ڕاپۆرتی کوردستانی

12:01 - 21/01/2021

سەیفی قازی لە بازرگانییەوە بۆ وەزیری جەنگی كۆماری كوردستان‌

پەیسەر

كەسایەتی قازی محەمەد ئەوەندە گەورەیە كە زۆرجار كەسە گەورەكانی دیكەی شاردوەتەوە، سەیفی قازیی گەرچی دەوڵەمەندێكی  بەناوبانگی مەهاباد بوو، بەڵام لەسەر داوای قازی محەمەد تێكەڵ بە دنیای سیاسەت بووە و تا بوو بەوەزیری جەنگی كۆماری كوردستان، لەگەڵ روخانی كۆمارەكەدا هاوسەرە توركەكەی داوای لێدەكات بچێتە روسیا، بەڵام ئەو ڕازی نابێت و دەڵێت سوێندم خواردووە خیانەت لە قازی محەمەد و كوردستان و خەڵكی مەهاباد ناكەم، سەر ئەنجام لە سێدارە دەدرێت.

محه‌مه‌د حوسێن سه‌یفی ‌قازی ناسراو به حه‌مه‌حوسێن ‌خان ساڵی 1911 له‌ شاری مه‌هاباد له‌ دایكبووه.میرزا حوسێن سه‌یف‌ و لقوزات، باوكی حه‌مه‌حوسێن خان، یه‌كێك له‌ پیاوه‌ زانا و ناسراوه‌كانی كوردستان. له‌ هۆنراوه‌ و نوسیندا ده‌ستێكی زۆر باڵای هه‌بووه، هۆنراوه‌كانی به‌ كوردی و فارسی له‌ كاتی خۆیدا ده‌ستاوده‌ست ده‌گه‌ڕان و جێی بایەخی خەڵكبوون. لە تەورێز لە قوتابخانەی فیردەوسی خوێندوویەتی تا قۆناغی دبلۆم، حه‌مه‌حوسێن خان له‌ ژێر ده‌ستی باوكێكی زانا و نیشتمانپه‌روه‌ردا پێگه‌یشتبوو. ئامۆزای پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە.
 
له‌ سه‌ر ده‌می كۆماری كوردستاندا كرایە وەزیری جەنگ (به‌رگریی) بووەو تا گیران و شه‌هیدبوونی هه‌ر له‌ سه‌ر كارەكەی بەردەوام بووە. دووجار هاوسەرگیریی كردووەو هەردوو هاوسەرەكەشی توركبوون. هاوسەری یەكەمی كۆچی دوایی كردووەو كە كچی گەورە بەرپرسێكی مەرراغە بووە، بە دوای ئەودا خێزانی دووەمی پێكهێناوە، باوكی لەگەڵ توركە قاجارییەكان پەیوەندی زۆری هەبووە، لەبەر ئەوەی ئازاربایجان زۆر پێشكەوتوو بووە، زۆری ژیانی لە تەورێز بووە، ئەو پەیوەندییە بۆ سەیفی قازیش ماوەتەوە، بەدەر لە نەتەوەی جیاواز كە تا ئەو كاتانە تۆخ  نەبووبویەوە تێكەڵاویی ئەوان بۆ پەیوەندی بازرگانی و ژن و ژنخوازیش بووە. هاوسەری دووەمی فەروغ لیقا مەلیك قاسمی كچی ئیمام قولی خانی ئامۆزای نەسرەدین پاشای قاجارە.
بنەماڵەی سەیفی قازی مەلازادە بوون و زۆرینەیان ڕێچكەی مەلایەتییان گرتووەو بە بنەماڵەیەكی ئاینی بەناوبانگن، تا دەگاتە حەمە حسین سەیفی قازیی ئیتر مەلایەتیان نامێنێت، سەیفی قازی سەرەتا بە بازرگانی و دواتربە كاری سیاسی و سەربازیی لەوانی دیكە جیادەكرێـتەوەو لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕدارێكی بەهێزیش بووە بە خودا، لە بنەماڵەی باوكیدا چەندین هونەرمەند و شاعیر و خۆشنووس بوون و تائێستاش لەناو نەوەكانیدا رەنگی داوەتەوە. وەك دەگوترێت موریدی شێخەكانی بورهان بوون، بنەماڵەكەیان باوەڕیان بە شێخی بورهان بووە، وەك دەگێڕنەوە كاتێك دەچووە ناوچەكە نەیدەهێشت پشت بكاتە خانەقای بورهان، چوون ئەو پێی وابوو پشتكردنە ئەو خانەقایە بێڕێزییە.
 
