ڕاپۆرتی کوردستانی

03:31 - 09/01/2021

پشكی كورد لە بودجەدا كێشەی گەورە دروستدەكات‌

پەیسەر

خوێندنەوەكانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌ستیان پێكرد، ناکۆکی لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەکەدا هەیە، بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراقیش، به‌پێویستی ده‌زانێت، وەفدێكی باڵای سیاسی بنێردرێتە بەغداد، پێكهاته‌ شیعه‌كانیش قبوڵناکەن ئەو پشکەی بۆ هه‌رێم دیاری کراوە تێپەڕێنرێت، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ڵێت، لیژنه‌ لاوه‌كی و ته‌كنیكییه‌كان، به‌مدواییه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن و به‌دیهێنانی ڕێككه‌وتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد.

له‌ كۆتا ڕۆژه‌كانی ساڵی 2020 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و ئەنجومەنی نوێنەرانیش پشوی وەزری یاسادانانی هەڵوەشاندەوە، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایە.

له‌ كۆبوونەوەكاندا تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 ده‌کرێت لە پەرلەمان، دواتریش ڕەوانەی لیژنەی دارایی وەکو لیژنەیەکی بنەڕەتی و هەروەها لیژنە پاڵپشتیەکانی تریش لەوانە ئابووری و وەبەرهێنان و لیژنەی یاسای دەکرێت.  

هۆشداری ده‌درێت 
فازڵ نەبی بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی 2021 لە پەرلەمان كێشەی گەورە دروست دەبێت لەسەر پشكی هەرێم و پێویستە هەرێم فریاكەوێت و وەفدێكی باڵای سیاسی بنێرێتە بەغداد.

ئه‌گەر هەرێم فریا نەكەوێت و پێش پەسەندكردنی بودجە وەفدێكی باڵای سیاسی بۆ رێككەوتن نەڕواتە بەغداد، كێشەی گەورە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بۆ پشكی هەرێم دروست دەكرێت.

بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ده‌شڵێت، رەنگە گرفت هەبێ لە مەسەلەی هەماهەنگی بۆیە وەفدی سیاسی ناڕواتە بەغداد، هەروەهایەكدەنگ نەبونی لایەنە كوردییەكان، و پەرتەوازەبونی رای سیاسی كورد گرفتێكی گەورەیە.

شیعە بەرهەڵستی دەكات
به‌پێی زانیاریه‌كان، ناکۆکی لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەکەدا هەیە و پێکهاتە شیعییەکان قبوڵ ناکەن ئەو پشکەی کە دیاری کراوە تێپەڕێنرێت کە لە مادەکانی 10 و 11 دیاری کراوە. 

لای خۆیه‌وه‌، ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، هەندێک لە پارێزگاکانیش ناڕازین لە پشکی خۆیان، هەروەها دەرماڵە بۆ ئاوارەکان و چەند کێشەیەکی گشتی و تایبەتی تێدایە لەوانە هەڵئاوسانی زۆری تێدایە، ئەوەش سەرباری کورتهێنانی کەڵەکەبوو کە زۆرترین کورتهێنانە لە مێژووی بودجەی عێراقدا.

سه‌رجه‌م ماده‌كانی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق،‌ قابیلی گۆڕانكارییه‌ ئه‌گه‌ر دژی به‌رنامه‌ حكومی و چاكسازییه‌كان بێت.

هه‌روه‌ها سه‌رجه‌میان قابیلی گۆڕینن چونكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حكومی وزاری و په‌ڕه‌ی سپی چاكسازی ناگوجێن كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌.

په‌ڕه‌ی سپی چاكسازی ته‌ركیز له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادكردنی داهات ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بكه‌ین ده‌بینین كه‌ گه‌وره‌ترین بودجه‌یه‌ له‌ساڵی 2004ه‌وه‌، بودجه‌یه‌كی فراوانبوه‌ و زۆرینه‌ی ماده‌كانی گه‌وره‌تر بون نه‌ك تێیاندا خه‌رجی كه‌مكرابێته‌وه‌.

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایش ئاشكرایده‌كات، پرۆژه‌یاساكه‌ چینی هه‌ژاران و مامناوه‌ند و فه‌رمانبه‌ران و ئه‌وانه‌ی موچه‌ی كه‌م و مامناوه‌ندیان هه‌یه‌ كردونه‌ته‌ ئامانج.

راده‌ستكردنی نه‌وت و داهاته‌ ناوخۆییه‌كان
حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی و راده‌ستكردنی نه‌وت و داهاته‌ ناوخۆییه‌كان، جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، له‌ كاتی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، لیژنه‌ لاوه‌كی و ته‌كنیكییه‌كان ئه‌ركی خۆیان له‌ وردبینیكردنی داهاته‌كانی هه‌رێم به‌پێی دیوانی چاودێری فیدراڵی ده‌ستپێكردوه‌ ئه‌ویش به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان.

