01:59 - 19/12/2020
كاردانەوەكانی پۆستی تەمەنت چەند ساڵ بوو كە بۆت دەركەوت كوردایەتی فشەیە؟
دوای
ئەوەی دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیس بووك پۆستێكی كردو تیایدا
نوسیبووی : تەمەنت چەند ساڵ بوو کە بۆت دەرکەوت کوردایەتی فشەیە؟ من
خۆم ٧٣، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوە گرنگە بۆچوونی هەندێك كەسایەتی دیارو بەرجەستەی كوردستانە كەلەو بارەیەوە چی دەڵێن؟ ئایا كوردایەتی چۆن سەیر دەكەن لەسایەی 30 ساڵ حوكمڕانی كوردی باشووردا؟
ءئەوەی من بەم نیشتیمانەوە دەبەستێتەوە تەنها پێڵاوەكانمە.
كاردانەوەی
زۆری بەدوای خۆیدا هێناو هەركەسەو بەجۆرێك وەڵام و ڕوونكردنەوەی لەو بارەیەوەداوە،
لەنێو وەڵامەكاندا كەسایەتی دیارو بەرجەستەی كوردستان هەیەو بۆچوونەكانی سەرجەم
هاوڵاتیانیش جێگەی ئەوەیە كە توێژەرانی بواری كۆمەڵایەتی و دەروونی هەڵوەستەی
لەسەر بكەن و پەیوەندیەك بدۆزنەوە لەنێوان تەمەن و باوەڕبوون بە هەستی نەتەوەییدا،
بەخوێندنەوەی ئەو چەند وشەیەی كە دكتۆر شێركۆ نوسیویەتی هەست بەو نیگەرانییە
قووڵەدەكرێت لەبارەی خۆشەویستی نیشتیمان و هەستی نەتەوایەتیەوە، لەبەر ئەوەی
ئەوانەی كە نوێنەرایەتی ئەو ڕەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەیان لە باشووری كورددستان
كردووە لە ئەزموونی دەسەڵاتدارییدا شكستیان هێناو لەبەردەم پارەو پۆستدا شكستیان
هێناو بوونە مایەی ئەوەی خەڵك پشت لە خۆشەویستی نیشتیمان بكات و ئەو دەستەواژە
بەناوبانگەی محەمەد ماغوت بەرجەستە بكەن كە بڵێن ئەوەی من بەم نیشتیمانەوە
دەبەستێتەوە تەنها پێڵاوەكانمە.
كۆچی
بەلێشاوی لاوانی نیشتیمان و ملی ڕێگەگرتن بەرەو هەندەران و بێ هەڵوێستی نوسەر و
بیریارانی باشووری كوردستان و بۆیەكلایی كردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانیان پەنایان بۆ سوپای
داگیركەر بردووەو كۆیان لە هیچ شتێك نەكردووەتەوە بۆ مل شكاندنی یەكتریی ،
مەحسووبیەت و مەنسوبیەتی بەرپرسانی مامناوەندو باڵا بووە هۆی دەركەوتنی دووچینی
جیاوازی كۆمەلایەتیو ئابووری و لەكەدراكردنی بیرو هەستی نەتەوایەتی ، نا لە
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووداوەكەی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 گەشتە ترۆپك و هێندەی تر
خەڵك نائومێدبوو، بەكۆی ئەوانەی كە باسكران پرۆسەی كوردبوون و خۆشەویستی كوردستان
بووە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر نیگەران ببن لەوەی لە مێژوودا چ خەباتێكیان كردووەو لە
ئێستاشدا خۆیان بە خەڵەفاو بزانن.
پرۆسەی كوردبوون و خۆشەویستی كوردستان بووە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر نیگەران ببن لەوەی لە مێژوودا چ خەباتێكیان كردووەو لە ئێستاشدا خۆیان بە خەڵەفاو بزانن.
