ڕاپۆرتی کوردستانی

01:00 - 10/01/2019

لەناو یەكێتی هەر كەسێك لەئاوازێك دەخوێنێت‌

پەیسەر

ئەگەر بتەوێت پێناسەیەكی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانی بكەیت، تەنیا وەك ئەو پەندە كوردییە دەبێت باسی بكەیت، كە لەكوردەوایدا دەڵێن: هەر كەسێك لەئاوازێك دەخوێنێت.

ئەو دۆخە ناوخۆییەی یەكێتی بەهۆی بەردەوامی ئەو ململانێ‌و كێشانەوەیە، كە لەساڵی 2012وەو لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەوكاتی حیزبەكە دەستیپێكردو ئێستاش بەردەوامی هەیە، كە بەكۆچی دوایی ئەو سكرتێرە كێشەكان بەتەواوی قووڵبوونەوەو تەنانەت جیابوونەوەی لەناو ئەو حیزبەش دروست كرد.

جەلال تاڵەبانی تا خۆی لەژیاندابوو، تاڕادەیەك توانیبووی دۆخی ناوخۆیی حیزبەكەی رابگرێت‌و چارەسەری كێشەو ململانێكان بكات، بەڵام راستەوخۆ دوای نەخۆشكەوتن‌و دووركەوتنەوەی لەگۆڕەپانەكە چەندین باڵ‌و گروپی جیاواز لەناو حیزبەكە دروست بوو.

باڵ‌و گروپەكانی ناو یەكێتی هەر یەكەو لەلایەن بەرپرسێكی ئەو حیزبەوە سەرۆكایەتی دەكرێت‌و هەر یەكێكیش لەو بەرپرسانە هەوڵی ئەوە دەدەن ململانێكان‌و كێشەكان لەسودو بەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێبهێنن، ئەوەش دۆخێكی لەناوخۆی یەكێتی دروست كردووە، كە حیزبەكە دابەشبوونی گەورە تێدا دروست بووە، بەوەش حیزبەكە نە بڕیاری پێدەدرێت، نە دەتوانێت خۆی لەسەر پرسێك یەكلابكاتەوە.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، نایشارێتەوە، ئەو ململانێ‌و كێشانە، ناوەندی بڕیاردانی لەناو یەكێتی نەهێشتووەو بەو هۆیەشەوە ناتوانن لەپرسە سیاسییەكانی هەرێم خۆیان یەكلابكەنەوە.

فەرید ئەسەسەرد بۆ پەیسەر پرێس گوتی: چەندین جار هەوڵی چارەسەری ئەو كێشانە دراوە، بەڵام بەهۆی نەبەستنی كۆنگرەوە ناتوانرێت بەتەواوی چارەسەربكرێت، چونكە "كۆنگرە وا دەكات ناوەندی بڕیار بۆ یەكێتی دروست ببێتەوە".

یەكێتی دەبوو لەساڵی 2013 كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، بەڵام دوای چەندین جار هەوڵدان‌و چەندین جار ئامادەكاری نەتوانرا بەهۆی كێشەكانەوە كۆنگرە ببەسرێت‌و ئێستاش چارەنووسی بەنادیاری ماوەتەوە.

باڵ باڵێن، كێشە گەورەكەی یەكێتی
یەكێتی، كە لەحەفتاكانی سەدەی رابردوو لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی‌و چەند هاوڕێیەكی دروست بوو، لەسەر بنەمای یەكگرتنی چەند مینبەرێكی جیاواز هاتە گۆڕەپانی سیاسی‌و شۆڕشی باشووری كوردستان، كە ئەو مینبەرە جیاوازانە بنەمای سەرەكی كێشەكانی ئەو حیزبەن تا ئێستاش.

جیاوازی مینبەرەكانی یەكێتی لەمێژووی دروستبوونییەوە تائێستا وایكردووە، كە ئەو حیزبە  بە بەردەوامی دابەشی چەند گروپ‌و باڵێكی جیاواز بێت، كە ئەوە كێشەی سەرەكی ئەو حیزبەیەو چارەسەركردنی بەئەستەم دەزانرێت.

یەكێتی لەئێستادا لەباڵی "دەسترۆیشتوو"، كە بنەماڵەی تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكەن، باڵی كۆسرەت رەسوڵ پێكهاتووە، كە ئەو باڵانەش دابەشی چەندین گروپی جیاوازی وەك گروپی گەرمیانییەكان‌و گروپی هەوڵێرییەكان‌و گروپی سەربازییەكان‌و گروپی دەزگا زانیاری‌و هەواڵگیرییەكان بوون.

