ڕاپۆرتی کوردستانی

12:25 - 04/02/2021

كه‌رتى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌دایه‌‌

پەیسەر

سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، خوێندكار سه‌رپشك ده‌كات‌ له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ قوتابخانه‌ یان له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ ھۆكاره‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان بخوێنێت، مامۆستایانی ناڕازیش هۆشدارى ده‌ده‌نه‌ حكومه‌تى هه‌رێم و ده‌ڵێن، دەستپێكردنەوەی خوێندن بەبێ جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان سەركەوتو نابێت، له‌ هه‌رێمى كوردستان، 115 هه‌زار و 239 مامۆستا و ملیۆنێك و 720 هه‌زار و 976 قوتابى ‌وخوێندكار هه‌یه‌.

پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌رێم 
 وه‌رزى یه‌كه‌مى خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان كۆتایى هات، دواى نزیكه‌ى مانگێك له‌ ده‌ستپێكردنى وه‌رزى دووه‌مى خوێندن، بڕیاره‌ سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو، پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

كه‌رتى په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، له‌ ڕه‌وشێكى خراپدایه‌ و هاوكات، زانكۆكانى كه‌ به‌شێكن له‌ عێراق له‌ ریزبه‌ندى كۆتاكانن له‌ ئاستى جیهاندا، به‌پێى هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستاندا زۆر كه‌م ئه‌و مه‌رجانه‌ى تێدایه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ خوێندنێكى سه‌ركه‌وتوو گه‌شه‌كردوودا هه‌بێت.

خوێندن پەیوەندی ڕاستەخۆی بە كاتەوە هەیەو له‌ ئێستادا كاتێكى زۆركه‌م له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمدا ماوه‌ بۆ ته‌واوكردنى پرۆسه‌ى خوێندن چونكه‌ ئەگەر پرۆسه‌ى خوێندن لە كاتی خۆیدا ده‌ستپێنه‌كات، بە هیچ شتێك و هیچ ڕێگەیەك قەرەبوو ناكرێتەوە، ئایا وه‌زاره‌تى په‌ره‌وه‌رده‌ چۆن قه‌ره‌بوى ئه‌و كاته‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ستچووه‌؟

بڕیاره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندن چه‌ند بریارێكی بڵاوكرده‌وه‌، خوێندكار، سه‌رپشكه‌ له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ قوتابخانه‌ یان له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ ھۆكاره‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان بخوێنێت.

ئەنجومەنی باڵای رووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا، لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە دەوامی گشت قۆناغەکان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، لە ١ی سەرەتایی بۆ ١١ی ئامادەیی، لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. 

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی دەرکرد کە ئەمانەی خوارەوەن:

 
یه‌كه‌م، دەستپێکردنەوەی دەوامی قۆناغی ١ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی (حکومی و ناحکومی)

دووه‌م، دەستپێکردنەوەی دەوامی پەیمانگەکان (حکومی و ناحکومی)

سێیه‌م، نەکردنەوەی دەوامی باخچەی منداڵان (حکومی و ناحکومی)

چواره‌م، گشتاندن – پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان

پێنجه‌م، یەکپۆشی قوتابیان و خوێندکاران

شه‌شه‌م، فۆڕمی بەڵێننامەی بەخێوکار


به‌پێى بڕیاره‌كان، خوێندكار سه‌رپشكه‌ له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ قوتابخانه‌ یان له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ ھۆكاره‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان بخوێنێت، به‌مه‌رجێك به‌ڵێننامه‌ پڕبكاته‌وه‌. 

هاوكات له‌سه‌ر ئاستى قوتابخانه‌كان، لیژنه‌یه‌ى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا پێكده‌هێندرێت، به‌دواداچون بۆ ڕێكاره‌ ته‌ندروستیه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ر و ده‌سته‌ى كارگێڕى قوتابخانه‌كان و مامۆستایان و خوێندكاران پێویسته‌ ماسك ببه‌ستن و پابه‌ندى ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بن.

