ڕاپۆرتی کوردستانی

12:42 - 28/12/2020

ئاڵۆزییەكانی شنگال لەنێوان پارتی، پەكەكە و عێراقدا‌

پەیسەر

وێنە: ناسیح عەلی خەیات

شنگال بەپێی نەخشەی جوگرافی و دەقە مێژووییەكان دەكەوێتە باشووری كوردستان و زۆرینەی دانیشتوانەكەی لەڕووی ئاینی و پێكهاتەی كۆمەڵایەتیەوە جیاوازن، هەرچەندە باوەڕوایە كە ئێزدییەكان كوردی ڕەسەنن، بەڵام دەنگێكیش هەیە كەدەڵێت ئەوان گروپێكی ئاینین و هیچ پەیوەندییەكیان بە نەتەوەو نییە، شنگال بووەتە قوربانی و لەمێژوودا چەندین جار كەوتووەتە بەرهێرش و تاڵانكراوە، دواترینیان هاتنی داعش بوو، بەڵام دواتر ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی ناوچەكە بووەتە بەڵایەكی تر بۆ سەر شانی شنگالییەكان.

عێراق پێكهاتەیەكی هەمە لایەنەو فرەڕەگەز و ڕەنگە، گەرچی زۆرینەی عەرەبەو بە ئاینیش موسڵمانن ، بەڵام كەمینەیەك لە عێراقدا هەیەو لە دێرزەمانەوە دانیشتووی سەرەكی ئەم وڵاتە بوون، بەشێك لەو كەمینەیە ئێزدییەكانن، كە بەشی زۆرینەیان دەكەونە  ناوچەی شنگال و شێخان و كەمێكیشیان لە شوێنەكانی تر نیشتەجێن.
هەرچەندە مێژوونوسان باس لەوە دەكەن كە ئێزدییەكان چەندین جار ڕووبەڕووی توندوتیژیی و تاڵان و بڕۆ بوونەتەوەو تەنانەت گەشتووەتە ئاستی كۆمەڵكوژیش، بەڵام وەك ئەوان ئاماژەی پێدەدەن هیچیان بە ئەندازەی داعش زیانی لێنەداون و رۆژی 3ئابی 2014 وەك ڕەشترین رۆژی وەك ئەورۆژەیان نەبینیوەو نەبیستووە.


رۆژی 3/8/2014 هێزێكی داعش كە ژمارەیان هێندە نەبوو، بەرەو قەزای شنگالو شێخان بەڕێ كەوتن، بە پێی سەرچاوە مەیدانیەكان و گێرانەوەكانی دوای ڕووداوەكە ئەو هێزەی كە لەو ناوچەیە بوو بە بێ هیچ بەرگرییەك  پاشەكشەی كردو وەك دەگوترێت بە بێ تەقە ناوچەكە كەوتە ژێر دەستی چەكدارەكانی داعش، ئەوەی كە نەدەبوو ڕووبدات ڕوویدا، هەزاران هاوڵاتی ناوچەكەیان بەجێهێشت و سەدانی تر تواناو وبواری ئەوەیان نەبوو لەبەر ئەو هێرشە هەڵبێن، وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن هەزاران ژن و منداڵ و پیرەپیاو كەوتنە بەردەستی هێزەكانی داعش و وەك خۆشیان ئاماژەیان پێدەدەن ژمارەی دەستگیركراوەكان زیاتر بوو لە 5 هەزار كەس كە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.

بە پێی ڕاپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو ژمارەیە 3هەزاریان كچ و ژنی ئێزدییەكان بوون و بە پێی وتەی ئەوانەی كە ئازادبوون یان خۆیان دەربازكردووە بازرگانییان پێوەكراوەو وەك دەگوترێت چەكدارەكان بۆخۆیان حەڵاڵیان كردوون و كردوونیان بە هاوسەری خۆیان و هەندێكیشیان باسیان لەوە كردووە كە دەستدرێژییان كراوەتە سەر.

