ڕاپۆرتی کوردستانی

03:16 - 19/01/2021

دیارترین گرفت و هه‌وڵه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی هه‌ڵبژاردن‌

پەیسەر

هێشتا كاتی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دیاریكرنه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان مانۆڕه‌كان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌‌ ده‌ستی پێكردووه‌، ره‌شه‌بای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش یه‌كێتی بۆ سێ و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و گۆڕانیش بۆ دوو به‌ره‌و بۆچون دابه‌شده‌كات.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌ی كرد بۆ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، تا ئێستا دیار نییه‌ واده‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌ له‌چ رۆژ و مانگێكدایه‌، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و عێراق جموجوڵی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی یان نزیكبوونه‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌.

پارتی كه‌ براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌ی ساڵی 2018ی عێراقه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و توانی 26 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌مجاره‌یان ده‌یه‌وێت ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ 30 كورسی به‌رز بكاته‌وه‌، به‌ڵام بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجه‌ خواستی دورستكردنی هاوپه‌یمانێتی هه‌یه‌ هه‌م له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پارتی سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سیاسی و حیزبی سیاسی عێراق گفتوگۆی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد.

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش، خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بێ سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆر هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ زامنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بكات، به‌تایبه‌ت له‌ لاوازبوونی ركابه‌ره‌كه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ژماره‌ی كورسییه‌كانی زیاد بكات، سه‌ره‌تاش مانۆڕه‌ سیاسییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ له‌ به‌غداوه‌ ده‌ستی پێكرد.

هاوپه‌یمانی سیما دیاره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن
خواستی دروستكردنی هاوپه‌یمانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌لای هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتی و پارتی و حیزبه‌كانی تریش هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ حیزبه‌كان له‌ناوخۆدا بۆچونی گشتیگریان نییه‌.

پارتی خواستی یه‌ك هاوپه‌یمانێتی ئامانجێتی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێگره‌ له‌به‌رده‌میدا لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌، كه‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌نێوان سه‌وز و زه‌ردی تاڕاده‌ی مه‌حاڵ بردووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو حیزب لیژنه‌ی سه‌ردانی لایه‌نه‌كانیان پێكهێناوه‌ بۆ گفتوگۆكردن و نزیكبوونه‌وه‌ لێیان، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك نه‌یتوانیوه‌ بگاته‌ راده‌ی دڵنیایی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی.

یه‌كێتی بۆ سه‌ر سێ به‌ره‌ دابه‌شبووه‌
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، سێ بۆچون و هه‌وڵی ناوخۆیی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی باش مسۆگه‌ر بكات، به‌ڵام هه‌رسێ لایه‌نی ئه‌م حیزبه‌، ناكۆك و ناته‌بان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و كێشه‌ و ململانێی ناوخۆی ئه‌و حیزبه‌ ئاڵاوه‌ به‌م هه‌وڵانه‌دا.

بافڵ تاڵه‌بانی كوڕی گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و هاوسه‌رۆكی ئه‌و حیزبه‌، به‌شێوه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ پێشوه‌خته‌ی عێراق ده‌ڕوانێ، كه‌ له‌گه‌ڵ به‌خشینی سه‌ركه‌وتن به‌ یه‌كێتی پێگه‌ی خۆی زیاتر له‌ناوخۆی حیزبه‌كه‌ی پێ قایم بكات.

تاڵه‌بانی له‌ ئێستاوه‌ كار له‌سه‌ر رێكخستنه‌كانی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات و  ده‌یه‌وێت ده‌سته‌یه‌كی یه‌كگرتوو و نزیك له‌ خۆی ئیش و كاره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆیان بێت. ئامانجی سه‌ره‌كیشی بردنی به‌شێك له‌ پێگه‌ و كاریگه‌ری كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌ له‌سه‌ر رێكخستنه‌كانی هه‌ولێرو هه‌ر له‌ئێستاشه‌وه‌ جوڵه‌كانی به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌ست پێكردوووه‌.

