ڕاپۆرتی کوردستانی

07:11 - 06/12/2020

په‌یسه‌ر هۆكاری سه‌ره‌كی رێكنه‌كه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 15ی مانگی رابردوو، رایگه‌یاند به‌غدا مانگانه‌ 900 ملیار دینارمان بۆ بنێرێت هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی راده‌ست ده‌كه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌م قسه‌یشی كرد، به‌ڵام كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی راده‌ستكردنی نه‌وت نییه‌ به‌ ته‌نها، به‌ڵكو كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بوونی هه‌رێم و پارتییه‌ به‌ راده‌ستنه‌كردنی مه‌له‌فی نه‌وته‌ به‌ سۆمۆ، كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ زانیارییه‌كان له‌سه‌ر گرێبه‌ستییه‌ نه‌وتییه‌كان و چۆنێتی فرۆشتن و رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، ئاشكرا ده‌بێت.

له‌سه‌رده‌می كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌ ناردنی 250 هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌ له‌ رێگه‌ی به‌غداوه‌ و به‌وه‌ش به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كات، به‌هۆی پاپه‌ندنه‌بوونی هه‌رێم یاخود جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ و لاچوونی عادل عه‌بدولمه‌هدی و هاتنی كازمی، رێككه‌وتنێكی دیكه‌ له‌ نێوان هه‌رێم وبه‌غدا ئیمزا كرا و به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ش هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار و نیوه‌ی داهاتی خاڵه‌سنوریییه‌كان راده‌ستی به‌غدا ده‌كات و به‌شه‌ بودجه‌ی بۆ هه‌ولێر ده‌نێردێت، به‌ڵام ئه‌مه‌شیان تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

كاتێك نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 15ی 11ی 2020 و له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێمه‌ ئاماده‌ین هه‌موو نه‌وت راده‌ستبكه‌ین، به‌ڵام به‌غدا مانگانه‌ 900 ملیاره‌كه‌مان بۆ بنێرێ، ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ بۆچی به‌غدا ئاماده‌ نییه‌، پێشوازی له‌م قسه‌یه‌ بكات، وه‌ڵامه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا كێشه‌ی ته‌نها رێژه‌ی راده‌ستكردنی نه‌وت نییه‌‌، به‌ڵكو هه‌وڵی به‌غدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ مه‌له‌فی نه‌وتی كوردستانی ده‌ستبێكه‌وێت و لای شه‌فاف و روون بێت.

پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌كردن و داهاتی نه‌وتی هه‌رێم یه‌كێكه‌ له‌و پرسه‌ ئاڵۆز و نادیارانه‌ی كه‌ تا ئێستاش نه‌ك بۆ به‌غدا بۆ به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌مترین زانیاری هه‌یه‌ و نا شه‌فافه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵی ئێستای به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ له‌ رێی سۆمۆوه‌ ئه‌م پرسه‌ی بۆ روونبێـته‌وه.  ته‌نها رێگه‌ش بۆ گه‌یشتنی به‌غدا به‌م ئامانجه‌ی راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێمه‌ به‌ سۆمۆ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌ولێره‌وه‌.

بۆچی هه‌رێم نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ ناكات
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی په‌یسه‌ر، مه‌له‌فی نه‌وت ته‌نها له‌ هه‌ولێره‌وه‌ نییه‌ و گرێدراوی چه‌ندین گرێبه‌ستی گه‌وره‌یه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌م پرسه‌ له‌ ئه‌نكه‌ره‌وه‌ ده‌رده‌چێت، بۆیه‌ به‌رپرسانی حكومی و به‌ تایبه‌تیش پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ مه‌له‌فی نه‌وتی له‌ به‌رده‌ستدایه‌، ئاماده‌نین زانیاری  و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان بۆ به‌غدا ئاشكرا بكه‌ن.

هه‌ر ئه‌م پرسه‌شه‌ وای له‌ دوو لایه‌نه‌ به‌شدارو پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی حكومه‌ت، یه‌كێتی و گۆڕان كردووه‌، كه‌ داوای ئه‌وه‌ بكه‌ن وه‌فدێكی بڕیاربه‌ده‌ست ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتن.

مه‌به‌ستی یه‌كێتی و گۆڕان له‌و داوایه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پرسی نه‌وت و گرێبه‌ستییه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ده‌ستی سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌رپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و ئه‌وان ده‌توانن، بۆ داواكه‌ی به‌غدا كه‌ ته‌سلیمكردنی نه‌وته‌ به‌ سۆمۆ بڕیاری كۆتایی بده‌ن و هه‌ر رێككه‌وتنێكیش له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و داوایه‌ ئه‌نجامێكی نابێت.

