌وه‌ی توركیا، پارتی كرێكاران له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته بوو كه دروستكردنی پێگه‌ی سیاسی و سه‌ربازی له‌ده‌ره‌وه هۆكارێكی یاریده‌ده‌ر ده‌بێت بۆ به‌هێزكردنی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری له ناوه‌وه. به‌م ستراتیجه به‌شێك له سه‌ركرده‌كانیان به‌ره‌و سوریا و پاشان لوبنان ڕێكه‌وتن.
له سه‌ره‌تای جه‌نگی عێراق و ئێرانه‌وه هه‌رێمی كوردستان بووه به مه‌یدانی سه‌ره‌كی شه‌ڕی ئه‌م دوو لایه‌نه
شه‌ڕی عێراق - ئێران (١٩٨٠) پێگه‌ی سه‌ربازی عێراقیان - به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران - له ناوچه شاخاواییه دوردهستهكانی سەرسنوور لاواز كرد. به‌م هۆیه‌وه ئه‌م ناوچانه بووە مه‌یدانێكی به‌سودی سیاسی و سه‌ربازی بۆ پارته سیاسییه‌كانی كوردانی عێراق و ئێران و پاشانیش توركیا. به‌م شێوه‌یه ساڵی ١٩٨٢ پارتی كرێكاران بڕیاری دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی له سنووره شاخاوییه‌كانی توركیا دا و یه‌كه‌م بنكه‌ی چه‌كداری خۆی له سێكوچكه‌ی عێراق – ئێران - توركیا دانا. هه‌رچه‌نده پەكەكە تا دوو ساڵی پاشتر شه‌ڕی توركیای نه‌كرد به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركیا پاش رێككه‌وتنه ئه‌منییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق له ساڵی ١٩٨٣ له هێرشكردنه سه‌ر پارتی كرێكاران ده‌سپێشخه‌ر بوو یه‌كه‌مین هێرشی سه‌ربازی له ساڵی ١٩٨٤ بۆناو خاكی هه‌رێمی كوردستان كرد و په‌كه‌كه‌ی كرده ئامانج. به‌مه‌ش له‌و مێژوه‌وه هه‌رێمی كوردستان بووه به مه‌یدانی سه‌ره‌كی شه‌ڕی ئه‌م دوو لایه‌نه.
ڕانانەکە ئەوە دەخاتەڕوو، به دروستبونی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی كوردی پاش ساڵی ١٩٩١ له كوردستانی عێراق بوونی گرژی و شه‌ڕى نێوان پارته كوردییه‌كانی توركیا (پەكەكە) وئێران (كۆمه‌ڵه‌و ودیموكرات) كێشه‌ی ئه‌منی سیاسی بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست كردبوو، به‌تایبه‌ت كه سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده كورده‌كانی ئێران و توركیا هه‌بوو و به هۆی ئیلتزاماتی نێودهوڵهتیییهوه نه‌یان ده‌توانی وه‌ك جاران پشتگیری و دژ به وڵاتانی خۆیان هاوكارییان بكه‌ن.
به‌م شێوه‌یه داوا له‌و هێزانه كرا كه له سنووری نێوده‌وڵه‌تی دوربكه‌نه‌وه و پشتگیری یه‌كه‌مین ئه‌زمونی حكومه‌تی كوردی له كوردستانی عێراق بكه‌ن. لێره‌دا پارته كوردستانییه‌كانی ئێران ئه‌م پێشنیاره‌یان په‌سه‌ند كرد و له سنوور دوركه‌وتنه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پەكەكە نه‌گه‌یشنه ئامانج و سه‌ره‌نجام شه‌ڕی هه‌رێم و پەكەكە له پایزی ١٩٩٢ ڕوویدا، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی و هێزێكی زۆری پەكەكە له سنووری توركیا كشانه‌وه‌و قه‌ندیلیان كرده باره‌گای سه‌ره‌كی خۆیان، هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین وتووێژی ڕاسته‌قینه‌ش لە نێوان پەكەكە و توركیا به هاوكاری جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستی پێكرد. به‌ڵام به مردنی سه‌رۆك ئوزال له به‌هاری ١٩٩٣ هیچ هیوایه‌ك بۆ ڕێككه‌وتن نه‌ماو جارێكی تر كوردستانی عێراق بوو بهمهیدانێكی سه‌ره‌كی شه‌ڕه‌كه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گرتنی ئوجه‌لان ساڵی ١٩٩٩ ڕاگرتنی شه‌ڕی توركیا‌و پەكەكەى بۆ زیاتر له ١٥ ساڵ له‌گه‌ڵ خۆی هێنا، به‌ڵام پاش ٢٠١٥ قۆناغێكی نوێ ی ئه‌م شه‌ڕه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد كه زۆر له‌هی هه‌شتاكان و نه‌وه‌دانی سه‌ده‌ی ڕابردو جیاواز بوو.