بافڵ تاڵه‌بانی بێجگه‌ له‌وه‌ی ده‌یه‌وێت پاوه‌ری كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌سه‌ر رێكسختن لاواز بكات، خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌رپرسه‌ دیارو كاریگه‌ره‌كانی رێكسختنه‌كانی یه‌كێتی به‌لای خۆیدا رابكێشێت و له‌رێی‌ مانۆڕی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ مانۆڕی ناوخۆی حیزبه‌كه‌شی له‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كۆتایی پێ بهێنێت.

جوڵه‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عێراق، جوڵه‌ی به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆكی كۆماری عێراقه‌، ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی قسه‌كردن و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نوێنه‌رانی سه‌ربه‌خۆ یان ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانانه‌ی له‌ حیزبه‌كانیان نیگه‌رانن، یارییه‌كی سیاسی نوێ بكات و هاوپه‌یمانێتییه‌ك مسۆگه‌ر بكات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، هه‌روه‌ها ده‌شیه‌وێت به‌ ناوی یه‌كێتی نیشتیمانییه‌وه‌ خۆی له‌ هه‌ندێك لایه‌نی شیعی  و سونی نزیك بكاته‌وه‌ تا پێگه‌ی داهاتووی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا مسۆگه‌ر بكات.

ئاڕاسته‌ی سێیه‌می جوڵه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌لایه‌ن لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌، سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.

لاهور شێخ جه‌نگی خاوه‌نی بیرۆكی نزیكبوونه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسیییه‌ دیاره‌كانی عێراق و هه‌ر ئه‌ویش بوو سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدی یه‌كێتی كرد بۆ گفتوگۆكردنیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیران.

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی جگه‌ له‌وه‌ی خه‌ونی نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقی هه‌یه‌، كه‌ وای له‌ پارتیش كرد بكه‌وێته‌ خۆ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و  لایه‌نه‌كاندا، هه‌وڵی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی ده‌دات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ دیاره‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان.

لاهور شێخ جه‌نگی به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، وه‌ك هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی دانی پێدا نه‌نراوه‌ و له‌ ململانێیه‌كی توندایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌، هه‌رئه‌وه‌شه‌ وایكردووه‌، كه‌ رێگری گه‌وره‌ی به‌رده‌م دروستبوونی هاوپه‌یمانێتی یه‌كێتی و پارتی بێت. به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێتی یه‌كێـتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی دروستبكرێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

خواستی یه‌كه‌میشی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ ه‌ ده‌یه‌وێت بهێنێته‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه‌، به‌وه‌ش هه‌م ئامانجی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌توو له‌ سنوری سلێمانی مسۆگه‌ر بكات و هه‌میش گۆڕان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان دوور بخاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی كابینه‌ی نۆوه‌ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌.

جگه‌ له‌ گۆڕان، لاهور شێخ جه‌نگی له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی نزیكه‌و خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ له‌ رێككه‌وتنی كۆتایی و دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی ئه‌نجام بدات.

گۆڕان له‌نێوان به‌رداشی یه‌كێتی و پارتیدا
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ قۆناغێكی سه‌ختی ژیانی سیاسی خۆیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق، ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ی تێپه‌ڕێنێ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌بێت، بیر له‌ رێگایه‌ك ده‌كاته‌وه.

یه‌كێتی و پارتی به‌جیا خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ چێ بكه‌ن، به‌ڵام بیروبۆچوونه‌كان ‌ بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێـتی له‌گه‌ڵ پارتی یان یه‌كێتی یاخود لیستی سه‌ربه‌خۆ، گۆڕانی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كردووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ بووته‌ رێگی هه‌ڵهێنانی هه‌نگاوی خێرا به‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی رێگای نه‌جات.

پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاگای له‌ هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ گۆڕان، هه‌ر بۆیه‌ هه‌نگاوی خێرای نا به‌ ئاڕاسته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌دا لیستێكی هاوبه‌شی هه‌بێت.

