ڕاپۆرتی کوردستانی

04:32 - 26/01/2021

ئاکار چی بە بەرپرسانی عێراق و هەرێم وت؟ لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ هێرشی وشکانیی‌

پەیسەر

وەزیری بەرگری تورکیا سەردانێکی سێ رۆژەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، لە گفتوگۆکانی بەغداد و هەولێردا وەزیری بەرگری تورکیا چەند دۆسییەکی هەڵدایەوە. بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، هێرشی وشکانی و هەماههەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان، لە دۆسییە گرنگەکان بوون. دۆسییەکانی دیکە چی بوون؟

ئاکار لە بەغداد و هەولێر
خولوسی ئاکار لە ١٨ی کانونی دووەمی ئەمساڵ سەردانی عێراقی کرد و لە سەردانێکی سێ رۆژەدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە. ئاکار لە بەغدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی جومعە ئەلجبوری، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و عوسمان ئەلغانمی وەزیری ناوخۆی عێراقدا کۆبووەوە.

ئاکار لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا کۆبووەوە.

لە گفتوگۆکاندا باسی چی کراوە؟
گرنگترین بابەتی گفتوگۆکانی نێوان ئاکار و بەرپرسانی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە هەماهەنگی و هاوبەشی سەربازی.

ئاکار لەگەڵ بەرپرسە کوردەکاندا باسی لە شکستی رێککەوتنی شنگال کردووە و وەک جێگرەوەش ئاماژەی بە هەماهەنگی و هاوکاری سەربازیی کردووە دژ بە پەکەکە بۆ کەمکردنەوەی چالاکی و جوڵەی گەریلاکان لە ناوچەکەدا.

هەر لە دانیشتنەکانی بەغداددا ئاکار ئامادەیی راهێنان و پشتیوانیکردنی هێزە عێراقییەکانی بە بەرپرسانی سەربازیی عێراق راگەیاندووە.

ئەمڕۆش تورکیا تیمێکی سەربازیی راوێژکاری ٢٦ رەوانەی شاری بەغداد کرد کە یەکێکیان ژەنەراڵە، هەرچەند تیمەکە لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا کار دەکەن، بەڵام پەیوەندی بە دواین سەردانی ئاکار و هەوڵەکانی تورکیا بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی لە عێراق هەیە.

شاندی وەزارەتی بەرگری تورکیا بە سەرۆکایەتی خولوسی ئاکار بە وەزیری ناوخۆ و بەرپرسە سەربازییەکانی عێراقی وتووە، تورکیا لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنۆلۆجیای جەنگیی نوێوە دەتوانن هاوکاری پێشکەش بە عێراق بکەن و هەماهەنگی بکەن، بەتایبەت بۆ چاودێریکردنی جموجوڵەکانی پەکەکە.

ئاکار لە گفتوگۆکاندا ئومێدیشی خواستووە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە ریگای یاسا و دەستور چارەسەر ببن.

لە گفتوگۆکانی بەغدا ئاکار لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکاندا باسی لە کردنەوەی دەروازەی سنوری نێوان تورکیا و عێراق کردووە و ئاماژە بە ئەرکەکانی عێراق لەم پڕۆژەیەدا کراوە کە لە سەردانەکەی کازمی بۆ ئەنقەرەش باسی لێوە کرابوو.  ئەوە جگە لە باسکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان و هاندانی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا.

گرنگی سەردانەکە لەم کاتەدا چی بووە؟
بوونی یاشار گویلەر سەرۆكی ئەركانی سوپای توركی و چەند بەرپرسێکی سەربازی دیکەی تورکیا هێندەی دیکە لە گرنگی سەردانەکەی زیاتر کرد. ئەوەی کە سەردانەکە دوای سەردانی مستەفا کازمی بۆ ئەنقەرە هات، بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گرنگ بوو.

روودانی دوو سەردانی گرنگی لەم شێوەیە لەم کاتەدا و لەم ماوە کورتەدا سەرنجی چاودێرانی راکێشا، بەتایبەت کە هاوکاتە لەگەڵ بوونە سەرۆکی جۆ بایدن و کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ.

وەک لە سەردانەکەدا باسکراوە، حکومەتی تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و دروستکردنی فشار لەسەر گەریلاکان، لە هەوڵی چەند رێککەوتنێکدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق.

