ڕاپۆرتی کوردستانی

04:00 - 23/12/2020

هەولێر و بەغداد نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و هەرێم داوای شاهیدی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات‌

پەیسەر

دوای دوو هەفتە مانەوە لە بەغداد، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە بۆ هەولێر، ئەوەی هەیە تەنها لێكتێگەیشتنێكی تیۆرییە و نیشاندانی خواستی هەردولایە تا لەسەر پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 رێكبكەون، بەبێ‌ ئەوەی هیچ نەخشەرێگایەكی رێككەوتن و هیچ میكانیزمێك دەستنیشان بكرێت، بە بڕوای چاودێرانیش رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق تەنانەت ئەگەر كۆنكرێتیش بێت هیچ گرەنتی نییە چونكە پرۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمان و لەمپەڕی سیاسی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت، چ جای هیچ رێككەوتنێك واژۆ نەكرابێت.

چی روویدا
دوو هەفتە لەمەوبەر، بە دیاریكراوی رۆژی 9ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە پرێس كۆنفرانسێكدا كە پەیسەر ئامادەی بوو وتی: لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە شاندی دانوستاندنكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغداو گفتوگۆ لەبارەی كێشەكان بكات.
وتیشی: هیچ بیانوویەكمان نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق بگەینە رێككەوتن، كێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە، ناسنامە، خاك، دەستوور و مافە رەواكانی گەل ئەوانە كێشەن، تاوەكو ئێستا زەویی جوتیارانی كوردستان داگیردەكرێت، دەبێ ئەوانە بووەستن. ئێمە هەوڵمانداوە هەموو ئەو ئەركانەی لەسەر شانی هەرێمە جێبەجێیان بكەین، بەڵام ئەمە دوو لایەنەیە و دەبێ حكومەتی عێراقیش جێبەجێیان بكات.
ئێوارەی هەمان رۆژ، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران گەیشتە بەغداد و لەماوەی دوو هەفتەش مانەوە و چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق و بەشێك لە پەرلەمانتاران و سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق و تەنانەت كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتییەكان و چەندین بەرپرسی سیاسی عێراق، شەوی رابردوو وەفدەكە گەڕانەوە هەولێر بەبێ‌ ئەوەی هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ عێراقدا واژۆ بكەن و ئەوەی هەیە تەنها ئەوەندەیە كە لێكتێگەیشتنی هاوبەش هەیە یان دروستتر بوترێت خواستی هاوبەش هەیە بۆ رێككەوتن لەبارەی بودجەی 2021 كە ئێستا لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی یان نەخشەرێگایەكی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە واژۆكرابێت.

قوباد تاڵەبانی: 2021 ساڵێكی قورس دەبێت
دوای گەشتە دوو هەفتەییەكەی و زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە بەغداد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كە سەرۆكی وەفد بوو لە لێدوانێكی میدیایدا وتی: بەغداد داوای داهاتی نەوتی و نا نەوتی لە هەرێمی كوردستان دەكات و گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبێت و شكستمان نەهێناوە.
وتیشی: بێگومان ساڵی 2021 ساڵێكی قورس دەبێت و پێویستمان بە كاری هاوبەشە و هەوڵ دەدەین پێش سەری ساڵ بگەینە رێككەوتن.

پەرلەمانتارێك: رێككەوتن نەكراوە
دوای پرێس كۆنفرانسەكەی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی قوباد تاڵەبانی دەكات‌و دەڵێت: بەڕاستی ئەوەی گوێی لەكۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكەی جێگری سەرۆكی حكومەت بوبێت، دەزانێت‌و تێدەگات نە ڕێكەوتن كراوەو نە لەپەرلەمانیشدا ئەو بڕگانەی بودجە تێدەپەڕن بەو شێوەی كەهاتوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە
ئەمرۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی وەفدی حكومەت كە لە بەغداد گەڕابوونەوە كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت وتویەتی: هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانمان نابین، بەداخەوە بابەتی مووچە و شایستە داراییەكان، كراوەتە كارتێكی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان . 
سەرۆك وەزیران داواشی كرد كە نەتەوە یەكگرتووەكان، وەك لایەنی سێیەم لەمەودوا بەشدار بێت لە دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ماف و ئەركەكانی هەر لایەك دیاربێت.

لێكتێگەیشتن نەك رێككەوتن
ئەگەرچی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لە ساڵی 2015ەوە رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەبن، بەڵام لەم چەند مانگەی رابردوودا و لەم وەرزەی گفتوگۆكاندا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی فەرمی دروستكردووە و چەندین سەفەری بەغدادیان كردووە لەم چەند مانگەدا، 12 لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغداد گەڵاڵە كراوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی لێ‌ بەرهەم بهێنرێت.
ئەوەشی كە هەبووە تا هەنوكە كە بەغداد بڕی 320 ملیار دیناری مانگانەی ناردووە پشتی بە رێككەوتنێكی تەلەفۆنی زارەكی نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەستووە، هەربۆیە ئەم لێكتێگەیشتنەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەكرێت دەبێتە لێكتێگەیشتنی ژمارە 13 و هیچ گرەنتییەك نییە لە لێكتێگەیشتنەوە بگۆڕێت بۆ رێككەوتنێكی رەسمی كە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت كێشەكان چارە بكات.

لەمپەڕی سیاسی
ئەگەرچی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات كە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق لێكتێگەیشتنی باشیان هەیە، بەڵام كێشەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانە و بەردەوام لە پەرلەمان لەمپەڕی بۆ دروستدەكرێت.
د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت: شاندی دانوستانكاری كورد لە بەغدا بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی ئەنجامی باشی لەسەر ڕێككەوتن لەبارەی بودجە بەدەستهێناوە لەگەڵ حكومەت، بەڵام ڕێككەوتنی سەرەكی و گرنگ لەگەڵ پەرلەمانە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە‌.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێك لە كوتلە سیاسییەكان رێگرن لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەسەرجەم مەرجەكانی حكومەتی فیدڕاڵ ڕازیبوە لەسەر هەناردەكردنی نەوت و داهاتی دەروازە سنورییەكان.
بە وتەی د. مەحمود عوسمان، حكومەتی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە، بەڵام ئەم بڕیارە لەلایەن هەندێك لە كوتلە سیاسییەكانەوە بە توندی رەتكراوەتەوە و داوادەكەن بەر لەناردنی پارە، هەرێمی كوردستان داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی خاڵە گومرگیەكانیان رادەستبكات، ئەمەش رێككەوتننامەكە تێكدەدات و دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم خراپتر دەكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە ئێستادا عێراق بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێت و لایەنە سیاسییەكان نایانەوێت لە سەروبەندی هەڵبژاردندا ببنە جەمسەر لە چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداد، پێیانوایە شەقامی عێراقی نیگەرانە لە هەرێمی كوردستان و پێیانوایە كە سوودی داهات و سامانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بووە.