ڕاپۆرتی کوردستانی

02:30 - 09/02/2021

پشكى هه‌رێم له‌ نێوان مان و نه‌ماندا‌

پەیسەر

له‌ ماوه‌ى چەند ڕۆژى داهاتوودا جێگیكردنى پشكى هه‌رێم له‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى 2021ى عێراق یه‌كلاى ده‌بێته‌وه‌، شیعه‌كان هاوهه‌ڵویست نین به‌رامبه‌ر پشكى هه‌رێمى كوردستان، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش ده‌ڵێت، گەشبینیەكی گەورە هەیە بۆ دەرچون لە تەنگژەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە، ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایش ده‌ڵێت، ئەو ناكۆكیانە ناتوانرێت بە رێگەی دەستور چارەسەر بكرێن، لیژنەی دارایی چاوەڕێی وەڵامی لایەنە شیعییەکان دەکات تاوەکو بزانن لەسەر چ پێشنیازێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆکن.

كۆبونه‌وه‌ بێ ئه‌نجامه‌كان
دواى ئه‌نجامدانى زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ى یه‌ك له‌ دوایى یه‌ك له‌ نێوان شاندى هه‌رێم و لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق، تائێستا هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غداد نه‌كراوه‌.

لیژنەی دارایی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، ئەمڕۆ و سبه‌ى کارە گشتییەکانی پرۆژەیاسای بودجە تەواودەکات، به‌ڵام تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان یه‌كلاى نه‌بوه‌ته‌وه‌.

لیژنەی دارایی چاوەڕێی وەڵامی لایەنە شیعییەکان دەکات تاوەکو بزانن لەسەر چ پێشنیازێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆکن، شێروان میرزاش ده‌ڵێت، ئێمە پابەندین بەوەی حکومەتی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجەدا داوایکردووە.

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگه‌یاند، کۆبوونەوەکانمان بەردەوامن و ئەمڕۆش کۆدەبینەوە، ئەمڕۆ و بەیانی کۆتایی بە کارەکانی خۆمان دەهێنین و تەنیا بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان دەمێنێت.

وتیشى،  لیژنەی دارایی چاوەڕێی وەڵامی لایەنە شیعییەکان دەکات تاوەکو بزانن لەسەر چ پێشنیازێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆکن. 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى داراى ده‌شڵێت، ئێمە پابەندین بەوەی حکومەتی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجەدا داوایکردووە و دەمانەوێت جەوێک دروستبکرێت کە پرۆژەیاسای بودجە چووە پەرلەمان ناکۆکی دروستنەبێت، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانیش رێککەوتووین پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، کۆبوونەوەیەکی فراوان بکرێت لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان بۆ روونکردنەوەی گۆڕانکارییەکان لە پرۆژەیاساکەدا.

ڕێككه‌وتن و گه‌شبینى 
 تائێستاش هیچ ڕێكه‌وتنێك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد نه‌كراوه‌، ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایش ده‌ڵێت، گفتوگۆكان پێویستی به‌ڕێككه‌وتنى سیاسیه‌.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە یەکلایی نەبووەتەوە و رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە. 

وتیشى، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ پێویستى به‌ڕێككه‌وتنى سیاسیه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كان. 


لاى خۆیه‌وه‌، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، گەشبینیەكی زۆرمان هەیە بۆ گەیشتنە چارەسەر بەمنزیكانە سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، كەشی گفتوگۆكانی ئەمساڵم ئیجابی بون و حكومەتی هەرێم جدیبونێكی ئاشكرای پێوە دەبینرێت بۆ گەیشتن بە رێكەوتن.

وتیشى، وەفدی هەرێم 13 پرسیاری لە لیژنەی داراییەوە بەدەست گەیشت سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت، تێچوەكەی، كۆمپانیاكان، ژمارەی فەرمانبەران، هەناردە و داهات، وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانیشی بە بەڵگە و وردەكاری تەواوەوە رادەستكردوەتەوە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی ده‌شڵێت، گەشبینی هەیە بۆ گەیشتن بە كۆتایی هێنان بە پرۆژە یاسای بودجە، كە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و بەپێی دەستور و یاسا كارپێكراوەكان پشكی هەرێمی تێدا جێگیر كرابێت.

