02:36 - 07/12/2020
كۆبوونەوە سیاسییەكان ئاو دەكەن بە ئاگری شەقامدا؟
هەرێمی كوردستان هەفتەیەكی گەرمی سیاسی بەڕێكرد، هەفتەیەك كە حیزبەكان بەردەوامن لە كۆبوونەوە جیاوازەكانیان و ئامادەكاریش دەكەن بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی.
لە شەقامیش نارەزایی جەماوەری بە پچڕ پچڕ بەردەوامە و نازانرێت ئایا كۆبوونەوەكان وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك و خۆپیشاندەران دەبن یاخود رەوشەكە هەر بەمشێوەیە بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە.
دووەم كۆبوونەوەی گۆڕان و یەكێتی
ئەمرۆ دووشەممە وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی پاڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی ئەو حیزبە سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد و بەپێی زانیارییەكانیش ئەم كۆبوونەوەیەی ئەمرۆی گۆڕان و یەكێتی ئامادەكاریی بووە بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان كە بڕیارە سبەینێ سێشەممە ئەنجام بدرێت.
هاوكات پەیسەر زانیویەتی كە لە كۆبوونەوەی ئەمرۆدا چ گۆڕان و یەكێتی هاوڕابوون كە بژاردەی یەكەم و كۆتایی بژاردەی رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ بەغداد.
عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەردەمی مایكی كەناڵەكانی راگەیاندندا وتی، هەردولا روئیای هاوبەشمان هەیە.
وتیشی دۆخی ئەم ناوچەیە دەكوڵێت و لەوە زیاتر تەحەمول ناكات، بژێوی و گوزەرانی خەڵك لەپێش هەموو شتێكەوەیە و رێككەوتنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق تاكە بژاردەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
كۆبوونەوەی یەكەمی گۆڕان و یەكێتی
كۆبوونەوەی ئەمرۆی یەكێتی و گۆڕان و ئامادەكارییان بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی، بناغەكەی بۆ چەند رۆژێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە كاتێك یەكێتی و گۆڕان لە دەباشان كۆبوونەوە و بڕیاریاندا كۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام بدەن.
رۆژی شەممەی رابردوو، وەفدێكی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بە سەرۆكایەتی رێكخەری گشتی گۆڕان و هاوسەرۆكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە.
دوابەدوای كۆبوونەوەكە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و چەند خاڵێكی لەخۆی گرتووە وەك:-
١ . بەپەلە وەفدێكی خاوەن بڕیاری حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەركردنی ریشەیی و كۆتایی كێشەی بودجەو موچەی هەرێمی كوردستان ، لەهەمانكاتدا ئەم هەنگاوە ببێتە بناغەیەكی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی
2. پێشوازی لەهەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی دەكەین ، هەروەك لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاتووە.
3. زەمینەخۆشكردن بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕووی واقیعی هەرێم و عێراق دەبێتەوە.
پارتی سەردانی كردن
هەر لەچوارچێوەی كۆبوونەوە سیاسییەكانی ئەم هەفتەیەدا، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنێ یەكشەممە سەردانی سلێمانییان كرد و بەجیا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا كۆبوونەوە.
كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە میدیاكانی سەر بە حیزبەكەی راگەیاند: سەردانی شاندی پارتی بۆ لای گۆڕان و یەكێتی بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە كە تاوەكو ئێستا لەنێوانیاندا ماونەتەوە.
وتیشی: داوامان لە یەكێتی و گۆڕان ئەوەیە وەك ئێمە شان بدەنەبەر چارەسەركردنی كێشەكانی حكومەت، چونكە بەدڵنیاییەوە پێكەوە بەسەر كێشەكاندا سەردەكەوین، هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەكەین.
ئەوەی لەبەرچاوە ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان هەفتەیەكی سیاسی گەرمی بەخۆیەوە بینی و هێزە سیاسییە سەرەكییەكان چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، ئەوەشی زانراوە ئەوەیە كە سبەینێ هەرسێ هێزی پێكهێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی كۆدەبنەوە، بەڵام ئەوەی كە نارون و نەزانراوەیە ئەوەیە ئەم كۆبونەوانە دەتوانن چەند هەنگاوێك ژیانی خەڵك لە هەرێمەكە بەرەو باشتر بەرەوپێش بەرن یاخود تەنها كۆبونەوەیە و هیچی لێ سەوز نابێت و رەوش و قەیرانەكە وەك ئێستا درێژەی دەبێت.