ڕاپۆرتی کوردستانی

02:14 - 28/12/2020

تاکە رزرگاربووی کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی چیرۆکی مەرگی ٣٤ کەس دەگێڕێتەوە‌

پەیسەر

نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکیدا تێدەپەڕێت. ٣٤ کەس بە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا کوژران، تاکە رزگاربووی کۆمەڵکوژییەکە سەروەت ئەنجو بوو. سەروەت کە چیرۆکی ئەو رۆژە و رۆژانی دوایی کۆمەڵکوژییەکە دەگێڕێتەوە دەڵێت، "پرسیار لە خۆم دەکەم بۆچی نەمردم؟ چونکە دەبوو دەبوو ئەم رووداوانە شاهیدێکی هەبوایە. بە گورگ و باڵندەکانیش دەڵێم چی روویداوە، با هەموان بزانن چی روویدا."

شەوی مەرگ
شەوی ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١، کاتژمێر ٩:٣٩ و ١٠:٢٤ لە سەر سنوری باکوور و باشووری کوردستان و لە نزیک گوندی رۆبۆسکی سەر بە شارۆچکەی ئوڵودەرەی سەر بە پارێزگای شڕناخ، دەیان گەنج و مێردمنداڵی کورد کە کاراونچی بوون و خەڵکی هەردوو گوندی ڕۆبۆسکی و بێجوی ناوچەی قلەبانی سەر بە پارێزگای شڕناخ بوون، کەوتنە بەر هێڕشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و کوژران.

دوای رەتکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای ئەورووپا بۆ دادگایکردنی تاوانبارانی رووداوەکە، هەوڵە یاساییەکانی خێزان و پارێزەرانی قوربانییەکان تا ئاستێکی زۆر کۆتاییان هات. خێزانی قوربانییەکان هێشتا بەردەوامن و داوا لە دەسەڵات دەکەن ویژدانیان بجوڵێت.

تاکە شاهید
سەروەت ئەنجوی تەمەن ٤١ ساڵ کە باوکی شەش منداڵە، تاکە شاهیدەکەی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکییە. ئەنجو رۆژە سەختەکەی کۆمەڵکوژییەکە و رۆژانی دوایی دەگێڕێتەوە.

سەروەت دەڵێت، ئەو رۆژانە چوون و هاتن لە سنوردا ئازاد بوو. سەروەت بەم جۆرە باسی ئەو رۆژە دەکات کە لەگەڵ هاوگوندییەکانی خۆیدا و لەپێناو بەدەستهێنانی ١٥٠ لیرە ملی رێگای گرتە بەر، رێگایەک بەرەو مەرگ و گریانی منداڵان.

سەروەت بەم جۆرە یەکەم ساتەکانی چوونە دەرەوە لە ماڵ دەگێڕێتەوە، "کاتژمێر سێی ئێوارە لە ماڵ دەرچووین. هەموو شتێک زۆر ئاسان بوو، وەک چۆن لە گوندێکەوە دەچیتە گوندیکی دیکە. هەر لە کۆنەوە نیوەی زەوی و گوندەکانمان لە سنوری باشوری کوردستاندا بووە. هێندە ئاسان بوو، رێک وەک چوون و هاتن بۆ گوند و خاکەکەی خۆمان..."

تاکە شاهیدەکەی رۆبۆسکی لە گێرانەوەی ساتە یەکەمەکانی رۆژە بە ئازارەکەی کورد بەردەوام دەبێت و لەبارەی گەیشتنە سەر سنور دەڵێت، "کە گەیشتینە سەر سنور بارەکانمان وەرگرت. بارەکان نەوت و گازوایڵ بوون. بارەکانمان خستە سەر قاترەکان و بەرەو ماڵەوە رێگامان گرتەبەر.

"تاکو نیوەی رێگاکەمان هەموو شت ئاسایی بوو. لە ناکاوێک گوێمان لە دەنگی هاوان و تۆپ بوو. پێم وابوو وەک هەموو کاتێکی دیکە دەنگی تۆپ و هاوانی ئاساییە. دوای چەند ساتێک تۆپ بەسەر سەرماندا باری. خێرا تەلەفۆنمان بۆ خێزانەکانمان کرد. ئەو ئێوارە هەموو شتێک جیاواز بوو. ئەو تۆپانەی لە ئاسمانەوە بەسەرماندا دەباری دەنگیان نەبوو، تەنها رووناکییان بڵاودەکردەوە. ئەو شەوە هەموو لایەک بوو بە رۆژ رووناکی و مردن بەو ناوەدا بڵاوببووەوە."

سەروەت ئەنجو چۆن رزگاری بوو؟
سەروەت کە تاکە رزگاربووی کۆمەڵکوژییەکەیە خۆی بە بەختەوەر دەزانێت کە لە پێشەوەی کاروانەکەدا بووە و دەڵێت، "بەختم هەبوو کە لە پێشەوەی کاروانەکەدا بووم. بەڵام دوای چەند ساتێک سەرجەم هاوڕێ و کەسوکارەکەم کە لە کاروانەکەماندا بوون مردن. ئەو تۆپانەی شەویان کرد بە رۆژ بەسەرماندا بارین. بۆردومانەکان ئەوەندە بێدەنگ بوون هیچ گوێم لە دەنگی تۆپ و موشەکەکان نەبوو."

