02:34 - 10/02/2021
پلانهكانى حكومهت بۆ دابینكردنى مووچه چی دهبن؟
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا باس لە چهند تهوهرێك دهكات و باسى مووچه و دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و پهیوهندیهكانى ههولێر و بهغداد دهكات.
تهوهرى سهرهكى قسهكانى مهسروبارهزانى بودجەی حکومەتی فیدراڵی و دجەی هەرێم وبەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێم بوو.
پهیوهندییهكانی ههرێم و عێراق
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداد لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021، داوامان لە بەغداد کردووە کە بودجەکە بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش سوودی هەبێت و دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و شەفاف بێت، هەروەها شایستە داراییەکانی هەموو لایەک لە بەرچاو بگیرێت و، هیچ لایەنێک نەیکاتە دەستکەوت لەسەر لایەنێکی دیکە.
وتیشى، کێشەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچە نییە، بەڵکو خەرجییە سیادییەکان و خانەنشینی و پێشمەرگە و زۆر لەو شایستە داراییانەی نێو بودجەیە کە دەبێت رەچاوی هەرێمی کوردستانیان تێدا بکرێت.
دهستورى عێراق و ماددهى 140
بارزانى وتى، کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد کێشەی ماددەی 140 کە دەستوورییە و تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هەروەها بابەتی پێشمەرگە و ناوچە دابڕێنراوەکان تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون ودەمانەوێت ئەمانە وەکو پاکێجێک بدرێنە حکومەتی عێراق و چارەسەر بکرێن.
بهپێى وتهى مهسرور بارزانى، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت داکۆکی لەو رێککەوتنە بکات کە لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە. رادەستکردنی هەموو داهاتی نەوتی دەستووری نییە، چونکە لە دەستووردا مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراون کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو مەلەفە بکرێت و ئێمە رێگە نادەین مافی هەرێمی کوردستان پێشێل بکرێت.
وتیشى، گومانم لەوەدا نییە کە ئەو بەڕێزانەی لە بەغدا پۆستیان هەیە دەزانن کە نرخ و سەنگی ئەوان لە کوردستانەوە دێت، تێکچوونی ئەم قەوارە و ئەو سەنگەی ئێستا هەیانە بۆیان بمێنێتەوە، بۆیە هیوادارم بەردەوام بن لە بەرگریکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دهشڵێت، کە کەشوهەوای نەرێنی بەشێوەیەکی نەرێنی کاری کردووەتە سەر گفتوگۆکان و ئەوان چاوەڕێی ئەوە بوون کە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەسەر پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان ململانێ بکەن، بەڵام لە هەندێک شوێن دەبیستن کە "لەبەر هەڵبژرادن بەشێک لەو لایەنانە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەوە پەیامێکی مەترسیدارە و نابێت کاری لەسەر بکرێت، چونکە ئێمە بە پێچەوانەوە پێمانوایە ئاشتەوایی گشتی و پێکەوەژیان و رێزگرتن لە دەستوور دەبێت ببێتە بنەمایەک بۆ گەیشتن بەو دەستکەوتانەی کە دەمانەوێت لە هەڵبژاردنەکانماندا دەستمان بکەوێت.
پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان
له كۆنگره ڕۆژنامهوانیهكهدا مهسرور بارزانى ڕایگهیاند، بابەتی رێکخستنەوەی باج پێشتر بە یاسا رێکخراوە کە لە ئەنجامی رێکخستنەوەی باجدا داهاتی ناوخۆ زیاد بکەین، بە تایبەت لەو کۆمپانیایانەی کە بە گەورەباجدەر دەناسرێن. ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە لە 240 بۆ 600 کۆمپانیا بەرزکراونەتەوە، زۆربەی داهاتەکەش لەو کۆمپانیایانە بوون، کەواتە گوشار لەسەر خەڵکی هەژار دروست نەبووە.
وتیشى، حکومەت بڕیاری داوە کە لێخۆشبوونی باج بۆ هیچ کەسێک نەمێنێت، سەر بە هەر لایەنێک و هەر پلە و پۆستێک بێت. لە ئەنجامی سەرپێچیکردنی بەشێک لە کۆمپانیاکان نزیکەی 100 کۆمپانیا دراونەتە دادگا.
دیجیتاڵیکردنی ناسنامە و دهروازه سنوریهكان
لەبارەی دەروازە سنورییەكانیشەوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند ئێمە هیوادارین لە مانگی ئاداردا 500 هەزار هاووڵاتی ناسنامەی دیجیتاڵی وەربگرن. هەروەها لەبارەی مووچەدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی خەریکە بەرەو تەواوبوون دەچێت.
وتیشى، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی لایەنی پسپۆڕی بیانی توانیویەتی داهاتی خاڵە سنوورییەکان رێکبخات و یەکێک لەو خاڵانەی کارمان لەسەر کردووە پێداچوونەوەیە بەو گرێبەستانەی کراون، چونکە هەندێک لەو کۆمپانیایانەی لە خاڵە سنوورییەکاندا کار دەکەن پێویست ناکات هەبن و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە. هەروەها ئەوانەیشی کە گرێبەستەکانیان لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نین پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کاریان لەسەر کردووە ئەو قاچاخچێتییەیە کە لە دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و کاریان کردووە بۆ ئەوەی رێگریی لێبکرێت و وتی، سەرەڕای ئەو دۆخەی بەهۆی کۆرۆنا دروست بوو و ئەو هەموو کێشە داراییەی هەبوون، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بەشە بودجەی بناردایە لەگەڵ ئەو چاکسازییانەی حکومەتی هەرێمی کورستان کردوونی، بووژانەوەی هەرێمی کوردستان بەرەو بەرزبوونەوە دەچوو.
گومرگ و نهوت
سهرۆك وهزیران دەڵێت: هیچ لێخۆشبوونێک نامێنێت، جگە لەو پرۆژانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی رێگە دەدات بۆ هاوردەکردنی ئەو ماددانەی کە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پێویستیەتی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی گومرگ لەسەر ئەو ماددانە زیاد دەکات کە زیان بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیێنن.
وتیشى، یەکێک لەو بابەتانەی دەبێت کاریان لەسەر بکەین کڕیارەکانی نەوتن کە پێشتر قەرزیان بە هەرێمی کوردستان داوە، یان لە ساڵانی 2014 تاوەکو 2017 پارەی پێشوەختیان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە، چونکە حکومەتی فیدراڵی بودجەی نەناردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بووە قەرز بکات.
مهسرور بارزانى له وهڵامى ڕۆژنامهنوساندا وتیشى، ههرێمى كوردستان بهشێوهیهكى گشتى 450 ههزار بهرمیل نهوت بهرههم دێت و 25 ههزارى بۆ بهرههمى ناوخۆ بهكاردێت، 425 بهرمیلیشى دهفرۆشدرێت و نرخى ئێمه له نرخى سۆمۆكهمتره و لهگفتوگۆداین بۆ بهرزكردنهوهى نرخى نهوتى ههرێمى كوردستان.
وتیشى، ئهو ڕێژهیهیى كه بۆ ناوخۆ بهكارى دههێنین زۆر له خواستى بهكگارهێنهران كهمتره و حكومهتى عێراق ڕیژهى پێویستمان بۆ دابین ناكات.