به مردنی سه‌رۆك ئوزال له به‌هاری ١٩٩٣ هیچ هیوایه‌ك بۆ ڕێككه‌وتن نه‌ما
- ٢٠١٥~٢٠٢٠؛ قۆناخێكی نوێ له‌شه‌ڕێكی كۆن
لە درێژەی ڕانانەکەدا توێژەران تیشکیان خستووەتە سەر پاش ئاگربەستی و دەنووس، ساڵى ٢٠١٥ پاش نزیكه‌ی ١٥ ساڵ و ئاگربه‌ست و وتووێژی ژێربه‌ژێرى نێوان توركیا و په‌كه‌كه، شه‌ڕ له نێوان هه‌ردولا ده‌ستی پێكرده‌وه. به‌ڵام خه‌سڵه‌تی شه‌ڕی ئه‌م جاره له هی پێش ١٥ ساڵ جیاوازتر بوو.
سه‌باره‌ت به په‌كه‌كه؛ به‌هۆی ئاگربه‌سته درێژخایهنهكەوە زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆی هێزه‌كانی ناوه‌وی پەکەکە كشابوونە ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها پێگه نافه‌رمییه‌كانیان له سنووری ئێران-توركیا و ئه‌رمینیا-توركیا به هۆكاری جیاواز له‌ده‌ست دابوو، به‌شێكیش له سه‌ركرده‌و كادره به‌تواناكانیان یان بەساڵاچوو بوون یان دوركهوتبوونهوه، كادری نوێش به‌هۆی نه‌بوون و ڕاوه‌ستانی شه‌ڕه‌وه بێ ئه‌زمون بوون.
سه‌باره‌ت به توركیاش لە ڕانانەکەدا هاتووە ؛ له‌ماوه‌ی ١٥ ساڵی ئاگربه‌ستدا هێزی سه‌ربازی توركیا له‌ڕووی پڕچهکكردنهوه، به تایبه‌ت بۆ ده‌ستنیشانكردن و لێدانی ئاسمانی گهرێلاكان، گه‌شه‌سه‌ندنێكی زۆری به‌خۆوه بینیوە. به‌م پێیه له پیشه‌سازی فرۆكه بێفرۆكه‌وانه‌كان (AUV)دا، كه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر شه‌ڕی گهرهلایی هه‌یه، پێشكه‌وتنی به‌رچاویان بهدەستیهێناوە و له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٦ وه فرۆكه بێفرۆكه‌وانه‌كانی جۆری (Bayrakter~TB2)ى بۆ یه‌كه‌م جار له‌شه‌ڕی دژ به پەكەكە له ناوچه‌ی هه‌كاری به‌كارهێنا، كه كاریگه‌ری زۆرى له‌سه‌ر توانای پەكەكە بۆ گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ بۆ قوڵایی خاكی توركیا هه‌بوو، به‌پێی سه‌رچاوه‌كان له‌و كاته‌وه تا ئێستا فرۆكه بێفرۆكه‌وانه‌كانی توركیا زیاتر له ٤٠٠ گه‌رێلای كوشتوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه توركیای سه‌رده‌می ئه‌ردۆگان له عه‌قیده‌ی سه‌ربازیدا جیاوازه له هی پێشوتر. عه‌قیده‌ی سه‌ربازی توركیای پێش ئه‌ردۆگان ده‌ستێنه‌وه‌ردانی سه‌ربازی بوو له ده‌ره‌وه‌ی سنووركان، به‌ڵام له ئێستادا ناردنی هێز بۆ سوریا، سۆماڵ، هه‌رێمی كوردستان، لیبیا به‌شێكه له ئامرازه‌كانی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ئه‌نقه‌ره، بۆیه له هاتنه‌ناوه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان دودڵ نه‌بووه.
