ڕاپۆرتی کوردستانی

12:00 - 06/12/2020

كورد لە كەركوك، هەنگاوێك بۆ پێشەوە و 10 هەنگاو گەڕانەوە بۆ دواوە‌

پەیسەر

دوای رێككەوتنی ئیدارەدانی دۆسێی ئەمنی كەركوك بە رێژەی 32% بۆ پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركمان و 4% بۆ پێكهاتەی ئاشوری، لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت ئەو دابەشكارییە بۆ ئیدارەدانی پۆست و هەیكەلی كارگێڕی پارێزگاكە جێبەجێبكرێت، بەوەش كورد لە كەركوك دەگەڕێتەوە بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێش رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، كورد زۆرینەی هەرەزۆری پۆستە ئەمنی و كارگێڕیی و خزمەتگوزارییەكانی لەئەستۆدا بوو بە پۆستی پارێزگاریشەوە.

دابەشكاری رێژەیی
دوای ئەوەی لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا لیوای 61ـی سەرۆك وەزەیرانی عێراق لە سەنتەری شاری كەركوك پاشەكشەیان پێكرا بۆ دەرەوەی شارەكە و دواتریش سەرجەم دەروازەكانی شارەكە بە هێزە جیاوازەكانی سوپا و حەشدی شەعبی چۆڵكران و رادەستی پۆلیس كران، لە ئێستادا بڕیارە هێزێكی 500 كەسی بۆ ئیدارەدانی دۆسێی ئەمنی ناوشاری كەركوك دروستبكرێت، پەیسەرپرێس زانیویەتی كە ئەو هێزە نوێیە لەسەر بنەمای رێژەی 32% بۆ پێكهاتەی كورد و 32% بۆ عەرەب و 32% بۆ توركمان و 4% بۆ ئاشورییەكان دابەشدەكرێت.

لە ئیدارەی ئەمنییەوە بۆ هەیكەلی ئیداری
هاوكات لەگەڵ رێككەوتن لەسەر ئیدارەی ئەمنی، لەرووی كارگێڕیشەوە كورد دەیەوێت بە هەمان دابەشكاری رێژەیی پۆستە كارگێڕییەكان دابەشبكرێنەوە.
ئیدریس عادل جێگری مەڵبەندی 2ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە كە دۆخی پارێزگای كەركووك پێویستی بە راستكردنەوە هەیە و دەبێت بەپێی ڕێژەی هەر پێكهاتەیەك هاوبەشی لە ئیدارەدانی كەركوكدا هەبێت.
بە وتەی ئەو بەرپرسە حیزبییەی یەكێتی نیشتمانی لە كەركوك ئێستا جموجوڵ و هەوڵێك هەیە بۆ جارێكی دیكە دابەشكردنەوەی پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بە شێوەی رێژەیی لەنێوان پێكهاتەكاندا و سەرۆك كۆماری عێراق چاودێری و پشتیوانی پرۆژەكە دەكات.

هەڵوەرینی كورد لە كەركوك
لە درێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كورد و بە درێژایی 17 ساڵی رابردووی هاوبەشی كوردیش لە بەغداد بەردەوام ناوی كەركوك تایتڵی كێشەیەكی گەورە بووە، كێشەیەك كە كورد هەمیشە وجودی خۆی بەستووەتەوە بە كەركوكەوە، بەڵام زۆر بە سانایی دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر كورد لە كەركوك هەڵوەرێندرا.

بە داتا كورد لەدوای 16 ئۆكتۆبەر نزیكەی 40 پۆستی لە كەركوك لێسەندرایەوە
یەك پۆستی پارێزگار
سێ‌ پۆستی قائیمقام
ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی كەركوك
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی كەركوك
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوك
بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراكی كەركوك
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك


گەڕانەوە بۆ دواوە
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پۆستانەی كە كورد لەدوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر لە كەركوك لە دەستیداون دەردەكەوێت پێش ئەوە كورد حاكمی شارەكە بووە و زۆرینەی هەرەزۆری پۆستەكانی لەئەستۆ بووە بە پۆستی پارێزگاریشەوە، بەڵام ئێستا كەوتووەتە دۆخێكەوە كە چاوی لەوەیە هاوشێوەی ساڵی 2011 لەسەر بنەمای دابەشكاری رێژەیی بەشێك لە پۆستەكان وەربگرێتەوە، ئەمەش بە لێكدانەوەیەكی سادە هەنگاوێك بۆ پێشەوە و بارتەقای 10 ساڵیش گەڕانەوەیە بۆ دواوە.