ئەوانەشی كە ئاوارەبوون و ڕوویان لە چیای شەنگال كردو دواتر لەنێو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و شارەكان نیشتەجێ كران، دۆخی نالەباری ژیانیان نەك هەر ئاسایی نەبوویەوە بەڵكو یادگارییەكانی رۆژانی نێو چادرگەكانیش بووە خەمی سەرخەمەكان و دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعشیش هێشتا خەڵكی ئەو ناوچەیە  نەگەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان بە باشتر دەزانی بەو پێیەی كە شەنگال جگە لە وێرانەیی لە چەند لایەكەوە باجی سیاسی و ململانێكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە لایەك و لە لایەكی دیكەشەوە باجی ململانێكانی نێوان پارتی و پەكەكەی داوە، هەربۆیە وێرانەیی خاك و خەڵكەكەی بەردەوامی هەبووەو تا ئێستاش درێژەی هەیە، ئەوەی كە هەیە زیانەگەورەكەیە بۆ شەنگال وشەنگالییەكان.


دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعش و گەڕانەوەی بەشێكی كەمی ئێزدییەكان بەڵام كێشەی دیكەی بەدوادا هاتووەو ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان بوو كە بریتی بوون (یەبەشە-  یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال) و (یەژەشە- یەكینەكانی ژنانی شەنگال)بوو كە وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن ژمارەیان زیاتر بووە لە 5 هەزار چەكدار كە بەشێكی زۆریان لەخەڵكی ناوچەكە پێكهاتووەو لەناوچەكەو چیای شەنگالدا خۆیان قایمكردووە. ئەوان بۆ پاراستنی ناوچەی خۆیان بژاردەی پەكەكەیان بەگونجاوتر زانیوە هەرچەندە نیگەرانی زۆری پارتی لێكەوتووەتەوە، ئەمەریكیەكانیش پەكەكەیان وەك هێزێكی تیرۆرستی و نایاسایی لەقەڵەم داوە، لەلایەكی دیكەشەوە پارتیش بیانووی بۆمبارانی ناوچەكە لە لایەن توركیاوە بۆ هەبوونی ئەو هێزانەی لەناوچەكەدا دەگەڕاندەوە.

هەرچەندە زۆربوونی ژمارەی چەكدارەكانی پەكەكە لە ئەنجامی نەمانی داعش و نەبوونی دەسەڵاتی ناوەند وهەرێمی كوردستان لێكدەدرایەوە، بەڵام بێئومێدی خەڵكیش لە هەردوو لایەنی هەرێم و ناوەند شتێكی كەم نەبوو، لە ڕووی حیزبیشەوە نیگەرانی زۆریان لە هێزەكانی پارتی و یەكەكانی هەشتای سەر بەو حیزبە بوو كە پشتیوانییان نەكردن و بە مۆڵی ڕادەستی چەكدارەكانی داعشیان كردن.

هەرچەندە شەنگال و شێخان (زێدی ئێزدییەكان) لەڕووی ئیدارییەوە سەربە پارێزگای موسڵە، بەڵام لە بنەڕەتدا خاكی هەرێمی كوردستانە، ئەوەش خاڵێكی ناكۆكی گرنگی نێوان هەرێم و بەغدایەو لەنێو مادەی 140ی دەستووری عێراقدایە، هەرێمی كوردستان لەژێر سایەی دوو حیزبی دەسەڵاتداردایەو بەپێی دابەشبوونەكانی هەرێمی ئەو ناوچەیە لە ژێردەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بووە هەربۆیە هەر گلەیی و لۆمەیەك بۆ بەجێهێشتنیان بێتە ئاراوە ڕوو لە پارتی دەكات.


كاتێكیش هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوناوچەیە پاشەكشەی كرد، هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆشاییەكەیان پڕكردەوە، لەسەرەتاوە كاریان لەسەر ئەوە دەكرد چۆن بتوانن ڕێگەیەك بۆئەو ئێزدییانە بكەنەوە كە لەژێردەسەلاتی داعشدا بوونو لە ژێر دەسەڵاتی خۆشیاندا دەستیان بەدروستكردنی ئەو هێزانە كردوو لەماوەیەكی زۆر كەمدا ژمارەیەكی زۆر كۆبكەنەوە، بۆ چەكدارە پیاوەكان یەبەشەو بۆ ژنەكانیش یەژەشە دروستبكەن و پاشان ئەنجوومەنی دیموكراتی سەربەخۆ لە شەنگال دروست بكەن و لە هەمان كاتیشدا حیزبی ئازادی و دیموكراتی ئێزدییەكان دروست بكەن.

