ڕاپۆرتی کوردستانی

05:07 - 08/02/2021

رۆژئاوای کوردستان لە بەرداشی رێککەوتنە هەواڵگرییەکانی تورکیا و سوریادا‌

پەیسەر

رۆژئاوای کوردستان تەواوی هێلکەکانی خۆی نەخستووەتە سەبەتەی پشتگیریکردنی ئەمریکاوە، لەگەڵ سوریا و روسیاش پەیوەندی هەیە، ئەمەش وایکردووە بەهێزتر دەربکەوێت. بەکارهێنانی کارتی فشاری کەمەرشکێن لەم دوایەدا دژی حکومەتی سوریا لەیەن رۆژئاواوە، گرژی و ناجێگیری هێنایە کایەوە، هەندێک بەرپرسی خۆسەری دیموکرات بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە لەپشت گرژییەکانی ئەم دواییەی حکومەتی سوریا و کوردەکان، رێککەوتنێکی نهێنی لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا هەیە، بەڵام بارودۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر دەردەکەوێت.

پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی سوریا و حکومەتی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان هەڵکاشانێکی مەترسیداری بەخۆەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوە دێت گۆڕانکاری لە کۆشکی سپیدا رەنگە لەبەرژەوەندی کوردەکاندا بێت  و ببێتە هۆی پشتگیری زیاتری ئەمریکا لە کوردانی رۆژئاوا. هەردوولا لەم چەند هەفتەی دوایدا لە چەند ناوچەیەکدا گەمارۆی یەکتریان داوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە رێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان هەردوو حکومەتی سوریا و تورکیا هەیە سەبارەت بە کوردانی رۆژئاوا.

گرژییەکان و تەقینەوەی دۆخەکە
سەرچاوە کوردییەکانی رۆژئاوا بە پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکیان راگەیاندووە، لە سەرەتای مانگی یەکەمی ئەمساڵ، هێزەکانی حکومەتی سوریا هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی بازرگانییان سنووردار کرد بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب کە بە زۆری گەمارۆکان گەڕەکی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و شارۆچکەی تەل رەفعەت و دەوروبەری گرتبووەوە، ئەم ناوچەیە کوردەکان بە شەهبا ناوی دەبەن. هەروەها، رێگرییەکان دابینکردنی سووتەمەنی و خۆراکیشیان گرتبووەوە و کاریگەری کردبووە سەر ئەو کەمپانەی ئاوارە کوردەکانی عەفرین، کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ئاوارەبوون.

رۆژئاوای کوردستانیش لە وەڵامی گەمارۆکانی سەر ناوچە کوردییەکان لەلایەن دیمەشقەوە، دەستی بە گەماری قورس کرد بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی سوریا لە حەسەکە و قامشلی. مەزڵوم کۆبانی، بەرپرسی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، هێزەکانی حکومەتی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ناوچە کوردنشینەکانیان گەمارۆداوە و خزم و کەسوکاری ئەندامانی هەسەدە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کوردیان دەستگیر کردووە.
ڕۆژی  یەکشەممە ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، لە چوارگۆشەی ئەمنیی شاری حەسەکە کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی رژێمی سوریادایە، خۆپیشاندانێک بە پشتیوانی حکومەت و بە ئاڵای سوریا و وێنەکانی بەشار ئەسەدەوە ئەنجام درا.
خۆپیشاندەران دژی ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری گردبوونەوە و داوای کۆتایهێنان بەو گەمارۆیەیان کردووە کە لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانەوە خراوەتەوە سەر ناوچەکانیان.
دوای ماوەیەک لە خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
میدیاکانی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، "میلیشیاکانی سوریا تەقەیان لە لەمپەرە ئەمنییەکانی ئاسایش لە گەڕەکی مەرشو لە شاری حەسەکە کردووە ."
ئاماژە بەوەش کراوە، لە سەرەتادا هێزەکانی ئاسایش دانیان بە خۆیاندا گرتووە و وەڵامی هێرشەکانیان نەداوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی سوری "سانا"ش ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی ئاسایشی کورد تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و چواری دیکەش بریندار بوو.