ئەو گروپانەش هاوكات لەگەڵ ململانێی باڵەكان ململانێی یەكتری دەكەن‌و بەم دوایانەش بەهاتنە پێشەوەی چەند گروپێكی نوێ‌ بۆ ناو ململانێكان، كێشەكانی ناو یەكێتی زیاتر بوون‌و ئەوەش وایكردووە بڕیاردان، تەنانەت ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی، یان مەكتەبی سیاسی قورس بێت.

نوێترین گروپ، كە لەناو یەكێتی دروست بوون، ئەو دوو گروپەن، كە یەكێیان بافێڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات‌و ئەوی تریش لاهور شێخ جەنگی برازای تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات‌و لەئێستادا دوو چالاكترین گروپی ناو ململانێكانی یەكێتین.

ململانێی باڵەكان گەیشتە شەڕ
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس كێشەكانی ئەو حیزبە بەشێوەیەك قووڵبووتەوە ئێوارەی رۆژی سێشەممە باڵەكانی یەكێتی، لەكاتی كۆبوونەوەیەكی رانەگەیاندراو و لەناو مەكتەبی سیاسی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بووەتە دەمەقاڵە و شەڕیان.

تەوەری كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بووە لەسەر پێكهێنانی شاندێك تا سەردانكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات كە یەكێكە لە هۆكارەكانی كۆنەبوونەوەی ئەو دووحیزبە، بەڵام باڵەكان لەسەر ناوی شاندەكە رێناكەون و  ناكۆكییەكان قوڵبوونەتەوە. 
شەڕەكەش دوای ئەوە هاتووە كە ناوی دوو ئەندامی شاندی دانوستانكار یەكێتی لەسەر خواستی پارتی لە وەفدەكە لابراوە، بەوەش ئەو دوو ئەندامە راگەیاندووە هەڵوێستی توندیان دەبێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، دەمەقاڵێ و شەڕەكە لە  نێوان دوو باڵی یەكێتی، كە یەكێكیان ماڵی مام جەلال رابەرایەتی دەكات، لەگەڵ باڵی بەرانبەر كە كۆسرەت رەسوڵ رابەرایەتی دروستبووە، كە بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەوەیان راگەیاندووە گەر یەكێتی بەمەرجەكانی پارتی رازیبێت، ئەوا كۆنگرەی رۆژنامەوانی دژی كۆبوونەوەكان ئەنجامدەدەن، هەروەها یەكێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە ناو كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، حكومەتی سلێمانی پێكدەهێنێت و دوو ئیدارەیی رادەگەیەنێت و نایانەوێت بچێتە ژێر فشارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.

یەكێتی بووەتە گرفتی بەردەم پێكهێنانی حكومەت
ئەو كێشەو ململانێیانەی لەناوخۆی یەكێتی هەیە، بووەتە هۆی رێگرییەكی گەورە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت، هەر بەو هۆیەشەوە پارتی ، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە دەستی بەسراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، یەكێتیش پێی وایە پارتی دەیەوێت دەست بەسەر كوردستاندا بگرێت بۆیە رێگری لەو خواستە پارتی دەكات، شەڕی ئەم دوو لایەنەش بۆ پۆست بووە تائێستا نایانەوێت لە ستراتیژی كاریاندا خۆیان بە لاوازی پیشان بدەن و ناگەڕێنەوە بۆ شەرعیەتی كورسی.
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی، كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە، داوای كردو ناوی بڵاونەكرێتەوە، بۆ پەیسەر پرێس وتی: كێشەكانی یەكێتی زۆر گەورەن‌و بووەتە رێگری بەردەم ئەوانیش بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی گوتیشی: بەهۆی ئەو دابەشبوونەی ئیداری‌و سەربازییەی لەهەرێمی كوردستان هەیە، پارتی نایەوێت بێ یەكێتی كار لەسەر پێكهێانی حكومەت بكات، بەڵام ئەگەر ئەو حیزبەش نەیەتە پێشەوە، ئەوە ئەوان ناچارن پەنا بۆ سینارۆیی تر بەرن.
لە 30 ئەیلوولی رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردەوە، كە پارتی بە 45 كورسی پلەی یەكەمی هەیەو یەكێتیش بە 21 كورسی پلەی دووەمی هەیە، ململانێكانی نێوان هەردوو حیزبیش رێگرییەكی ترن لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت.