ڕاپۆرتی کوردستانی

02:48 - 01/02/2021

پشكى كورد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌وره‌دایه‌‌

پەیسەر

شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارای په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌غدادن، به‌وته‌ی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی ئەمجارە بۆ رێککەوتنی کۆتایی و یەکلاییکردنەوەی پرسی بودجەیە، ئەندامێكی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ولێر و به‌غداد ڕێكناكه‌ون. لایه‌نه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقیش یه‌ك هه‌ڵوێست نین له‌ باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت، سەرجەم داتاکانیان لەبارەی کەرتی نەوت و داهاتەکان خستووەتەڕوو.

کۆبوونەوەکانی ئەمجارە یەکلاکەرەوەن
کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق  دەستیانپێكردووه‌:

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد ڕایگه‌یاند، کۆبوونەوەکانی ئەمجارە گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبن، چونکە ئەم هەفتەیە دەبێت بابەتی تاوتوێکردنی بودجە کۆتایی بێت و بنێردرێتە پەرلەمان تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت.

به‌پێی زانیاریه‌كان كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌مجاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ده‌بن و بڕیارە دوای تەواوکردنی هەمواری بودجەکە، پڕۆژەکە رەوانەی فراکسیۆنەکان بکرێت تاوەکو پێشوەختە رەزامەندی لەسەر بەدەستبهێندرێت و کاتی دەنگدان ماددەی دیکەی بۆ زیاد نەکرێت.

هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌غداد
گفتوگۆی شانده‌كه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به‌رده‌وامه‌ و وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت، حکومەت سەرجەم داتاکانی لەبارەی کەرتی نەوت و داهاتەکان خستووەتەڕوو.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئێمە پابەندین بە هەر ئیلتزامێک کە لەچوارچێوەی دەستووردا هاتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر شەفاف لەگەڵ ئەم دۆخە و ئەم بابەتە هەڵسوکەوتی کردووە.

وتیشی، حکومەت سەرجەم داتاکان سەبارەت بە کەرتی نەوت و داهاتەکانی خستووەتەڕوو و بەشێوەیەکی زۆر یاسایی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە و ئەو بابەتانەی حکومەتی عێراقی یان لیژنەی داراییپێویستی پێ هەبووە، ئێمە بۆمان باس کردوون وگفتوگۆمان لەسەر کردووە، ناڵێم سەدا سەد، بەڵام خۆشبەختانە گەیشتووینە کۆتایی ئەم گفتوگۆیە.

 

سێ پێشنیاز ھەیە لەبارەی پشکی ھەرێمه‌وه‌
به‌شیر حه‌داد ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سێ پێشنیاز ھەیە لەبارەی پشکی ھەرێم، ئەوانیش، ھەموو مەلەفەکە رادەستی بەغدا بکرێت، یاخود ٤٥٠ھەزار بەرمیل بدرێتە بەغدا و پێشنیازێکی دیکەش ئەوەیە، 250 ھەزار بەرمیل بدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ، بۆیە گفتوگۆکان بەردەوامن و چاوەرێ دەکرێت پێشنیازێک یەکلا بکرێتەوە.

بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغداد بەردەوامییان دەبێت و تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان ئەرێنین، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو بەربەستانەی لە بەردەمیان ھەیە، نەیانھێڵن و پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بکرێت، ئومێدەواریشین لەم دوو رۆژەدا بگەینە ئەوەی دانراوە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا لەبارەی ھەرێمەوە، کە بەو شێوەیە بمێنێتەوە یاخود بە شێوەیەک بێت لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا بێت.

وتیشی، سێ پێشنیاز ھەیە لەبارەی پشکی ھەرێم، ئەوانیش، ھەموو مەلەفەکە رادەستی بەغدا بکرێت، یاخود 450 ھەزار بەرمیل بدرێتە بەغدا و پێشنیازێکی دیکەش ئەوەیە، 250 ھەزار بەرمیل بدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ، بۆیە گفتوگۆکان بەردەوامن و چاوەرێ دەکرێت پێشنیازێک یەکلا بکرێتەوە.

هه‌ولێر و به‌غداد ڕێكناكه‌ون
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، تاوەکوعەرەب دژی كورد بێت دەنگی زیاتر بەدەستدەهێنن، هەر بۆیە گەیشتن بە رێکكەوتن لە نێوان هەرێم و بەغداد بە دوور دەزانێت.

وتیشى، ئەگەر رێککەوتنیش بكرێت، ئەوا هێشتا كێشەی نەوتی هەرێم و بەغداد هەر دەمێنێتەوە و کۆتایی نایەت.

به‌پێى وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى،  بارودۆخی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام لە گۆڕاندایە و پێناچێت بە زووی پرسی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ یەکلابکرێنەوە.

ده‌شڵێت، بەهۆی نزیكبوونەوەی دەنگدانەوە، رێکكەوتن لەگەڵ بەغداد دوورە، چونكە تاوەکو دژی كورد لە پەرلەمان بووەستن دەنگی زیاتر بەدەستدەهێنن.

هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر پشکی کوردستان لە بودجەدا
هەڵوێستی لایەنەكان له‌به‌رامبه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان لە بودجەدا، یه‌ك نیه‌ و هه‌ردوولایه‌نی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی سائیروون و رەوتی حیکمە، دەیانەوێت هەرێمی كوردستان هەموو دۆسێی نەوت رادەستی بەغداد بکرێت.

هاوپەیمانی فەتح، هادی عامری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ده‌ڵێت، کورد و دەسەڵاتدارەکانی ئێستا پێکەوە خەباتمان کردووە، بۆیە دەتوانین پێکەوە کێشە لە دوای کێشە چارەسەری بکەین.

هه‌رچی، هاوپەیمانی نەسریشه‌ كه‌ سەر بە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن دەستوور بکرێتە بنەمای چارەسەری کێشەکان، له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غداد.

لە هەڵوێستی لایەنە جیاوازه‌كاندا دیارە، به‌هه‌موشێوه‌یه‌ك هه‌وڵده‌درێت دۆسێی نەوت بەتەواوی لە دەست کورد دەربێنن و بیخەنەوە ژێر دەستی حکومەتی ناوەند.

قەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 127 تریلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکرایەوە، نرخی نەوت لە 42 دۆلارەوە زیادکرا بۆ 45 دۆلار، داهات لە 93 تریلیۆن دینارەوە بۆ 98 تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادکرا ، کورتهێنان لە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 29 تریلیۆن دینار کەمکرایەوە.

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، بەڵام کەمدەبێتەوە، بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی فیدراڵی خەرجکراوی ساڵی 2021 دەبێت، بەڵام بڕی بەشە بودجەکە هێشتا بە دینار دیارینەکراوە.