سەیفولقوزات، باوكی سەیفی قازیی، كەسێكی دەوڵەنەمد بووە، بەڕادەیەك  زۆرینەی بازرگانی ناوچەی مەهابادو دەوروبەری لە لایەن ئەوەوە ئەنجامدراوە، لەبەر ئەوەی پیاوێكی دەست واڵاو خێرخوازبووە هاوكاریی زۆری وانەخوێن و فەقێكان كردووە، نامەی پەهلەوی بۆ هاتووە و دەعوەتی كردووە بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیریی كوڕەكەی و ئەو نازاناوەی لە لایەن شاوە پێی دراوە.
نەك هەر هاوكاریی لایەنی زانستی بەڵكو چاوی لە نوسەرو شاعیرەكان بوەو هاوكاریی كردوون، لەوانەش محەمەدی قازی نوسەرو وەرگێڕی بەناوبانگ و هێمن و هەژار و  ئەیوبییان. دواتر سەیفی قازیی، هەمان ڕێچكەی باوكی گرتووە و بە وشتر لە مەراغەوە بۆ مەهاباد كاری بازرگانی كردووە، بەمەبەستی پاراستنی بازرگانیەكەی لە دەستی تاڵانچی و ڕێگرەكان سەیفی قازی چەكداریی هەبووە، وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن دابینكردنی چەك و چۆڵ لە لایەن دەوڵەتەوە دابینكراوە.
خێزانەكەی فەروغ لیقا كە كچی ئیمام قولی بووە لە نەتەوەی تورك، نەیویستووە دەست بۆ كاروباری سیاسی ببات و بەردەوام داوای لێكردووە كە سەرقاڵی كاروباری بازرگانی بێـت، هەر بۆیە چەند جارێك داوای لێكراوە كە پەیوەندی بە جوڵانەوە كوردیەكانەوە بكات، بەڵام ڕازیی نەبووە،  بۆ ئەو مەبەستە پێشەوا قازی محەمەد دوو جار چووەتە لای و داوای كردووە كە ببێتە هاوكاری لە بواری سیاسیدا و دواجار ڕازی بووە.
سەیفی قازی لە ڕووی كۆمەڵایەتیەوە بە پیاوێكی قەدرگران و قورس بەناوبانگ بووەو زمانەكانی روسی و ئینگلیزی و فارسی و توركی بە باشی زانیوەو هەندێك لە نوسینەكانی كە لێی بەجێ ماون هەریەكەیان بە زمانێك نوسراوە.
لە تەورێز نوێنەری كورد بووە لای ئازەربایجانیەكان و لە سەروو باڵیۆزەوە مامەڵەی لەگەڵ كراوە ، لای زۆرینەی دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی كۆماری ئازەرباینجان  قسەی لەبەر ڕۆشتووە، پیشەوەری قسەی نەشكاندووەو تەنانەت چەند جارێك فەرمانی لە سێدارەدانی هەڵوەشاندووەتەوە.

