ڕاپۆرتی کوردستانی

11:56 - 21/01/2021

سەدری قازی،یەكەم بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆماری كوردستان‌

پەیسەر

كاتێك لاپەڕەكانی مێژووی كورد هەڵدەدەیتە، ناوی قازییەكانی مەهاباد لە گۆشە سەرەكیەكانیدا دەبینیتەوە، قازی محەمەد و سەیفی قازی برای و سەیفی قازی ئامۆزایان پێكەوە لە پێناوی گرساندنی كۆماری كوردستاندا خەباتیان كردو دواجاریش پێكەوە پشتیان لە خەڵكی مەهاباد نەكردو پێكەوەش لە سێدارەدران، هەرچەندە سەدری قازی وەسیەتی كردبوو كە لایی گڵكۆی باوكی لە خانەقای شێخی بورهان ئەسپەردەی بكەن، بەڵام جیایان نەكردەوەو پێكەوە لە مەهاباد ناشتنیان.

سەیفولوقوزاتی باوكیان لە لایەن شای ئێرانەوە زۆر ڕێزی لێگیراوەو هەر ئەو نازناوەی پێدراوە

ئەبولقاسم سەدری قازی- برای قازی محمد- ساڵی 1908 و هەندێك دەڵین 1911  لەشاری مەهاباد لەدایکبووە و هەر لە مەهابادیش خوێندوێتی، زمانەكانی فارسی و توركی و ئینگلیزیی بە باشی زانیوە، سەدری قازی بە وەرگێڕانی زمانی بێگانەی فارسی و رێنوێنی هەژار و نەخوێندەوارەکانی بێتاوانی کوردووە، لەبەر ئەوەی باری دارایی زۆر باشی هەبووە ئەو فەرمانبەرانەی كە خۆبەخشانە كاری فەرمانگەكانی كۆماریان بەڕێوە دەبرد ئەویارمەتی دەکردن. لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا خاوەنی جێگای رێز و خۆشەویستی بووە، سەیفولوقوزاتی باوكیان لە لایەن شای ئێرانەوە زۆر ڕێزی لێگیراوەو هەر ئەو نازناوەی پێدراوە.

سەدری قازی لە دەوورەی چواردەی گۆنگرەی شورادا، بەنوێنەری مەهاباد هەڵبژێردراوە. لەسەردەمی جوڵانەوەی دیموکراتی کوردستاندا، لەتاران نوێنەری کۆنگرەی شورای میللی بووه.

دوای پەلاماردانی کوردستان سەدری قازیش گیراو هێنایانەوە مەهاباد. کاتێک لەگەڵ براکەی پێشەوا و ئامۆزاکەی حەمە حوسێن خان لەچوارچرای مەهاباد هێنایانە ژێر پەتی سێدارەگوتی: "ئێمە بەتاوانی ئەوە دەکوژن، چونکە نەبووینە ناپاکی نەتەوەکەمان".
سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد بووە لە تاران و لەوبوارەدا چەندین كاری كردووە بۆ دروستكردنی پەیوەندی كوردو دەسەڵاتدارانی ئێرانی تا لەو ڕێگەیەوە مافەكانی گەلی كورد بەدەست بهێنێت، بۆ ئەو مەبەستە چەندین دیداری گرنگی لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و قازی محمد و بەرپرسانی تری كۆمارەكە ڕێكخستووە، هەروەها ڕۆڵی هەبووە لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كۆماری میللی ئازەرباینجان كە هاوتەمەنی كۆماریی كوردستان بوو.

لە مزگەوتی هەباس ئاغا لە مەهاباد قسەی کردووە و باسی پێویستی خۆ ڕاگریی لە بەرانبەر هاتنی هێزەكانی حکوومەتی ناوەندیی بۆ مەهاباد کردووە

