ڕاپۆرتی کوردستانی

03:56 - 04/01/2021

شەمەندەفەری چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بەكوێ‌ دەگات؟‌

پەیسەر

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 10 هەزار مووچەخۆری نا یاسایی بڕی کە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان تۆمارکراوە،یاسا ناسێكیش ده‌ڵێت، 10هه‌زارموچه‌خۆره‌ نایاساییه‌كه‌ مووچه‌كانیان راگیراون‌ نه‌وه‌ك بڕدراون، ده‌شڵێت، هەر فەرمانبەرێکیان راسپێراوێک بە راژەی گشتی بە پێچەوانەی دەقی یاساوە داهاتێکی بەدەستهێنابێت، ده‌بێت ماوه‌ی حه‌وت ساڵ زیندانی بكرێت، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستانیش ڕایگەیاند، 36 ھەزار کەسی دیکە کە زیاتر لە دوو موچەیان ھەیە مووچەیان دەبڕدرێت.  

پاڵپشت بەیاسای چاكسازی ژمارە (2) ساڵی (2020) و پەیڕەوی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا به‌راگرتنی مووچە و خانەنشینی 10 هەزار و 609 مووچە خۆر كە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان تۆماركراوە،به‌پێی زانیاری وه‌زاره‌ته‌كه‌، ژمارەیان 21 هەزار و 588 دۆسیەیە و بە نایاسایی مووچە وەردەگرن کە لە لیستی هاوپێچ ناو و لە دایکبوون و مووچە و ناونیشان و شوێنی کارکردنیان هاتووە. 

ئەو فەرمانبەرانەی لە دوو شوێن فەرمانبەرن ژمارەیان 791 فەرمانبەرە، لە هەزار و 639 کەیس مووچە وەردەگرن.

ئەو فەرمانەبەرانەی کە بەردەوامن لە کار و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن بە هەر هۆکارێک بێت ژمارەیان سێ هەزار و 909 مووچەخۆرن لە هەشت هەزار و 147 کەیس مووچە وەردەگرن. 

پێش دەستپێكردنی تۆماری بایۆمەتری لە ساڵی 2016 ، ژمارەی موچەخۆرانی حكومەت زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس بوو كە 95 هەزاریان خوێندكاری زانكۆ بوون و پێشتر دەرماڵەیان لە حكومەت وەردەگرت، سیستمەکە توانای تۆماركردنی 30 ملیۆن كەسی هەیە.

تێچووی قۆناغی یەکەمی بایۆمەتری سێ ملیار دینار بووە، سەبارەت بە قۆناغی دووەم و سێیەمیش داوای پێنج ملیۆن دۆلارده‌كرێت.

یاسای چاكسازی لە 19 ماددە پێكهاتووە و لە 16-01-2020 لەلایەن پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا و لە سەرەتای ئەم مانگەوە حکومەت دەستی بە جێبەجێکردنی یاساکە کردووە.

پێشتریش، لیژنەی باڵای بایۆمەتری بڕیاریدا بە راگرتنی نزیكەی 17 هەزار مووچەی نایاسایی، كە بەپێی تۆمارەكان بەشێكیان دوو مووچەیان هەبووە لەیەك كاتدا و بەشێكیشیان لەیەك كاتدا هەم فەرمانبەر و هەم خانەنشینیش بوون.

تەنها لە چاكسازی لیستی مووچەی شارەزایاندا، بڕی 350 ملیۆن دینار دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو بڕە مانگانە دەگەڕێتەوە و یاسای چاكسازی بەسەریدا جێبەجێكراوە.

بەپێی راپۆرتی یەکەمی یاسای چاکسازی، لە هەرێمی کوردستاندا 106 هەزار و 839 کەس زیاتر لەیەک مووچە و ئیمتیاز وەردەگرن، رەنگە لەو ژمارەیە تێیاندا بێت کە سێ مووچە، چوار مووچە و تاوەکو هەشت مووچە وەربگرن.

بەپێی راپۆرتی حکومەت لە هەموو وەزارەتەکان دوو مووچەیی هەیە، بەڵام دیار نییە کامەیان زیاترە. 


لای خۆیه‌وه‌، هیڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، 36 هەزار كەسی دیكە كە زیاتر لە دوو موچەیان هەیە موچەكانیان دەبڕدرێت.

هاوكات، عبد القادر سالهح یاساناس ڕایگه‌یاند، ‌فەرمانەکە بڕیاری داوە بە راگرتن (وقف)ی مووچەی ئەوانەی کە بریارەکە دەیانگرێتەوە نەک بڕینی مووچە، چونكه‌ راگرتنی مووچە دەبێت بە پێی ئەحکامی یاسا بێت و گریمانەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی رەچاوکرابێت چونکە دەکرێت راگرتنی مووچە دەستپێبکاتەوە، بەڵام بڕین و کۆتایی هێنان بە مووچە ئەوەیان زەحمەتە.

یاساناسه‌كه‌ ده‌شڵێت، بە پێی ئەحکامی ماددەی (14)ی یاسای دەستەی دەستپاکی هەر فەرمانبەرێک یان راسپێراوێک بە راژەی گشتی بە پێچەوانەی دەقی یاساوە داهاتێکی بەدەستهێنابێت ئەوا بە بەدەستهێنانی نارەوا (کسب غیر المشروع) دادەنرێت و سزاکەیشی بریتی دەبێت لەمانەی لای خوارەوە کە لە ماددەی (15)ی هەمان یاسادا روونکراوەتەوە:
- زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (7) حەوت ساڵ تێپەڕ نەکات.
- غەرامەکردن بە بری ئەوەی بە نایاسایی بەدەستهێناوە.
- لێسەندنەوەی ئەوەی بە نایاسایی بەدەستهێناوە.

دامەزراندنی بێبەرنامەی كارمەند و مووچەخۆران، له‌لایه‌ن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانه‌وه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی خۆیان زیانی به ‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵگا گه‌یاندووه‌ و هه‌رێمی كوردستانی دوچاری كێشه‌ی ئابوری كردووه‌.
كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن

لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.


به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ش له‌ ئێستادا موچەخۆری بندیوار و نایاسایی دوو هێنده‌ و زیاتری موچه‌خۆرانی فیعلی حكومه‌ته‌ و هه‌نگاوی جددی ده‌وێت بۆ بنه‌بڕكردنی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ ساڵانی ڕابردودا.