ڕاپۆرتی کوردستانی

03:35 - 21/12/2020

یاسا چی لە سلێمان ھەڵشۆ دەکات؟‌

پەیسەر

دەیان ھاوڵاتی سکاڵایان ھەیە لەسەر سلێمان ھەڵشۆیی(ئەو بازرگانەی لە سنوریی پشدەر لەناکاو مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند)، خەڵکێکی زۆر کە مامەڵیان لەگەڵ سلێمان کردووە، داواکارن یاسا مافەکانیان بۆ بگێڕێتەوە کە پارەیان پێداوە، سلێمان ئێستا راگیراوەو لە زیندانە، بەپێی روونکردنەوەی ئاسایشی راپەڕین بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادان راگیراوە.      

مامەڵەکانی سلێمان

بەپێی گوتەی ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، سلێمان ئۆتۆمبێل یاخود ھەر شتێکی دیکەی لێ وەرگرتوون بە زیاد لە نرخی ئاسایی خۆی، بەڵام بە قیست و پاش ماوەیەک پارەی پێداون، دەڵێن پارەشی لێوەرگرتوون تا دوای ماوەیەک پارەیەکی زیاتریان پێداونەتەوە. 

سلێمان لە یاسادا

بۆ ئەوەی لە رووی یاساییەوە شیکاری دۆسیەکانی سلێمان و داواکاران بکەین، دەبێت سەرەتا ئەوە بڵێین، کە سکاڵاکان دابەش دەبن بۆ دوو جۆر، (سزایی و مەدەنی) سکاڵا سزاییەکان سەرەتا لای دادوەری لێکۆڵینەوەیە و دواتر ئەگەر بەڵگەی پێویستی تێدابوو ھەواڵە دەکرێت بۆ دادگای تایبەتمەند بۆ دادگاییکردنی، سەبارەت بە دۆسییە مەدەنییەکان لە دادگای بەرایی ئەو ناوچانە وەک داوای قەرز مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت.

داوای مەدەنی

ئەگەر خاوەن قەرزەکان سکاڵا تۆمار بکەن لە دادگای بەرایی بۆ گێڕانەوەی پارەکانیان، ئەوا بەپێی یاسای سەلماندن (ژمارە ١٠٧ی ساڵی ١٩٧٩) دەکەونە بەردەم دوو ئەگەر، ئەگەر سلێمان دان بنێت بەوەی کە ئەو پارانەی لایە یاخود نکوڵی دەکات .

لە حاڵەتی یەکەم کارەکە بۆ داواکاران ئاسانەو مافەکانیان دەسەلمێت، چونکە داوالەسەرکراو خۆی دانی ناوە بە مافەکەداو دادگا بڕیار دەدات بە گێڕانەوەی پارەکانی سکاڵاکاران، بەڵام لەم کاتەشدا نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە بەپێی یاسای جێبەجێکردن(ژمارە ٤٥ی ساڵی ١٩٨٠) بەپێی دۆخی دارایی قەرزار مامەڵە دەکرێت و پارەکە وەردەگیرێتەوە، ئەگەر جێبەجێکاری داد بۆی بسەلمێت کە توانای دانەوەی قەرزەکانی بە یەک بڕ نییە و ماڵ و موڵکی بە ناوەوە نییە ئەوا لەسەر ئەو توانا داراییەی کە قەرزار ھەیەتی بڕیار لە دانەوەی پارەکە دەدرێت بە شێوەی مانگانەو بە قیست، ئەمەش زۆر جار پارەیەکی کەمە و قەرزێکی زۆر بەم رێگایەک بە ئاسانی دەستناکەوێتەوە، 

گریمانەی دووەم ئەوەیە کە سلێمان لە بەردەم دادگا نکوڵی لە پارەکان بکات و رەتی بکاتەوە قەرزاری داواکاران بێت، لەم حاڵەتەدا دادگا داوا لە سکاڵاکار دەکات کە داواکەی بسەلمێنێت، سەلماندنی داواکەش یاخود بە سەنەدی رەسمی دەبێت (بەڵگەنامەی فەرمی) یاخود بە سەنەدی عادی (بەڵگەنامەی نافەرمی) دەبێت، بەڵگەنامەی فەرمی بەھێزەو قەرزەکە دەسەلمێنێت وەک ئەوەی قەرزارو خاوەن قەرز پێشتر نوسراویان لەنێوان ھەبووبێت و نوسراوەکەشیان لە دادنوس پەسەند کربێت، بەڵام ئەو سەنەدانەی کە بڵاو دەکرێنەوە گوایە بەڵگەی مامەڵەی نێوان سلێمان و خەڵکانێکن کە شتیان پێفرۆشتووە، مەرجەکانی بەڵگەنامەی نافەرمیشی تێدا نییە.

بەوپێیەی ناوەرۆکی حەقەکە روون نییە و نەنوسراوە کە کێ قەرزارەو کێ دەبێت پارەکە بە کێ بداتەوە، بەڵگەنامەی نافەرمی دەبێت ناوەرۆکی روونی ھەبێت و بەندەکانی بەروونی خرابنەڕوو، جگە لەمەش شاھید لە بەڵگەنامەی نافەرمیدا رۆڵی گرنگ دەبینێت بۆ سەلماندنی واژۆی سەر بەڵگەنامەکە نەک بۆ سەلماندنی بڕی قەرزەکە، چونکە ھیچ کام لەو قەرزانەی بە سلێمان دراون بە شاھید ناسەلمێندرێن تەنھا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە قەرزەکان پارەی خزمە نزیکەکانی سلێمان بن، ئەگەرنا ئەم قەرزانەی ئێستا لە دادگا بە شاھید نا سەلمێندرێن.

