03:37 - 05/01/2021
بودجە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و حكومەتی هەرێمیش چاوەڕوانی حیزبەكانە
پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 گەیشتوەتە پەرلەمانی عێراق و هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت، هەڵوێستی شاندەكەی هەرێمیش ڕونیە و تائێستا وادەی گەڕانەوەی بۆ بەغداد دیار نیە، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت، نوێنەرانی كورد نەیاتوانیوە ڕاستیەكان بگەێنن بە شەقامی عێراقی، دەبێت نەوتی هەرێم لە رێگەی عێراقەوە بفرۆشرێ لەبەرامبەردا پشكی هەرێم لە موازەنەی ۲٠۲۱ مسۆگەر دەبێت، بەپێچەوانەوە هەرێم مایەپوچ دەبێت لە بەرامبەر بەغداد.
دوای دوو هەفتە مانەوە لە بەغداد و ئەنجامدانی ژمارەیەك گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد، سەبارەت بەكێشەی شایستە داراییەكان، دوای گەڕانەوە بۆ كوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوەوە و دواتر ئەوەیان ڕاگەیاند كە لەگەڵ حكومەتی عێراقی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتون لە سەر پشكی هەرێم لەپرۆژەیاسای 2021ی عێراق.
بەپێی وتەی ئەندامانی شاندەكە، هەنگاوی یەكەمی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغداد تەواوبوە و هەنگاوی دووەمی لە پەرلەمانی عێراقە و دەبێت لەوێ دەنگی لەسەر بدرێت.
لە ئێستاشدا، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 گەیشتوەتە پەرلەمانی عێراق و هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت.
ئەوەی جێگە سەرنجە تائێستا هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر ئەوپرسە ڕونیە، لای خۆیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسۆنی پارتی له پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەكو فراكسیۆنی پارتی ئامادەن سەبارەت بە گفتوگۆكردن سەبارەت بەپرۆژەیاساكە و دەشمانەوێت سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لەسەر ئەو پرسە یەك هەڵوێستبن، بۆ ئەوەی بتوانن پرۆژەیاساكە لەبەرژەوەندی كورد تێپەڕێنن.
هاوكات، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەم پرسە پێویستی بە كۆدەنگی سیاسی هەیە و دەمانەوێت لە داهاتودا سەردانی لایەنە سیاسیەكان بكەین.
لەبارەی ڕێككنەكەوتنی كۆتاییەوە وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی، زانیاری نادروست لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە خراوەتە بەردەستی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێم ڕێككنەكەون، هەر لەبەر ئەوەشە بەشێوەیەكی ئاشكرا ئەو ڕێككەوتنە ئاشكرا نەكراوە.
ئەوەشی ئاشكراكرد، كە نوێنەرانی كورد نەیاتوانیوە ڕاستیەكان بگەێنن بە شەقامی عێراقی و لەو بوارەدا كەمتەرخەمبون.
وتیشی، تائێستا هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ گەڕانەوەی وەفدەكەی هەرێم، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیشدا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە كە لە داهاتودا شاندێكی سیاسی سەردانی بەغداد بكات.
چاوەروان دەكرێ تا ۱٥ ی ئەم مانگە خوێندنەوەی یەكەم و دوەمی یاسای موازەنە لە پەرلەمان تەواو بێت، دواتریش لیژنەی دارای لانیكەم مانگێكی پێویستە بۆ ئامادەكردنی بۆ دەنگدان و دوای دەنگدان و پەسەندكردنیشی تا لە وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ دەردەچێ نزیكەی مانگێكی دەوێ.
ساڵانێكە بەناوی ئابوری سەربەخۆوە نەوتی هەرێم خراوەتە ژێر دەسەڵاتی توركیا، بە درێژایی ئەو ماوەیە لە بێموچەیی و قەرز زیاتر خەڵكی ئاسایی هیچی تری لێ نەچنیەوەتەوە.
لە ئێستادا هیچ دەرفەتێك نەماوەتەوە كە حیزبە دەسەڵاتدارەكان، خەڵك بكەنە قوربانی سیاسەتە هەڵەكانیان، دەبێت نەوتی هەرێم لە رێگەی عێراقەوە بفرۆشرێ لەبەرامبەردا پشكی هەرێم لە موازەنەی ۲٠۲۱ مسۆگەر دەبێت، بەپێچەوانەوە هەرێم مایەپوچ دەبێت لە بەرامبەر بەغداد.