سەرچاوە کوردییەکان ئاماژەیان بەوەدا، روسەکان کەم تا زۆر ناوبژییان کردووە لە قەیرانەکەدا و گرەنتی ئەمنی وەفدێکی کوردیشیان بۆ دیمەشق و بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتدا رەتکردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناوخۆدا پەیوەندیەکان ئەنجام دراون و ئاسایشی رۆژئاوا  لە 2ی شوبات وەک نێتپاکی دەستیان کرد بە لابردنی بەربەستی سەر ڕێگاکان کردووە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، هەردوولا بارودۆخی سەربازی خۆیان دەپارێزن و هێشتا کێشەکە بەشێوەیەکی تەواو چارەسەر نەکراوە.

فشارەکان گەمارۆکەیان بە سوریا شکاند
هاوکات، بەگوێرەی سەرچاوە سەربەخۆکان، کوردەکان هەمان رۆژ گەمارۆکەیان لە شاری حەساکە و قامیشلو هەڵگرت، ئەمەش دوای ئەوە هات حکومەتی سوریا ڕێگای بە بارهەڵگرەکانی سوتەمەنی و خواردن داوە بچنە ناو هەردوو گەڕەکی حەلەب و شەهبا و شاندێکی روسیا-سوریا ش چاودێری دۆخی حەلەب دەکەن.
رەنگە لە ئێستادا سازانێک کرابێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکی ڕێگریکردنی  گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای بنەرەتی سەبارەت بە کوردەکان، چارەسەرنەکردنی کێشەکان و نەگەشتنە رێککەوتن  لەو ناوچانەی کورد و عەرەبی تێدایە، دەکرێت هەمان کێشە رووبداتەوە.

لە قامیشلۆ، سوپای سوریا تەنها لە فرۆکەخانەدا دەسەڵاتی هەیە، رێگایەک هەیە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ تورکیا پێکەوە دەبەستێتەوە. بە هەمان شێوە هێزە کوردییەکان کۆنترۆڵی زۆربەی شاری "حەسەکە"یان کردووە، هێزەکانی حکومەتی سوریا لەم شارەدا،ک لەناوچەیەکدا کە  فەرمانگەکانی ئاسایش و دامەزراوە گشتییەکانیان تێدایە، بە هێزەکانی کورد دەورە دراون.

رێککەوتنی هەواڵگری تورکیا و سوریا دژی رۆژئاوا

کوردەکان هۆکاری گەمارۆدامەکانی ئەم دواییەی حەلەب بە رێککوتنێکی نهێنی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دادەنێن، ئەمەش دوای ئەو بانگەشانە دێت کە ئاماژە بەوە دەکەن، هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بە نهێنی سەردانی دیمەشقی کردووە.

بەدران چیا، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت"هەردوولا زۆر شتیان تاوتوێ کردووە، لەوانە پلانی هاوبەش دژی ئیدارەی خۆسەر". هەروەها، ئیلهام ئەحمەد، یەکێکی دیکە لە کەسایەتییە دیارو بەناوبانگەکانی رۆژئاوای کوردستان وتی " هاوکاریی ئەمنیی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، شتێکی سەرسووڕهێنەر نییە."

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەیەکی کوردی  لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەلمۆنیتەر ئاماژە بەوەدەکات،  هەست بە پەیوەندییە هەواڵگرییەکانی نێوان سوریا و تورکیا لە چوارچیوەی هەرەشەی هاوبەشی هەردوولا دژی خۆسەری دیموکراتی کوردستان دەکەن، شتێکی لۆجیکییە، بەڵامێناچێت تا ئێستا پێشکەوتنێکی بەرچاو لەو پەیوەندییەکەیاندا روویدا بێت.