وەك هەندێك لە سەرچاوەكان باسی دەكەن كە دوو نامەی تایبەتی سەدری قازیی هەیە كە لەم دواییانەدا بڵاوكرانەتەوە بایەخی گەورەیان هەیە، نامەی یەكەمیان كە بۆ كچەكەی (گەوەرتاج)ی ناردووە و تیایدا ، ئەو ناتوانێت لای بمێنێـتەوەو ڕایسپاردووە بچێتە تاران لەگەڵ دۆستێكی خۆیان بەناوی شامبەیاتی و دەقی نامەكەش بەم شێوەیەیە:
(ڕۆڵەم گەوەر تاجی سەدری قازی ئینشائەڵا سڵامەتن. ئەمن هەر ئێستا لە تارانەوە گەیشتوومەتە مەهاباد، لە بەر ئەوەی دایکت لە تاران داوای کرد خات خەجیجی بنێرمە لای لەتارانێ پێویستە دەستبەجێ نێو براو ئامادە بکەن و لە خزمەت جەنابی ئاغای سەروان شامبەیاتی کە ئەم نامەیەتان دەداتێ بینێرن بۆ تارانێ و خەرج و مخاریجی ڕێگاش بدەن بە خات خەجیج) بە پێێ وتەی شارەزایان ئەوەی لەو نامەیەدا هاتووە بەروارەکەی زۆر گرنگە. بە پێی هێندێک سەرچاوە لەم ڕۆژە دا سەدری قازی لە مزگەوتی هەباس ئاغا لە مەهاباد قسەی کردووە و باسی پێویستی خۆ ڕاگریی لە بەرانبەر هاتنی هێزەكانی حکوومەتی ناوەندیی بۆ مەهاباد کردووە. دیارە دوای ئەو بەروارە جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆتاران.لە نێوە رۆکی نامەکەدا دەردەکەوێ سەدری قازی بە چاودیری سەربازیی توند هێنراوەتەوە بۆ مەهاباد و نەیتوانیوە چاوی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی بکەوێ بۆیە ئەو نامەیەی بۆ کچەکەی نووسیوە. 
 
هەرچی نامەی دووەمە كە دووبارە بۆ كچەكەی(گەوەرتاج)ی ناردووە، تیایدا وەسیەتی كۆتایی خۆی كردووەو وەسیەتەكەش خێزانی و كۆمەڵایەتیە، پێدەچێت لەو ماوەیەدا دڵنیا بوو بێتەوە لەوەی كە لە سێدارە دەدرێن و هیچ ئومێدێكیان بە دەربازبوون نەبووە، كە ئەوە دەقەكەیەتی:

 
(گەوەرتاج خانم، خانمە خانم، ئەوە کە ئێستا بەو پەڕی ئیمان و ئاواتەوە ماڵاوایی لەم دنیا فانییە دەکەم، داوا دەکەم تەرمی من بەرن بۆ خانەقای بەرزو بە تەنیشت باوکمەوە بینێژن. دەخیل و سەد دەخیل تەنەخی لێ مەکەن و حەڵاڵم کەن. ئاگاتان لە حەسەن بێ، هاوناوی باوکمە و جێگای هومێدە و بۆ پەروەردە کردنی زۆر تێبکۆشن. ماڵاوایی لە هەموو لایەک دەکەم).

ئەم نامەیەی سەدری قازی لەگەڵ وەسییەتنامە بۆ هاوسەری کە لە چەند سەرچاوە دا بە وەرگێراوی کوردیشەوە بڵاو کراوەتەوە؛ بەر لەئەوەی لە سێدارە بدرێت نووسیویەتی. بە پێی قسەی گەوەرتاجی سەدری قازی ئەو نامەیەی چەندین مانگ لە دوای لە سێدارە درانی قازییە کان بە دەستی گەیشتووە و وەک دەزانین قازییەکان لە مەهاباد نێژراون و نەتوانراوە ئەو بەشەی وەسیەتەكەی كە ببرێـتە خانەقای شێخی بورهان. کە تەرمی سەیفولقوزاتی باوكیان لەوێ نێژراوە. مەبەست لە حەسەن، برازای سەیفی قازییە کە نێوی پچووکی سەیفولقوزات باوکی شەهیدان قازی محمدو  سەیفی قازی  لێ نراوە.
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی ٦ / ٦// ٢٠١٤ ،  گەوەرتاجی سەدری قازی ، کچی شەهید قاسمی سەدری قازی لە مهاباد کۆچی دوایی کرد. لەخانەقای شێخی بورهان لەتەنیشت باپیرەیەوە ئەسپاردەی خاك كراوە. 
 
