ڕاپۆرتی کوردستانی

02:25 - 10/12/2020

وەفدی هەرێمی كوردستان لە لاوازترین پێگەوە لە بەغداد كۆبوونەوە دەكات‌

پەیسەر

وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد كێبەركێ‌ لەگەڵ كاتدا دەكات بۆ هەرچی زووترە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق، ئەوەش لەكاتێكدا كە تەنها لەم چەند مانگەدا وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین سەردانی بەغدادی كردووە بێ‌ ئەوەی سەردانەكانیان هیچی لێ‌ سەوز بوبێت و ئەمجارەش لە هەموو جارەكانی پێشتر پێگەیان لاوازترە لە دانوستانەكاندا بەوپێیەی كە زنجیرەیەك خۆپیشاندان ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتووەتەوە و وەفدی هەرێم لە دۆخێكی ئیحراجیدا دەچنە كۆبوونەوەكان.

سەردانێكی دیكە
دوێنێ‌ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی: بڕیاریانداوە كە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بچێت بۆ بەغداد بە مەبەستی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و هەر هەمان رۆژ وەفدەكە بەڕێكەوتن.
رەوانەكردنەوەی وەفدی حكومەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەكاتێكدایە كە تەنها چەند رۆژێك تێپەڕیوە بەسەر گەڕانەوەی وەفدێكی حكومەت لە بەغداد بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی كە دواتر ئەوەی لە میدیاكاندا باسكرا ئەوەبوو ئەو وەفدە بۆ كاروباری هونەری و ئامادەكاریی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد سەردانی بەغدادیان كردبوو.

سەردانێكی ئیحراجی
سەردانی ئەمجارەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراورد بە هەموو سەردانەكانی پێشتر زیاتر تێیدا پێگەی هەرێم لاوازە، بەوپێیەی سەردانەكە هاوكاتە لەگەڵ شەپۆلێك خۆپیشاندان و نارەزایی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبەجە كە بەهۆیانەوە چ لە رووی ماددی و چ لە رووی گیانییەوە زیانی زۆری لێكەوتووەتەوە.
هاوكات بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی سیاسی عێراق بە رێگای جیاواز ئیدانەی بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانیان كردووە، هەربۆیە ئێستا وەفدەكە لە پێگەیەكی زۆر لاوازتردایە بەراورد بە سەردانەكانی رابردوویان و لە ئەرزی واقیعدا خۆپیشاندانەكان ئەوەی نیشانی عێراق داوە كە هەرێمی كوردستان بۆ هێوركردنەوەیان و دەستكەوتنی مووچە زۆر تەنگەتاو بووە.

هەڕەشە دەكرێت
لەپاڵ ئەوەی وەفدی هەرێمی كوردستان زۆر پەلەیەتی لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، بەڵام سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە پرێس كۆنفرانسێكدا چەند جارێك لە هەولێرەوە پەیامی بۆ بەرپرسانی عێراق نارد كە ئەوان لەگەڵ رێككەوتنن بەڵام سازش ناكەن.
مەسرۆر بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: كێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە، بەڵكو بە هەموو شێوەیەك مافەكانمان پێشێل دەكرێت، دەستوورێكمان هەیە چەند ساڵە پێشێل دەكرێت، بۆیە دەبێ خەڵك هاوكار و پشتیوانمان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان.
وتیشی: كێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە، ناسنامە، خاك، دەستوور و مافە رەواكانی گەل ئەوانە كێشەن، تاوەكو ئێستا زەویی جووتیارانی كوردستان داگیردەكرێت، دەبێ ئەوانە بووەستن. ئێمە هەوڵمانداوە هەمەوو ئەو ئەركانەی لەسەر شانی هەرێمە جێبەجێیان بكەین، بەڵام ئەمە دوو لایەنەیە و دەبێ حكومەتی عێراقیش جێبەجێیان بكات.

سەردانی بێ‌ ئاكام
سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد نە نوێیە و نە چاوەڕوانی زۆری لێدەكرێت، بەوپێیەی ئەم وەفدە بە هەمان پێكهاتە و سەرۆكەوە لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێك سەردانی بەغدادی كردووە بەڵام هەمیشە بە دەستی بەتاڵ هاتونەتەوە و تا هەنوكە تەنانەت یەك واژۆیان لەسەر هیچ رێككەوتنێكی رەسمی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی نەكردووە.

وەفدی سیاسی
ئەم سەردانەی كۆتایی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها دوای یەك رۆژ لە كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هات كە لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا جگە لە وەفدی حكومەت، وەفدێكی سیاسیش لە هەرێمی كوردستانەوە بچێت بۆ بەغداد بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاسانكاری رێككەوتن لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی، كۆبوونەوە بڕیاری دا بە زووترین كات‌ شاندێكی باڵای سیاسی و حكومیی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لایەنە عێراقییەكان بۆ‌ گەیشتن بە ڕێككەوتن و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتیش بابەتی ماف و شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان و جێگیركردنیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراقدا.