ڕاپۆرتی کوردستانی

11:25 - 20/11/2018

حكومەتی نوێ لە عێراق و كوردستان.. ڕاپۆرتی گەشتی پەیمانگای واشنتۆن‌

ڕۆژی 1ی تشرینی دوەمی 2018 هەریەكە لە كنێس پۆڵاك، نوسەیبە یونس، مایكڵ نایتس و بیلال وەهاب وتارێكیان لە كۆڕبەندی سیاسەت لە پەیمانگای واشنتۆن پێشكەش كرد. پۆڵاك پسپۆڕ و توێژەرێكی پەیمانگای ئەمریكیە. یونس ڕاوێژكارێكی باڵای پەیمانگای ئەوروپییە بۆ ئاشتی. نایتس لێكۆڵەری باڵایە لە پەیمانگای واشنتۆن، لە هەموو پارێزگاكانی عێراق كاریكردووە و ماوەیەك لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا بووە. وەهاب لە پەیمانگای واشنتۆت توێژەرە. ئەمەی خوارەوە بەشێك لەو وتانەیە كە لەو ڕۆژەدا پێشكەشیان كردووە: 

كنێس پۆڵاك
هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایار كارەسات بوون، بەڵام ئەو حكومەتەی لەو ئەنجامانەوە پێكهێنرا جێگەی پێشبینی هیچ كەسێك نەبوون. سەرۆكی نوێ، بەرهەم ساڵح، سەرۆكوەزیرانی نوێ، عادل عەبدولمەهدی، و خەڵكی عێراق بەگشتی بەوهیوایەن كە گۆڕانكاری لە عێراقدا ڕووبدات بە ئاڕاستەیەكی دروست. خواستی دژیەكی نێوان خەڵك و سەركردەكان یەكێك بووە لە كێشە مێژووییەكانی عێراق، لەبەرئەوە دەبێت ئەمریكا هیوای بەو گۆڕانكاریانە هەبێت. 

 

تاوەكو ئێستا، بارودۆخەكە بەبێ بوونی ئاڵۆزی نییە. حكومەتی نوێ پێویستە مامەڵە لەگەڵ سێ كۆمەڵگای جیاواز بكات كە چەندین كێشەی قوڵ و لەمێژینەو جیاوازیان هەیە. كوردەكان توڕەن لە لەدەستدانی دەسەڵات لە كەركوك، كە لەئێستادا هاووڵاتیی پلەدون، بەوهۆیەوە دەسەڵاتی نەوت و ئاسایشیان لەو شارەدا لەدەستداوە. سوننەكانیش زۆر خوازیاری دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەكانیانن لەدوای جەنگی دژی داعش، و نیگەرانن لەوەی كە گروپە جیهادییەكان دووبارە سەرهەڵبدەنەوە، و بێزاربوون لەوەی كە لە پشكی زۆرینەی دەسەڵات لە بەغدا بێبەش كراون. شیعەكان توڕەن لە بێدەسەڵاتی حكومەت لە بەخشینی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و سیاسەتێكی ئابووری بۆ گەشەپێدانەوەی تەواوی عێراق. هەریەكێك لەو نەتەوانە بەتایبەت سەرنجی لەسەر كێشەكانی خۆیەتی و بابەتەكانی دیكەی بەلاوە گرنگ نییە. 
لەڕووی سیاسییەوە، سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی حكومەتێكی دیكەی یەكگرتوو لە عێراقدا دەكات. لەكاتێكدا كە بێزاربووە لە دابەشكارییە تاقمەگەرییەكانی ڕابردوو لە پێكهێنانی ئەم جۆرە لە حكومەت و لە دەستنیشانكردنی حكومەتەكەشی ئەوەی لەبەرچاوگرت، نەیتوانی كە بەتەواوی بەسەر ئەو بارودۆخەدا زاڵ بێت. ئەو تەنگژانەی كە لە باشووری عێراق ڕوویاندا ئاماژەن بۆئەو ڕاستییەی كە ئەگەر بەزوویی شكستی هێنا لە كارەكانیدا، ئەوا عێراقییەكان متمانە بە سیستمەكە لەدەست دەدەن. 