هەركە پەكەكە ئەو كارانەی ئەنجامدا پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتەوە خۆی و لەڕێگەی شێخی ئێزدییەكان و پێشمەرگە دێرینەكانەوە بەفەرماندەیی قاسم شەشۆ دەستیان پێكردەوە، لێرەوە كۆمەڵگەی ئێزدیی و ناوچەكە كەوتەوە بەردەمی كەرتبوون، بەڵام هەموو لایەنەكان كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە كاری سەرەكییان بۆ ئەوەیە داعش لەوناوچەیە بكەنە دەرەوە، هەربۆیە بەپشتیوانی هێزی هاوپەیمانی و داوی هەوڵێكی بێشوومار لە لەسەرەتای مانگی  تشرینی دووەمی 2015 دا شەنگال و ناوچەكە لە چەكدارانی داعش پاككرایەوە.

هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختیان لەسەر مانەوە دەكرد لەناوچەكەو پەكەكەش خۆیان بە خاوەنی ناوچەكە دەزانی و زۆرینەی ڕەهای چەكدارە ئێزدییەكانیشی لەگەڵ بوو، هەربۆیە ئەوە بووە دەروازەیەكی گەورە بۆ دەركەوتنەوەی ناكۆكییەكانی نێوانیان و ناكۆكییەكانیشیان لە میدیا و سۆشیاڵ میدیادا بە چڕیی ڕەنگی دابوویەوە.
وێستگەیەكی دیكەی شنگال ڕووداوەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو لە 25/9/2017 و دواتر 16ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی عێراق –حەشدی شەعبی- گەڕایەوە زۆرینەی ناوچەكە، بەڵام ئەوەی كە جێگەی سەرنج بوو پەیوەندییەكانی نێوان حەشدی شەعبی و پەكە زۆر باشتر بوو لە پەیوەندییەكانی نێوان پەكەكەو پارتی. ئەم هۆكارەش ئەوەندەی تر بووە هۆی دوورخستنەوەی پارتی لەناوچەكەو كەمبوونەوەی دەسەڵات و جەماوەریان.

بوونی هێزەكانی پەكەكە لە قەندیل دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابووردوو بە پێی ڕێككەوتنێكی نێوان سەركردایەتی ئەو كاتی ئەو حیزبە لەگەڵ ڕژێمی بەعس و نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی سنووری قەندیل، لەو رۆژەوە تا ئێستا بوون و مانەوەیان لەوناوچەیە بە هەرێمی میدیا بەناوبانگەو تا ئێستاش حوكمداریی ئەو ناوچەیە دەكەن  كە ڕووبەرێكی فراوانە. لە دوای 2015ەشەوە شەنگال ناونراوە قەندیلی دووەم و بووەتە پشتیوانێكی گەورە بۆ پەكەكەو كەمبوونەوەی فشار لەسەریان.
ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی توركیاو وەك سەرچاوەكان باسیدەكەن لە هەردانیشتن و بەریەككەوتنێكی پارتی وتوركیا باسی قەندیلی دووەم كراوە.


توركیا تەنها فشاری لەسەر هەرێم دروست نەكردووە بۆ چۆڵكردنی قەندیلەكان، بەڵكو بەردەوام فشاری لەسەر عێراقیش هەبووە و لە هەر سەردانێكدا ئەو بابەتانە هاتووەتە پێشەوەو لەگەڵ ئەوەشدا هەركات باس لە كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە خاكی عێراق –هەرێمی كوردستان- كرابێت، ئەوانیش بیانووی هێرشكردنە سەر توركیایان لە لایەن پەكەكەوە باسكردووە، هەربۆیە جۆرێك لە بێدەنگی لەبەرامبەر كشانەوەی هێزەكانی توركیادا هەڵبژێردراوە بە پێچەوانەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كە رۆژ نییە لەبارەیانەوە قسەیەك نەكرێت و لێدوانێك نەدرێت.

