01:30 - 30/01/2021
گەڕان بە دوای رەوایەتیدا؛ ئەردۆغان لە شنگال بە نیازی چییە؟
ماوەی چەند هەفتەیەکە تورکیا بە چڕی کار لەسەر دۆسیەی
پەکەکە دەکات، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان و شنگال. سەردانی خولوسی ئاکار وەزیری
بەرگری تورکیا بۆ هەرێم و بەغداد، فشارەکان لەسەر هەدەپە و رۆژئاوای کوردستانیش
بەشێکن لەم هەڵمەتەی ئەنقەرە و تۆڕێکی فراوان و پێکەوە بەستراون. ئێستا پرسیاری
سەرەکی ئەوەیە؛ ئەردۆغان لە بابەتی پەکەکەدا بە نیازی چییە؟
لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد و هەولێر خولوسی ئاکار باسی
لەوە کردووە، لە شنگال و ناوچەکانی دیکەش هەنگاو لە دژی پەکەکە و هێزەکانی سەر بە
گەریلا دەنێن، بەشێکی دیاری گفتوگۆکانیش هەر لەم بارەیەوە بوون.
ئاکار لە گفتوگۆکاندا داوای هاریکاری و هەماهەنگی لە
حکومەتی هەریم و عێراقیش کردووە، هەر وەک داوای کردووە لە هێرشکردنە سەر پەکەکە
بەتایبەت شنگال رێگرییان لێنەکرێت و پێکەوە وەدەریانبنێن.
بۆچی شنگال؟
شنگال ناوچەیەکی ستراتیژی زۆر گرنگە بۆ پەکەکە، چونکە
دەتوانرێت بوترێت خاڵی پێکەوە بەستنی قەندیل و رۆژئاوای کوردستانە، تورکیاش بەباشی
لەم راستییە تێگەیشتووە و ترسی لێنیشتووە، بۆیە هەوڵەکانی بۆ لێدان لە پێگەی
پەکەکە لەم ناوچەیەدا چرکردووەتەوە.
بەرکای ماندراجی لێکۆڵەر لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی
لەم بارەیەوە بەشی تورکی (DW)ی وتووە، تورکیا وەک قەندیلی دووەم تەماشای شنگال دەکات.
ماندراجی دەڵێت، لە دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی بە
پڕۆسەی ئاشتی هات، پێکدادانی قورس لەنێوان تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە شارەکانی
باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان) دەستیانپێکرد، دواتر مەیدانی شەڕەکان
گواسترایەوە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان، ماوەی دوو ساڵیشە شەڕەکان بە قورسی لە
هەرێمی کوردستان بەردەوامیی هەیە.
دەڵێت، ئەنقەرە لە لە بوونی پەکەکە و گروپەکانی نزیک لە
پەکەکە لە شنگال نیگەرانە، بەتایبەت کە تورکیا دەزانێت شنگال بۆ گواستنەوەی
لۆجستیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و باکوری سوریا ناوەندێکی ستراتیژی گرنگە.
لێکۆڵەرەکە باس لەوەش دەکات، ستراتیژی ئەنقەرە لەبارەی
شنگالەوە جیاواز نیییە لە ستراتیژەکەی بۆ شکاندنی کاریگەری پەیەدە، یەپەگە، و
هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و بڕینی گواستنەوەکانی نێوان هەرێم و رۆژئاوای
کوردستان لەلایەن پەکەکەوە.
بەپێی زانیارییەکان ئاکار لە گفوگۆکانیدا لەگەڵ
بەرپرسانی هەرێم و عێراق وتویەتی، بوونی پەکەکە لە شنگال تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر
تورکیا، بەڵکو هەڕەشەشە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کردووە، لە
ئۆپراسیۆنی پێشبینیکراوی مانگی ئازار ئامادەی هاریکاریکردنی حکومەتی عێراق و
هەرێمە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست میدیاکانی تورکیا کەوتووە،
کار لەسەر میکانیزمێک دەکات بۆ ئۆپراسیۆنێکی سێ لایەنە (عێراق، هەرێم و تورکیا) بۆ
سەر پەکەکە لە شنگال.
