ڕاپۆرتی کوردستانی

03:02 - 19/12/2020

ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت، ساڵی 2021 بەغداد چ لێپێچینەوەیەك دەكات؟‌

پەیسەر

رەشنوسی پرۆژەبودجەی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەكراوە و كۆپییەكی دزەی كردووە، بەپێی ئەو كۆپیەش كە وێنەیەكی دەست پەیسەر كەوتووە، ژمارەیەك خاڵی پرۆژەكە پەیوەستە بە بەشەبودجە و نەوتی هەرێمی كوردستان.

پرۆژەكە چی تێدایە؟
بەپێی ئەوەی لە پرۆژەی بودجەدا گریمانە كراوە، لە ساڵی 2021دا عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات و لەو بڕەش 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەی لە ئەستۆی هەرێمی كوردستانە.
هاوكات لە بودجەدا نرخی هەر بەمیلێك نەوت بۆ ئەو ساڵە بە 42 دۆلار خەمڵێندراوە و هەر دۆلارێكیش بە هەزار و 450 دینار بەراورد كراوە واتا (145.000) دینار بۆ هەر (100 دۆلارێك)، بەو پێیەش داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2021 بە 91 ترلیۆن و 790 ملیار و 155 ملیۆن و 429 هەزار دینار خەمڵێندراوە.
خەرجییەكانی عێراقیش لە هەمان ساڵدا بە 150 ترلیۆن و 50 ملیار و 918 ملیۆن و 543 هەزار دینار خەمڵێندراوە، بەوپێیەش لە ساڵی داهاتوودا عێراق بە قەرزەكانیەوە 58 ترلیۆن و 260 ملیار و 763 ملیۆن و 114 هەزار دینار كورتهێنانی دەبێت.

بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان

 لە یاسای بودجەدا چەند بڕگە و خاڵێكی پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك:-

یەكەم: پشكی هەرێمی كوردستان لە كۆی گشتی خەرجی فعلی دیاریدەكرێت بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك، وەزارەتی دارایی خەرجی دەكات بە رەزامەندی سەررۆكی حكومەت.

دووەم: دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەكۆی گشتی خەرجی فعلی بەكاربردن و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك.

سێیەم: شایستە داراییەكان لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2004 بۆ 2020 یەكلایی دەكرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی دەكەن.

چوارەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو رۆژانە لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ.

پێنجەم: هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی موچەی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2021 لەو پارەیەی لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 بۆی دیاریدەكرێت.

شەشەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان داتاكانی قەرز و پابەندبوونە داراییە كەڵەكەبووەكانی لە بودجەی ساڵانی 2014-2019 پێشكەشی وەزارەتی دارایی عێراق دەكات لەماوەی یەك مانگدا دوای پەسەندكردنی بودجە.

حەوتەم: حكومەتی عێراق پابەندە بە پێدانی كرێی گواستنەوەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە هەرێمی كوردستان.


تێبینییەكان لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان
رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بە چەند هاوپێچێكەوە ئامادەكراوە، یەكێك لە هاوپێچەكان تێبینییە یاساییەكانی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانە.
د. نەجیب شوكر مەحمود، سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیانی روونكردنەوەی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021دا كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بە رەسمی نوسیویەتی:-

یەكەم: هەرێمی كوردستان پابەندكراوە بە گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی، لەكاتێكدا تەواوی پارێزگاكانی تری عێراق پابەندن بە گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

دووەم: لەبارەی پاكتاوكردنی حساباتی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2020، روونی دەكەینەوە كە هیچ سەنەدێكی یاسایی نییە رێگە بە هەرێمی كوردستان بدات قەرز لە دەرەوە وەربگرێت، هەروەك چۆن مادەی 110ی دەستور دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانی دەستنیشان كردووە بۆ وەرگرتنی قەرز یان ئیمزاكردنی رێككەوتنەكان.

سێیەم: لە یاساكەدا هەرێمی كوردستان پابەندكراوە بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام كرێی گواستنەوەی 350 هەزار بەرمیلی دەدرێتێ‌، بێ‌ ئەوەی روون بكرێتەوە ئەو 100 هەزار بەرمیلە نەوتەی دیكە هی هەرێم خۆیەتی یان هی كێڵگەكانی كەركوكە.

چوارەم: پێویستە هەرێم داهاتەكانی بەو نرخە حیاب بكات كە كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی پێدەفرۆشێت، هەروەك داهاتی نانەوتیش بەپێی رێكارەكانی وەزارەتی پلان دانان و وەزارەتی دارایی عێراق حساب بكات.

پێنجەم: ناتوانرێت بەندەكانی تایبەت بە فەرمانبەران بەپێی بودجە بەسەر هەرێمدا بسەپێندرێت، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان یاسای تایبەت بەخۆی هەیە بۆ پلە باڵاكان.


ئەگەرچی هێشتا ئەمەی دزەی كردووە تەنها رەشنوسی پرۆژەی بودجەیە و بە رەسمی رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، بەڵام بە بڕوای بەشێك لە چاودێران كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد تەنها كێشەی نوسین نین لە یاسایەكدا بەڵكو پابەندبوونن بە یاسا و رێككەوتن و دەقە نوسراوەكانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە ساڵانی رابردووشدا تەنانەت لە سەردەمی كابینەكەی حەیدەر عەبادی، لە یاسای بودجەدا باس لە پشكی هەرێمی كوردستان دەكرا، بەڵام دواتر كاری پێنەدەكرا.