 
كۆبونه‌وه‌كانى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق 43ى كۆبونه‌وه‌ى له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى بودجه‌ ئه‌نجامداوه‌، لە 58 ماددەکەی کە نێردراوە 50 ماددەیان دەستکاریکراون و گۆڕدراون، هەروەها 20 ماددەش زیادکراون، ژمارەکان دەستکاریکراون.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی قەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 127 تریلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکردووەتەوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 42 دۆلارەوە کردووەتە 45 دۆلار.
 
بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، هەرچەندە بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی بۆ دانراوە، بەڵام بڕی بەشە بودجەکە هێشتا بە دینار دیارینەکراوە.

به‌وته‌ى ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى، به‌رزبونه‌وه‌ و دابه‌زینى نرخى نه‌وت كاریگه‌رى له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنى په‌یوه‌ندیه‌كان نێوان به‌غداد و هه‌لێر نابێت.

به‌بۆچونى پسپۆڕان، پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراق ئاڵۆزترین و زه‌حمه‌ترین پرۆژه‌یاسابووه‌ه‌ له‌ مێژووى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆرى پێچووه‌ بۆ ده‌نگدان له‌سه‌رى.

پرۆژه‌ یاسایی بوجه‌ی 2021 بۆ په‌رله‌مان ده‌نێردرێته‌وه‌
كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یان هه‌فته‌ی داهاتوو پرۆژه‌ یاسایی بوجه‌ی 2021 بۆ په‌رله‌مان ده‌نێردرێته‌وه‌ وده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.

جه‌مال كوچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، لیژنه‌كه‌یان چه‌ند هه‌مواركردنێك وپێداچوونه‌وه‌یه‌كی كه‌می بۆ پرۆژه‌ یاسایی بودجه‌ی گشتی كردوه‌، و بریار دان وپه‌سه‌ندكردنیشی له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان راوه‌ستاوه‌.

وتیشى، پرۆژه‌ یاسایی بودجه‌ ودوای ئه‌و هه‌مواركردنانه‌ له‌رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی رابردوو بۆ حكومه‌ت ره‌وانه‌كراوه‌ له‌پێناو پێداچونه‌وه‌.

ده‌شڵێت، حكومه‌تیش پێویستی به‌دوو رۆژه‌ یان زیاتر بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مواركردنانه‌ بكات ودواتر بۆ په‌رله‌مان ره‌وانه‌ بكات تاوه‌كۆ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، كه‌پێده‌چێت ئه‌م پرسه‌ له‌كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌ یان سه‌ره‌تایی هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجامبدرێت.

 

هاوپەیمانی فەتح دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 نادەن
میدیا عێراقیه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌، ئەندامانی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 نادەن ئەگەر ئەو خاڵانەی تێدا نەبێت کە ئەمانەن.

- نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بودجەدا 1119 دینار بەرامبەر دۆلارێک بێت.
- وەزارەتی دارایی پلەی وەزیفی لە کۆمسیۆنی
-هەڵبژاردنەکان نوێ بکاتەوە کارمەندان بە گرێبەست دامەزرێنێت.
- وەزارەتی دارای لیستی وانەبێژە خۆبەخشەکان نوێبکاتەوە
- شایستەی وانەبێژە خۆبەخشەکان لە بودجەدا جێگەی بکرێتەوە.

-پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجی راستەقینە و هەنوکەیی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دیاری بکرێت، ئەوەش دوای دەرکردنی خەرجییە سەروەرییەکانی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دیاریکراوە، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە پێدانی بڕی نەوتی هەناردەکراو کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ دیاریکراوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت، هیچ خەرجییەکی پێ نادرێت و هەر لایەنێک پێشێلی ئەو بڕگەیەش بکات بەرپرسیارێتی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ.