11:37 - 07/02/2021
داعش لە سەردەمی کۆرۆنادا؛ رێکارەکان وەک هەلی رێکخستنەوە
کۆرۆنا تەنها کارەساتێکی تەندروستی و بەڵایەکی گەورە نەبوو بۆ گیانی مرۆڤایەتی، بەڵکو هەلی سەرهەڵدانی چەندین گروپی توندڕەو بوو، لە سەرووی هەموویەوە هەلی بەهێزبوون و خۆڕێکخستنەوەی شانەکانی رێکخراوی داعش بوو. زانیارییە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن داعش لە هەموان زیاتر سودی لە کۆرۆنا و رێوشوێنە تەندروستییەکان وەرگرتووە. داعش لە کوردستانەوە تاکو ئەفریقا لە جوڵەدایە و هەوڵی زیندووبوونەوە دەدات.
کۆتایی و داعش؛ سەرەتای کۆرۆنا
کۆتایی داعش هاوکاتی سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، ئەو کاتەی هەموان پێیان وابوو مرۆڤایەتی لە دڕندەترین گروپی چەکداری رزگاری بووە، بەڵایەکی گەورە رووی لە مرۆڤایەتیی کرد.
مرۆڤایەتی لە گروپێکی چەکداری توندڕەو رزگاری بوو، بەڵام رووبەڕووی بەڵایەکی تەندروستی بووەوە، لە "ڤایرۆسێکی فکری"یەوە گەیشتە ڤایرۆسێکی ترسناک کە کۆتایی بە ژیانی ملیۆنان کەس هێنا.
سەرهەڵدانەوە
پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پەیکەری دەوڵەتەکەی داعش لە عێراق و سوریا تێکوپێک درابوو، تۆڕەکەی داعش شێوێندرا و ماڵەکەی بەسەردا رووخێندرابوو، جیهان چووە قۆناغی دوای داعش. هەم رۆژهەڵات هەناسەی دا و هەم ئەمریکا و ئەورووپا پێیان وابوو رزگاریان بووە، بەڵام پێشهاتەکان بەشێکی هاوکێشەکانیان تێکدایەوە.
داعش لە چەند ناوچەیەکی سوریا و عێراق دەستیان بە چالاکی کردەوە، شانە نووستووەکان خۆیان رێکخست، دەستیان لە هێزە ئەمنییە جۆربەجۆرەکانی هەردوو وڵات وەشاند و زیانیان لە هێزە ئەمنییەکان و تەنانەت خەڵکی مەدەنیش دا.
داعش لە سنوری هەرێمی کوردستان
داعش لە سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چەندین جار هێرش و پەلاماری ئەنجام دا. چەند جارێک پێکدادان و بەریەککەوتن لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و چەکدارانی داعش روویدا و چەند پێشمەرگەیەک شەهید بوون.
چەکدارانی داعش بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانیان قۆستەوە، توانییان لەم ناوچانەدا چەند پەلامارێک ئەنجام بدەن و زیان لە هەردوولا بدەن.
بەرپرسانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین جار هۆشداریان بە عێراق داوە کە داعش لەم ناوچانەدا خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و دەبێت رێگرییان لێبکرێت، بەڵام عێراقییەکان هیچ وەڵامێکیان نەبووە، هەر بۆیە داعش توانی لەم ناوچانەدا خۆی رێکبخاتەوە و زیان لە هەردوولا بدات.
داعش لەناو هەرێمدا
داعش لە ساڵانی رابردوودا زیانێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان دا، سەدان پێشمەرگە وئاسایشیش بۆ پاراستنی کوردستان شەهید بوون، بۆیە داعش نەیتوانی بگاتە هەرێم.
دوای رووخانی دەوڵەتەکەیان داعش بەردەوام ویستویەتی تۆڵە لە هەرێم بکاتەوە، کە هەم وەک دوژمنی خۆی سەیری کردووە و هەم وەک دۆستی دوژمنەکانیشی کە ئەمریکایە.
داعش هەردەم هەوڵی دانان و بەهێزکردنی شانەکانی لە هەرێمی کوردستان داوە، ئامانجی سەرەکیشیان ئەوە بووە بیسەلمێن کە دەتوانن لە قوڵایی هەرێمدا هەبن.
داعش لە سلێمانی
رۆژی پێنجشەممە لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، پشتبەستوو بە زانیاری هەواڵگریی و بەدواداچوون، لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا، هێزەكانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بە هاوکاری ئاسایشی سلێمانی، ئەبو جەڕاح، بەرپرسی گرووپێكی چەكدارانی داعش و ئەبو شەداد، كە لە نێو گرووپەكانی ویلایەتی باشوور كاریكردووە، دەستگیركراون.
یەحیا رەسوڵ وتی، دژە تیرۆری عێراق لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ لەناوبردنی ویلایەتی باشووری داعش، بەتایبەتی دوای كوشتنی ئەبو حەسەن غریباوی، والی داعشی ناوچەكە.
زڕاندنی خەوی شانەکان
رۆژانی سەرەتای مانگی رابردوو، لە سنووری قەزای سەیدسادق و بە دیاریکراوی لە نزیك رێگای پێنجوێن - سەیدسادق، ئاڵایەکی داعش لەلایەن کەسانی نەناسراو دانرابوو، لەژێریشیدا بۆمبێک چێندرابوو، لە کاتی هەڵگرتنەوەیدا بە هێزەکانی ئاسایشدا تەقییەوە.
دوای مانگێک دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجامدەرانی کردەوە "تیرۆریستی"یەکانی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش لە سنووری سەیدسادق دەستگیرکراون. کەسەکان لەلایەن ئاسایشی شارەزوور و ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون.
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دەڵێت، "ناسراوم بە سامان و هەر لە کۆنەوە فیکرەی دەوڵەتی ئیسلامیم هەبووە. ئەوەش لەژێر کاریگەریی باوکمدا، بەهۆی ئەوەی باوکم پێشتر ئەنسارولئیسلام بووە".
داعش لە رۆژئاوای کوردستان
قەڵای گەورەی داعش لە سوریا لەسەر دەستی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان تێکشکێندرا، هەر بۆیە داعش بەردەوام هەوڵی داوە زیان لە رۆژئاوا بدات. کوشتنی دوو ژنە بەرپرس لە رۆژئاوای کوردستان لە مانگی رابردوودا، گەورەترین پەلاماری داعش بوو بۆ سەر ئەزموونی رۆژئاوا.
مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ش، لە دواین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیە حەدەس باسی لەوە کرد، چەکدارانی داعش لە سنورەکانی رۆژئاوای کوردستان چالاک بوونەتەوە و تەنانەت پەیکەری خۆشیان رێکخستووەتەوە.
هەلە گەورەکە بۆ داعش
چەکدارانی داعش لە هەرێمی کوردستان و زۆربەری ناوچەکانی عێراق و سوریاش، سودیان لە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە و توانیویانە جوڵەکانیان زیاتر بکەن.
سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن لە کاتی قەدەغەی هاتوچۆ و توندبوونەوەی رێکارە تەندروستییەکاندا، چەکدارانی داعش و شانە نووستووەکانیان توانیویانە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە چالاک ببنەوە و ریزەکانیان رێکبخەنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژە بەوە دەکات، هەڕەشەکانی داعش لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بە دیاریکراویش لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردووو بە روونی زیادیان کردووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی نائارامی و ناکۆکییان تێدایە.
رێکخراوەکە لە کاتی قەدەغەی هاتوچۆ و توندبوونەوەی رێکارەکاندا توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر چەکداری لەنێوان ناوچەکاندا گواستووەتەوە.
لیژنەی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ژمارەی چەکدارانی داعش دەڵێت، لە ئێستادا ژمارەی چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق گەیشتووەتە ١٠ هەزار.
داعش لە وڵاتانی دیکە
لیژنەی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، سەڕەڕای کەمیان لە هەندێک وڵاتدا، بەڵام ژمارەی قوربانیانی دەست چەکدارانی داعش زۆرترن.
بۆ نموونە لە ئەفغانستان سەرەڕای ئەوەی ژمارەی چەکدارانی داعش تەنها پێنج سەد کەسێکن، بەڵام ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لەسەر دەستی ئەم چەکدارانە زۆر زۆرن.
داعش تاکو ئێستاش لە وڵاتانی ئەفریقی وەک مۆزەمبیق و سۆماڵ هەڕەشەیەکی گەورەیە و بەردەوامن لە جوڵە و چالاکی.
لەگەڵ بەهێزبوونی لە هەندێک ناوچەی ئەفریقا، بەڵام لە نیمچە دوورگەی سینا لە میسر و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفریقا لاواز بووە، لەوانەش جەزائیر و سودان.
راپۆرتەکەی لیژنەی پسپۆڕانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، سویسرا و نەمسا لەو وڵاتانەن کە لە ساڵی رابردوودا زۆرترین هەڕەشەی داعشیان لەسەر بووە.