له‌م ماوه‌یه‌دا فرۆكه بێفرۆكه‌وانه‌كانی جۆری TB2 وئهنكای رۆڵی گه‌وره‌یان له شه‌ڕه‌كانی توركیا له ده‌ره‌وه‌ی سنوور، به تایبه‌ت له عه‌فرین وسهرێكانی وئیدلیب گێڕا، هه‌روه‌ها له هه‌رێمى کوردستان بۆ تیرۆركردنی سه‌ركرده مه‌یدانییه‌كانی په‌كه‌كه و بنكه سه‌بازییه‌كانیان به‌كار هێنرا. له ئێستادا چوار فرۆكه‌خانه له كوردستانی توركیا (باتمان، شرنا‌خ، وان، هه‌كاری) كه جۆره‌ها فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وانی تێدایه بۆ ئۆپه‌ڕاسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كردوه.
توركيا له ڕوانگه‌ى ستراتيژى فراوانخوازى له ناوچه‌كه كه ئامانجێتى وه‌كو هێزێكى گه‌وره ده‌ركه‌وێت
- هێرشی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠:
یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی ڕانانەکەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی دەربارەی هێرشە نوێکانی تورکیایە و ئەوە خراوەتەڕوو، له حوزه‌یرانی ئه‌مساڵه‌وه هێرشێكی ئاسمانی چڕ و به‌به‌كارهێنانی هێزی پیاده‌ی تایبه‌ت توركیا به هێزێكى سه‌ربازى زياتر و جیاوازه‌وه هاتۆته‌وه ناو هه‌رێمی كوردستان، هه‌رچه‌نده پێشتر توركیا ده‌یان هێرشی تری كردوه و هه‌وه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی چه‌ندین بنكه‌ی له پارێزگای موسڵ و دهۆك هه‌بوه، به‌ڵام هێرشی ئه‌مجاره‌یان ئامانجی جیای لێ ده‌خوێندرێته‌وه كه ڕه‌نگه دروستكردنی ئه‌و پشتێنه ئه‌منییه بێت كه چه‌ندین ساڵه ویستویه‌تی له سنووره‌كانی هه‌رێمى کوردستان دروستی بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ندێ ناوچه‌ی ڕۆژئاڤاى كوردستان كردویه‌تی. له‌لایه‌كی تره‌وه قه‌باره‌ی هێرشه‌كان وقوڵایی هاتنه ناوه‌وه‌ی ئه‌وه یه‌كلاده‌كاته‌وه كه هێرشه‌كه بێ ڕه‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق نه‌ده‌كرا ئه‌نجام بدرێ، ڕه‌نگه خاڵى جياوازو يه‌كلاكه‌ره‌وه ئه‌وه بێت كه توركيا له ڕوانگه‌ى ستراتيژى فراوانخوازى له ناوچه‌كه كه ئامانجێتى وه‌كو هێزێكى گه‌وره ده‌ركه‌وێت و، به تايبه‌ت دواى سه‌ركه‌وتنى پلانه‌كانى له هه‌ڵمه‌ته‌كانى له سوريا و ليبيا.
ئاماژە بەوەش کراوە، مه‌یدانی سه‌ره‌كی هێرشه‌كه له سێگۆشه‌ی عێراق-سوریا-توركیاوه ده‌ستپێده‌كات تا سێگۆشه‌ی ئێران-توركیا-عێراق كه زیاتر له ٣٠٠ كیلۆمه‌تری شاخاوییە، له پێشودا به هێڵی برۆكسل ناسراو بوو. ئامانجی سه‌ره‌كی توركیا له‌م هێرشه خاپوركردنی بنكه‌كانی په‌كه‌كه‌یە، به‌ڵام دوور نیه مانه‌وه و جێگیربوون یه‌كێك له ئامانجه ڕانهگهیهنداوهكان بێت. به‌لانى كه‌مه‌وه له ئێستادا له ئامانجه سهربازييهكهدا توانيويه‌تى شه‌ڕى په‌كه‌كه له ناوخۆى توركيا دوور بخاته‌وه.