یەکەمین و تاکە کۆبوونەوەی رەسمی هاکان فیدان لەگەڵ هەواڵگری سوریا لە کانوونی دووەم 2020 لە مۆسکۆ بووە، کاتێک کە فیدان لەگەڵ عەلی ماملۆوک سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی سوریا کۆبوویەوە. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەلوەتەنی سوری، بەرپرسانی باڵای هەواڵگری و سەربازی تورکیا  و سوریا لە 29/12/2020 لە دیمەشق کۆبوونەوەیان کردووە. لە هەمان ڕۆژدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و روسیا لەبارەی شارۆچکەی ستراتیژی عەین عیسا، کە لەلایەن تورکیاوە بۆمباران دەکرا، کۆبوونەوە، چەندین هەفتە بوو کوردەکان ترسی ئەوەیان هەبوو، ئەمە سەرەتایی هێرشەکانەبێت بۆ دەستبەسەراگرتنی تەواوی شارۆچکەکە. بۆ ڕێگرتن لە هەنگاوێکی لەمجۆرەش، روسیا کوردەکانی رازیکرد  شارۆچکەکە رادەستی حکومەتی سوریا بکەن.

گرژییەکان و ئیدارەی نوێی ئەمریکا
گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی سوریا چەندین سیناریۆ لەبارەی گۆڕینی حسابی  لایەنەکان لە بەر ڕۆشنایی ئیدارەی نوێ لە واشنتن دەهێنێتە ئاراوە.

لەگەڵ دوایین سزاکانی ئەمریکا کە سوریا ئیفلیج دەکات، هاوکاری کورد لەگەڵ ئەمریکا لە  ناوچە کوردییەکانی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز و سەرچاوە کشتوکاڵییەکان، بووە مایەی نارەزایەتی حکومەتی سوریا. لە ئێستادا کەموکورتییەکانی ناوچەکانی دیکەی سوریاش خراوەتە سەر کوردەکان.

کوردەکان لەوباوەرەدان، دیمەشق هەوڵیدا ئەوان لە حەلەب سزابدات، تاوەکو حکومەتی خۆسەری ناچار بەهاوکاریکردن بکات، بەڵام بە رەچاوکردنی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە نەوتی و کشتوکاڵییەکان، دیمەشق بەزەحمەت توانی درێژە بەم یارییە بدات.

دیمەشق هۆزە عەرەبەکان دژی کورد هاندەدات بۆ ئەوەی ئیدارەی خۆسەریی لاواز بکات و  وا بکات ناوچەکە کەمتر بۆ ئەمریکییەکان پارێزراوبێت، واتە دیمەشق هەوڵ دەدات ڕیگە لە واشنتن بگرێت کەمتر  پارێزگاری لە رۆژئاوا بکات لە ماوەی سەرۆکایەتی جۆبایدندا.

بۆچوونێکی پێچەوانەش هەیە باس لەوە دەکات، کوردەکان بە پشتیوانی ئەمریکا، ئەو ئاڵۆزیانەی زیاتر کرد، بۆ ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە شاری حەسەکە و قامیشلو دەربکەن، سەرچاوەیەکی کوردی بۆ ئەلمۆنیتەر ئەمە پشتراشت دەکاتەوە، بەڵام بەشیوەیەکی جیاوازتر و دەڵێت  «ئەوە حکومەتی سوریا بوو، کە دەستی بە گەمارۆکردن کرد، بەڵام کوردەکان هەوڵیان دا گومارۆکان بەکاربهێنن بۆ  ئەوەی بەتەواوی دەست بەسەر شاری قامیشلۆ و حەسەکەدا بگرن، هەروەها کوردەکان دەیانویست تا ڕادەیەک رێژەی پشتگیری بایدن لە رۆژئاوا بزانن " .