پارتی و توركیا بە شێوەیەكی سەرەكی و بەشێكی عێراقیش كۆك بوون لەسەر ئەوەی هەرچییەك بكرێت ڕێككەوتنێك بۆ دوورخستنەوەی پەكەكە لە شەنگال بكرێت و قەندیلی دووەم كۆتایی پێبهێنن، هەربۆیە لە 9/10/2020 دا لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیدا ڕێككەوتنی شنگال واژۆكرا، بەپێی ئەو ڕێككەوتن نامەیە كە لەچەند بڕگەو مادە پێكهاتووە كۆتایی بە دەسەڵاتی پەكەكە لەناوچەكەدا دێت، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێككەوتنە نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوەو وەك سەرچاوەكان ئاماژەی پێدەكەن بەشێك لە چەكدارانی حەشدی شەعبی لەو چەكدارانە پێكهاتوون كە نزیكن لە پەكەكەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە مەترسی بۆسەر شنگال دێتە ئەژمار.

دوای ڕێككەوتنەكەش ناكۆكی و ئاڵۆزییەكان لە نێوان پارتی و پەكەكەدا بەرەو هەڵكشان ڕۆشتووە، پارتی باس لەوە دەكەن بەرپرسی ئاسایشی سەرزێری لە پارێزگای دهۆك –غازی ساڵح- لەلایەن پەكەكەوە كوژراوە، ئەنجوومەنی ئاسایشیش لە 26/10/2020 دا 12 ئەندامی پەكەكەی ڕاگەیاند بە بیانووی ئەوەی -گوایە- ویستوویانە لە هەولێر هێرش بكەنە سەر نوێنەرایەتی وڵاتان، پارتی پەكەكەی بە تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی هەرێم لەناو خاكی توركیا تاوانبار كردلەنزیك پارێزگای ماردینی باكووری كوردستان و زیانی سەد ملیۆن دۆلاری خستە سەر پەكەكە، دواتریش لوغمێكی پەكەكە دوو پێشمەرگەی لەنویك دهۆك كردە ئامانج و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا و بەوەش هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوخۆیی نزیك بوو.

گەرچی حكومەتی ناوەندی پۆلیسی ئیتیحادی نادرووەتە شنگال بۆ ئەوەی ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن، بەڵام قادر قاچاخ بەرپرسی پارتی ڕایگەیاندووە كە پاشەكشەی پەكەكەو هێزەكانیان جگە لە شانۆگەرییەك هیچی دیكە نییە، ئەوان تەنها چەند شوێنێكیان چۆڵكردووە بۆ ئەوەی وای نیشان بدەن كە ناوچەكەیان چۆڵكردووە. ئەگینا بەهیچ شێوەیەك ڕێككەوتنەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.


كێشەی شنگال كێشەیەكی لە مێژیینەیە لەسەردەستی پاشاواتەكانی مووسڵ و دیاربەكرو تەنانەت میرە كوردەكانیش لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەكاندا چەوسێنراونەتەوەو چەندین جار تاڵان كراون. لەسەردەمی حكومەتی نوێی عێراقیش دا لەژێر یاسای –اصلاح زراعی-دا 1996 چەوسێنراونەتەوەو دواترین كێشەیان هاتنی داعش بوو بۆ ناوچەكەیان و تا ئێستاش ئەو كێشەیە بەردەوامی هەیەو سەدان هاوڵاتی ئێزدی لەنێوان مان و نەماندا هەواڵیان نییەو زۆرینەیان ئەو كچ و ژنانەن كە داعش كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردوون.

گەرچی مێژووی حیزبە كوردییەكان پڕیەتی لە شەڕی ناوخۆو هەزران كەس لەو شەڕانەدا كوژراون و هەردوو حیزبی ناكۆك –پارتی و پەكەكە- بەشێكی سەرەكی ئەو شەڕە بوون، بەڵام  پارتی باس لەوە دەكات شەری كوردكردن حەرامە، لەگەڵ ئەوەشدا باسیان لەوە كردووە ئەگەر پەكەكە لە شنگال نەكشێتەوە بژاردەی تریان دەبێت، بەڵام پەكەكە لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوامن و تا ئێستاش لەوناوچەیەدا ماونەتەوە.

سەرەڕای وێرانی ناوچەكەو قوربانییەكی زۆری ئێزدییەكان و هەڵوەشاندنەوەی سەرخان و ژێرخانی ئەو ناوچەیە، بەڵام نە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و نە هەڕەشەكانی پارتی و توركیا، تا ئێستا نەیانتوانیوە قەندیلی دووەم كۆتایی پێبهێنن، ئەوەی ماوە ناوچەیەكی وێران و بێخزمەتگوزاریی و خەڵكێكی قوربانی لەنێوان ململانێكاندا.