ڕاپۆرتی کوردستانی

12:02 - 14/12/2020

شنگال له‌ نێوان ململانێكاندا له‌ كه‌نارى ئاوابوندایه‌

پەیسەر

‌ قه‌زاى شنگال ده‌بێته‌ قوربانى نێوان ململانێكانى نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ند و گروپه‌ چه‌كداره‌كانى ناوچه‌كه‌، چونكه‌ تائێستا ڕێككه‌وتنى كۆتاى له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌ و ئاواره‌كانى ئه‌و قه‌زایه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدى خۆیان، لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانى ناوچه‌كه‌ش یه‌كتر تۆمه‌تبارده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ناوچه‌كه‌.

ئەندامێکی فەرماندەیی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال ئاشکرای کرد کە ئێران فشار دەخاتە سەر عێراق تاکوو ڕێگە نەدات حەشدی شەعبی شنگال چۆڵ بکات و گرووپەکانی سەر بە پەکەکەش بۆ ئەوەی لەناو شنگال بمێننەوە، خۆیان گرێ داوە بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە.

قاسم دەربۆ، ئەندامی فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕایگه‌یاند، گرفت و ئاریشەی مەزن ئێستا لە شنگال ئەوەیە، کە حەشدی شەعبی کە سەر بە ئێرانە لە شنگالە و پەکەکەش خۆی بە حەشدەوە گرێ داوە، ئەمەش بووەتە ئاریشەیەکی مەزن بۆ خەڵکی شنگال.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، به‌رپرسانى حکوومەتی عێراق چه‌ندین جار ڕایانگه‌یاندووه‌، كه‌ پەکەکە هێزێکی ناشەرعی و نایاساییە و دەبێ سنوورەکە چۆڵ بکات. لاى خۆیانه‌وه‌، هێزه‌كانى پەکەکە به‌بیانوى ئه‌وه‌ى كه‌ سەر بە حەشدی شەعبین شنگال چۆڵ ناکەن.

له‌ئێستادا دۆخى شنگال زۆر ئاڵۆزه‌ و پێده‌چێت ده‌وڵه‌تانى سنوره‌كه‌ بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان به‌كارى بهێنن، بۆیە ئاڵۆزییەکی مەزن لەو سنوورە ساز بووە و ڕێككه‌وتنى كۆتاى له‌ نێوان هێزو گروپه‌چه‌كداره‌كانى ئه‌و سنوره‌دا ناكرێن، به‌ بونى ئه‌و هێزانه‌ش له‌ سنوره‌كه‌ هاووڵاتیانی شنگال کە ئاوارەن ناتوانن بگەڕێنەوە زێدى خۆیان.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، مەحما خەلیل قایمقامی شنگال، به‌پێویستى ده‌زانێت سه‌رجه‌م هێزە ناشەرعییەکان بە یەکجاری شنگال چۆڵ بکەن،له‌پێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ زێدى خۆیان. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق واژۆكرا بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌وناوچانه‌، به‌ڵام تائێستا له‌ سنوره‌كه‌ گروپى چه‌كدارهه‌یه‌ و بارەگاکانیان ڕادەستی پۆلیسی فیدرالی ناكه‌ن، هاوكات بونى هێزه‌كانى حەشدی شەعبی لە چیای شنگال هێشتا هەر مەترسییە و خەڵکی ئاوارەی شنگال لەبەر مەترسیی ئەو گرووپە ناشەرعییانە ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لاى خۆیه‌وه‌، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پلانی بڵاوکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە سەنتەری قەزای شنگال. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، دووبارە دابەشکردنی یەکەکان و بەرپرسیارییەتی ھێزە ئەمنییەکان بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لە شنگال دیارییکراوە.

بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا ھەشت بنکەی چەکدارە نایاساییەکان چۆل کراون کە دووانیان لە سەنتەری شاری شنگال بوون و رادەستی ھێزەکانی عێراق کراونەتەوە. هه‌رچه‌نده‌، بڕیار بوو ھەفتەی رابردوو دەست بە ئۆپەراسیونێکی ھاوبەشی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ بکرێت، بەڵام ئوپەراسیۆنی پاککردنەوەی شنگال لە چەکدارەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک راگیرا و ئەو چەند رۆژەیش وەک دەرفەتێک بەو ھێز و چەکدارانە دراوە بۆ ئەوەی شنگال چۆل بکەن یا چەکەکانیان دابنێن. لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.

رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن، لە ئێستاشدا دوای نزیکەی سێ ساڵ هەنگاوی کردەیی بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال، سه‌ره‌تا لە روی کارگێڕی و ئەمنییەوە، دواتر قۆناخی ئاوادانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان به‌ڵام تائێستا هه‌نگاوى یه‌كه‌مى ئه‌و قۆناغانه‌ نه‌چووه‌ته‌بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، پێشوتر و دوای روداوه‌كانی ساڵی (2017)ـی هه‌رێمی كوردستان کە هێزەکانی هەرێم لەسنوری ناوچە دابڕاوەکان کشانەوە، لەسەر داواکاری خەڵکی شنگال بۆ دروستنەبونی گرژیی کە لەئیستادا چوار هێزی سەربازی باڵادەست لەو سنورەدا بونی هەیە، به‌ڵام تائێستا گرژییه‌كانى سنورى قه‌زاكه‌ كۆتاییان نه‌هاتوه‌ و قه‌زایى شنگال له‌ نێوان ململانێكاندا له‌ كه‌نارى ئاوابوندایه‌.