ڕاپۆرتی کوردستانی

02:15 - 13/12/2020

هەولێر مووچەی مانگەكانی 10+11+12 لە بەغداد وەردەگرێت‌‌

پەیسەر

هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق تادێت زیاتر لە رێككەوتن نزیكدەبنەوە و هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كە رەشنوسی رێككەوتنەكە ئامادەیە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم رۆژانەدا واژۆی دەكات.

هەوێنی رێككەوتن
بەپێی زانیارییەكان هەرێمی كوردستان پەبەندبوونی خۆی بە یاسای قەرزەوە نیشانداوە كە بەپێی یاساكە پێویستە هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، لە بەرامبەریشدا حكومەتی عێراق بەشەمووچەی مانگەكانی 10+11+12ی ساڵی 2020 بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات كە بڕەكەی بۆ هەر مانگێك 320 ملیار دینارە.
هاوكات بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەشنوسی بودجەی ساڵی 2021 پەسەند بكات و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات، بەپێی زانیارییەكانیش لە بودجەكەدا چەند بڕگەیەكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان جێگیركراون كە بەپێی یاساكە هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ و رادەستكردنی 50%ی داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەكان، لەبەرامبەردا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا 12.67% دەبێت.

نەیاری رێككەوتن
ئەگەرچی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەگەڵ عێراقدا رێككەوتنەكەی بەجۆرێك گەڵاڵە بكات كە لە پەرلەمان كێشەی بۆ دروستنەكرێت، بەڵام هەر لە ئێستاوە سەرەتاكانی نارەزایی بەشێك لە پەرلەمانتاران بەرامبەر رێككەوتنەكە بەدیدەكرێت.
سامر زیبان ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە: بە هیج شێوەیەك رێككەتن لەگەڵ هەرێم لە دەرەوەی دەسەڵاتی یاسادانان و بەبێ گەڕاندنەوەی نەوت و دەروازە سنورییەكان بۆ حكومەتی فیدراڵی جێی رەزامەندی نییە و هەر رێككەوتنێك لەگەڵ هەرێمدا بەبێ وەرگرتنی ڕای لیژنەی دارایی و خودی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پوچەڵ هەژمار دەكرێت.

دواكەوتنی بودجە
ئەگەرچی ئێستا عێراق لەرووی داراییەوە پشتبەستوو بە یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 كارەكانی بەڕێوەدەبات، بەڵام ئەو یاسایە تا رۆژی 31/12/2020 بەركارە و پێویستە دوای ئەوە كار بە بودجە بكرێت، لەكاتێكدا هێشتا بودجە رەوانەی پەرلەمان نەكراوە.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی رایگەیاند، پەرلەمان چاوەڕوانی گەیشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ـە، كە حكومەت رەوانەی بكات و پەرلەمانیش خوێندنەوەی بۆ بكات و بیخاتە دەنگدانەوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی خستووەتەروو،  پەككەوتنی پڕۆژە یاسای بودجە لێكەوتەی نەرێنی لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری وڵات دەبێت، بۆ مانگەكانی داهاتوو مووچەی فەرمانبەران درەنگ دەكەوێت.

پشتیوانی دەرەكی
رێككەوتنی هەولێر و بەغداد تەنها لە ناوخۆی عێراقدا مشتومڕی لەسەر نییە، بەڵكو لە ناوەندەكانی دەریشەوە جێگەی بایەخە، جگە لەوەی كە چەند جارێك باڵیۆزخانەی ئەمریكا و بەریتانیا و یۆنامی رایانگەیاندووە كە پشتیوانی رێككەوتن، هاوكات پەرلەمانی عەرەبی پشتیوانی خۆی بۆ لێكنزیكبوونەوە و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق نیشاندا.
پەرلەمانی عەرەبی راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی سێیەم وەرزییەوە بڵاوكردەوە و لە حەوت خاڵدا باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی دەكات سەبارەت بە عێراق.
لە خاڵێكی راگەیەندراوەكەشدا، پەرلەمانی عەرەبی دەڵێ پێشوازی لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كورستان دەكەین بۆ چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان بەجۆرێك لەگەڵ دەستوور و یاسا بگونجێت، هەروەها دادپەروەری بەدیبهێنرێت لە دابەشكردنی سامان لەنێوان رۆڵەكانی گەلی عێراقدا.