کۆماری کوردستان کاری زۆر بنەڕەتی و پێویستی لە ڕووی ناساندن و بونیاتنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی ئەنجامداوە، کە ئاڵای کوردستان، سرودی نەتەوەیی، ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و چەندین شتی دیكەی لێکەوتەوە. لە هەمووی ئەمانە گرنگتر بڕوایێکی قوڵی سیاسەتی کۆماری کوردستان بە ڕێزلێنان لە ماف و سنووری نەتەوەکانی دراوسێ بوو. لە هیچ شوێنێکی هەڵس و کەوت و سیاسەتی کۆماردا نابینرێ کە ڕێز لە نەتەوەیەک نەگیرابێ. نەتەوەی دراوسێی تورک کە حکومەتێکی تەواو سەر بە سۆڤیەتیان لە تەورێز بۆ پێک هاتبوو- بەناوی كۆماری ئازەرباینجان- لە لایەن کۆماری کوردستانەوە بە ڕێزەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە، بە پێچەوانەی ئەو هەڵس و کەوت و ساختەکارییانەی کە ئەو حکومەتەی سەر بە سۆڤیەت بەرانبەر بە کۆماری کوردستان گێڕابووی.

سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیارێکی دەرکردبوو کە لە دوو ڕووەوە جێی سەرنجە. یەکیان پێكەوەژیان و پتەوکردنی ئاشتی و برایەتی چوونكە هەردوولا پێیان وابوو لە ناوبەری هەر دوو نەتەوەی کورد و تورکە و دووهەمیش سەربەخۆیی سیاسی کورد و جیاکردنەوەی قەوارەی کوردستان لە سیاسەت و سنووری جوگرافییایی تورکەكان.

لە دەقی گوتاری سەرکردایەتی کورددا ئاماژەی ڕاشکاوانە بەوە کرابوو کە لە هەر شوێنێک کە کوردی تێدا ژیان دەکرد بە ”استقلال”ی تەواو بگا. لە هەمان کاتیشدا لە پێکهاتنێکی کە لە ناوبەری -حکومەتی ملی آذربایجان- و دەوڵەتی -جمهوری کوردستان-  هەبوو، دان بەوە نرابوو کە ڕێز لە مافی کوردانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی تەورێز بگیرێت و هاوکات دەسەڵاتی کۆماریش هەمان سیاسەت بەرانبەر بە تورکی دانیشتووی کوردستان بنرێت. لە هەموو ئەوانەشدا سەدری قازی ڕۆڵی گەورەی هەبووە.
 
 قازی محەمەد لەسەر بانگهێشتنی قەوامولسەلتەنە  چووەتە تاران و دوو  هەفتە ماوەتەوە. لەو سەفەرە دا پێشەوا و ئەبولقاسمی سەدری قازی نوێنەری کوردستان لە تاران پێنج جار لە گەڵ قەوامولسەلتەنە دانیشتوون و سێ جاریش چاویان بە رەزم ئارا سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی ئێران کەوتووەو باسیان لە كێشەكانی كوردستان و چۆنیتەتی چارەسەركردنی كردووە.

ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی له‌ کاتی پێشرۆیی هێزی ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و ئازه‌ربایجان، له‌ مه‌هاباد بوو.کاتێک هێزەكانی ده‌وڵه‌ت هاته‌ نێو ته‌ورێز، ناوبراو به‌ په‌له‌ چوو بۆ تاران تا به‌ڵکوو ئه‌حمه‌دی قه‌وام سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌وکاته‌ کارێکی ئه‌وتۆ بکات ‌و فەرماندە سەربازییەكان سه‌باره‌ت به‌ کوردان به‌ گشتی و قازییه‌کان به‌ تایبه‌تی نه‌رم بجووڵێنه‌وه‌ و توند و تیژی به‌کارنه‌هێنن. 
سه‌دری قازی چه‌ند ڕۆژێک له‌ تاران له‌ هه‌وڵ و تێکۆشاندا بوو به‌ڵام نه‌یتوانی هیچ بکات و وەڵامی نەدرایەوە. دو‌ا جار ئه‌ویشیان له‌ تاران گرت و له‌ ژێر چاودێریدا هێنایانه‌وه‌ مهاباد و ئه‌ویشیان له‌گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د و محه‌مه‌دحوسێن خان –سەیفی قازیی- له‌ پێشدا له‌ نێو شاریدا ( خانووبه‌ره‌ی عه‌دلییه‌، موڵکی میرزا عه‌بدوڵای که‌ریمی) و دوایه‌ له‌ سه‌ربازخانه‌ زیندانی کردو دواتریش دادگاییان دەستیپێكرد.