هه‌ر چه‌نده‌ پارتی نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌ڵوێستی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق، به‌ڵام خواستی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و بزتنه‌وه‌یه‌ بۆ رێگه‌گرتنه‌ له‌ دروستبوونی هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕان.

هاوپه‌یمانی ده‌بێته‌ هۆی دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵ؟
خواستی نزیكبوونه‌وه‌ لێی و له‌باربردنی خه‌ونی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، بووه‌ هۆی له‌ ده‌رگادانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌. چونكه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانی لاهور شێخ جه‌نگی بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ، گه‌ر هێنده‌ی دروستبونی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی و گۆڕان بۆ پارتی گرنگ نه‌بێت له‌و كه‌م بایه‌ختر نییه.

به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا داشكردووه‌، به‌پێێ زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر به‌شێكی زۆری لایه‌نگران و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی، پێیان باشه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێتی یه‌كێـتی و كۆمه‌ڵ دروستبكرێت و كۆمه‌ڵ بتوانێت له‌سنوری ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا كورسییه‌ك تا دوو كورسی ئه‌و شاره‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه‌ ئیسلامییه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ په‌ڕاوێزخستنی خۆیان ده‌زانن.
هه‌ر بۆیه‌ جارێكی تر لاپه‌ڕه‌ كۆنه‌كانی كێشه‌ ناوخۆیییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێوه‌ هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ باڵی مامۆستا عه‌لی باپیر جگه‌ له‌ كۆنتڕۆڵكردن و بردنی پۆسته‌ گرنگه‌كانی حیزبه‌كه‌یان، به‌ دروستبوونی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ هێنده‌ی تر په‌ڕاوێز ده‌خرێن.

هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا كۆمه‌ڵ بۆ هیچ لایه‌ك نه‌ یه‌كێتی و نه‌ پارتی نیازی نزیكبوونه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، مه‌ترسی دابه‌شبوونی زیاتری كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌كرێت، جگه‌ له‌وه‌ لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵ ئه‌وه‌یان به‌ به‌رپرسانی حیزبه‌كه‌یان راگه‌یاندووه‌، به‌ دروستبوونی هاوپه‌یمانێتی یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ لایه‌نگرانیان زیاتر ده‌كه‌ونه‌ به‌ر فشاری پارتی و ئه‌مه‌ش بۆ ئاینده‌ی كۆمه‌ڵ له‌ هه‌ولێر خراپ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانیش، به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر، به‌شێكی زۆری سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو دژی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی نین له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارێزگاكه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ نیگه‌رانی و توڕه‌بوونی زۆری ئه‌ندامانی ئه‌م حیزبه‌ی له‌ سنوری سلێمانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
پارتی خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ ته‌واوی كورسییه‌كانی دهۆك بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو گرفتی بۆ دروست ده‌كات، چونكه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌ڵێن و دڵنیایی ده‌وێت بۆ مسۆگه‌ركردنی  كورسییه‌كی دهۆك.

هاوپه‌یمانی وه‌ك رێگه‌ چاره‌
به‌پێی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن حیزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی چانسی بردنی كورسییان كه‌متره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو تر، بۆیه‌ خواستی ئه‌م لایه‌نانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیچ نه‌بێ له‌ سنوری هاوپه‌یمانێتیدا هه‌ندێك كورسی به‌ ئه‌ركی كه‌متر و دڵنیایی زیاتر مسۆگه‌ر بكه‌ن.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا له‌سه‌رجه‌م حیزبه‌كان ته‌گه‌ره‌ی سه‌ره‌كی خستوه‌ته‌ به‌ردروستبوونی هاوپه‌یمانێتییه‌كان كێشه‌ ناوخۆییه‌ دیاره‌كانی هه‌موو حیزبه‌كانه‌. كه‌ زه‌مه‌نی داهاتوو یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ كێ ده‌بێته‌ هاوپه‌یمانی كێ و كێش براوه‌ی هه‌وڵه چڕ و پڕه‌كان ده‌بێت.