ئەم سەردانەی ئاکار بۆ عێراق و هەرێم لەم کاتەدا پەیوەندییەکی زۆری بە هاتنەوەی برێت مەکگۆرگەوە هەیە بۆ کۆشکی سپی کە هاوکاری کوردان و بەتایبەت شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستانە، ئەنقەرە لە رێگەی ئەم سەردانە و توندکردنەوەی پەیوەدنییەکانی لەگەڵ بەغداد هەوڵ دەدات پێش مەکگۆرگ بکەوێت و لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا زەخیرەی خۆی بخات.

تورکیا چۆن دەگاتە ناوچەکانی گەریلا؟
زۆرترین وشەی بەکارهێنراو لە گفتوگۆکانی نێوان خولوسی ئاکار و بەرپرسە عێراقی و کوردستانییەکاندا "تیرۆریستانی پەکەکە" بووە. شاندی تورکیا لەم سەردانەدا هەوڵی داوە زۆرترین پشتیوانی هەرێم و عێراق بۆ لێدان لە پەکەکە بەدەستبهێنن، چونکە تورکیا ناتوانێت لەوە زیاتر بەرگەی بەهێزبوون و ئامادەیی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێم و عێراق بگرێت.

لەبارەی ئەم دۆسییەوە، ئاکار لەگەڵ بەرپرسە کورد و عێراقییەکاندا باسی لەوە کردووە تا چەند دەتوانن لەو ناوچانەدا هێز، بوون و ئامادەییان زیاد بکەن کە گەریلاکانی پەکەکە تێیدا چالاکن، چونکە تورکیا تێگەشتووە کە گەریلاکانی پەکەکە هێشتا لە ناوچەکەدا (بەتایبەت شنگال) چالاکن، بەهۆی ئەوەشی کە تورکیا ناتوانێت بەردەوام هێرشی سەربازی بکات، گەریلاکان لە ٥٠ کیلۆمەتریی نێوان کانی ماسی تاکو زاخۆ چالاکن و ئەم بۆشاییە ئەمنییەیان قۆستووەتەوە. بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لەم سنورە درێژەدا ئاکار داوای هەماهەنگی زیاتری لە عێراقیی و کوردەکان کردووە.

 

هێرشی وشکانی
تورکیا دڵنیا بووەتەوە کە تەنها بە هێرشی ئاسمانی ناتوانێت کۆتایی بە هەژموون و بوونی پەکەکە لە هەرێم و بەتایبەت شنگال بهێنێت، بۆیە بیر لە هەناردەکردنی هێز بۆ ئەم ناوچانە دەکاتەوە و لە گفتوگۆکانیشدا ئاماژەیان پێکردووە.

گرنگی حکومەتی عێراق لە سنوردارکردنی پەکەکە لە ناوچەکەدا بووە بە بابەتی ناو حکومەتی تورکیا، بۆیە ئەگەر زۆرە تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هاوکاری حکومەتی عێراق بکات تاکو ئاسانتر و بە هەردوولایانەوە بتوانن چالاکی پەکەکە کەم بکەنەوە. ئەم بڕوایەی تورکیا دوای ئەوە هاتووە کە پێیان وایە "هێزە عێراقییەکان بوون نەیانهێشت شەڕڤانانی رۆژئاوا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە".

بەپێی سەرچاوە تورکییە ئاگادارەکان، ئەگەر زۆرە لە ماوەی داهاتوودا تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە زیاد بکات و پلانیش هەیە تورکیا هێرشی وشکانی ئەنجام بدات، بەتایبەت دوای بێهیوابوونی لە هەموو هەڵبژاردەکانی دیکە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن حکومەتی تورکیا ناتوانێت لەوە زیاتر ئەوە فەرامۆش بکات کە بەبێ حکومەتی عێراق و هەرێم ناتوانێت رووبەڕووی هەژموونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا ببێتەوە، بەتایبەت هەرێم کە هەم گرێی پێکەوە بەستنی تورکیا و عێراقە و هەم بازاڕێکی گەورەی تورکیاشە، ئەوە جگە لە رێککەوتنی نەوتیی هەرێم و تورکیا.