ڕاپۆرتی کوردستانی

04:46 - 10/01/2021

سه‌ره‌ڕای بڕیاره‌كانی حكومه‌ت قاچاغچیه‌تی له‌ ده‌روازه‌كان به‌رده‌وامه‌‌

پەیسەر

سه‌ره‌ڕای بڕیار و ڕاسپارده‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم قاچاغچیه‌تی له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كان به‌رده‌وامه‌، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بێ ئاگایی خۆی له‌ دروستكردنی هێزی هاوبه‌ش بۆ ده‌روازه‌ سنوریه‌كان ڕاده‌گه‌ێنێت، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستانیش ده‌ڵێت، ناردنی هێز بۆ خاڵه‌ سنوورییه‌كان ته‌نیا كاتێك كاریگه‌ری ده‌بێت كه‌ داهاتی 6 مانگی ئه‌و خاڵانه‌ بڵاوبكرێته‌وه.

كاری قاچاغچیه‌تی له‌ ده‌روازه ‌سنوریه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌
تا ئێستا له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆتای به‌كاری قاچاغچیه‌تی نه‌هاتوه‌ و به‌رده‌وامه‌، بەرپرسان ھەموو ئۆتۆمبیلێکی خوار مۆدیلی ڕێگەپێدراو بەبێ گومرگ و پشکنین و فەحس داخڵ دەکەن.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی گۆڕان، لە نوسینێکیدا  ده‌ڵێت، بەپێی یاسای حکومەت ئۆتۆمبیلی خوار مۆدیل ٢٠١٨ ڕێگای پێنادرێت بەیاسا داخڵ بکرێت!
وەک ھەموو قاچاخیەکی دیکە بەرپرسان ھەموو ئۆتۆمبیلێکی خوار مۆدیلی ڕێگە پێدراو بەبێ گومرگ و پشکنین و فەحس داخڵ دەکەن.

ده‌شڵێت، پاش بەدواداچون دەرکەوت نزیکەی ١٦ ھەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل لە بازاڕدایەو نزیکەی ١٠٣ ملیۆن دۆلاریان لە خەڵک وەرگرتوە بۆ داخڵکردنی، ئەمە تەنیا کێشەی گەندەڵی و قاچاخی نیە، ھەزاران ئۆتۆمبیلی بێ ژمارە و ئەوەلیات ئێستا لە شاردان و ئەمەڕێگا خۆشکەرە بۆچەندین تاوان بکەرەکەی ئاشکرا نەبێت.

ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی ڕاگه‌یاندنی بۆ كۆتای هێنان به‌ كاری نایاسایی و كۆتای هێنانی به‌كاری قاچاغچیه‌تی له‌ده‌روازه‌سنوریه‌كان ده‌ستی پێكردووه‌.
گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگه‌یاند، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ یاسا سه‌روه‌ربێت و سامانی گشتی وڵات به‌هه‌ده‌ر نه‌درێت.
ده‌شڵێت، بۆ كۆتایی هێنان به‌كاری قاچاغچیه‌تی له‌ ده‌روازه‌سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كاری زۆر كراوه‌ و گه‌نده‌ڵی ئه‌و سێكته‌ره‌ بۆڕای گشتی ئاشكرا كراوه‌.

هاوكات، دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ بابه‌تێكدا نوسیویه‌تی و پارتیی و یەکێتی بە کاری قاچاخچێتی سنورەکان تۆمەتباردەکات، لەکاتێکدا لە سنورەکانی خۆی زیاتر نەبێت کەمتر نیە، لەماوەی کەمتر لەیەک ساڵدا، دووەم فەرمان بۆڕێگری و کۆنترۆڵکردنی کاری قاچاخی سنورەکان دەرچوو، فەمانی یەکەم د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان لەمانگی سێی ساڵی پار دەریکرد، ڕێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆی ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی، کە هەردووکیان لە پشکی پارتین! ئەم فەرمانە شکستی هێنا و ڕۆشنایی نەبینی.

ده‌شڵێت،  لەگەڵ سنورەکان، گرنگە ناوەندەکانی کاری قاچاخی لە شار و شارۆچکەکان دابخرێت، گەراجەکانی تانجەرۆ، نوسینگەکانی عەقاری سلێمانی و دریملاندی گەرمیان و دوکانەکانی بازاڕی دۆلارەکە و حەشارگەی ئۆتۆمبێلەکان لەڕێگەی ڕاپەڕین و زاخۆ و دهۆک و ناوچەکانی تر. كۆتایی بە كارەكانیان بهێنرێت، كە زۆربەی ناوەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان ئاشكران ، بەڵام دیار نییە لەسنوورەكانی دیكە لەكوێ ئەو كارانە ئەنجام دەدرێت.

بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و بێ ئاگای به‌رپرسان:
له‌ دواین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاریدا هێزێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێكبهێندرێت، بۆڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بێ ئاگایه‌ له‌ دروستكردنی هێزی هاوبه‌ش بۆ پاراستنی خاڵه‌سنوریه‌كان نوسینگەی رۆژنامەوانی جەباریاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ڕایگه‌یاند، ھیچ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ھیچ  دەزگایەکی راگەیاندن نەدراوە، لە بارەی بڵاوبوونەوەی ھەواڵی دامەزراندنی ھێزکی ھاوبەش لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ بۆ پارێزگاری کردن لە خاڵە سنورییەکان.

له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، تا ئێستا ھیچ وردەکاریەک لە بارەی ئەم بابەتە نە گەیشتوەتە وەزارەتی پێشمەرگە.

لای خۆیه‌وه‌، باڵانبۆ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لە بارەی دروستكردنی هیێزی هاوبەشەوە راگه‌یاند، ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی ناوخۆ ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌مان بیستووه‌ و له‌ ورده‌كارییه‌كه‌ی ئاگادار نین.

وتیشی، من ئه‌پرسم ئێستا خاڵه‌ سنوورییه‌كان هێزی لێنییه‌؟ ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ئێستا له‌وێیه‌ هه‌ر هی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، ئیتر گرنگی چوونی هێزی تر چییه‌؟ ئه‌م بابه‌ته‌ كاتێك ده‌كرێت كه‌ بڵێیت: ئه‌و هێزه‌ی كه‌ له‌وێیه‌یان له‌ گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ تێوه‌گلاوه‌یاخود بێ ده‌سه‌ڵاته‌، كه‌ به‌ڕای من ئه‌م دوو بابه‌ته‌ هیچی دروست نییه‌، چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ ئێستا كۆنترۆڵی خاڵه‌ سنوورییه‌كان كردووه‌ هێزی حكومه‌تی هه‌رێمن، پێشمه‌رگه‌ و رۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته‌ن، به‌ڵام قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا چه‌ند ده‌سه‌ڵاتیان پێدراوه‌؟

ده‌شڵێت، ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ ئێستا له‌و خاڵانه‌ هه‌ن كارمه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمن و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر پێیوایه‌، ئێستا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا نییه‌، ئه‌ی سبه‌ی چۆن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌دا ده‌بێت كه‌ ده‌ینێرێت، بۆیه‌ من پێموایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌دا نییه‌ ئه‌گه‌ر نا بۆچی سزای دوو كارمه‌ندی ئه‌و خاڵانه‌ نادات له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، چوونی ئه‌م هێزه‌ ته‌نیا له‌ یه‌ك حاڵه‌تدا سوودی ده‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم داهاتی ئه‌و خاڵه‌ سنوورییانه‌ له‌ شه‌ش مانگی رابردوودا بڵاوبكاته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی پاش چوونی ئه‌و هێزه‌ش هه‌مان داهات بڵاوبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌مووان ده‌ربكه‌وێت كه‌ جیاوازییه‌كه‌ چه‌نده.


بابه‌تی خاڵه‌سنوریه‌كان و ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌یی له‌و سێكته‌ره‌گرنگه‌ ئابورییه‌ی ژیاندا هه‌یه‌، ماوەیەكە بووەتە جێی مشتومڕی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسانی ئیداری، بەڵام تائێستا ئەو كێشەیە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە؛ به‌رده‌وامی قاچاغچیه‌تی له‌ ده‌روازه‌سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ بەشێك ده‌ستڕۆشتوانی ناو حیزب و بازرگانه‌ سیاسیه‌كان ئاماده‌نین ملكه‌چی یاسابن و كۆتایی به‌ دزی و گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی بهێنن
هەربۆیە كێشەی دەروازە سنوورییەكان بۆ خەڵك بووەتە نەگبەتی و بۆ دەستڕۆشتووانیش بووەتە سەرچاوەی داهات..