ڕاپۆرتی کوردستانی

06:53 - 13/12/2020

وەزارەتی دارایی بەغدا پێشنیارێكی نوێی وەفدی هەرێم رەتدەكاتەوە‌

پەیسەر

دوای ئەوەی رۆژی شەممە وەفدی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و بەشێك لە وەزیرەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، ئەمڕۆ وەفدی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆبوونەتەوە و پێشنیارێكی نوێیان رەتكرایەوە.

كۆبوونەوەكەی دوێنێ‌ وەفدی هەرێم و بەغدا بە ئیجابی وەسفكرا و باس لەوەكرا، كە هەولێر و بەغدا لە گەیشتن بە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وەفدی هەرێم ئامادەیی نیشاندابوو لەبەرامبەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە، 250 هەزار بەرمیل و نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بكات.

هه‌رێم  ئامادەیی نیشانداوە كە 450 هەزار بەرمیل رۆژانە لەگەڵ 50%ی داهاتی ناوخۆ بدرێتە بەغدا 

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، ئەمڕۆ وەفدی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بە كۆبوونەوەیەك، درێژەیان بە كۆبوونەوەكاندا بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

زانیارییەكان ئەوە دەردەخەن، كە وەفدی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی پێشنیارێكی نوێیان خستەوەتە بەردەم بەرپرسانی حكومەتی عێراق، بە پێی پێشنیارەكەش حكومەتی هه‌رێم  ئامادەیی نیشانداوە كە 450 هەزار بەرمیل رۆژانە لەگەڵ 50%ی داهاتی ناوخۆ بدرێتە بەغدا و لەبەرامبەردا بەغدا موچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم بدات كە بڕەكەی 680 ملیار دینارە.

سەرچاوەیەك ئەوەی بۆ پەیسەر ئاشكراكرد، كە وەزارەتی دارایی عێراق ئەم پێشنیارەی رەتكردوەتەوە. داوای ئەوەشیان لە وەفدی هەرێم كردووە كە هەوڵی ئیمزاكردنی كۆتایی رێككەوتنەكەی كازمی و وەفدی هەرێم بده‌ن.

بەرپرسانی وەزارەتی دارایی ناوەند ئەوەیان راگەیاندووە تا ئیمزا لەسەر رێككەوتنەكە نەكرێت ناتوانن هیچ بڕە پارەیەك بنێرن

بڕیار وایە رۆژی سێشەممە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بنێردرێت بۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆیە كات لە بەرژەوەندی هەرێم و بەغداش نییە، بەرپرسانی بەغداش داوای ئەوەیان لە وەفدی هەرێم كردووە، پەلە بكەن لە ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە تا نوێنەرانی كورد بتوانن كار بۆ چەسپاندنی بكەن لە پڕۆژە یاسای بودجە و جگە لەوەش فشارەكان لەسەر كابینەكەی كازمی بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە كەمتر بێتەوە.

جگە لە تەوەری رێككەوتن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، بەشێك لە هەوڵەكانی وەفدی كوردی، قسەكردن بووە لەگەڵ وەزارەتی دارایی تا لەم هەفتەیەدا بڕی 320 ملیارەكە بۆ موچەی فەرمانبەران بنێردرێت، تا ئێستاش وەڵامێكی روونیان بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق دەستنەكەوتووە.چونكە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەند ئەوەیان بە وەفدی هەرێم راگەیاندووە تا ئیمزا لەسەر رێككەوتنەكە نەكرێت ناتوانن هیچ بڕە پارەیەك رەوانەی هەرێم بكەن.

بە پێی زانیارییەكانی پەیسەر، وەزارەتی دارایی ئەوەشیان بە وەفدی هەرێم راگەیاندووە، لە ژێر فشارێكی زۆری لایەنە شیعەكانن و چیتر ناتوانن هیچ بڕە پارەیەك رەوانەی هه‌رێم بكه‌ن.

به‌غدا هۆشداری داوه‌ته‌ هه‌رێم و ده‌بێ پێش ره‌وانه‌كردنی بودجه‌ رێككه‌وتن ئیمزا بكرێت

ئەوەی ماوەتە لەبەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنها ئەوەیە كە وەفدێكی باڵای هەرێم بچنە بەغدا بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنامەكە، بە هیچ شێوەیەكیش كات لەبەرژەوەندی هەرێم نییە. حكومه‌تی عێراق په‌یامی ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ولێر داوه‌" كه‌ پێویسته‌ تا سێشەممە و پێش ناردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان دەبێت رێككەوتنەكە ئیمزا بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەریش لە ئەگەری نەگەیشتنە ئاكامی گفتوگۆكان لە نێوان وەفدی هەرێم و بەرپرسانی ناوه‌ند، بەغدا چاوەڕێی وەفدە سیاسییەكەی هەرێم دەكات تا بڕوات و  ناكۆكییەكان یەكلایی بكاتەوە و رێككەوتنی كۆتایی ئیمزا بكەن.