توێژەران ئەوە دەخەنەڕوو کە، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ناوچه‌یه‌كی فراوان و سه‌خت و شاخاوی بۆ هیچ هێزێكی سه‌ربازی ئاسان نه‌بووه، به‌ڵام گه‌ر توركیا بتوانێ له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م ناوچانه داگیر بكات دوور نیه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ڕوو له قه‌ندیل بكات، به‌مه‌ش هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته نێو ئاگری شه‌ڕی هه‌ردوولا و ده‌یان و سه‌دان گوند و شارۆچكه وێران و زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، دوور نیه ده‌یان هه‌زاریش ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر بكرێن، هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئارامی عێراق و ناوچەکە ئه‌م خه‌سڵه‌ته له‌ده‌ست بدات كه بێگومان كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاسایش و شه‌ڕی جیهانی دژ به تیرۆر جێدێڵێ.
- دێدێك بۆ ئاینده:
سەنتەرەکە کە زیاتر کار لەسەر ئایندەسازیی و بابەتە ستراتیژییەکان دەکات لەم بارەیەوە دەنووسێت، شه‌ڕی توركیا و په‌كه‌كه بنه‌مایه‌كی سیاسی كلتوریی هه‌یه كه په‌یوه‌سته به داواكارییه دیموكراتییه‌كانی كورد له توركیا، ئه‌وه‌ش بۆخۆی به‌ڵگه‌یه كاتێك كه سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی پارتی دادوگه‌شه‌پێدان له ده‌سه‌ڵات (٢٠٠١) به‌تایبه‌ت دوای ساڵی ٢٠٠٥ هه‌نگاوی گرنگ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له توركیا نرا و بووه هۆی خه‌فه‌كردنی شه‌ڕی توركیا و په‌كه‌كه. له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌یدانی سه‌ره‌كی ئه‌م شه‌ڕه سیاسییه كوردستانی توركیا و ناوخودی توركیایه، پێویسته هه‌رێمى کوردستان و دانیشتوانه‌كه‌ی نه‌بنه قوربانی ئه‌م ململانێیه.
توێژەرانی رانانەکە دەشنوون، گه‌ر به شێوه‌یه‌كی دیاریكراو بڕوانینه ئاسۆی شه‌ڕی توركیا و په‌كه‌كه له خاكی هه‌رێمى کوردستاندا ده‌كرێت به‌سه‌ر ئه‌م سیناریۆيانهدا دابه‌ش بكرێن:
یه‌كه‌م: به‌رده‌وام بوونی ئه‌م ململانێ بێ كۆتاییه كه تا ئێستا زیاتر له ٤٠ هێرشی فراوانی به‌خۆیه‌وه بینیوه ویهكلانهكردنهوهی، كه بێگومان هه‌رێمي كوردسان تیایدا زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بێت. به تایبه‌ت توانا ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم له‌وه‌دا نیه ڕێگری له توركیا، یان په‌كه‌كه بكات.
دوه‌م: سه‌ركه‌وتنی توركیا له داگیركردنی ناوچه‌كه‌و دروستكردنی پشتێنه‌یه‌كی ئاسايش به قوڵایی ٢٠-٤٠ كلم، ئه‌م سینایۆیه ئێستا كاری له‌سه‌ر ده‌كات، سه‌رباری سه‌ختی مانه‌وه له ناوچه شاخاوییه‌كاندا، بەڵام گه‌ر ژینگه‌یه‌كی لۆكهڵی و عێراقی و ئیقلیمی هه‌موار هه‌بێت دوور نیه ئه‌نجامه‌كه‌ی بپێكێت. به‌ڵام ئه‌م سیناریۆیه‌ش كێشه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌یه له‌وانه به‌رده‌وامی توركیا له‌م ڕه‌وته سیاسییه ده‌ره‌كییه‌ی خۆی كه له ئێستادا له ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه توشی به‌رهه‌ڵستی بۆته‌وه، دوه‌م به‌رده‌وامى دان به مانه‌وه له هه‌رێمی كوردستان كه له ڕووی ئابوری و لۆجستییه‌وه دژواری هه‌یه‌و سێیه‌میش دروستنه‌بونی مه‌یدانی نوێی شه‌ڕو ململانێى توركیا‌و په‌كه‌كه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم. ئه‌مه جگه له ئاسته‌نگى تۆبۆگرافى ناوچه‌كه و هاتنى وه‌رزى سه‌رماوسۆڵه و سه‌ختى ناوچه‌كه، كه ڕه‌نگه ئه‌مە ده‌رفه‌تى داگيركردنى ناوچه‌كه قورس تر بكات.
