ڕاپۆرتی کوردستانی

02:13 - 30/12/2020

​قاچاغی ده‌روازه‌كان رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاڵۆزتر كردووه‌‌

پەیسەر

گرێی دەروازە سنورییەکان لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، تا دێت کوێرتر دەبێت، ئەوەی ئاسۆی چارەسەری تاریک کردووە ئەو قاچاغییەیە لە دەروازە فەرمی و نافەرمییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دەکرێن، ئەوەی باری کێشەکەی گرانتر کردووە ئەوەیە، خەڵک لە دوو لاوە باجی دۆخی دەروازەکان دەدەن، جارێک بەھۆی کەمبوونەوەی داھات بۆ خەزێنەی گشتی و جارێکیش بەھۆی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ ئەم دەروازانەی کردووە بە پێش مەرجی دانوستان. 

دەنگوباسی دەروازە سنورییەکان تەنھا لەنێو پەرلەمانتارانی و خەڵکی باشووری کوردستان نەماوەتەوە، بەڵکو میدیا جیھانییەکانیش باسی دەکەن و بووەتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری بەرپرسانی عێراقیش، باس لە داھاتێکی ونبووی زەبەلاح دەکەن لەم دەروازانە، بۆ بەرپرسانی حزبی دەستڕۆیشتوو. 

عەبدولھادی موحان ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت، ٢١ دەروازەی سنووری لە ھەرێمی کوردستان ھەیە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرساندان، ھەرێم تەنھا ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر چوار دەروازەی سنووری بکات. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە ١٩ دەروازەی سنووری لە ھەرێم بە فەرمی لەلایەن بەرپرسانەوە بەڕێوەدەچن و بەڕێوەی دەبەن، بە جۆرێک ھەر بەرپرسێک دەروازەیەکی ھەیە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەت بازرگانی تێدا دەکات. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر چه‌ند جارێك وه‌زاره‌تى دارایى، گرفتى قاچاغى ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى رووبه‌ڕووى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ راشكاوى وه‌ڵامى دراوه‌ته‌وه‌، كه‌ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه‌ پێویستى به‌ رێككه‌وتنى سیاسییه‌ لە نێوان یه‌كێتى و پارتی‌ و به‌ حكومه‌ت ناكرێت.

گرفتی دەروازە سنورییەکان تەنھا ئەوە نییە کە پارەی گومرک نامێنێت، رۆژانە ھەزاران تۆن کەلوپەل دێتە ناو ھەرێم بێ ھیچ پشکنینێک بێ ئەوەی بزانرێت چین و چەند شیاون، مەترسییەکی دیکە ھەڵتەکاندنی بەرھەمی ناوخۆییە، بەوپێیەی ھەموو ئەو کەلوپەلانەی بەخاتری بەرھەمی ناوخۆ یاساغ دەکرێن، بە قاچاغ ھاوردە دەکرێن. 

قەبارەی قاچاغ لە دەروازە سنورییەکانی بەپێی بەدواداچوونەوەکانی عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان، ١٧٠ ملیار دینارى مانگانه‌یه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ هاوار ده‌كات بۆ راگرتنى قاچاغى سنووره‌كانه. ده‌ڵێت، به‌رپرسانى یه‌كه‌مى حزبه‌كان له‌ پشتى قاچاغى ده‌روازه‌كانه‌وه‌ن. ئه‌گه‌رچى هه‌شت مانگ زیاتره‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریداوه‌ ئه‌م قاچاغییه‌ رابگیرێت، به‌ڵام عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر چاك نه‌بووه‌ به‌ڵكو دۆخه‌كه‌ خراپتر بووه‌. 

باسوخواسى قاچاغى ده‌روازه‌ سنوییه‌كان له‌ میدیا جیهانییه‌كانیش گه‌رمه‌، مانگى ئه‌یلولى رابردوو، پێگەی (al-monitor)ی ئەمریکی لە راپۆرتێكیدا باسى لە هێنانە ژوورەوەی کەلوپەلی ئێرانی كرد، بەبێ وەرگرتنی گومرگ لێیان، کە بەم هۆیەوە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ گیرفانی قاچاخچییەکان دەچێت، ئەمە لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی بەردەوام کێشەی نەبوونی پارەی پێویستی هەیە بۆ موچەی فەرمانبەران.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە یەکێک لە دەروازە سنورییەکاندا بە بڕی سەدان ملیۆن دینار قاچاخچێتی دەکرێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی دەروازە سنورییەکە بدرێت، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن دەروازەکە پەروێزخان بێت.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چه‌ند مانگێك پێش ئێستا، دوای کۆبوونەوەی دەستەی دەروازە سنورییەکان چەند بڕیارێکی بڵاوکردەوە کە وەک رێککەوتنی ھەولێر و بەغداد لەبارەی دەروازەکانەوە لێکدرایەوە، بڕیاره‌كان بریتى بوون له‌ :

یەک:-یەکخستنی رێکارەکانی دەروازە سنوورییەکان ئاسمانی، وشکانی و دەریایی؛ دەکرێت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی دەرەکی بکرێت و رێکبکەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ھەردوولا. تیمێکی کاری تەکنیکی پێکدەھێندرێت لە فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە.
 
دوو:-یەکخستنی رێکارەکانی گومرگ و دەروازەکان لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵی بە ھەر رێگەیەکی کارکردن کە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەکگرتوو.
 
سێ:-دانانی سیستمێکی ژمێرە لەبارەی داھاتە گومرگییە بەدەستھاتووەکان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و مامەڵەکردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩.
 
چوار:-دانانی رێنمایی و رێکارەکان، کە حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان پێوەی پابەندبن بۆ تووندتۆڵکردنی ھاتنی کەرەستە و کاڵای ھاوردەکراو بەپێی یاسای گومرگی فیدراڵی و یاساکانی دیکە.

ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بووه‌ بنه‌ما‌ بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق مانگانه‌ 320 ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكات، به‌ڵام نه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێكراو نه‌ پاره‌كه‌ش وه‌ك خۆى مانگانه‌ گه‌یشت، به‌غدا چه‌ند مانگێكى كه‌م ئاماده‌بوو پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ بكات، بۆیه‌ جارێكى دیكه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى به‌شێك له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان رۆشته‌وه‌ خاڵى سفر. 

ئێستا ده‌روازه‌ سنورییه‌كان یه‌كێك له‌ ئاسته‌نگه‌ ‌گه‌وره‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى دانوستانى هه‌رێم و به‌غدان، به‌رپرسانى عێراق وه‌ك سه‌رچاوه‌ى داهات، ده‌روازه‌كان هه‌ژمار ده‌كه‌ن بۆ هه‌رێمى كوردستان، بێ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك هیچ سودێك ببینن. تا كابووسى كێشه‌ى ده‌روازه‌كان نه‌ڕه‌وێته‌وه‌ پێناچێت گرێكانى دیكه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكرێته‌وه‌. 

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پێشتر به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاندبوو چه‌ندین دۆسیه‌یان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت بەرپرسان لە هەرێمی كوردستان قاچاخچێتی دەكەن و بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ ئەوانە و پشكێكیش لە داهاتەكە بۆ نوسینگەی قاچاخچێتییەكەیە.

بە وتەی دابان محەمەد، بڕیار و ڕێكارەكانی حكومەت سەبارەت بە دەروازەكان، بچوكترین كاریگەری لەسەر ڕێكخستنەوەی دەروازەكان و كەمكردنەوە كاری قاچاخی نەبووە.

ئەگەرچی لە عێراق گرەوی زۆر لەسەر ئەوە دەكرێت كە حكومەت ناتوانێت دەروازە سنورییەكان كۆنترۆڵ بكات چونكە تۆڕێكی گەورەی گەندەڵكاران دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەركەكە دووجار قورسترە لەوەی بەغداد، لەلایەك دەروازەكان گەندەڵی تێدا ئەنجام دەدرێت و لەلایەكیش قاچاخچێتی ئاشكرا لەبەرچاوی هێزە ئەمنییەكان.