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە کتێبی " حکومەتی کوردستان و کورد لە گەمەی سۆڤێتی دا دەنووسێ:
تاوانەکانی بە پاڵ قازی و سەرانی حکومەت ئەدرا بریتی بون لە : پۆشینی بەرگی جەنەڕاڵی، سەرۆکایەتی جمهوریەتی کوردستان، گۆڕینی ڕەنگی ئاڵای ئێران، لابردنی نیشانەی شێر و خورشید، چون بۆ باکۆ و، کۆبونەوە لە گەڵ جەنەڕاڵەکانی بێگانە، کوشتنی ئەفسەر و سەربازی ئێرانی، بەڵێندانی بەخشینی نەوت بە بێگانە، هەر وەها نامەی دەسخەت و  ڕونوسی وتەکانی ناو کۆبونەوە گشتییەکان كە تۆماركراو، قازیەكان بە ئیعدام حوکم دران. حوکمی ئێعدامی قازییەکان لەو کاتە دا بە بڵاو نەکراوەیی هێڵرایەوە تا كێشەی لێنەكەوێتەوە.
 
قازییەکان داوایان کرد مەسەلەکەیان بخرێتە بەردەم  داداگای پێداچوونەوە" دادگاە تجدید نظر" بۆ چاو پیاگێڕانەوەی. لەو ماوەیە دا هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی دادگایەكە ببرێتە تاران، بۆ ئەوەی دووربێت لە دەستێوەردانی وردە بەرپرسەكانی دەوڵەت. بەڵام بەرپرسانی سەربازیی سوور بوزن لە سەر ئەوەی هەر لە مەهاباد دادگایە.

ئەندامانی "دادگاە تجدید نظر"چوونە مەهاباد. ئەمجارەیان دادگا بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ عطاء و دادستانی سەرهەنگ نکوزاد بو. دادگا دو پارێزەری بۆ قازییەکان دانا بو: سەروان صلح جو و، سەوان نبوی. ئەو "تاوانانە"ی لە " دادگاه بدوی صحرایی" بە پاڵ قازی محمد درا بون و ، لە سەری بە ئیعدام حوکم درا بو، بریتی بون لە: ڕاپەڕینی چەکدار دژی حکومەتی ناوەندی، بەستنی ڕێککەوتنی نەوت لە گەڵ بێگانە، سوکایەتی کردن بە ئەڕتەش و حکومەتی مەرکەزی، فەرمانی کوشتن و سوتاندنی ماڵی فەرمانبەرانی حکومەت... ئەو تاوانانەی بە پاڵ سیف و صدریش درابون، شتێکیان کەم نەبو، لە وانەی بە پاڵ قازی درابون.

هەیئەتی دادگا لە گەڵ ستادی ئەڕتەش بەردەوام بە بێتەل پێوەندی تەلگرافی هەبو. پرسی پێ ئەکرد و فەرمانی لێ وەرئەگرت. ئەمیش حوکمی ئیعدامی : محمد قاضی،محمد حسین خانی سیفی قاضی ، صدری قاضی دایەوە. کاتێ کە ستادی ئەڕتەش ئاگادار کرا لەوەی دادگا حوکمی ئێعدامی داون، ستادی ئەڕتەش فەرمانی دا بە فەرمانداری نیظامی مەهاباد لە ماوەی ٢٤ سەعات دا حوکمەکە جێبەجێ بکات.

كۆماری كوردستان لە مێژووی كوردستاندا جێگەیەكی وەهای گرتووە كە تا كوردێك هەبێت شانازیی پێوە دەكات

ڕووداوەکانی ناو دادگا لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەی تاران دا بە یەک شێوە و زمان بڵاو کراونەتەوە . پێدەچێ کاربەدەستانی ئەڕتەش ، بەوجۆرەی خۆیان ویستویانە، ڕاپۆرتەکەیان بو چاپ و بڵاوکردنەوە ئامادە کردبێت، بەتایبەتی بو شکاندنی شەخسییەتی قازییەکان کە بوبون بە ڕەمزی خەباتی رزگاریخوازی کورد و وەك تێكدەر و هاوكارییكردنی بێگانەو خیانەتكار ناویان بردبوون.

بەڵام بە پێچەوانەی ئەو پلانەی ئەوان دایاننابوو، كۆماری كوردستان لە مێژووی كوردستاندا جێگەیەكی وەهای گرتووە كە تا كوردێك هەبێت شانازیی پێوە دەكات و گۆڕی شەهیدەكانیشی بەردەوام جێگەی شانازییە، هەربۆیە قازی محمد و سەدری برای و سەیفی ئامۆزای پێكەوە لە چوار چرای مەهاباد دا لە سەر ڕێبەرایەتی كردنی گەلی كورد لە تەنیشت یەكەوە لە سێدارەدران و هەر لە تەنیشت یەكیشەوە نێژران.