بەم پێیە سەلماندنی پارەکان لە دادگای مەدەنی ھەروا ئاسان نییە، ئەگەر سلێمان نکوڵی لێ بکات، تەنانەت ئەگەر بشسەلمێندرێت و دادگا بڕیاری گێڕانەوەی پارەکان بدات، ئەوا دۆخی دارایی سلێمان بڕیار دەدات و پارەکان ساغ دەکاتەوە(دۆخی راستەقینەی دارایی قەرزار ئەگەرنا زانیاری بشارێتەوە لەسەر پارەو موڵکەکانی تاوانە).

سلێمان لە دادگای کەتن (سکاڵای سزایی)

ھەرچی سەبارەت بە سکاڵای سزاییە ئەوا مامەڵەکانی سلێمان زۆرتر پابەندە بە چوارچێوەی ماددەی ٤٥٦ی یاسای سزادان (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩) بەپێی روونکردنەوەی ئاسایشی راپەڕینیش سلێمان بەفەرمانی دادوەر بەو ماددەیە راگیراوە، ماددەکە تایبەتە بە وەرگرتنی پارەو سامان لە کەسێک بە فێڵکردن و ھەڵخەڵەتاندن.  

ھەر سکاڵاکارێک سکاڵای سزایی لەسەر سلێمان بکات، ئەوا داوا مەدەنییەکەی لە دادگای بەرایی رادەگیرێت تا یەکلابوونەوەی سکاڵا سزاییەکە، سکاڵای سزاییش دیسانەوە پێویستی بە سەلماندنی ناوەرۆکی سکاڵاکە ھەیە و دەبێت تاوانەکە بسەلمێندرێت، ھەر تاوانێکیش بۆ ئەوەی لەرووی یاساییەوە بێتەدی و بە تاوان ھەژمار بکرێت دەبێت دوو روکنی ھەبێت، روکنی ماددی و مەعنەوی واتە تاوانەکە روویدابێت وە ھەم نیەتی تاوانکار نیەتی تاوانیی بووبێت.

ئەم تاوانەی سلێمان کاتێک دەبێتە تاوان بۆ دادگا بسەلمێت کە بەرێگەی فێڵکردن ئەم پارەی وەرگرتووە بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی ٤٥٦، سەلماندنی ئەمەش کاری یاسایی خۆی دەوێت و وردەکاری خۆی ھەیە، ئەگەر تۆمەتبار نکوڵی بکات و بڵێت سکاڵاکاران خۆیان پارەیان ھێناوە تا کاری پێوە بکەن و وە دان بە پارەکەدا بنێت کە وەک قەرزێک لە ئەستۆیەتی، ئەوا لەم کاتەدا ئەگەری ھەیە ئاراستەی دادگا بەرەو ئەوە بڕوات کە رەگەزی تاوانی لە دۆسیەکەدا نییە بەڵکو تەنھا مافێکی مەدەنییەو دەکرێت لە دادگای مەدەنی داوای قەرزەکە بکرێتەوە، پێچەوانەی ئەمەش دەکرێت ھەر بەپێی ئەم بڕگە داواکار بسلەمێنێت کە فێڵی لێکراوەو دادگا بڕیار بدات بە تاوانبارکردنی سلێمان.

ئەگەر سلێمان بۆ وەرگرتنی پارەکە سیفەتی وەھمی بەکارھێنابێت وەک ئەوەی گوتبێتی کە بەڕێوەبەری فڵان کۆمپانیایە یاخود کارێکی بازرگانی دەکات کە لەراستیدا ئەو کارە نەکات و بۆ خەڵەتاندن ئەو ئیشانە باس بکات، ئەوە لە دادگا دەکرێت بڕیار بدات بە تاوانبارکردنی. 

سزای ئەم ماددەیە بەندکردنە، بەندکردنیش واتە لە سێ مانگەوە تا پێنج ساڵ، دەکرێـت چەندین دۆسیەی لەسەر ھەبن و ھەر دۆسیەیەکیش بڕیاری خۆی تێدا بدرێت ئەگەر لەرووی کات و شوێن و کەسەکانەوە جیاوازییان ھەبێت و تاوانێکی سەربەخۆ بێت لە تاوانەکانی دیکە. 

لە ھەر حاڵەتێک ئەگەر سکاڵا سزاییەکە لە دادگای سزایی سەلمێندرا ئەوا دەبێتە بیانوویی یاسایی بۆ سەلماندنی داوا مەدەنییەکەش. ئەگەر تاوانەکەش نەسەلمێندراو دادگا بۆی دەرکەوت فێڵ و خەڵەتاندن لە دۆسیەکەدا بوونی نییە و رەگەزی تاوانی نییە، ئەوا دەکرێت داواکاران پەنا بەرنە بەر دادگای مەدەنی.