نوسەیبە یونس
ئێران و ئەمریكا وزەیەكی زۆریان خەرجكردووە بۆ شەڕ لەسەر هەژموون لەسەر عێراق لەماوەی پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، و لێكدانەوەی ئەنجامەكان بەشێوەیەكی جیاواز لێكدرانەوە. ئەو دەرەنجامە باشانەی كە لە هەڵبژاردنەكەدا بەدیهاتن بوویە هۆی ئەوەی كە بەلای هەندێكەوە پێكهێنانی حكومەتی نوێ وەكو سەركەوتن بۆ ئەمریكا تەماشا بكەن، بەڵام بارودۆخەكە بەوشێوەیە نیە.


بۆنمونە بەرهەم ساڵح، هەرچەندە هۆكارێك نییە كە ئەو بە كەم تەماشا بكرێت یاخود بەگرنگییەوە سەیر نەكرێت، بەڵام ئەوە ئێرانە، نەك ئەمریكا بێت كە وایكرد بگەڕێتەوە بۆناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی لەكاركردن بووەستێنێت. ئەو لە بارودۆخێكی ناسەقامگیرو لاوازدابوو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی مانگی ئایار. بەدڵنیاییەوە دەبێت هێشتا ئەمریكا كاری لەگەڵدا بكات، بەڵام نابێت ئەوەی لەبیر بچێت كە ئەو چۆن هاتووەتە دەسەڵات. 
بەهەمان ئاڕاستەدا، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی زۆر چڕوپڕ لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كاری كردووە لەكاتێكدا وەزیر نەوتی عێراق بووە، بەڵام ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكان و دواتریش كاریكرد بۆئەوەی حەیدەر عەبادی لە پۆستەكەیدا بەردەوام بێت سەرەڕای هەموو ئەو شیكارییە ژیرانەی كە بۆ بارودۆخەكە دەكران. بەڵام هەڵە خوێندنەوەی بارودۆخی سیاسی، وایكرد كە واشنتن دەرفەت لەدەست بدات بۆئەوەی كاریگەری هەبێت لە دەستنیشانكردنی كاندیدێك كە زیاتر لایەنگری بۆخۆی هەیە. 
بەپێچەوانەوە، تاران كارێكی زۆر گەورەی كردووە بۆ بنیاتنانەوەی هاوپەیمانێتی سیاسی لە عێراق كە ئەو شتانە بەلای ئەمریكاوە هەرگیز مایەی پێشبینیكردن نەبوون. بۆنمونە، سوننە ڕاستڕەوەكان لە كوتلەی بنیاتنانەوەدا ڕێكخران، كە باڵی سیاسی هەندێ لە گروپە چەكدارییە شیعەكانن. لەگەڵ ئەوەشدا ئێرانییەكان بەمەبەست بەتەواوی بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكارنەهێنا، چونكە نەیاندەویست زۆر ئەمریكا تووڕە بكەن و بیگەیەننە ئاستێك كە ئابڵوقە و سنورداركردنی زیاتر بخاتەسەر عێراق. هەروەها تاران هەستیش بەوە دەكات كە چۆن ئەو دەستێوەردانە لەوانەیە ڕۆڵی خۆی هەبێت لە سیاسەتی ناوخۆی عێراقدا. 

مایكڵ نایتس
كەركوك لەڕووی ڕێككەوتن لەسەر داهاتنی نەوتەوە ناوچەیەكی زۆر سەرەكییە لەنێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەمریكا ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لەوەی كە ئەم پڕۆسەی ڕێككەوتنە بكات بە عەمەلی. لەپێشوودا ڕێككەوتنێكی لەوشێوەیە دەكرا بهێنرایەتەدی، لە ساڵی داهاتوودا دەكرێت بەغدا و حكومەتی هەرێم بەردەوام بن لە هەماهەنگی لە بڕی هەناردەی نەوتدا. پێدەچێت كورد خۆی نەوتی خۆی بەبازاڕ بكات و نەوتی كەركوك كە لەئێستادا لەلای بەغدایە ئەویش هەناردە بكات، ئەمەش بەشێوەیەك دەبێت كە حكومەتی ناوەند بودجەی هەرێم بدات. ئەم ستراتیژییە دەرفەت دەدات بە كورد كە  بتوانێت موچەی كارمەندان و خزمەتگوزارییەكان و تێچووی گرێبەستە نەوتییەكان دابین بكات، هەروەها بەردەوام بێت لە پێدانەوەی قەرزەكانی كە مانگانە دەتوانێت بڕی 200 ملیۆن دۆلار بداتەوە. 
لەڕووی ئەمنییەوە، ئۆپەراسیۆنی ڕیشەكێشكردنی داعش ئامانج لێی ئەوەبوو كە بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە لێی بوون لە 2012دا. لەكاتێكدا كە داعش لەئێستادا هەوڵی ئۆپەراسیۆنی وەستاوە لەڕووی ژمارەوە، بەڵام لەڕووی جۆرێتییەوە زیادیكردوە. هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێویستیان بە سەربازی زیاتر هەیە، بەتایبەت لە ناوچە لۆكاڵییەكان، بۆئەوەی بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپەكانی داعش. گروپە چەكدارییەكانیش سوودمەندبوون لە كێشەی خاك لەنێوان بەغدا و حكومەتی هەرێم، ئەمەش بەزوویی پێویستی بە هێزێكی هاوبەشی نوێ هەیە. بەرپرسانی عێراقی بیرلەوە دەكەنەوە كە دوو فیرقەی نوێی دژە تیرۆر دابمەزرێنن یەكێكیان لە سلێمانی و ئەویدیكەیان لە هەولێر. ئەو فیرقانە سەربە حكومەتی فیدراڵی دەبن  لەلایەن بەغداوە پشتیوانی دەكرێن بەڵام لە هێزی ئەمنی ئەو دوو ناوچەیە لە خەڵكی كورد و نەتەوەكانی دیكە دروست دەكرێن. 


لەلایەكی دیكەوە، حەشدی شەعبی ئەنجامی باشی هەبووە لە هەڵبژاردنەكاندا، بەشێوەیەك كە عەسائیبی ئەهل ئەلحەق لە یەك كورسییەوە زیادیكردووە بۆ پازدە كورسی. ئەمریكا پێویستە بەڕوونی ئاماژەی ئەوە بدات كە دەیەوێت چی بكات و چی نەكات بەرامبەر بە یەكەكانی حەشدی شەعبی لەڕووی مەشق و ڕاهێنان و پشتیوانی سەربازییەوە. هەندێك پێیانوایە كە ئەمریكا دەبێت گەمارۆ لەسەر عەسائیب و هەندێ هێزی دیكەی حەشد دابنێت. بەرپرسانی ئەمریكا هەر بڕیارێك لەوبارەیەوە بدەن، پێویستە پشتیوانی دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق بكەن. حەشدی شەعبی لەسەرەتاوە بەهۆی ئەوەوە سەریهەڵدا چونكە هێزێكی یەدەكی فەرمی بوونی نەبوو، و تاوەكو ئێستاش ئەو بۆشاییە هەیە. ئەمریكا پێویستە بوونی خۆی هەبێت و ڕكابەری لەگەڵ ئێراندا بكات لە هەماهەنگی ئەمنی و یارمەتیدانی عێراق بۆ گەشەپێدانی هێزی یەدەك. بەوشێوەیە، دەتوانێت هەموو كاتێك شكست بە تاران بهێنێت، چونكە عێراقییەكان زیاتر پشتیوانیی ئەمریكایان بەلاوە گرنگە وەكو لە پشتیوانی ئێرانییەكان. 

