عیراق

04:07 - 03/01/2021

کاردانەوەکان لە ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا‌

پەیسەر

ئەمڕۆ ساڵێک تێدەپەرێت بەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس. سولەیمانی لە روداوێکی چاوەڕواننەکراودا و بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا  لە نزیک فرۆکەخانەی بەغداد لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعیبی کرانە ئامانج و کوژران.

ئەمڕۆ  لە یەکەمین ساڵیادی کوشتنەکەید چەندین خۆپیشاندان کران و زۆر لایەن و کەسایەتیش لێدوان، هەڕەشە و داواکاریان هەبوو بەم بۆنەیەوە.

له بەغداد خۆپیشاندان کرا
دەیان هەزار چەکدار و لایەنگری حەشدی شەعبی له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر و دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغداد خۆپیشاندانیان ده‌ستپێكرد، کە تێیدا سەرکۆنەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکەن.


خۆپیشانده‌ران داواى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا یان له‌ عێراق کرد.

وێنەی سولەیمانی و موهەندیس لە سنوری لوبنان و ئیسرائیل دانرا
لە شارۆچکەی متۆلای باکوری ئیسرائیل لە سنوری نێوان لوبنان و ئیسرائیل، وێنەیەکی گەورەی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بە ئاڵای حزبوڵای لوبنانەوە دانرا.


لە بەعلەبەکی لوبنانیش. ئەندامانی حزبوڵا لە ساڵیادی کوشتنەکەیاندا ڕێزیان لە سولەیمانی و موهەندیس ناو و بەجلی سەربازییەوە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا. شەقاـەکانی بەیرووتی پایتەختیش بە وێنەکانی ئەو دوو سەرکردەیە داپۆشران.

هادی عامری داوای چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان دەکات
هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتح و ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی بەدر لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا ڕایگەیاند، "دەبێت سەرجەم هێزە بیانییەكان لەعێراق بچنە دەرەوە لەپێش هەموویانەوە ئەمەریكییەكان".  

هادی عامری ڕەخنەی لە حكومەتی مستەفا كازمی گرت "وەك پێویست هەنگاو نانێت بۆ دەركردنی سوپای ئەمەریكا و سوپا بیانییەكان لەعێراق بەپێی بڕیاری پەرلەمان لەسەرەتای ساڵی 2020"

دوو پەرلەمانتاری عێراق: ترەمپ تیرۆریستە
هەردوو پەرلەمانتار یوسف کیلابی و حەسەن فەدعەم، لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ناڕەزایی خۆیان نیشان دا.


حەسەن فەدعەم و یوسف کیلابی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان کرد.
ئەو دوو پەرلەمانتارە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکایان بە تیرۆریست ناوبرد و باڵوێزخانەی ئەمریکاشیان بە ”باڵوێزخانەی شەڕ“ ناوبرد.

فەتلاوی:  لە مەیداندا غیرەتی رووبەڕووبوونەوەی ئێوەیان نەبوو
حەنان فەتلاوی سەرۆكی بزوتنەوەی ئیرادە لە تویتێکیدا لە ساڵیادی کوشتنی سولەیمانی و موهەندیسدا  رایگەیاند، ئەوانەی سولەیمانی  و موهەندیسیان کوشت غیرەتی رووبەرووبوونەوەی ئەوانیان لە مەیداندا نەبوو، بۆیە ئەم خیانەتەیان وەک هۆکارێک هەڵبژارد.

حزبوڵای عێراق داوای تۆڵەی خوێنی سولەیمانی و موهەندیس دەکات
ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق لە وتارێکیدا داوای هەرچی زودتر تۆڵەی خۆێنی سولەیمانی و مەهەندیس لە ئەمریکا دەکات.
ئەبولحسەین حەمیداوی، لە ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا، لە وتارێکیدا داوای هەرچی زودتر توڵەی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسی کرد و گوتی "پەیامی ئێمە لە ڕێگای ئامادەبوون لە مەیدان، ئەوەیە کە ئەبێ خوێنی شەهیدان خێرا تۆڵەیان بکرێتەوە."

حەشدی شەعبی: دەبێت یاسای دەرکردنی سەربازانی ئەمریکا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
فالح فەیازی  سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە مەیدانی تەحریری بەغداد داوایکرد یاسای پەرلەمان بۆ دەرکردنی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق جێبەجێ بکرێت.
وتارەکەی فالح فەیاز چەندین جار بە دروشمی "نا نا بۆ ئەمریکا" لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پچڕێنرا، داوای لە خۆپیشاندەرا کرد بەردەوامبن لەسەر پشتگیری حەشدی شەعبی و مەرجعی باڵای ئاینیی و بەرگری لە یەکڕیزی نیشتیمانی وڵات.
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوشدا، کوشتنی ئەو فەرماندانە پشتگوێخستنی سەروەری و شکۆی خەڵكی عێراقە و تەواوی لایەنکانی ئەم تاوانە وەک ڕۆژی ڕۆشنە.

بزوتنەوەی نوجەبا داوای تۆڵە دەکات
بزوتنەوەی نوجەبا لە عێراق لە کۆنفرانسکیدا بەبۆنەی یەکەمین ساڵرۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ڕێکیخستبوو جەختیانکردەوە لە تۆڵەی رشتنی خوێنی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی.





.