ماندراجی باس لەوە دەکات، تورکیا نایەوێت بە یەک لایەنە
هێرش بکاتە سەر پەکەکە لە شنگال، لەبری ئەوەی ئامادەیی دەربڕیوە لە ئاسمانەوە و بە
زانیاری هەواڵگریش هاوکاری پلانی هاوبەشی حکومەتی عێراق و هەرێم بکات، تاکو
سێکوچکەی دژە شنگال دروستبکات.
چاوەکان لەسەر بایدنە
ماندراجی پێی وایە هاتنی جۆ بایدن و تیمەکەی بۆ کۆشکی
سپی کاریگەرییان لەسەر هەنگاوەکانی هەر سێ لایەنە دەبێت دژی پەکەکە لە شنگال و
هەرێمی کوردستان.
هۆکاری سەرەکی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و
ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا بووە بۆ رۆژئاوای
کوردستان و ئەم ناکۆکیانە تاکو ئێستاش بەردەوامییان هەیە.
لە کاتێکدا تورکیا داوا لە ئەمریکا دەکات کۆتایی بە
هاوکارییەکانی بۆ رۆژئاوای کوردستان بهێنێت، واشنتن دەڵێت، بۆ شکاندنی تەواوی داعش
و لێدان لە کاریگەریی ئێران لە سوریا لە هاریکاریکردنی هەسەدە بەردەوام دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت جۆ بایدنیش وەک ئیدارەکانی ئۆباما و
ترەمپ بەردەوام بێت لە هاریکاری و پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمەش
وەها دەکات تورکیا بێهیوا ببێت.
لەم بێهیواییەی تورکیا لە تیمەکەی بایدن و بوونی کەسێکی
دژە تورکیایی وەک برێت مەکگۆرک لەم تیمەدا کە دۆستی رۆژئاوای کوردستانە، وەهای
کردووە تورکیا خۆی هەنگاو بنێت و داوای هاوکاری لە حکومەتی عێراق و هەرێمی
کوردستان بکات.
فشاری سەر هەدەپە
حکومەتی تورکیا چەندین جار راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ
ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەیەوێت دەوڵەتی پەکەکە لە تورکیا و سوریاش
دروستبکات.
ئەمریکا بەردەوام ئەم تۆمەتەی رەتکردووەتەوە بەتایبەت
لەسەر دەوڵەتی پەکەکە، هەر وەک جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا بۆ
کاروباری سووریا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی
داعش، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی تورکی پێگەی (DW) وتی، سەخترین شت ئەوە
بوو کە باوەڕیان پێبهێنین ئێمە نیازمان نییە (دەوڵەتی پەکەکە) دروستبکەین.نەمانتوانی
بیانهێنینە سەر ئەو بڕوایەی کە نیەتێکی وامان نییە.
لە ئاستی ناوخۆدا تورکیا فشارەکانی لەسەر هەدەپەش زۆرتر
کردووە، لە چوارچێوەی هاریکاریی و رێککەوتنەکانی لەگەڵ مەهەپە، ئاک پارتی فشاری
زیاتری خستووەتە سەر پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە.
فشارەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە ترس هەیە هەنگاو بۆ
داخستنی هەدەپە بنرێت، بەتایبەت دوای داوا یەک لە دوای یەکەکانی پارتی بزوتنەوەی
نەتەوەپەرست لە ئاکپارتی لەم بارەیەوە.
لەم بارەیەوە (Kristian
Brakel) لە دامەزراوەی (Heinrich Böll) دەڵێت، فشارەکانی حکومەتی تورکیا لەسەر
هەدەپە جیاواز نییە لە ستراتیژی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە سوریا و
عێراق و هەمان پلانە.