ڕاپۆرتی کوردستانی

03:59 - 28/12/2020

ورده‌كاریی كۆبونه‌وه‌‌ی وەفدی حکومەت و پەرلەمانی كوردستان‌

پەیسەر

گفتوگۆی نێوان شاندی دانوستاندكاری هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان كارده‌نه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنه‌كه‌یان بایكۆتكرد، له‌دانیشتنه‌كه‌دا، حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبونی خۆی به‌ڕاده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌میل نه‌وت به‌ حكومه‌تی عێراق ڕاگه‌یاندووه‌ و فراكسیۆنی گۆڕانیش ده‌ڵێت، داكۆكیانكردوه‌ له‌وه‌ی 30ی ڕۆژ جارێك و له‌ واده‌ی خۆیدا موچه‌ دابه‌شبكرێت، ده‌شڵێت، ئه‌و لیژنه‌یه‌یی كه‌ ده‌چنه‌وه‌ به‌غداد لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانیان له‌گه‌ڵ ده‌بێت. لەڕۆژانی داهاتووشدا، شاندەکەی حکومەتی هەرێم سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ده‌كات و لەگەڵیاندا کۆده‌بێتەوە.

هاوكات، گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند،له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێداگری كرا له‌سه‌ر ڕادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت و داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان و حكومه‌ت هیچ لاری نیه‌ له‌ ڕاده‌ستكردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ و داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان.

وتیشی، پێداگریمانكردووه‌ كه‌ داهاتی خاڵه‌سنوریه‌كان و داهاتی ناوخۆ به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف كۆبكرێته‌وه‌ و 30ی ڕۆژجارێك موچه‌ بدرێت. 

بە وتەی گوڵستان سەعید،  بڕیاردراوه‌ كه‌ پرۆژه‌یاسا بچێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێتئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بچێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ڕونیشیكرده‌وه‌،ئه‌و لیژنه‌یه‌یی كه‌ ده‌چنه‌وه‌ به‌غداد لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانیان له‌گه‌ڵ ده‌بێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی، لە ئەگەری رێكنەكەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا، حكومەتی هەرێم داهاتی ئەوەندە دەبێت كە مانگانە لە 30 رۆژدا موچە بدات و لەوپارەیەش زیادی دەبێت و خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان پێشكەشی هاوڵاتیان بكات،  بەمەرجێك پابەندبێت بە كۆكردنەوەی داهاتەكان بەشێوەیەكی شەفاف.


لای خۆیه‌وه‌، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکان ڕایگه‌یاند، جەختمان لەسەرڕادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت کردەوە، جێگری سەرۆکی حکومەت شەش جار وتی، بودجە پەسەندکراڕاستەوخۆ 250 ھەزار بەرمیل نەوتەکەڕادەستدەکەین و بەرپرسم لەم قسە.

وتیشی، داوامانکرد ئەمە بە نوسراوێکی رەسمی ئامادەی ھەرێم بۆڕادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت  نەک داھاتی نەوت،  بدرێتە پەرلەمانتارە کوردەکان.

سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لەسەر گەندەڵی نەوت و خاڵی سنوری و باج و موچەی نایاسایی و ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق ھەمویمان خستەڕوو.

سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراكسیۆنییەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند، هیچ هیواو ئومێدێك نەماوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند لەبەرژەوەندی مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ڕێكبكەوێت بۆیە ئێمە وەك فراكسیۆنییەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان و شاندەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانمان نه‌كرد.

وتییشی، ئێمە پێشتر 37 ئەندامی پەرلەمان داوامان كرد دانیشتنێكی پەرلەمان لەسەر دواكەوتنی مووچەو بودجە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەداخەوە دانیشتنێكی داخراو سازكرا كە بەبڕوای ئێمە شێوازی ئەو دانیشتنە كارێكی هەڵەبوو كە دەبوو دانیشتنێكی گشتی پەرلەمان بوایەو بە ئاشكرا بەڕێوەبچوایە.


لای خۆیه‌وه‌، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ راگەیاند، بە پێویستی نازانن بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان و حكومەت بکەین، چونکە هەموو شتێک لەبارەی بابەتەکانەوە دەزانین و ئەوە ئەرکی حکومەتە کە کێشە و گرفتەکان چاکبکات.

وتیشی، سەرۆکایەتی پەرلەمان بووەتە بەشێک لە دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆیی لەدەستداوە و نەدەبوو بەدوای قسەی حکومەت بکەوێت، به‌پێویستیشی ده‌زانین، شاندی حکومەت زانیارییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرابکات.

هاوكات، کازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوانیدا رایگەیاند، ئێمە لە كۆبوونەوەكەدا مەبەستمان بوو كۆمەڵێك پرسیار كە خاوەنی پرسیارەكان هاوڵاتیان بوون و دەمانویست بیگەیەنینە شاندەكەی هەرێم، كە بریتیبونلەوەی ئەم شاندە چەند موچەیان بۆ خەڵك دەستەبەر كردووە و كەهاتنەوە چیان لەگەڵ خۆیان بۆ خەڵك هێنایەوە، بەڵام وەڵامی پرسیارەكان هیچ بوو، واتە هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ هەرێم نەهێناوەتەوە.

وتیشی، لەسەر رێككەوتنی هەرێم و بەغدا حكومەتی هەرێم كات دەكوژێت و نیازی رێككەوتنی نییە.

لای خۆیه‌وه‌، پێشه‌وا هه‌ورامانی په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ باره‌ی ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غداده‌وه‌ ڕایگه‌یاند، ئەوەی کراوەو دەکرێت کات کوشتنە و عێراق نییەتی نییە و نەبووە رێکبکەوێت، هیچ رێککەوتنێکیش گەرنتی نییە، مادام لایەنی دژە هەرێمی کوردستان بەهێزە، کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق مووچە و چەندین بابەتی دیکەی سیاسیی گرنگە ئەگەر چاکسازیی جیددی بکەین بەو هەڵوێستە لاوازەوە ناچینە بەردەم ئەوان.

ده‌شڵێت، لەبری کات کوشتن باشترە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، خاڵی سنووری، نەوت، چاکسازی لە مووچە و سنوورەکان و سەرجەم سێکتەرەکان بکەنە خەمی شەو و رۆژتان، واز لە وردە کێشەی لابەلا بهێنن و هەرکەسێک بووە سەر ئێشە بۆ چاکسازییان سزای بدەنیان بە خەڵک بڵێن کێیە.

هێمن هەورامی، جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان  لە كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، لەڕۆژانی داهاتوودا، شاندەکەی حکومەتی هەرێم سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش ده‌کەن و لەگەڵیاندا کۆده‌بێتەوە.تیشی، شاندەکەی هەرێم پێویستیان بە پشتگیری پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان هەیە و پێویستە هەمووان پێکەوە پشتگیریان بکەین.

جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ هەرکات پێویست بکات شاندی سیاسیی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و هەمووکات بۆ سەردانەکە ئامادەیە.