سیناریۆی کۆتایی په یوەندی به تورکیا وه هه یە. ئەگەرەکانی تورکیا بۆ هێرشی سەربازی نوێ یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەم  بەهارە  و لە کەناری ڕۆژهەڵاتی فوراتدا، دوای سەرکەوتنی بایدن ، کز بووە.
تورکیا هێرشی بۆ  گرتنی"عەین عیسا"دەستپێکرد، پێش ئەوەی بایدن دەست بەکار بێت .کەوتنی "عەین عیسا" ڕێگەی بە تورکیا دەدا بەهۆی ڕێگەی سەرەکی M4  ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی فراوانتر بکات، ڕێگایەک بۆ ڕەققە بەدەست بهێنێت ،لە ڕۆژهەڵاتەوە  مەنبەج گەمارۆ بدات و شاری سنووری کۆبانێ لە ناوچە کوردییەکانی تر بەرەو ڕۆژهەڵات جیابکاتەوە. هەروەها، تورکیا چاوی لە ناوچەی دێرکی سەر سنوور بوو، بەڵام ئەم ڕێگایەش هێزەکانی ئەمریکا وەک ڕێگای دابینکردنی پێداویستی لۆجستیکی لە عێراقەوە بۆ سوریا بەکاری دەهێنن، هەموو ئەمانە وایکرد  ئەنقەرە واز لەو جۆرە پیلانانە بهێنێت و پەنا بباتە بەر دیمەشق بۆ ئەوەی خۆسەری کوردان تێکبدات.

ئەگەرەکانی رێککەوتنی سوریا و تورکیا
لە روانگەی دیمەشقەوە هەر مامەڵەیەک لەگەڵ ئەنقەرە لەسەر رۆژئاوای کوردستان  پێویستە ببەسترێتەوە بە پاکسازی  شاری ئیدلیب لە گروپە جیهادییەکان و کۆتایی هێنان بە بوونی سەربازی تورکیا لەو پارێزگایە. هاندەرێکی تر بۆ هاوکاری کردنی دیمەشق لەگەڵ ئەنقەرە، کۆتایی هێنانە بە بوونی سەربازی ئەمریکا لە سوریا. هەرچەندە رێککەوتنی تورکیا و سوریا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام چاودێران ئەگەری  رێککەوتنی نێوان تورکیا- سوریا لە دژی ناوچە کوردنشینەکان لە ڕۆژهەڵاتی فورات بە دور نازانن. ئەگەر ناجێگیری رۆژئاوای کوردستان رێگا لە مانەوەی ئەمەریکیەکان لە ناوچەکە بگرێ، ئەوا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە دەکات.

رکابەری بێ براوە
رەنگە رکابەرییەکانی نێوان  رۆژئاوی کوردستان و حکومەتی سوریا بێ براوەبێت. ئەگەر واشنتۆن حکومەتی خۆسەری رۆژئاوا  لە رووی سیاسیەوە بەرەسمی بناسێنێت و گەرەنتی پاراستنی بدات، ئەوا بارودۆخەکە دەگۆڕیت، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا، دەستبردنی هەر لایەنێک بۆ کارتی فشار بەرامبەر رکابەرەکەی، زیانی بۆ هەردوولا هەیە.

بەکارهێنانی کارتی فشاری زیاتر لە حاڵەتی تەواو ناچاریدا نەبێت، رەنگە  پێگەی کورد لاواز بکات. چونکە ناوچەکانی کێڵگەی نەوت و کشتوکاڵ لەرۆژئاوا پێویستیان بە کەشێکی جێگیر هەیە بۆئەوەی گەشە بکەن. هەروەها، گەمارۆکان وایکرد کەسانی نەخۆش نەتوانن بگەنە نەخۆشخانە گەمارۆدراوەکان، خوێندکارانی زانکۆ نەیانتوانی تاقیکردنەوەکانیان بکەن و شۆفێرەکان نەیاندەتوانی بارەکانیان بگەیەننە شوێنی مەبەست، ئەمەش بۆ ناوبانگی خۆسەری رۆژئاوا هەنگاوێکی باش نییە و رقی خەڵک بەرامبەریان زیاد دەکات.

رۆژئاوای کوردستان تەواوی هێلکەکانی خۆی نەخستووەتە سەبەتەی پشتگیریکردنی ئەمریکاوە، لەگەڵ سوریا و روسیاش پەیوەندی هەیە، ئەمەش وادەکات بەهێزتر و لۆجیکی تر دەربکەوێت.