03:48 - 15/12/2020
هەڵوێستی لایەنە عەرەبییەکان لەسەر ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا چۆنە؟
خۆپیشاندانەکان زۆریان بۆ حکومەت هێنا. سوتاندنی بارەگای حزبەکان بە درێژای تەمەنی دەسەڵاتی کوردی ژمارەی پێوانەی تۆمارکرد. شاندی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی گەشتە بەغداد بۆ ڕێککەوتن، کۆبوونەوەکان بەردەوام بوون و ڕاگەیەنرا هەردوولا گەشتوونەتە ڕێککەوتن و تەنها واژۆکردنی ماوە. بڕیار بوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردساتن و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆ لەسەر ڕێککەوتنەکە بکەن، بەڵام شەوێک پێش کاتی واژۆکردنەکە کێشەی تێکەوت و قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، گفتوگۆکانیان بۆ گەشتن بە چارەسەری کۆتایی درێژە پێدەدەن.
لەماوەی خۆپیشاندان، ڕۆشتنی شاندی دانوستانکار و کۆبوونەوەکانی شاندەکە، لایەن و کەسایەتییەکانی دیکە هەڵوێستی جیاوازیان هەبوو لەسەر ئەم بابەتە.
کازمی: هاوسۆزم لەگەڵ خەم و ژانی خەڵکی خۆمان لە هەرێمی کوردستان
مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق، لە 11ی کانوونی یەکەمی 2020، لە هەژماری تویتەرەکەی پەیامێکى بە کوردى بڵاوکردەوە و نوسیوویەتی "بەقووڵی هاوسۆزم لەگەڵ خەم و ژانی خەڵکی خۆمان لەهەرێمی کوردستان، بەتایبەت شاری سلێمانی شاخ و رۆشنبیری و ڕەسەنایەتی، توڕەییان پاساودارە چونکە بەرهەمی ساڵانێکی زۆر و چەندین دەیەی پێشووە، بەجدی کاردەکەین لەسەر شایستەییەکانی گەل لەهەموو شارێکی عێراق".
پەرلەمانی عەرەبی پێشوازی لە دانوستانی نێوان هەولێر و بەغداد کرد
پەرلەمانی عەرەبی لەڕاگەیەندراوێکدا، لە ( 12ی کانوونی یەکەمی 2020)، پێشوازی له دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییە ههڵپهسێردراوهكانی نێوانیان " به پشت بهستن به دەستور و یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامان لە نێوان گەلانی عێراقدا."
سەردییەکان کاردانەوەی توندیان هەبوو
سەرەڕای کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ سەدرییەکان، بەڵام سەدریەکان توندترین و زۆرترین لێدوانیان هەبوو لەم بارەیەوە.
حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی (شەممە 12ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "هە ڕێککەوتنێکت تایبەت بە نەوت و شایستەداراییەکان کە بڕیارە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە دژ نەبێت لەگەڵ بڕگەکانی یاسای کورتهێنانی دارایی، بەپێچەوانەوە ڕێککەوتنێکی پوچەڵە."
سادق سەلیتى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر فراکسیۆنى سائرونى سەربە موقتەدا سەدر (شەممە 12ى کانونى یەکەمى 2020) لە هەژماری خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر، ڕەخنە لە لێکتێگەیشتنى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە و نەوت دەگرێت و دەڵێت، پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت لەکاتێکدا پشکى پارێزگاکانى باشور نەنێردراوە و هەزارەها گرێبەست و وانەبێژ لە عێراق ماوەى ساڵێکە بێ موچەن.
بەدر زیادى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سائیرون (دووشەممە 14ى کانوونى یەکەمى 2020) لە لێدوانێکیدا بۆ فورات نیوز گوتی " متمانەمان بە کورد نەماوە، هەر وەردەگرن و هیچ نابەخشن"
مەحموود ئەدیب ئەندامی فراکسیۆنی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی کرد هەر بەرپرسێک لە دەوڵەتی کازمی ،پێچەوانەی یاسا بودجە بداتە هەرێم، لە کار دەردەکرێت.
بورهان مەعموری سەرۆكی هاوپەیمانێتی سائیرونی سەدر لە دیالە، ڕۆژی (12 كانونی یەكەمی 2020)لە تویتێكدا رایگەیاند، پاش ئەوەی هەرێم نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات و داهاتە گومرگییەكان دەگێڕێتەوە بۆ دارایی بەغدا، ساتی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد
مەعموری وتوشیەتی، "جەخت لەدابینكردنی موچە دەكەینەوە لە باكوورەوە تا باشوری عێراق لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسا و دابەشكردنی داهاتی وڵات بەیەكسانی."
لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕێککەوتن بەبێ لیژنەکەیان رەتدەکاتەوە
عەدنان زورفى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق کە هاوکات ئەندامی لیژنەی پەرلەمانە بۆ دانوستان لەگەڵ هەرێم ڕایگەیاندووە، حکومەتى فیدراڵ هیچ بڕە پارەیەکی ڕەوانەى هەرێم نەکردوە لە دەرەوەى یاساى قەرزەکان و تاوەکو هەرێم نەوت و داهاتە گومرگییەکان ڕادەست نەکات، پارەى بۆ ڕەوانە ناکرێت.
سامر زیبان ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (یەکشەممە 13ى کانوونى یەکەمى 2020) رایگەیاند، لەدەرەوەی دەسەڵاتی یاسادانان و بەبێ رادەستکردنی نەوت و داهاتی دەروازە سنورییەکان بە حکومەتی ناوەندی و بەبێ وەرگرتنی رای لیژنەی دارایی، بەهیچ شێوەیەک رێکەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان قبوڵ ناکرێت.
هاوپەیمانی بنیاتنان هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێم
مەنسور بعێجی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بنیاتنان ڕایگەیاند"حكومەتی هەرێم لەبەردەم دواین دەرفەتە بۆ پابەندبون بە حكومەتی ئیتیحادی و تەسلیمكردنی نەوت و داهاتەكانی تر هاوشێوەی پارێزگاكانی دیکە، ئەویش بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەكانی خۆی، بەپێچەوانەوە بەرپرسیار دەبێت لەو روداوانەی كە ئێستا لە هەرێم روودەدەن و رژانی خوێنی هەر كەسێكیش لە ئەستۆی دەبێت."
ئەعرەجی: شکستی دانوستانەکان قەیرانی دارایی دەگۆڕێت بۆ سیاسی
بەها ئەعرەجی، جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ، لە تویتێکیدا لە 14ی کانوونی یەکەمی 2020 سەبارەت بە دانوستانی نێوان ناوەند و هەرێم نوسیوویەتی "شکستهێنانی دانوستانەکان لەنێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم سەربارەت بە مووچە، لە قەیرانی داراییەوە دەگۆڕدێت بۆ قەیرانی سیاسی. هیوادارم هەموو لایەنەکان، مادە دەستوورییەکان بکەنە سەرچاوەی ڕێگەچارەی چارەسەری قەیرانەکان.
عێراقیەی ئازاد دژایەتی هەر ڕێککەوتنێک دەکات، داهاتی نەوت و خاڵەسنورییەکانی هەرێمی تێدا نەبێت
عالیە نوسێف، پەرلەمانتار لە كوتلەی عێراقیەی ئازاد، لە 14 ی کانوونی دووەمی 2020، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ حکوومەتی هەرێم بەبێ داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان پوچەڵە و دژایەتی دەکەین.