بیلال وەهاب
كاتێك تەپوتۆزی پێكهێنانی حكومەت كۆتایی هات، عێراق چەند سەركەوتنێكی دیاری بەدەستهێنا. گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەیەكی تەواو ئاشتیانە، مەنزومەی سیاسی عێراق لەئێستادا دەتوانێت كاردانەوەی زیاتری هەبێت بۆ داخوازییە گشتییەكان، داعش بەشێوەیەكی تەواو شكستی هێناوە، هەریەكە لە ئێران و ئەمریكا حكومەتی نوێیی عێراقییان قبووڵە، هەروەها سوننە و كورد بەشدارییەكی فراوانتریان هەیە لە بەغدا. 
هەرچەندە حكومڕانی یەكێكە لە تەحەددا سەرەكییەكان. لە بەسرە، هاووڵاتییانی شیعە ویستیان خۆپیشاندان لە دژی حكومەتی زۆرینە شیعە بكەن، چونكە كارەبا و ئاوی خواردنەوەیان نەبوو. لەڕووی كەرتی بازرگانییەوە، بارودۆخی ئابووری بەگشتی هێشتا لەدەستی حكومەتدایە سەرەڕای ئەوەی كە بەغدا ڕایدەگەیەنێت كە پشتیوانی لە بازاڕی ئازاد دەكات. 


لەلایەكی دیكەوە، ئێران بەردەوامە لە زیاتركردنی كاریگەری خۆی لە دامەزراوە لاوازەكانی عێراق و سیاسەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە. ئێران تاوەكو دێت ڕۆڵێكی زیاتر دەبینێت، بەتایبەت لە دەستنیشانكردنی سەكردەكانی عێراق. ڕۆڵی بریكارانەی پارتە سیاسییەكان و سەركردەكانی عێراقیش ناكرێت نادیدە بكرێت. 
بەهەمانشێوە هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش ئاشتیانەبوون، هەرچەندە ڕێژەی بەشداری كەم بوو، كە تەنانەت كەمتریش بوو لە ڕێژەی بەشداری هەڵبژاردنی عێراق. زۆرێك لە گەنجان دەنگیان نەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێك لە هاووڵاتیانی كوردستان پێیانوایە كە دوو حزبە حوكمڕانەكەی هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە ناسنامەی ساختەیان دروستكردووە و پشتیوانانی خۆیان ناردووە بۆئەوەی لەشوێنی ئەوان دەنگیان بۆ بدەن. بارودۆخەكە هەرچۆنێك بووبێت، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەنگەكانیان كەمكرد، لەكاتێكدا كە پارتی و یەكێتی دووبارە سەركەوتنیان بەدەستهێنا سەرەڕای شكستە گەورەكانی هەرێم وەكو خراپ ئیدارەكردنی ئابووری و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی ڕابردوودا. ئەمەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كە دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە وەبەرهێنانێكی زۆریان كردووە لە دامەزراوەكانی خۆیاندا لە بنیاتنانی پارتی بەهێز بەشێوەیەك كە گۆڕانكاری لە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان كەمترە وەكو گۆڕانكاری لە عێراقدا. 
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێستادا پێویستە خۆی ئامادە بكات بۆ شەپۆلێكی دیكەی فشار لەلایەن ئێران و توركیاوە. تاران زۆر تووڕە بووە لە گروپە ئۆپۆزسیۆنە كوردەكانی ئێران لەم دواییانەدا كە ناوچەیەكی ئارامیان لە باكووری عێراقدا هەیە. بەهەمانشێوە، ئامادەیی سەربازی توركیا لە هەرێمی كوردستان تاوەكو دێت زیاتر دەبێت، كە دەكرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی پێكدادان دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ناوچەكەدا.