عیراق

04:45 - 12/01/2021

بازاڕە گەورەکەی ئێران؛ عێراق دووەم هاوردەکاری شمەکی ئێرانییە‌

پەیسەر

بەپێی راپۆرتەکە عێراق دووەم وڵاتی هەناردەکاری کەلوپەل و شمەکی ئێرانییە. تەنها لە نۆ مانگی دووەمی ساڵی رابردوو بە بڕی پێنج ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار شمەکی ئێرانی هاتووەتە ناو عێراقەوە. بەم جۆرەش ٢٣،٦٪ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق دێت.

 

ئەمڕۆ سێشەممە رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێرانی راپۆرتێکی لەبارەی هەناردەی کاڵای ئێرانی بۆ عێراق و بازرگانی هەردوو وڵات بڵاوکردەوە.

فەرزاد پیلتن بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری عەرەبی و ئەفریقی لە رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێرانی بە ئاژانسی هەواڵی فارسی راگەیاندووە، عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین بەرهەمی ئێرانی هاوردە دەکەن. تەنها لەنێوان ٢٠ی ئازار تاکو ٢٠ی کانونونی دووەمی ٢٠٢٠، عێراق بە بڕی پێنج ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵای ئێرانی هاوردە کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەناردەی بەرهەمی ئێرانی بۆ عێراق ٧٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠ ملیۆن تۆن.

پیلتن باسی لەوەش کردووە، بەهۆی ئەوەی کە ٢٣،٦٪ی بەرهەمی ئێرانی بۆ عێراقە، لە ناو وڵاتانی دراوسێدا عێراق لە پلەی یەکەمی هاوردەکەر و لە ئاستی جیهانیشدا لە پلەی دووەمی هاوردەکەری بەرهەمی ئێرانییە.


زۆرترین کەلوپەلی هاوردەکراو لە ئێرانەوە (جگە لە نەوت) بۆ عێراق بریتین لە ئاسن، تەماتە، دۆشاوی تەماتە، پارچەی یەدەگی تۆڕبینی بوخاری، یۆریا، پلاستیک، چیمەنتۆ، خۆراک، شیرینی، شوتی و ئامێری فێنککەرەوە.

لەگەڵ ئەوەی هەناردەی بەرهەمی ئێرانی بۆ عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام هاتنی کەلوپەل و شمەکی ئێران بێکێشە و گرفتیش نییە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری عەرەبی و ئەفریقی لە رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێرانی لەبارەی رێگرییەکان باسی لەوە کردووە، گەورەترین رێگرییەکان لەبەردەم هەناردەی بەرهەمە ئێرانییەکان بریتین لە داخستنی دەروازە سنورییەکان، دواخستنی پێدانی مۆڵەت بە پێشانگا بازرگانییەکان و هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لە کاتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.