كاردانەوەكانی
ئەو چەند دێڕەی دكتۆرشێركۆ دەرخەری هەندێك لەو ڕاستییانەن كە لە ئێستادا هەستی
كوردایەتی و خۆشەویستی كوردستان بووەتە بازرگانی و هەندێك لەسایەیدا تێرن زۆرینەی
ڕەهای كوردستانیش برسی و ڕەش وڕووت، ئەوەی كە هەیە بێ ئومێدبوونی تەواوی كۆمەڵگەیە
لە هەموو ئەو بانگەشانەی كە پێشتر دەكرا، بەجۆرێك مرۆڤی كورد گەشتووەتە ئەو ئاستەی
كە ئەوەی دوژمنان پێیان نەكرا لەسایەی حوكمی 30 ساڵەی كوردانی باشووردا كرا، جاران
ئەگەر خەڵك لە پێناوی خاك وئالای كوردستان و بنەماكانی دیكەی بیری نەتەوایەتی
كورددا ماڵ و گیانی خۆی دەكردە قوربانی ئەوابە تێپەڕبوونی كات هەموو ئەو چەمكانە
مانای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستداوەو لە ئێستادا بووتە بابەتێكی زۆرلاوەكی و نەوەی
ئێستا ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نییە ئەو چەمكانەن كە باوو باپیرانی ئێمە خۆیان و ماڵ
و مناڵیان لەپێناویدا بەكوشت داوە، دەكرێ ئەم كارە بە ڕەنج بەخەساریی یان مایەپووچ
بوون یان خەبەر بوونەوەو بە هۆشی خۆهاتنەوە ناو بهێنرێت.
لای نەوەی دوای ڕاپەڕین هەموو شوێنێك لە كوردستان خۆشترو خۆشەویست تر و هەموو سەركردەیەكیش لە كوردەكان ڕاستگۆتر و هەموو ئاڵایەكیش لە ئاڵای كوردستان پیرۆزترە.
كاردانەوەكانی
رۆژی ئاڵای كوردستان كە هەموو رۆژێكی 17 كانوونی یەكەم بەڕێوە دەچێت و دروشمەكانی
دیكەی كوردایەتی بوونەتە مایەی شەرمەزاریی لای نەوەی تازەو ئەوەی بووەتە یادگاریی
لەلای ئەو نەوەیەی كە لەدایك بووی یەكەم رۆژی ڕاپەرینی هەرێمی كوردستانن ئەزموونە
شكستخواردووەكان و دیوە ناشیرینەكانی دەسەڵاتی كوردییە، لای نەوەی دوای ڕاپەڕین
هەموو شوێنێك لە كوردستان خۆشترو خۆشەویست تر و هەموو سەركردەیەكیش لە كوردەكان
ڕاستگۆتر و هەموو ئاڵایەكیش لە ئاڵای كوردستان پیرۆزترە.
وەنەبێت
ئەم دیاردەیە تەنها لای گەنجەكان بەو شێوەیە بێت و كەسانی بەتەمەن و بەئەزموون و
بەشداربوونی شۆڕش لەو نیگەرانییە قووڵەدا بەشدار نەبن كە پێدەچێت خوێندنەوەی
یاداشتی پێشمەرگە و سەركردەكانی باشووری كوردستان ئەو ڕاستییە بسەلمێنێت و
نیگەرانییە قووڵەكانی ئەوانیش نیشان بدات كە یەكێك لەو كەسانە خودی شێركۆ
عەبدوڵایە.
لەكاردانەوەكانی
ئەو پۆستەدا ژمارەیەك تەنها بە ژمارە وەڵامیان نوسیوەو زۆرینەی ڕەهای
بەشداربوونایش بابەتەكەیان پەسەند كردووەو ئەوانەشی كە نیگەرانی دۆخەكە بوون
ڕوونكردنەوەیان داوە.
بۆئەوەی
لە قوڵایی ئەو نیگەرانییانە خوێنەر تیبگات، تەنها چەند دانە لەو كۆمێنتانە بەناوی
خۆیانەوە دەگوازینەوە، ئەگەر پێویست بكات لەسەر هەر یەكێكیان هەڵوەستەیەكی كورت دەكەین.
