ڕاپۆرتی کوردستانی

11:53 - 24/12/2020

عێراق دەیەوێت لەرێگەی چەند لیژنەیەكەوە چاودێری هەرێمی كوردستان بكات‌

پەیسەر

حكومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی دروستكردنی چەند لیژنەیەكەوە بە تەواوی چاودێری مووچەخۆر و نەوت و داهاتی هەرێمی كوردستان بكات و یەكەم نوسینگەی چاودێری خاڵە سنورییەكانیش لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

لیژنە و چاودێری
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر كە لە سەرچاوەی تایبەتەوە چ لە بەغداد و چ لە هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، لە ئێستادا داواكاری حكومەتی عێراق لە هەرێمی كوردستان تەنها رادەستكردنی دۆسێی نەوت نییە، بەڵكو داوایان كردووە چەند لیژنەیەك دروستبكرێت بۆ چاودێری داتا و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو رێژانەی كە دەبێت بۆ حكومەتی ناوەندی بگەڕێندرێنەوە، بەڵام تا ئێستا هەرێمی كوردستان بڕیاری لە جێبەجێكردنی ئەو داوایەی حكومەتی عێراق نەداوە.

لیژنەكان چین؟
زانیارییەكانی پەیسەر دەریدەخەن كە حكومەتی عێراق دەیەوێت چەند لیژنەیەك دروستبكات و رەوانەی هەرێمی كوردستانیان بكات كە لیژنەكان چەند ئەركێكیان هەیە وەك:-
لیژنەیەك بۆ ساغكردنەوەی ژمارەی راستەقینەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان
لیژنەیەك بۆ چاودێری داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.
لیژنەیەك بۆ چاودێری پاڵاوگەكان و هەناردە و بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لیژنەیەك بۆ خاڵە سنورییەكان.

 
هەروەك حكومەتی ناوەندی داوای كردووە كە هەرێمی كوردستان هەم هەماهەنگی بكات بۆ دروستكردنی لیژنەكان و هەم هاوكارییان بكات لە پێدانی زانیاری و داتاكان، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری نەداوە كە رێككەوتن بكات لەبارەی دروستكردنی ئەم لیژنانە.

نوسینگەی دەروازە سنورییەكان
دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆك وەزیران ، دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق نوسینگەیەك لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، سەرۆكی دەستەكەش دەڵێت: كردنەوەی نوسینگەكە بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و و رێگەگرتن لە هاوردەكردنی هەربابەتێكە كاریگەری بكاتە سەر جوتیاران و خاوەن كارگە پیشەسازیەكان.
عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق رایگەیاند، دەستەكە دەیەوێت نوسینگەیەك لەهەرێمی كوردستان بكاتەوە، دوای ئەوەی رەزامەندی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا نوسراوێك ئاڕاستەی هەرێمی كوردستانكراوە بۆ كردنەوەی نوسینگەكە و چاوەڕوانی وەڵام دەكەن بۆئەوەی كارمەندانی دەستەی دەروازە سنوورییەكان بچن بۆ هەرێمی كوردستان.
عومەر وائیلی راشیگەیاند، مەبەست لەچوونی ئەو كارمەندانە بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی‌ و ڕێگەگرتن لە ‌هاوردەكردنی هەر بابەتێك كاریگەری بكاتە سەر جووتیاران و خاوەن كارگەكان، لەپاڵ یەكخستنەوەی ڕۆژ ژمێری كشتوكاڵی و ڕێگەگرتن لە هاوردەكردنی هەر كاڵایەكی قەدەغەكراو لەدەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەگەرچی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لە ساڵی 2015ەوە رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەبن، بەڵام لەم چەند مانگەی رابردوودا و لەم وەرزەی گفتوگۆكاندا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی فەرمی دروستكردووە و چەندین سەفەری بەغدادیان كردووە لەم چەند مانگەدا، 12 لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغداد گەڵاڵە كراوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی لێ‌ بەرهەم بهێنرێت.
ئەوەشی كە هەبووە تا هەنوكە كە بەغداد بڕی 320 ملیار دیناری مانگانەی ناردووە پشتی بە رێككەوتنێكی تەلەفۆنی زارەكی نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەستووە، هەربۆیە ئەم لێكتێگەیشتنەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەكرێت دەبێتە لێكتێگەیشتنی ژمارە 13 و هیچ گرەنتییەك نییە لە لێكتێگەیشتنەوە بگۆڕێت بۆ رێككەوتنێكی رەسمی كە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت كێشەكان چارە بكات.