ڕاپۆرتی کوردستانی

11:27 - 27/12/2020

هاووڵاتیان تا چەند بڕوایان بە کاریگەری هەڵبژاردنەکان هەیە؟‌

پەیسەر

لە دوای 2003وە تاوەکو ئێستا، چوار هەڵبژاردن لە عێراقدا ئەنجامدراوە و وابڕیارە حوزەیرانی 2021 پێنجەمین هەڵبژاردن وەک هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن خەڵک زیاتر لە هەڵبژاردنەکان بێهیوا دەبێت، بە جۆرێک بەگوێرەی ڕاپرسیەک لە ئێستادا هەڵبژاردن بە دووەم بژاردە دادەنرێت بۆ هەبوونی کاریگەری خەڵک لە بریارەکانی وڵاتدا.

بە گوێرەی ڕاپرسییەک کە لەلایەن ئەلموستەقیلە بۆ لێکۆڵینەوە (IIACSS) وە ئامادەکراوە و ناوەندی بینین بۆ لێکۆڵینەوە (CISR)ی سەر بەئینستیتۆی  کۆماری نێودەوڵەتی  چادێری کردووە، هەڵبژاردن وەک دووەمین هەڵبژاردەی کاریگەر دانراوە لەلایەن هاووڵاتیانەوە و خۆپیشاندان جێگەی بە متمانەی خەڵک بە هەڵبژاردن لێژکردووە.

راپرسیەکە لە  28ی ئاب بۆ 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجامدراوە  و 3070 کەس لە سەرتارسەری عێراق و لە گشت نەتەوەکاندا بەشداریان تێدا کردووە.
لە ڕاپرسییەکەدا ، عێراق کراوە بە چوار هەرێمەوە ئەوانیش هەرێمەکانی " کوردستان، ناوەند، بەغداد و باشوور"ن.


هاووڵاتیان ناویان تۆمار کردووە
بە گوێرەی ڕاپرسییەکە 76٪ بەشداربووان ناویان تۆمارکردووە و  بەتەمەنەکانیش زۆرترین ڕێژەی ناوتۆمارکراوان پێکدەهێنن و ڕێژەکەیان دەگاتە 91٪.
هەرێمی کوردستان زۆرترین ڕێژەی ناوتۆمارکردنی تێدایە بەڕێژەی 88٪،  و هەرێمی ناوندیش بە ڕێژەی  72٪ کەمترین ڕێژەیە. هەرچی  بەغداد ڕێژەی 74٪ و هەرێمی باشوریش ب 76٪ بەشداربووانی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ هەڵبژاردنەکان.

کارتی بایۆمەتری دەنگدان
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا کارتی بایۆمەتری دەنگدانت هەیە؟"،  ڕێژەی 75٪ بەشداربووان بە "بەڵی" وەڵامیان داوەتەوە و  تەنها 25٪ بەشدرابووان وەڵامەکەیان "نەخێر" بووە.
بە گوێرەی هەرێمەکانیش، لەمەشیاندا هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 87٪ لە پلەی یەکەمدایە بۆ هەبوونی کارتی بایۆمەتری دەنگدان و هەرێمەکانی دیکەش بەمجۆرەن "سەنتەر 75٪، بەغداد 73٪ و باشوریش 72٪".

بەتەمەنەکان  بە ڕێژەی 84٪ و پاشان ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 36 بۆ 55 ساڵێدایە بە ڕێژەی 83٪ کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و کەمترین ڕێژەش گەنجانە کە ئەم کارتەیان هەبێت بە ڕێژەی 70٪.

بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا
یەکێکی دیکە لەو پرسیارانە ڕووبەڕووی باشدرابووان کراوەتەوە ئەوەیە کە "  تاچەند ئەگەری  هەیە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەیت؟"، بەگشتی تەنها 34٪ ی بەشداربووان  بە ئەگەری زۆرەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن و 27٪ ئەگەری هەیە بەشدار بکەن، 27٪ ی دیکەش خۆیان یەکلای کردۆتەوە کە بەشداری ناکەن ،11٪ بەشداربووان ئەگەری ئەوەیا داناوە بەشدار نەکەن و 1٪ یش  هێشتا خۆیان یەکلای نەکردۆتەوە .

 ئەگەرچی هەرێمی کوردستان لە هەبوونی کارتی بایۆمەتری دەنگدان و ناوتۆمارکردندا لە پێشەوەی هەرێمەکانی دیکەوە بوو، بەڵام  تەنها 24 ٪ بەشداربووانی هەرێم بەئەگەرێکی زۆرەوە بەشداری هەلبژاردنەکان دەکەن و 37٪  ئەگەری هەیە بەشدار بکەن، 21٪ خۆیان یەکلای کردۆتەوە کە بەشدارنابن ، 12٪ ئەگەری ئەوەیان داناوە بەشداری نەکەن و 6٪ بەشداربووانی هەرێمی کودستانیش، هیشتا خۆیان یەکلای نەکردۆتەوە.

خەڵكی ئاسایی کاریگەریان نییە
44٪ بەشداربووانی راپرسییەکە پێیان وایە خەڵکی ئاسای کاریگەری نییە لە بڕیارەکانی وڵاتدا، تەنها 13٪  لەگەڵ ئەوەدان بە ئەگەری زۆرەوە خەڵکی ئاسای کاریگەریان هەیە لە بڕیارەکانی عێراقدا، 23٪ یش پێیان وایە رەنگە خەڵکی ئاسای کاریگەری هەبێت و، 17٪ ئەگەری کاریگەرنەبوونی خەڵکی ئاساییان هەڵبژرادوە و تەنها 2٪ دەنگی خۆڵەمێشی بوون لە ئەگەری کاریگەری خەڵکی ئاسای لە بڕیارەکاندا.

گەنجان توڕەن و خۆپیشاندان بە چارەسەر دەزانن
بەگشتی 54٪ بەشداربووان پێیان وایە لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە کاریگەریان دەبێت لە بڕیارەکاندا و گەنجانی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵیش 56٪ ی ئەو ڕێژەیە پێکدەهێنن، کە پێیان وایە خۆپیشاندان وادەکات خەڵک کاریگەری هەبێت لە بڕیارەکانی عێراقدا.


پاش خۆپیشاندان، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک دووەم بژاردە بۆ کاریگەری خەڵکی ئاسایی لە بڕیارەکاندا دانراوە. بەگشتی 39٪ وەک دووەم بژاردەی دادەنێن و گەنجانیش 37٪  پێکدەهێنن و کەسانی سەروو  35 ساڵیش 42٪ بەشداربووان  دەگرنەوە.

کۆمسیۆنێکی بێ متمانە
تەنها 6٪ بەشداربووان، تارادەیەکی زۆر بروایان بە توانای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەیە بۆ بەڕیوەچوون و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و 54٪ بەهیچ جۆرێک متمانەیان بە توانای کۆمسیۆن نییە. 20٪ تارادەیەک بروایان بە توانای کۆمسیۆن نییە و 17٪ یش تارادەیک بڕوایان بە توانای کۆمسیۆن هەیە. 2٪ بەشداربوانیش خۆیان یەکلانەکردووەتەوە لە بارەی توانای کۆمسیۆنەوە.
بە گوێرەی ڕاپرسییەکە، 1٪ بەشداربووانی هەرێمی کوردستان  متمانەی تەواویان بە توانای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەیە بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و 51٪  هیچ متمانەیەکیان بە توانای کۆمسیۆن نییە. 22٪ تارادەیەک بروایان بە توانای کۆمسیۆ نییە و 14٪ تارادەیەک بروایان بە تواناکانی کۆمسیۆن  هەیە. 13٪ بەشداربووانی هەرێمی کوردستانیش خۆیان یەکلا نەکردۆتەوە لەبارەی توانای کۆمسیۆنی هەڵىژاردنەکانەوە بۆ چاودێری و بەڕیوەبردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

بەشداریکردنی پارتی نوێ لە هەڵبژاردنەکاندا
بەگشتی 48٪ حەزدەکەن پارتی نوێی سیاسی بێنە ناو هەڵبژاردنەکانی داهاتووە، 27٪ لەگەڵ بەشداریکردنی ئەم پارتانەی ئێستان و 25٪ یش بێ لایەنن لە بەشداریکردنی پارتی نوێدا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، 23٪ بەشداربووان لەگەڵ بەشداریکردنی پارتی نوێی سیاسیدان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا و  13٪یش ڕازین بە بەشداریکردن بەم پارتانەی ئێستا و زۆرترین دەنگی خۆڵەمێشی و بێلایەنیش سەبارەت بە پارت نوێ لە هەڕێمی کوردستاندایە بەڕێژەی 64٪.