حمه رشید توكني كە وێنەی پرۆفایلەكەی لەگەڵ مام
جەلالەو پێدەچێت لە بواری سەربازییدا كار بكات و پێشمەرگە بێت، لەوەڵامی دكتۆر
شێركۆدا نوسیویەتی: هەرگیز پەشیمان نیم لەو خوێن و ئارەقەی لەپێناو خاک و گەل
بەخشیم ،بەڵام بەداخەوە قۆناغ بەقۆناغ تێگه یشتم و بێ ئومێدبووم بەم شێوە ،
۱ - لە ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ لەو هەموو خائین
و خۆفرۆشە، خۆش بوون .
٢- لە ساڵەکانی ٩٣ و ٩٤ و ۹٥ و ٩٦ و
٩٧ کە شەڕی ناخۆبوو .
3-دواتر گەیشتمە ئەو باوەڕەی کورد ماڵی حوکمداریی نییە لە ساڵی ۲۰۰۳ لە کەوتنی حکومەتی عێراقدا، بینیم بەرپرس و هاوڵاتی هەموو سەرقاڵی شڕەخۆرییە هیچ بیریان لای بەدەست هێنانەوەی خاک و دەرکردنی عارەب نییە.
یەكێكی دیكە لە كۆمێنتەكان بەناوی
شێخ ئومێد، كە بەخوێندنەوەی كۆمێنتەكەیدا وا دەردەكەوێت پێشمەرگەی دێرین بێت و 1983 ەوە بووبێتە پێشمەرگەو بۆچونێكی تایبەتی هەیە. ببورن ئەگەر دەستەواژەی نەشیاوی تێدا بێت بەڵام
لەبەر گرنگی كۆمێنتەكەی وەك خۆی دەیگوازینەوەو نوسیویەتی: دووەم ساڵی خەباتم ساڵی 1985باوکم پێی گوتم: ڕۆڵە ئێمە فەشەلمان هێناوە تۆ
کەرە کەری چیتە بەقسەم نەکرد، دوایی شەش مانگ حوکمی ئیعدامم دەرچوو بەغیابی و
چەندین هەڤاڵم لەسێدارەدران ، پاش ڕاپەڕین دەستم دایەوە کەریەتیەکە ، ئێستا 55ساڵم
، بەڵام 5ساڵە وازم لەو کەریەتیە هێناوە.
نەوزاد حەسەن كە پرۆفیسۆری زمانی
عەرەبییە نوسیویەتی: عه يبه بڵێي كوردم دواي گه نده ڵكاران ومافيای دزیی.
ئومێد شاڵی ڕووبە دكتۆر شێركۆ
دەڵێت: درەنگ پێت زانیوە .. من لە31 ئاب لەخۆمەوە ڕامکرد بۆ سەیران بەن بێئەوەی
دەنکەجۆیەکی ماڵی پاشام خواردبێ ماڵ وحاڵم بەخاوخێزانەوە جێهێشت .. لەوێ بۆم
دەرکەوت من دوای کڵاوی بابروکەوتوم..ئەوکات 34 ساڵبووم.
هێرش گۆمەشینی بە زمانێكی
زۆرسادەو ساكاریی هەولێرییان نوسیویەتی: دكتۆر حهیف بهو رۆشهنبیریهی خۆت و بهوزیرهكیهی
تۆ به 73 سالی تیگهیشتبیت ئهدی ئهومیلهته قور بهسهره نهخوینداوهرە به
چهند سال تی دهگات كهواته باژۆ لۆبهحریێ.
باژوو بۆبەحرێی ئیدیۆمێكی
كوردانەیە لەبارەی ئەو تەمەڵانەی نەناتوانن نانی ڕەق نەرم بكەنەوە بۆ ئەوەی بیخۆن،
بەناچاری دەڵێن لێخوڕە بۆ بەحرەكە، واتە بە مردنی خۆیان قایلن نەك بە تێگەشتن لەو
دۆخە.