هه‌ر بۆیه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانیش له‌ یاسای قه‌رزدا ئه‌و خاڵه‌یان جێگیركرد كه‌ ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ بكات و به‌غداش له‌ ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵه‌ی یاساكه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه، به‌شه‌ بودجه‌ی هاوڵاتیانی كوردستان بنێرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر، تا ئێستا به‌رپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماده‌نین كلیلی نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو زانیارییه‌ شاراوه‌كانی نه‌وت بۆ به‌غدا و لایه‌نه‌ شیعه‌كان ئاشكرا ده‌بێت و به‌وه‌ش كورد كارتێكی گه‌وره‌ی سیاسی له‌ده‌ست ده‌دات به‌رامبه‌ر به‌غدا، جگه‌ له‌وه‌ش چۆنێتی گرێبه‌ستییه‌ نه‌وتییه‌كان و گه‌نده‌ڵی له‌فرۆشتنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی بۆ به‌غدا و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ به‌شێكیان ئۆپۆزسیۆنن ئاشكرا ده‌بێت.

ئه‌نكه‌ره‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا
بێ قسه‌كردن له‌سه‌ر رۆڵ و پێگه‌ی توركیا، ناتوانرێت قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت بكرێت، توركیا و هه‌رێم كه‌ گرێبه‌ستی 50 ساڵه‌یان له‌سه‌ر نه‌وت له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر رێكنه‌كه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا.

حكومه‌تی عێراق پێشتر سكاڵای له‌دژی توركیا له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا تۆماركردبوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نه‌بووه‌ هۆی ده‌ستبه‌ردابوونی توركیا له‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و رێككه‌وتنی 50ساڵیش وه‌ك خۆی مایه‌وه‌.

توركیا تا ئێستا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وت به‌ سۆمۆی نه‌داوه‌ و نایه‌وێ گلۆپی سه‌وز بۆ هه‌رێم هه‌ڵبكات تا رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ئه‌نجام بدرێت، بۆیه‌ چه‌ندین جار له‌سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌نكه‌ره‌ و به‌غدا گفتوگۆ كراوه‌ و بێ ئه‌نجامیش ماوه‌ته‌وه‌.

بۆیه‌ له‌ ئێستادا باشترین بژارده‌ بۆ حكومه‌ت و به‌رپرسانی پارتی ئه‌وه‌یه رۆژانه‌‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی سۆمۆ به‌شداری پێ بكرێت له‌ چۆنێتی فرۆشتنی نه‌وت و زانیارییه‌كان له‌سه‌ر گرێبه‌ستیه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم.

چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتراوه‌؟
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتووه‌، حكومه‌تی عێراق ئاماده‌بووه‌ به‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان كازمی و به‌رپرسانی هه‌رێم بمێنێته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ جێگیر بكرێت و بنێردرێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌رێم مانگانه‌ راپۆرتی هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی ته‌واوی نه‌وتی هه‌رێم راده‌ستی به‌غدا بكرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش جارێكی تر ده‌بێـته‌ گرفتی گه‌وره‌ی به‌رده‌م نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێرو به‌غدا و ناتوانێت به‌ یه‌كیان بگه‌یه‌نێت. چونكه‌ هه‌رێم ئاماده‌ نییه‌ ته‌واوی زانیارییه‌كان  و نهێنییه‌كانی مه‌له‌فی نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات.

هه‌روه‌ها به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتراوه‌، كه‌ هه‌ولێر توانای ناردنی 500 بۆ 600 هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌یه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌بێ هیچ مه‌رجێك 250 هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌و نیوه‌ی داهاتی ناوخۆ و پێدانی زانیاری به‌ سۆمۆ رازی ببێت، تا رێككه‌وتن بكرێت.

هه‌فته‌یه‌كی گرنگ له‌به‌رده‌م هه‌ولێر و به‌غدا
به‌هۆی گفتوگۆكانی وه‌فدی هه‌رێم له‌به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ رۆژی سێشه‌ممه‌ دواخرا كه‌ بڕیاربوو له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گفتوگۆی كۆتایی بكرێت و ره‌وانه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت.

هه‌رچی هه‌رێمی كوردستانیشه‌ بۆ قسه‌ی كۆتایی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا و ئه‌نجامدانی رێككه‌وتن، تاوتوێی زانیارییه‌كان له‌ناو حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چاوه‌ڕێی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی ئابوری عێراق به‌شدار بێت و پاش ئه‌وه‌ وه‌فدی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ رێككه‌وتنی كۆتایی.