سەروەت یەکەم ساتی پێکانی بە بۆردومانەکە دەگێڕێتەوە، "بەهۆی موشەکێکەوە لە نزیکمەوە کەوتمە سەر زەوی، پیم وابوو رزگارم نابێت. هاوارم دەکرد هەڵبین. بەڵام کە سەرم بەرزکردەوە پارچە مرۆڤ و قاترەکانم دەبینی کە بە ئاسماندا دەچوون. خۆم بە گردەکەدا خۆم خزاندە خوارەوە و خۆم کرد بە مردوو. کە خۆم کرد بە مردوو ئیتر بۆردومانی نزیک من وەستا. دوو کاتژمێر لەو شوێنەدا بەبێ جوڵە و بێدەنگ وەستام."
سەرەوەت دۆخی سەختی شەوی کۆمەڵکوژییەکە بەم جۆرە دەگێڕێتەوە، "لە سەرما خەریک بوو رەقدەبوومەوە. لەسەر بەفرەکە وەک ئەوەی چاوەڕوانی مردن بکەم چاوەڕوانم بووم. تیشکی لایتم بینی و گوێم لە دەنگی شین و گریان بوو. ئیتر تێگەشتووم من رزگار بوومە. کە چاوم کردەوە ٥٠ مەتر لە دووری خۆمەوە چەند تەرمێکم لەسەر بەفرەکە دەبینی. یەکێک لە خەڵکی گوندەکە کە هاتبوون بۆ شوێنی رووداوەکە منی بینی، هات و لە بەفرەکە دەریهێنام."

"کەسێک وتی ئەویش مردووە. هاوسەرەکەم بینی، بەسەر سەرمەوە بوو. کە بینی بەرنەکەوتووم هاواری کرد "براکانم". دوو برای لە بۆردومانەکەدا کوژرابوون. رێک لە رۆژی دوایی دەچوو. ئەو تەرمانەی لەسەر بەفرەکە بوون بریتی بوون لە مام و برازا، باوک و کوڕ و برای بچوک و برای گەورە. زۆربەیان منداڵ بوو. ئەم منداڵانە نەمردنایە دەیانخوێند و دەبوون بە ئەندازیار و دکتۆر، بەڵام ئەمان هاتبوون لەم رێگایەدا پارەی ژیانیان پەیدا بکەن.

لەدەستدانی ١١ کەس
سەروەت ئەنجو لە کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکیدا ١١ کەسی نزیکی لەدەستدا. ئەی چی لە ژیانیان گۆڕا؟ ئەنجو دەڵێت، "ئەو مرۆڤ و ئاژەڵانەم بیرناچنەوە کە بە ئاسماندا دەڕۆشتن. ئەوە ئێمەیان کوشت. زمانمان هەیە و پارێزگاری لە خۆمان دەکەین. ئەوی ئەو قاترانەی مردن چی؟ ئەوان بێزمان بوون. بۆچی ئەوانیان کوشت؟ ئێستا بەفبارین خۆشحاڵم ناکات. کە دەنگی فڕۆکە دەبیستم بیر لەوە دەکەمەوە ئێستا کێ دەمرێت. تاکو ئەم ساتە بۆ هیچ دکتۆرێک نەڕۆشتووم. بەیانی رۆژی کۆمەڵکوژییەکە لە خۆمم دەپرسی من بۆچی نەمرد؟ چونکە خودا دەیەویست شاهیدێک هەبێت و ئەم رووداوانە بگێڕێتەوە."

سەروەت دەڵێت، "من ئەم رووداوانە لەبیر ناکەم و ناهێڵم بیرمبچنەوە. رووداوەکان بۆ باڵندە، گورگ، مرۆڤ و هەموو ئەوانە دەگێڕمەوە کە ویژدانیان هەیە. با هەموو کەس رووداوەکانی رۆبۆسکی بزانێت. ئێستا دەپردم بۆچی ئێمەتان کوشت؟ ئەگەر تاوانمان هەبوو بتانبردینیایە و داداگاییتان بکردینایە. ئێوە ناتوانن منداڵە ١٣ ساڵانەکانتان بە تەنها بنێرنە بازاڕ، هەرگیز ناپرسن ئەم منداڵە ١٣ ساڵانەی ئێمە لەبەرچی ناچارە قاچاخچییەتی بکات؟ بەو کەسانە دەڵێم کە ئەم موشەکبارانەی کردین؛ ئەو دایکەی منداڵەیتان کوست و جەرگتان سوتاند بیهێننە بەردەمی خۆتان، بێچووی ئاژەڵێک بهێنن و لێپریسنەوە لە خۆتان بکەن...."