خەسرەو سابیر دەڵێت: من كەزانيم نەزان
لەشوينى زانا كار ئەكات جاش و خيانەتكار بوون بە پێشەوا دز و درۆزن بوون بەپياو رۆژێك
لەروژان كوڕى بەرپرسێك نەكوژرا كەزانيم قائيدەكان پارەو فعليان لاگرنگ تر بوو لەميللەت
وتم قوڕ بەسەر ئەو كەسەى شەهيد بوو.
هیوا هاشم ئەفەندی كە بە
وێنەكانیدا بێت نیشتەجێی وڵاتانی ئەوروپایەو كوردستانی بەجێهێشتووە نوسیویەتی: من
لە دوای ڕاپەڕینەکە بە ھەفتەیەک زانیم فشەیە و دوای سێ ھەفتەش ڕاپەڕینخانەم جێ
ھێشت بەرەو ھەندەران ، بە داخەوە.
عەبدولقادر زەنگەنەش نوسیویەتی: کوردایەیتی
فشە نیە، بەڵام بە دوای حییزبەکانی خۆمان بکەوەی فشەیە . دواکەوتن بە دوای ئەم دوو
حیزبە لە بەر ئازادی، زۆر ھەڵەیە چونکە ئەمانە گەر لە ژێر دەستی یەکیکی تر رزگارتکەن
دەتکەنە کۆیلەی خۆیان . ئەم حیزبانە قەت کوردایەتیان نەکردوە چونکە ھەموو
شۆرشەکانیان کلیلی داگیرسان و کۆژانەوە لە دەستی امریکاو انگلیز و اسرائیل بووە.
دكتۆر شاخەوان خۆشناو دەڵێت: کاتێک دوو جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان لە
کوردستان و عێراق دانران.
محەمەد كەساسی شاعیریش دەڵێت: من
لە ( 24) ساڵیدا بەتەواوی تێی گەیشتم کەکوردایەتی درۆیەکی شاخدارەو تەنها کوڕی
هەژاڕەکان دەکاتە قوربانی ، ئەوەش ساڵی (1981) بوو خۆم پێشمەرگەبووم لەشاخ ،
بەداخەوە .
مەحموود حاجی عومەر ناسراو بە
مەحموود بیكەیسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و پێشمەرگەی دێرین
نوسیویەتی من لە 56 ساڵیدا.
سەروەر حوسەین كە پێدەچێت تەمەنی
كەمترە لە 40 ساڵ نوسیویەتی:
لە١٠ ساڵییەوە زانیومە لەگەرمەی کوشتنی براکان گوێم
لەڕادیۆ ئەگرت چۆن ئەمری پانکردنەوەی سەری یەکترییان ئەدا کوردایەتی تەنها بۆبەرژەوەندی
بنەماڵەو سەرکردەکان خۆیانە و هەزاران ڕۆڵەی خێر لەخۆنەدیوی ئەم نیشتیمانەیان کرد
بەقوربانی بەرژەوەندیە شەخسی وبنەماڵەیەکانیان وگرێ دەرونیەکانیان.
ئەمیر پاشای نامدار كە پێشمەرگەی
دێرینە نوسییویەتی: 15ساڵی ووتیان قرچ هەڵ ئەکەینەوە25 ووتیان کۆسەیە هەڵ ئەکەینەوە،40 ووتیان ئاش بەتاڵ حلێو نیە،50 ئیتر خەڵەفاندمیان نازانم چی چیە. دەسم دەگرن و دەم بەن مناڵەکانم
ئەڵێن ئەوە بارەگای حیزب مانە
مامۆستا ڕەعد هەورامانیش دەڵێت: تەمەنم
14ساڵ بوو کاتێک پێی ووتم، بەڵام قەناعەتم نەکرد کاتێک بوومە 28خۆشم بەو قەناعەتە
گەیشتم، واتا 24 ساڵ پێش ئێستا.
