ڕاپۆرتی کوردستانی

12:17 - 24/12/2020

هەوڵێكی نوێ‌ بۆ بە هەرێمكردنی كەركوك‌

پەیسەر

جارێكی دیكە پێشنیاری بە هەرێمكردنی كەركوك دەكرێت و رێكخراوەكان و چالاكان و بەشێك لە رۆشنبیرانی پارَزگاكەش یەكەم هەنگاوی پراكتیكییان بۆ بەهەرێمكردنی كەركوك دەستپێكرد و بە وتەی خۆیان سەرجەم حكومەتەكان كەركوكیان پشتگوێ‌ خستووە و دەیانەوێت چیتر خەڵكی پارێزگاكە خۆیان چارەنوسی خۆیان دەستنیشان بكەن.

هەرێمی كەركوك
 بەشێك لە ڕۆشنبیران، چالاكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كەركووك، دەستەی بە هەرێمكردنی پارێزگاكەیان راگەیاند.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەستەكە ڕاگەیەندراو و پێشناری هەرێمێكی سەربەخۆی بۆ كەركووك كرد و هەر لە كۆنگرەكەشدا ئاماژەیان بەوەدا، كەركوك لەلایەن سەرجەم حكومەتەكانی پێشووەوە پشتگوێ خراوە و دەیانەوێت خۆیان چارەنووسی پارێزگاكەیان دەستنیشان بكەن.

هەڵوەرینی كورد لە كەركوك
لە درێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كورد و بە درێژایی 17 ساڵی رابردووی هاوبەشی كوردیش لە بەغداد بەردەوام ناوی كەركوك تایتڵی كێشەیەكی گەورە بووە، كێشەیەك كە كورد هەمیشە وجودی خۆی بەستووەتەوە بە كەركوكەوە، بەڵام زۆر بە سانایی دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر كورد لە كەركوك هەڵوەرێندرا.
بە داتا كورد لەدوای 16 ئۆكتۆبەر نزیكەی 40 پۆستی لە كەركوك لێسەندرایەوە

یەك پۆستی پارێزگار
سێ‌ پۆستی قائیمقام
ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی كەركوك
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی كەركوك
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوك
بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراكی كەركوك
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك


مادەی 140 چی تێدایە؟ 
دەستووری عێراق مادەی 140ی وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی  نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگا دراوسێكانی ( نەینەوا ، دیالە و سەڵاحەدین ) دەستنیشان كردووە.
مادەكە میكانیزمی سێ قۆناغی دەستنیشان دەكات : یەكەمیان ئاساییكردنەوەیە ، واتە چارەسەری گۆڕانكاری دیمۆگرافیای كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان، دووەمیش سەرژمێری لەو ناوچانە ، دواهەمینیش ڕاپرسییە بۆ دیاریكردنی ئەوەی دانیشتووانەكەی دەیانەوێت سەر بە هەرێمی كوردستان بن یان حكومەتی عێراق و پێویست بوو ئەم قۆناغانە پێش 31 ی كانونی یەكەمی 2007 ئەنجام بدرانایە.