وتیشی، هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش هه‌یه‌ و كاری لیژنه‌كان به‌رده‌وامه‌، سه‌ردانكردنه‌كانی دو لایه‌نه‌ن و لیژنه‌ی باڵای هه‌یه‌ كه‌ به‌مدواییه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن و به‌دیهێنانیڕێككه‌وتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد. 

ڕەشنوسی بودجە 
بە گوێرەی ئەوڕەشنوسەی لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 هاتووه‌، لە بەشی سێیەمی پرۆژەیاساكەدا باسی پشكی هەرێمی كوردستان دەكات، كە

لە ماددەی 10
یەكەم، پشكی هەرێمی كوردستان لە كۆی گشتی خەرجی فعلی دیاریدەكرێت لە خشتەی دال/ خەرجی حاكیمە هاوپێچییاساكە هەیە، بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك، وەزارەتی دارایی خەرجی دەكات بە رەزامەندی سەرۆكوەزیران.

دووەم، دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەكۆی گشتی خەرجی فعلی، خەرجی بەكاربردن و خەرجی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی.

ماددەی 11
یەكەم، شایستەكان لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2004 بۆ 2020 یەكلایی دەكرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی دەكەن، شایستەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی رابردوو هەژمار دەكەن، ژمێرەی كۆتایی دەردەكەوێت كە لەلایەن دیوانی چادێری دارایی پەسند دەكرێت لەگەڵ رەچاوكردنی حوكمی ماددەكانی، 24- دووەم- ب، لەیاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019.

دووەم:
ئه‌لف، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی تێكڕا 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو رۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتووی كێڵگەكانی و فرۆشتنی لە رێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت، پێویستە داهاتی نەوتی و نانەوتی تەنیا رادەستی گەنجینەی گشتی دەوڵەت بكرێت.

ب، هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2021 لەو پارەیەی لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 بۆی دیاریدەكرێت و هەژماركردنی قەرەبووی فەرمانبەران.

ج، ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت داهاتی فیدراڵی رادەستی گەنجینەی فیدراڵییاخود حوكمەكانی بڕگەی ئەلف-ی ئەو بەندە جێبەجێ نەكات، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵی حوكمی ماددەی 27- پێنجەم، جێبەجێ دەكات لەیاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019، پشكی دیاریكراوی لێدەبڕێت بەپێی بەندەكانییەكەم و دووەم ئەلف، لەو مادەیە و دواتر حیسابەكەیەكلایی دەكەنەوە.

سێیەم:
ئه‌لف، حكومەتی هەرێمی كوردستان داتاكانی قەرز و پابەندبوونە داراییە كەڵەكەبووەكانی لایەتی بەهۆی كورتهێنانەوە لە بودجەی ساڵانی 2014-2019 پێشكێشی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەكات لەماوەیەك كە 30 رۆژ زیاتر نەبێت لە رێكەوتی دەرچوونی ئەویاسایە.

ب، پێداچوونەوە بە داتای ئاماژە بۆ كراو دەكرێت كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە هاوكاری لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان و لەماوەیەك كە 90 رۆژ لە رێكەوتنی دەرچوونی ئەویاسا تێپەڕنەكات.

ج، لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی و لەژێر رۆشنایی ئەنجامی پێداچوونەوەی ئاماژە بۆ كراو لەسەرەوە ئەو قەرز و پابەندبوونە داراییانە بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخی ساڵانەیەكلایی دەكرێنەوە.

چوارەم، پابەندبوونی حكومەتی عێراقی بە پێدانی خەرجی گواستنەوەی بە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل رۆژانە لە نەوتی خاوی هەناردەكراو لە رێگەی بۆری نەوتی هەناردەكراو 250 هەزار بەرمیل نەوت لە نەوتی هەرێم و 100 هەزار بەرمیل لە چوارچێوەی پشكی بودجەی هەرێم بە حیسابكردنی پێویستی خزمەتگوزاریی ساڵی 2020 دوای ئەوەی وردبینی دەكرێت لە تێچووی ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەی بۆ كراوە لەلایەن كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی فیدراڵی.

پێنجەم، وەزارەتی دارایی لە سەرەتای 2021 دەستدەكات بە دابەزینی قیستی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هەرێمی كوردستان لەو قەرزانەی دەیدرێتێ لەلایەن بانكی بازرگانی عێراق، بەپێی خشتەی قەرز بۆ ماوەی 10ساڵ كە لە سەرەتای ساڵی 2021 دەستپێدەكات.