قازی محمد ڕێكەوتبوو لەگەڵ پیشەوەری كە خوێندن لە هەردوولا هەبیت بە توركی و كوردیش

ماوەیەكیش نوێنەری مەهاباد بووە لە تاران، چەند جارێك لەگەڵ قازی محەمەد و هاوڕێكانی دیداری شای بۆ ڕێكخستوون، لەناو دانوستاندنەكانیاندا چەندین خاڵیان چەسپاندووە، یەكێك لەوانە دەوامكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتە لەناوچە كوردییەكان  جل و بەرگی كوردییەوە و تا ئێستەش بەردەوامەو ئەو یادگارییە ماوەتەوە.
شای ئێران لە دەربەندی تاران خانووی بۆ دابینكردوە، ئەیوبیان دەگێڕێتەوە كە سەیفی قازیی و قازی محەمەد ڕێكەوتوون لەگەڵ پیشەوەری كە خوێندن لە هەردوولا هەبیت بە توركی و كوردی، لە ڕوویی سەربازیشەوە كۆمەك بەیەكتری بكەن، ئەیوبیان دەڵێت: كاتێك ڕێكەوتبوون لەگەڵ توركەكان كە پێكەوە چالاكی سەربازیی ئەنجام بدەن و ئەو ناوچانەی لە سنووری ئەواندایەو بە دەستی دەوڵەتەوە وەری بگرنەوە،  بەڵام چەكدارە كوردەكان گلەیی ئەوەیان دەكرد كە توركەكان خۆیان بێدەنگ دەكەن، تا چەكدارەكانی حەمەسدیق خان شوێنەكە دەگرن، بەڵام دواتر ئەوانی تێدەچن، بۆیە سەیفی قازیی گوتوویەتی كەواتە ئەوان ئێوەیان كردووەتە پێشمەرگەی خۆیان، بۆیە لەمەودوا من پێتان دەڵێم پێشمەرگە،  مەحمودی كوڕی سەیفی قازیی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی – پەنجەمۆری ڕووداو- دا ، گومان لەسەر ئەوە دروست دەكات كە چایچییەكەی قازی محەمەد پێشنیاری دەستەواژەی پێشمەرگەی كردبێـت و بۆ ئەو مەبەستەش چەند بەڵگە دەهێنێتەوە، كە یەكێك لەو بەڵگانە ئەوەیە كە ئەیوبییان بۆی گێڕاوەتەوە. ئەو هۆكاری ئەوەی كە باس لەوە دەكرێت ئەو پێشنیارە دەخرێـتە پاڵ چایچییەكە  بە دوژمن ناویان دەبات و دەڵێت ئامانجیان لێدانی باوكمە لەڕووی سیاسییەوەو نایانەوێت ناوی باوكم بەگەورەیی بمێنێتەوە.

كاتێكیش باس لەوە دەكرێت كە سەیفی قازیی نەیتوانیوە چەكدارو پێشمەرگەكانی كۆمار یەكبخات و سەرجەم تفەنگ بەدەستەكانی كورد لە ناو سیستەمێكی سەربازیی و نبشتیمانیدا یەك بخات دەبێت باس لەوەش بكرێت كەمتەرخەمی مالیك و خاوەن گوندو خاوەن دەسەڵاتەكان هۆكاریی سەرەكی بوون، بەشێك لەوان دووسەرە لەگەڵ حكومەتی پەهلەوی و كۆماریشد كاریان كردووە،  لەو سەردەمەدا كۆمار متمانەی گەوەری پێیان هەبووە بەڵام لەبەر ئەوەی پشتگیرییان نەكردووە لە كۆمار بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی كەم نەبێـت چەكداریان لەگەڵ نەمێنێتەوە. لەكاتی گرتنی مەهابادیش لە لایەن ڕژێمی شاوە خەڵك و قازی محمد و هاوڕێكانیشی خواخوای ئەوەیان بوو عەشیرەتە كوردەكانی چواردەور پەلاماری مەهاباد نەدەن بەمەبەستی تاڵانكردنی خەڵك  و بردنی شت و مەكی خەڵك.

لە سەروبەندی گەمارۆی مەهاباددا و خیانەتی دۆستەكانیی كۆمار گەشتە لووتكەو هەموویان پشتیان تێكردو شای ئێران و روسیاش پەیمانەكەیان نەبردە سەر، كاتێكیش كار لەكار ترازا و هەمووان بێئومێد بوون لە ڕزگاربوون خێزانەكەی سەیفی قازی پێیی دەڵێت وەرە با بچینە روسیاو لەگەڵ جەماعەتی بازرانی بڕۆین، من دڵنیام ئەمانە وازت لێناهێنن و دەتكوژن. بەڵام سەیفی قازی دەڵێت من سوێندم خواردووە قازی جێناهێڵم و خیانەت لە میللەتی خۆم ناكەم، بۆیە جێیی نەهێشتووەو لەسەر بەڵێمی خۆی سوور بووە.

لە سەروبەندی گەمارۆی مەهاباددا و خیانەتی دۆستەكانیی كۆمار گەشتە لووتكەو هەموویان پشتیان تێكرد

