ڕاپۆرتی کوردستانی

03:31 - 02/01/2021

چاره‌نوسى خوێندنى ئه‌مساڵ‌ و پلانه‌كانى حكومه‌ت‌

پەیسەر

له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا وه‌رزى یه‌كه‌مى خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان كۆتایى دێت، به‌ڵام تائێستا واده‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ڕون نیه‌ ، یه‌كێتى مامۆستایانیش هۆشداریى ده‌ده‌ن له‌ ئه‌گه‌رى دواكه‌وتنى خوێندنى ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان، ‌پێى زانیاریه‌كان ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌ ده‌رگاى قوتابخانه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستان، 115 هه‌زار و 239 مامۆستا و ملیۆنێك و 720 هه‌زار و 976 قوتابى ‌وخوێندكارهه‌یه‌.

به‌پێى زانیاریه‌كان پلانێك هه‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان، په‌یسه‌ر زانیویه‌تى پلانه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ده‌بێت، له‌ هه‌فته‌یه‌كدا خوێندكاران ته‌نها سێ ڕۆژ ده‌وامده‌كه‌ن، به‌ڵام مامۆستایان هه‌ر شه‌ش ڕۆژه‌كه‌ى هه‌فته‌ پێویسته‌ ده‌وامبكه‌ن.

ئه‌حه‌مه‌د گه‌رمیان سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان تایبه‌ت به‌ په‌یسه‌رڕایگه‌یاند، سه‌به‌ینێ یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان له‌ شارى هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌ و تاوتوێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ده‌وامى خوێندن ده‌كه‌ین.

وتیشى، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتى مامۆستایان پێمان باشه‌، پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان وتیىشى، پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى موچه‌ چارسه‌ربكات و هه‌موكاتێك له‌واده‌ى خۆیدا و 30 ڕۆژجارێك موچه‌ دابه‌شبكرێت.
ڕونیشیكرده‌وه‌، یەكێك لە پێشنیازەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن كۆكردنەوە و كەمكردنەوەی بابەتەكانی هەردوو وەرزی ساڵە.

لاى خۆیه‌وه‌، عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕاگەیاند، بارودۆخی مامۆستایان تادێت بەرەوخراپی دەڕوات و ئەگەر بێت و ٣٠ڕۆژ جارێك مووچە دابەش نەكرێت خوێندنی ئەمساڵ دووچاری پەككەوتنی یەكجاریی دەبێت.

به‌پێى ئامارێك، كه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتوه‌، له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ولێر، دوو هه‌زار و 159 قوتابخانه‌‌و خوێندنگه‌ هه‌یه‌ و 37 هه‌زار و 653 مامۆستا هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ 537 هه‌زار و 321 قوتابى‌وخوێندكار له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كاندا هه‌یه‌، هاوكات، 224 قوتابخانه‌‌وخوێندنگاى ئه‌هلى هه‌یه‌، كه‌ تێیاندا چوار هه‌زار و 386 مامۆستا و 30 هه‌زار و 951 قوتابى‌وخوێندكار هه‌یه‌.

له‌ سنورى قه‌زاى سۆران 265 قوتابخانه‌‌وخوێندنگا هه‌یه‌، سێ هه‌زار و 920 مامۆستا هه‌یه‌ كه‌ تێیاندا وانه‌ به‌ زیاتر له‌ 57 هه‌زار قوتابى‌وخوێندكارده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ سنورى پارێزگاى دهۆك، هه‌زار و 604 قوتابخانه‌‌وخوێندنگا هه‌یه‌، زیاتر له‌ 26 هه‌زار و 627 مامۆستاى هه‌میشه‌یى هه‌یه‌، هاوكات هه‌زار و 311 مامۆستاى گرێبه‌ست هه‌یه‌، كه‌وانه‌ به‌ 489 هه‌زار قوتابى‌وخوێندكارده‌ڵێنه‌وه‌.
هاوكات، له‌ سنورى پارێزگاى دهۆك 27 كه‌مپى ئاواره‌كان هه‌یه‌، كه‌ 736 مامۆستایان بۆ دابین كراوه‌ و تێیدا وانه‌ به‌ 29 هه‌زار و 823 قوتابى‌وخوێندكار ده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى دوو هه‌زار و 486 قوتابخانه‌‌وخوێندنگا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 470 هه‌زار قوتابى‌وخوێندكار له‌لایه‌ن 31 هه‌زار و 500 مامۆستاوه‌ وانه‌یان پێده‌وترێته‌وه‌.

له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان، زیاتر له‌ 400 قوتابخانه‌‌وخوێندنگا هه‌یه‌، كه‌ تێیدا نۆ هه‌زار مامۆستا وانه‌ به‌ زیاتر له‌ 90 هه‌زار قوتابى ده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش 160 قوتابخانه‌ى حكومى و چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كى ئه‌هلى هه‌یه‌ چوار هه‌زار و 817 مامۆستا هه‌یه‌ كه‌ وانه‌ به‌ 27 هه‌زار قوتابى‌وخوێندكار ده‌ڵێنه‌وه‌.
تائێستا واده‌ى ده‌ستپێكردنوه‌ى پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕون نیه‌، دواكه‌وتنى موچه‌ و سه‌رهه‌ڵدانى جۆرێكى دیكه‌ى كۆرۆنا، هه‌ڕه‌شه‌ى نوێى سه‌ر ئه‌و كه‌رته‌ن، كه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ پرۆسه‌ى خوێندن به‌ته‌واوى په‌كى بكه‌وێت.

كه‌رتى په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، له‌ ڕه‌وشێكى خراپدایه‌ و هاوكات، زانكۆكانى كه‌ به‌شێكن له‌ عێراق له‌ ریزبه‌ندى كۆتاكانن له‌ ئاستى جیهاندا، به‌پێى هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستاندا زۆر كه‌م ئه‌و مه‌رجانه‌ى تێدایه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ خوێندنێكى سه‌ركه‌وتوو گه‌شه‌كردوودا هه‌بێت.

پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌رى دواكه‌وتنى خوێندن، پلانى داهاتوچى ده‌بێت؟ چۆن ده‌توانرێت قه‌ره‌بوى زیانه‌كان بكرێته‌وه‌؟
ئەوە لە كاتێكدا كە خوێندن پەیوەندی ڕاستەخۆی بە كاتەوە هەیەو ئەگەر لە كاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت بە هیچ شتێك و هیچ ڕێگەیەك قەرەبوو ناكرێتەوە.