مامۆستایانی ناڕازی هۆشدارى ده‌ده‌ن
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنێت، دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن سەركەوتو نابێت بەبێ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی مامۆستایان كە یەكێكیان دابەشكردنی موچەیە 30 رۆژ جارێك بەبێ لێبڕین.

مامۆستایانى ناڕازى ده‌ڵێن، رێگەی دروستی دەستپێكردنەوەی خوێندنێكی راستەقینە جێبەجێكردنی داوا رەواكانی مامۆستایانە.

ئەنجومەنەكە داواكانی مامۆستایانی لە چەند خاڵێكدا خستەڕو، كە پێكدێن لە، دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین و هەمو 30 رۆژ جارێك، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ پێدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان، ئازادكردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و سەرجەم دەستگیركراوەكانی بادینان و هەولێر، جێبەجێكردنی داواكانی مامۆستایانی وانەبێژ.

ده‌شڵێن، پڕۆسەی خوێندن هەرگیز سەركەوتو نابێت و بەشێوەیەكی راستەقینەش دەستپێناكاتەوە ئەگەر ماف و داواكارییە رەواكانی مامۆستایان جێبەجێ نەكرێن.

هۆشداریش ده‌ده‌ن حكومه‌ت و ده‌ڵێن، لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی داواكانیاندا بێدەنگ نابن و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە ناڕازیەتییەكانیان دەكەنەوە.

ئامارى مامۆستایان و خوێندكاران له‌ هه‌رێمى كوردستان
به‌پێى ئامارێك، كه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتوه‌، له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ولێر، دوو هه‌زار و 159 قوتابخانه‌‌و خوێندنگه‌ هه‌یه‌ و 37 هه‌زار و 653 مامۆستا هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ 537 هه‌زار و 321 قوتابى‌وخوێندكار له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كاندا هه‌یه‌، هاوكات، 224 قوتابخانه‌‌وخوێندنگاى ئه‌هلى هه‌یه‌، كه‌ تێیاندا چوار هه‌زار و 386 مامۆستا و 30 هه‌زار و 951 قوتابى‌وخوێندكار هه‌یه‌.

له‌ سنورى قه‌زاى سۆران 265 قوتابخانه‌‌وخوێندنگا هه‌یه‌، سێ هه‌زار و 920 مامۆستا هه‌یه‌ كه‌ تێیاندا وانه‌ به‌ زیاتر له‌ 57 هه‌زار قوتابى‌وخوێندكارده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ سنورى پارێزگاى دهۆك، هه‌زار و 604 قوتابخانه‌‌وخوێندنگا هه‌یه‌، زیاتر له‌ 26 هه‌زار و 627 مامۆستاى هه‌میشه‌یى هه‌یه‌، هاوكات هه‌زار و 311 مامۆستاى گرێبه‌ست هه‌یه‌، كه‌وانه‌ به‌ 489 هه‌زار قوتابى‌وخوێندكارده‌ڵێنه‌وه‌.
هاوكات، له‌ سنورى پارێزگاى دهۆك 27 كه‌مپى ئاواره‌كان هه‌یه‌، كه‌ 736 مامۆستایان بۆ دابین كراوه‌ و تێیدا وانه‌ به‌ 29 هه‌زار و 823 قوتابى‌وخوێندكار ده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى دوو هه‌زار و 486 قوتابخانه‌‌وخوێندنگا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 470 هه‌زار قوتابى‌وخوێندكار له‌لایه‌ن 31 هه‌زار و 500 مامۆستاوه‌ وانه‌یان پێده‌وترێته‌وه‌.

له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان، زیاتر له‌ 400 قوتابخانه‌‌وخوێندنگا هه‌یه‌، كه‌ تێیدا نۆ هه‌زار مامۆستا وانه‌ به‌ زیاتر له‌ 90 هه‌زار قوتابى ده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش 160 قوتابخانه‌ى حكومى و چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كى ئه‌هلى هه‌یه‌ چوار هه‌زار و 817 مامۆستا هه‌یه‌ كه‌ وانه‌ به‌ 27 هه‌زار قوتابى‌وخوێندكار ده‌ڵێنه‌وه‌