ڕاپۆرتی کوردستانی

01:15 - 30/12/2020

حکومەتی هەرێم مووچە دەبڕێت و پارەی کۆمپانیاکانی نەوت دەدات‌

پەیسەر

مانگی رابردوو حکومەتی هەرێمی زیاتر لە 42 ملیۆن دۆلاری داوە بە کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2015ەوە تا ئەمڕۆ مووچە لە هەرێمی كوردستان لە قەیراندایە، ئەمساڵیش بەغداد 6 مووچەی ناردووە و حکومەتی هەرێم تەنها 5 مووچەی دابەشکردووە.

قەیرانی مووچە
لە ساڵی 2015ەوە تا ئەمرۆ مووچە لە هەرێمی كوردستان لە قەیراندایە بەجۆرێك:
لە ساڵی 2015 دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی چوار مانگی کۆتای ساڵی نەداوە.
لە ساڵی 2016دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەكە مووچەی دابەشكرد و هەموو مانگەکانی ساڵ مووچەخۆران چارەکە مووچەیان وەرگرت.
لە ساڵی 2017شدا، حكومەتی هەرێم بەردەوام بوو لە دابەشكردنی چارەكە مووچە و مانگی كۆتایی ئەو ساڵەش هیچ مووچەیەك دابەشنەكرا.
لە ساڵی 2018دا ،حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە پەنای بۆ سیستمێكی نوێی مووچە برد كە بە سیستمی پاشەكەوت ناسرا و ئەو سیستمە بۆ ساڵەكانی 2018 و 2019 كاری پێكرا.
ساڵی 2020یش، بەغداد 6 مووچەی ناردووە بۆ هەولێر و حکومەت تەنها 5 مووچەی دابەشکردووە.

گەنەڵ ئینێرجی و شایستە داراییەکان
 رۆژى پێنجى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاندبوو، بەشێک لە قەرزەکانى هەرێم، کە لەمساڵدا زیادیانکردووە، کرێى کۆمپانیاکانى نەوتە و داوایان لێکردوون وەرگرتنى شایستە داراییەکانیان دوابخەن.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی راگەیاندووە، پێدانی شایستە داراییەکانیان بۆ ماوەی نۆ مانگ هەڵدەپەسێرێت، لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتووەوە پێدانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایە دەستپێدەکاتەوە.

کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە راگەیەنردراوێکیدا، کە لە 11ی کانوونی یەکەم 2020 بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیاکە 4.5%ـی قازانجی کێڵگەی تاوکگرۆسی پێدەدرێت. پێدانی ئەو قازانجەش بە خەمڵاندن و بەپێی نرخی ئێستای نەوت زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار دەکات و لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتووەوە دەستپێدەکات.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ حکومەت بە کۆمپانیاکەی گوتووە، لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، راستەوخۆ دەست دەکەنەوە بە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە.

حکومەتی هەرێم زیاتر لە 42 ملیۆن دۆلار دەداتە گەنەڵ ئینێرجی
کۆمپانیاى گەنەڵ  ئینێرجی رایگەیاند، لەگەڵ هاوبەشەکانیاندا ٤٢ ملیۆن و ٣٠ هەزار دۆلاریان لە حکومەتى هەرێم وەرگرتووە، ئەوەش وەک شایستە داراییەکانیان بۆ فرۆشتنى نەوت لە مانگى ١١ى ئەمساڵدا.
کۆمپانیاى گەنەڵ ئینێرجی لە راگەیەندراوێکدا باسى لەوەکردووە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە کێڵگەى نەوتى تاوکێ ٣٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە، کە پشکى کۆمپانیاکەیان نۆ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کێڵگەى تەقتەق بڕى سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار وەرگیراوە و پشکى کۆمپانیاکەیان دوو ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلار بووە.

 حکومەتی هەرێم 28 ملیار دۆلار قەرزارە
 بەپێی داتا رەسمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا هەرێم زیاتر لە 28 ملیار دۆلار قەرزدارە و قەرزەکانیش بەم جۆرەن:-

كۆی قەرزەكانی (ناوخۆ + دەرەكی) 7.256.283.646 دۆلار

كۆی پابەندییە داراییەكان 8.337.989.532 دۆلار

كۆی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەكەوتی شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان 8.966.156.514 دۆلار

بابەتی هەردوو بانكی (بازرگانی عێراق و كوردستانی نێودەوڵەتی) 3.916.245.374 دۆلار

كۆی گشتی قەرزەكان 28.476.675.039 (28 ملیارد و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار)

قەرزەکانی حکومەتی هەرێم نایاسایین
حكومەتی عێراق لە رەشنوسی پرۆژەبودجەی ساڵی 2021دا ئاماژەی بە قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان كردووە و بە راشكاوی و بە دەق لە یاساكەدا نوسیویەتی كە قەرزەكانی هەرێمی كوردستان هیچ بنەمایەكی یاساییان نییە و دەستوور رێگە نادات هەرێم قەرزبكات.

د. نەجیب شوكر مەحمود، سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیانی روونكردنەوەی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021دا كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بە رەسمی نوسیویەتی لەبارەی پاكتاوكردنی حساباتی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2020، روونی دەكەینەوە كە هیچ سەنەدێكی یاسایی نییە رێگە بە هەرێمی كوردستان بدات قەرز لە دەرەوە وەربگرێت، هەروەك چۆن مادەی 110ی دەستور دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانی دەستنیشان كردووە بۆ وەرگرتنی قەرز یان ئیمزاكردنی رێككەوتنەكان.

گەنەڵ ئینێرجی کۆمپانیایەکى دۆزینەوە و دەرهێنانى نەوت و غازە، بارەگاى سەرەکى لە شارى لەندەنە و لە شارەکانى ئەنکەرە و هەولێریش ئۆفیسیان هەیە.
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجیی ئینگلیزی - تورکی لە کێڵگەکانی تەقتەق، سەرتا و تاوکێ کاری دەرهێنانی نەوت دەکات.