دوای دەستگیركردن و لە دادگای سەربازیی دادگایی دەكرێن، سەیفی قازی لە بەردەم دادگادا كە بە مست داویەتی بە سەر مێزەكەدا و گوتویەتی ئێوە كێن و لە كوێوە هاتوون تا دادگایی ئێمە بكەن، ئەوانیش چەند تاوانێكیان بۆ خوێندوونەتەوە كە تیایدا هاتووە ئەوان خەڵكی بێگانەیان هێناوەتە وڵاتە و پلەوپۆستیان پێداون، پاشان داوای جیابوبوونەوەیان لە ئێران كردووە، یەكێكی تر لە تاوانەكانی پێدانی چەكەكان بووە بە بارزانی كە دژایەتی كردوون و وەك بێگانەیەك حسابیان كردووە، سەیفی قازی دانی پێدا دەنێت و دەڵیت بەڵێ من چەكەكانم داوە بە برای خۆم، خۆ ئەو بێگانەیەك نیە، كە مەبەستی بارزانی بووە و گوتوویەتی ئەو فەرماندە بووە لای من. مەحموودی كوڕی سەیفی قازی لەبەرنامەی پەنجەمۆردا گوتوویەتی : باوكم وەسیەتی كردووە بۆ دایكم و پێی گوتووەوەكوڕەكانم بەرە ئەوروپا، با بخوێنن، من نەمتوانی بیانبەمە ئەوروپا، بەڵام تۆ بیانبە، سەبارەت بە بەشە سیاسیەكەی وەسیەت نامەكەی ئەو كوڕەی سەیفی قازی هیچی نەدركاندووەو گوتویەتی (نەمخوێندوەتەوە). گەرچی پاشماوەو یاداوەرییەكانی سەیفی قازیی زۆربوون بەڵام بە پێی قسەی مەحموودی كوڕی لە لایەن دزێكەوە براوە، كە پێدەچێت دەستێكی نادیار بوو بێت و ئەوان بۆیان یەكلایی نەبوەتەوە كە ئەو دزە دزێكی ئاسایی بووە یان بابەتێكی سیاسی لەپشتەوە بووەو بۆ فەوتان و لەناودان یان دەستخستنی پاشماوەكانی سەیفی قازی بووبێت.

كاتێكیش سەیفی قازی دەچێتە سەر پەتی سێدارە دەڵێت یەك داواكارییم هەیە ئەویش ئەوەیە چاوم مەبەستن،  كاتێكیش لێی دەپرسن بۆچی؟ ئەویش گوتویەتی پێمخۆشە ببینم كە سەری ئێوە لە ژێرپێی مندایەو  چاوم لە چاوتان بێت و ببینم چۆن دەترسن، مەحموودە  كوڕی دەڵێت : دەگوترێت پەتی سێدارەكەی پساوەو كە هەستاوەتەوە گوتویەت دەسەڵاتی شاكەتان و دەوڵەتەكەتان وەك ئەو پەتە ڕزیوە هاكا بچڕا.
 
كێشەی نێوان ڕەزم ئاراو سەیفی قازی لەبەردەم وەزیری بەرگری ئێراندا كە دەنگی بەرزكردووەتەوە بەسەر رەزم ئارادا ، بووەتە هۆی ئەوەی كە جەخت بكاتەوە لەسەر لە سێدارەدانی قازی و هاوڕێكانی و سەرپەرشتی ئەو هێرشە بكات كە كراوەتە سەر مەهاباد
حه‌مه‌حوسێن خانی سەیفی قازیی له‌ دادگادا زۆر پیاوانه‌ له‌ بیرو باوه‌ڕی خۆی، له‌ كۆماری كوردستان، له‌ پێشه‌وای كورد قازی محه‌ممه‌د به‌رگری كرد و شانازی پێوەده‌كردن، كه ئه‌و‌ له‌ سه‌ر ئازادی نه‌ته‌وه‌كه‌ی دادگایی ده‌كرێت و لە سێدارە دەرێت.
شه‌وی 30ی 3ی 1947 پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و سه‌دری قازی و حه‌مه‌حوسێن خان له‌ چوارچرای شاری مه‌هاباد لە سێدارە دران و دواتر لە تەنیشتی یەكەوە هەرسێك (قازی محمد – سەیفی قازی- سەدری قازی) نێژران و تا ئێستەش خەڵك گۆڕەكەشیان بە پیرۆز سەیردەكەن و لە هەمان كاتیشدا سمبولی بەرخۆدان و پاكی و نیشتیمان پەرورەرییە.

تیبینی:
بۆ بەشێك لە زانیاریەكانی نێو ئەم ڕاپۆرتە پشت بە بەرنامەی -پەنجەمۆر-ی كەناڵی ڕوداو بەستراوە. كە چاوپێكەوتنە لەگەڵ مەحموودی كوڕی سەیفی قازی