ڕاپۆرتی کوردستانی

11:53 - 01/01/2021

2021 چی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان پێیە؟‌

پەیسەر

عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بە كێشه‌و قه‌یرانی ئازار به‌خشه‌وه‌ پێ ده‌خزێننه‌ ساڵێكی نوێوه‌، هیوای عێراقییه‌كان بۆ ساڵی نوێ پڕ ئاسته‌نگن، ئاماژه‌ نا ئومێدكه‌ره‌كان له‌ ئێستاوه‌ ده‌ركه‌وتوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا خه‌ڵك بۆ گۆڕانكاری نوێ گوێی هه‌ڵخستووه‌، هیواكان هه‌ر ئه‌وه‌ن گۆڕانكارییه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كان له‌ بازاڕی نێوده‌وڵه‌تیدا فریای عێراق بكه‌وێت. 

عێراق له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ له‌ژێر باری قه‌رزێكی قورسدا مل به‌ره‌و ساڵی نوێ ده‌نێت(140 ملیار دۆلار) هه‌رێمی كوردستانیش باره‌كه‌ی سوكتر نییه‌و نزیكه‌ی 29 ملیار قه‌رزی به‌ شانه‌وه‌یه‌. هه‌ردوو حكومه‌ت كورتهێنانی زۆریان هه‌یه‌ و هه‌رچۆن جوڵه‌ ده‌كه‌ن پینه‌ی ته‌واوه‌تی ناكرێت. 

له‌رووی سیاسیشه‌وه‌ دۆخی هه‌رێم و عێراق پڕ ئاڵۆزی و هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی سیاسییه‌، هه‌موو ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان خۆیان ده‌كه‌ن به‌ ساڵی نوێشدا، ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردن ئه‌م ئاگره‌ی گه‌رمتر كردووه‌. به‌ڵام به‌ گشتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێی دوو پێشهاتن تا له‌م خلۆربوونەوەدا هه‌ندێك بگیرسێنه‌وه‌.

هاتنی بایدن
بڕیاره‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا له‌ 20ی مانگی یه‌ك ده‌ستبه‌كار بێت، هاتنی بایدن بێ گۆڕانكاری نابێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌م پیاوه‌ زۆر ده‌مێكه‌ بۆ عێراق و هه‌رێم قسه‌و پرۆژه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، روئیای تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی عێراق، ئه‌گه‌ر ستراتیژی نه‌گۆڕی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ش وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام هاتنی بایدن گۆڕانكاری له‌ناوخۆی عێراقدا دروست ده‌كات.

گه‌وره‌ترین ئاڵنگاری به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌ چوار ساڵی رابردوودا ناكۆكییه‌ تونده‌كانی ئێران و ئه‌مریكا بوون، كه‌ به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی به‌ دونیابینی توندی تره‌مپ-ه‌وه‌ هه‌بوو بۆ ئێران، هه‌ر كاتێك ناكۆكییه‌كان ده‌گه‌یشتنه‌ لێواری ته‌قینه‌وه‌، جگه‌ له‌ عێراق هیچ گۆڕه‌پانێكی گونجاوتر بوونی نه‌بوو بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش بۆ كوشتنی قاسم سلێمانی هه‌ر خاكی عێراقی هه‌ڵبژارد، ئێرانیش هه‌ر له‌ عێراقه‌وه‌ نوقرچ له‌ ئه‌مریكا ده‌گرێت و موشه‌كه‌كانیشی هه‌ر بۆ خاكی عێراق بوون. 

تا ئه‌م گرژییانه‌ خاوترببنه‌وه‌، دۆخی عێراق ئه‌هوه‌نتر ده‌بێت، وڵاته‌كه‌ ده‌رفه‌تێكی ده‌بێت هه‌ناسه‌یه‌ك بدات، هه‌موان چاوه‌ڕێن بایدن شێوازی ململانێكان له‌گه‌ڵ ئێران بباته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، له‌گه‌ڵ عێراقیش به‌ گرنگی زیاتره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، ئه‌مانه‌ ئومێدێكن بۆ عێراق له‌ هه‌ناوی نائومێدیدا، ئه‌گه‌ر ستراتیژی چوار ساڵی داهاتووی ئه‌مریكا بگۆڕێت و ده‌ستی عێراق بگرێت هاوكارێكی خراپ نابێت.

2021 بۆ عێراق بایدنی پێیه‌ و ئه‌م پیاوه‌ش شاره‌زایه‌كی وردی ململانێكانی نێوخۆی عێراقه‌، بۆیه‌ به‌ هه‌ر ئاڕاسته‌یه‌ك بێت، هاتنی ساڵی نوێ بۆ عێراق گۆڕانگارییه‌كی پێیه‌. 

چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كات؟ چی بۆ كورد و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات؟ بڕوای به‌ دیموكراسی ته‌وافوقی عێراق ماوه‌ یاخود به‌دیلێكی دیكه‌ فڕێده‌داته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ نه‌خشه‌ی گۆڕانگارییه‌كانی ساڵی داهاتوو یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌.

كۆرۆنا و نرخی نه‌وت
كۆتایی كابوسی كۆرۆنا و به‌رزبوونه‌وەی نرخی نه‌وت، ئه‌و دوو رووداوه‌ن عێراق و هه‌رێم چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن له‌ 2021 دا ئه‌م خه‌ونه‌ ببێته‌ واقیع، ئه‌گه‌ر ساڵی نوێ سوپرایزی خراپتری له‌ كۆرۆنادا پێ نه‌بێت و شێوه‌ی تازه‌كه‌ی كۆرۆنا نه‌بێته‌ به‌ڵایه‌كی جیهانیی، كۆرۆنا رووه‌و كۆتاییه‌ و ڤاكسینه‌كان كاری خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ هه‌موو جیهان بۆ عێراق زیاتر دڵخۆشكه‌ره‌.

ئه‌گه‌ر 2021 كۆرۆنا كز بكات، هاوته‌ریب نرخی نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌ یه‌ك دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، مانگانه‌ 100 ملیۆن دۆلار بۆ خه‌زێنی گشتی عێراق زیاد ده‌كات، بۆیه‌ هه‌ر دۆلارێك نرخی نه‌وت به‌رز بێته‌وه‌، عێراق پله‌یه‌ك له‌ رزگاربوون نزیك ده‌بێته‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتیش بێ كۆتایی كۆرۆنا نایه‌ته‌ دی، بۆیه‌ ساڵی نوێ ئه‌م دوو ئه‌گه‌ره‌ باشه‌ی تێدایه‌، ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌كان قڵپ نه‌بنه‌وه‌ به‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمدا.

ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشهاتانه‌ بۆ عێراق ئاماژه‌ی دڵخۆشكه‌ریان تێدا نه‌بێت، ساڵێكی سه‌خت له‌ ده‌رگای عێراقه‌، به‌ تایبه‌ت ئێستا ده‌ستی بۆ بێبه‌هاكردنی دراوه‌كه‌ی بردووه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌دیلی چاكسازی و شكستی حكومه‌ت له‌ چاكسازی سه‌یر ده‌كرێت. 

هه‌رێمی كوردستان
هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌، پرۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی 2021 دیمه‌نی سه‌ره‌تای ساڵی نوێ روون ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا بگاته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ چاوه‌ڕێده‌كرێت 2021 هه‌ندێك له‌ برینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سارێژ بكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی چیرۆكی 2020 له‌ ساڵی نوێشدا، ساڵێكی ناخۆش و سه‌خت دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌. 

ئه‌گه‌ر كێشه‌ی ئابووری و داراییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌ نه‌كرێن، ئه‌وا له‌ ساڵی نوێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت شه‌پۆلێكی دیكه‌ی ناكۆكی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌، ئه‌م ناكۆكییه‌ سیاسی و ئابورییانه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خەنه‌ به‌رده‌م چه‌ندین سیناریۆی راپ، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵته‌كاندنی قه‌واره‌ی هه‌رێم گریمانه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراوه‌. 

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا بسازێت و له‌ناوخۆدا ده‌ست به‌ چاكسازی بكات و سوود له‌ هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ببینێت، ده‌ربازبوون له‌ قه‌یران له‌ ساڵی نوێدا گریمانه‌یه‌كی مه‌حاڵ نییه‌.