ڕاپۆرتی کوردستانی

02:03 - 03/02/2021

به‌غداد زه‌نگه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ی بۆ هه‌رێم لێدا‌

پەیسەر

جارێكیتر شانده‌كه‌ی هه‌رێم دوای زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ به‌بێ هیچ ڕێككه‌وتنێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ولێر، به‌غداد داوای ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌كات و هه‌رێمیش ڕازی نیه‌، واده‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق له‌ په‌رلیمان نزیكده‌بێته‌وه‌، به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانیش ده‌ڵێن، تەنھا بە رێککەوتنی سیاسیی، کۆتایی بەناكۆكیه‌كان دەھێندرێت، لایه‌نه‌شیعه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن گوێ لەشاندەکەی هەرێم نه‌گیرێت‌و بودجه‌ تێپه‌ڕێندرێت.

 

هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غداد ناكات 
شاندى هه‌رێمى كوردستان دواى زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق، نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك به‌غداد داواى ته‌واوى دۆسیه‌یى نه‌وت ده‌كات هه‌رێمیش ڕازى نیه‌.
شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەیان گوت کە رادەستکردنی هەموو داهاتی نەوت جێگەی قبووڵ نییە.

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدابووین، ئەو کۆبوونەوانەی ئەوان کردوویانە و هەوڵەکانی فراکسیۆنەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی باسکران، هیوادارین ململانێی سیاسی کە هەیە نەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە ستەم لە خەڵکی کوردستان و مووچەی خەڵکی کوردستان بکرێت، هەرچەندە رێگریش هەیە. ئێستا ئەو بۆچوونە هەیە کە هەولێر و بەغدا ئەگەری رێکنەکەوتنیان هەیە، بەڵام ئێمە وازی لێناهێنین و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین.

به‌پێی وته‌ی سه‌رۆكی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵێک هەیە کە ئەو بڕگەی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان لە بودجەدا قورس بکرێت.

به‌غداد به‌هه‌رێم ڕازی نیه‌ 
سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ سورن، كه‌ ده‌بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی عێراق بکات، په‌رله‌مانتارێكیش داوا ده‌كات گوێ له‌ كورد نه‌گیرێت.

مەنسور بعێجی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ سورن، كه‌ ده‌بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی عێراق بکات، لەبەرامبەریشدا به‌غدا پشكی هه‌رێم بدات.

وتیشی، ئه‌گه‌رهاتوو هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی نه‌كرد، ئه‌وا ده‌نگ به‌بڕگه‌ی هه‌رێم له‌پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراق نادرێت.

به‌پێی وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، نابێت بەهیچ شێوەیەک گوێ لەشاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگیرێت، دەبێت بەپەلە پرۆژەیاسای بودجه‌ی 2021 بهێنرێتە نێو هۆڵی پەرلەمان و بەده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران په‌سه‌ندبكرێت.


جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، کە تەنھا بە رێککەوتنی سیاسیی، کۆتایی بە مشتومڕەکان لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی 2021 دەھێندرێت.

وتیشی، ئه‌و برگە و ماددانەی کە لە بوودجەی گشتییدا ماون، پەیوەیستن بە رێککەوتنی سیاسیی بە تایبەتیش ئەوەی کە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان. تائێستاش هیچ واده‌یه‌ك بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2021ی عێراق دیاری نه‌كراوه‌.

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات كه‌، زۆربەی برگە و ماددەکانی نێو پڕۆژیاسای بوودجەی گشتیی گۆڕانکارییان تیایدا کراوە، بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەیستن بە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و کورتھێنانی بوودجە.

لای خۆیه‌وه‌، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و تائێستا بەشێکی زۆری یاساکە پەسەند کراوە، تەنیا بەشێکی کەمی نەبێ کە لە نێویدا پشکی هەرێمیشی تێدایە و بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە.

وتیشی، یەکلاکردنەوەی پشکی کورد و جێگیرکردنی ئەو بەشەی کە بۆ هەرێمی کوردستان داندراوە، پەیوەستە بە گفتوگرکانی نێوان شاندی دانوستاندنکاری هەولێر لەگەڵ بەغداد، چونکە تائێستا هەولێر و بەغداد نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان بەتایبەت بابەتی نەوت.

ئه‌مڕۆ شانده‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ولێر
شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغداد بەجیا لەگەڵ ھەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی كۆده‌بێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دانوستانەكان لەگەڵ پەرلەمان و حكومەت و لایەنە عێراقییەكان دەكەن.

كۆبونه‌وه‌كان تایبه‌ت بون به‌‌، دانوستانەكانی شاندی هه‌رێم لەگەڵ لیژنەی دارایی لەبارەی پشكی ھەرێم لە بودجەی عێراق و گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەت و لایەنە عێراقییەكان.

لایەنە شیعەکان و فراکسیۆنەکانیان لە بەغداد داوای رادەستکردنی هەموو مەلەفی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکەن و شاندی هەرێمی کوردستانیش ده‌ڵێن، رادەستکردنی هەموو داهاتی نەوت جێگەی قبووڵ نییە.

دوای گفتوگۆ لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان بڕیارە لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام لایەنە شیعەکان ئەوانەی نوێنەرایەتیان هەیە لە پەرلەمان داوای رادەستکردنی پرسی نەوت و تەنانەت ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن. هەرێمی کوردستان رازی نییە بەو داوایەی بەغداد و ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان ده‌گەڕێتەوە بۆ هه‌ولێر.

قەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 127 تریلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکرایەوە، نرخی نەوت لە 42 دۆلارەوە زیادکرا بۆ 45 دۆلار، داهات لە 93 تریلیۆن دینارەوە بۆ 98 تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادکرا ، کورتهێنان لە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 29 تریلیۆن دینار کەمکرایەوە. 
 
بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، بەڵام کەمدەبێتەوە، بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی فیدراڵی خەرجکراوی ساڵی 2021 دەبێت، بەڵام بڕی بەشە بودجەکە هێشتا بە دینار دیارینەکراوە.