زه‌حمه‌ته له سایه‌ی ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ی ئێستا ئاشتی به‌رقه‌رار بێت
سێییه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ردوولا بۆ ئاگربه‌ست و گفتوگۆ، چ راسته‌وخۆ یان نا راسته‌وخۆ، ئه‌مه‌ش پێشتر له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك ئوزال و خودی ئه‌ردۆگان ڕوویداوه، به‌ڵام به‌هۆی هاوپه‌يمانی ئه‌ردۆگان و پارتی نه‌ته‌وه په‌رست (MHP) زه‌حمه‌ته له سایه‌ی ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ی ئێستا ئاشتی به‌رقه‌رار بێت، به‌ڵام دوور نیه به نه‌مانی هاوپه‌یمانێتیه‌كه یان هاتنه سه‌ركاری پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن، به‌تایبه‌ت (CHP) هاوكێشه‌كه بگۆڕدرێ و مه‌یلی چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه زاڵ ببێت.
چواره‌م: دروستكردنی پشتێنه‌یه‌كی ئاسايش له‌سه‌ر سنوور به هاوكاری عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی. به‌ڵام ئامانجى دروستكردن و داگيركردنى ئه‌و ناوچه فراوانه‌ى هه‌رێمى كوردستان به ناوى ناوچه‌ى ئاسايش كه ڕه‌نگه ئامانجه سه‌ره‌كيه‌كه بێت به‌دى هاتووه.
چارەنووسی هەرێم
دەربارەی چارەنووسی هەرێم و بژاردەکان توێژەران لە ڕانانەکەیاندا تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی، کە به‌هۆی بێتوانایی حكومه‌تی هه‌رێمى کوردستان له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی توركیا‌و ڕێگه‌گرتن له په‌كه‌كه بۆ هێرش كردنه سه‌ر توركیا ڕه‌نگه یه‌كێك له بژاره‌كان بڵاوپێكردنی هێزی عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی بێت بۆ پاراستنی سنووره‌كانی هه‌رێم له شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیا. ئه‌م سیناریۆیه هه‌رچه‌نده له رۆژئاوای كودستان و ئیدلیب به نیوه‌ناچڵی وبه شه‌ڕ جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام پێناچێت ئاشتی و ئارامی بۆ سنووره‌كان گه‌ڕاندبێته‌وه.
له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی كه تیایدا هه‌رێمی كوردستان وعێراق و هاوپه‌یمانان ڕۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ببینن. به‌ڵام ئاڵۆزی په‌یوه‌ندییه ئیقلیمییه‌كان و لاوازی مەیلی ده‌ستێوه‌ردانی نێوده‌وڵه‌تی و بێتوانایی له‌شكری عێراق سێ ڕێگری سه‌ره‌كی به‌رده‌م هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ن.
سه‌رباری ئه‌مه ڕه‌نگه وڵاتانی دراوسێ بۆ لاوازكردنی ڕۆڵی ئیقلیمی هه‌رێم قایل بن به‌وه‌ی رۆڵی زیاتر بدرێت به له‌شكری فیدڕاڵی عێراق له هه‌ر ته‌رتیباتێكی ئاینده‌یی بۆ پاراستنی سنووره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
سەنتەری لێکۆڵینەوەى ئایندەیی، سەنتەرێكی توێژینەوەی زانستی ناحكومییە دامەزراوە بۆ سوودی گشتی، مۆڵەتى کارکردنى پێدراوە لە لایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا‌و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان – عێراق و بارەگاكەی لە سلێمانییە، جگە لە گۆڤارێكی زانستی بەناوی "الدراسات الأمنیة" دوو مانگ جارێكیش گۆڤارێك بەناوی "ئایندەناسی" دەردەكات كە تایبەتە بە پرسە سیاسی و ئایندەییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كاریگەرییە نێودەوڵەتییەكان.
سەنتەرەكە پاڵپشتی دەكات لە پرۆسه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى وهاندانی پسپۆر ولێكۆڵهران بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه وبه‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی بایه‌خدارن بۆ پسپۆڕییه‌كانى ئایندەزانی ستراتیژى و سیاسه‌تى گشتى ودهرهكییەوە.