محەمەدشێخ عوسمان نوسیویەتی: مەسەلە
دەرکەوتن نییە، کوردایەتی پیرۆز و رەوایە، بەڵام خولقێنەرانی ئابوری سەربەخۆ
و قەیرانەکان سوکایەتیان بەکوردایەتی کرد و قێزەونیان کرد.
ئەیوب
بەرزنجی كە پارێزەی ڕاوێژكارە بە توانجەوە نوسیویەتی لە ئنا ئناوە.
میرخان
هەركیش دەڵێت: تە مەنم 17 سال بو یکەم کابینە ی پەرلەمانی کوردستان.
رۆژنامەنووس
و نوسەر نیزال حەمەساڵح دەڵێت: 91 ، پێدەچێت مەبەستی ئەوە بێت لە 1991ەوە كە
ڕاپەرین ئەنجام دراوە.
ئەبووبەكر
هەڵەدنی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی و ئەندامی دوو خولی پەرلەمانی
كوردستان نوسیویەتی لە 19 ساڵییەوە.
سەربەست ساڵەیش دەڵێت: ٣ کاتژمێر دووای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١
هەر ئەوکات ووتم ئەم کوردە نابێ بەهیچ چونکە بەربەرین.
محەمەد باقی سەعید كە پێدەچێت
تەمەنی لە دكتۆر شێركۆ زیاتر بێت و ئاماژە بە كێشەكانی ئەوسای نێو شۆڕشی باشووری
كوردستان نوسیەتی : من زەمم هەیە لەساڵی ١٩٦٤ وە هاتمە سەر ئەوبڕوایە . بێهیوام
کەچی لەناخمەوە گەلەکەم خۆش ئەوێ بێهیوام لەدواڕۆژی هەتابتوانم دڵپاک .دڵسۆز ئەبم
بەرژەوەندی بەرزی گەلەکەم لەسەرو هەموو بەرژەوەدیەکی ژیانە لەلام.
دلێر مستەفا كە ئەندامی خولی
پێشووی پەرلەمان بوو لە لیژنەی پێشمەرگە لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
لەوەڵامدا نوسیویەتی: کێشەکە ئەوەنییە کەی تێگەیشتین ـ کێشەکە ئەوەیە تادووکەس
تێدەگات دەکەسی تر پێدەگات لەبێئەزمونەکان.
جەودەت ئەحمەد نوسیویەتی: من ساڵی 1982 پێشمه رگە بووم ساڵێک بوو تێگه یشتم که کوردایه تی فشه یه....
محەمەد مەحموود نوسیویەتی: كاتێك باوكم مێژووی كوردایەتی پێش نسكۆی شۆڕشی بۆ گێڕامەوە تێگەیشتم 13 ساڵان بووم.
ئەمانە نموونەیەك بوون لەو
كۆمێنتانەی كە لە سەر ئەو پۆستەی دكتۆر شێركۆ بڵاوكراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی
قسەوباس لەبارەی دكتۆر شێركۆشەوە زۆر هەیە كە گەندەڵی ئەنجام دابێت و لەچەند
لایەكەوە مووچەی وەرگرتووەو ماوەیەكیش بریكاری وەزیری تەندروستی بووە لەسەر پشكی
یەكێتی و بەڕێوبەری گشتی تەندرروستی سلێمانی بووە.
-
کاتێک باوکم مێژووی شۆڕشی کوردایەتی پێش نسکۆی شۆڕشی بۆ گێڕامەوە تێ گەشتم 13 ساڵان بووم
-
کاتێک باوکم مێژووی شۆڕشی کوردایەتی پێش نسکۆی شۆڕشی بۆ گێڕامەوە تێ گەشتم 13 ساڵان بووم
-
کاتێک باوکم مێژووی شۆڕشی کوردایەتی پێش نسکۆی شۆڕشی بۆ گێڕامەوە تێ گەشتم 13 ساڵان بووم