07:48 - 05/12/2020
حەوتەمین مۆمی خامۆشی تەمەنی رۆژنامەنوسێكی تیرۆركراو
حەوت ساڵ بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانیدا تێدەپەڕێت، ئەو رۆژنامەنوسەی لە ماڵی خۆیاندا لەبەرچاوی دایكی بە دەستڕێژی گوللە شەهیدكرا، هاوسەرەكەشی لە ساڵیادی رووداوەكەدا وەسیەت دەكات ئەگەر مرد ئەوا پارچەیەك لە كراسی خوێناوی هاوسەرە تیرۆركراوەكەی بخەنە سەر دڵی ئەوكات كفنی بكەن و بەخاكی بسپێرن.
كاوە گەرمیانی
كاوە محەممەد ئەحمەد ناسراو بە كاوە گەرمیانی، ساڵی ١٩٨١ لەدایكبوو ڕۆژنامەنوس و سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ و پێشتر گۆڤاری گەڕان بوو، ڕۆژی ٥/١٢/٢٠١٣ لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە لایەن چەند چەكدارێكەوە درایە بەر دەستڕێژی گولە و تیرۆركرا.
لە دوای تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی، خۆپیشاندان و ناڕەزایی زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، بەتایبەتی گەرمیان و سلێمانی، هاوكات زۆرینەی ڕێكخراو و حیزبە كوردییەكان بەیاننامەیان لەبارەوە بڵاوكردەوە و ئیدانەیان كرد، جگە لەوانە تیرۆركردنەكە كاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا وەك هەڵوێستی چەند پەرلەمانتارێكی سوید، ئاژانسی وۆرلد بلوتینی نێودەوڵەتیش لەوكاتەدا نوسی: رۆژنامەنوسێكی كوردی دژە گەندەڵی لە كوردستان كوژرا.
ئامەد كاوە گەرمیانی
دوابەدوای تیرۆری كاوە گەرمیانی منداڵێك هاتە دونیاوە بەناوی ئامەد، ناوەكەی هەرزوو بووە وێردی سەر زمان چونكە كاتێك باوكی تیرۆركرا ئەو لە سكی دایكیدا بوو ئەویش ئامەد كاوە گەرمیانییە.
تەمەنی ئامەد ئێستا هاوتای ساڵەكانی تیرۆركردنی باوكیەتی و تەمەنی گەیشتووەتە 7 ساڵ، دواینجار كە زوومی كامێراكانی چووەسەر ئەوكاتە بوو كاتێك دایكی ئامەد بۆ مەراسیمی سوێندخواردن وەك ئەندام لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا بە رەشپۆشی لەگەڵ كوڕەكەیدا چووە ناو پەرلەمان و سوێندی خوارد و ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە لە فراكسیۆنی گۆڕان.
كراسی خوێناوی
لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆركردنی هاوسەرەكەی و تەنها دوای دوو رۆژ لە ئەنجامدانی پێشێلكاری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەرامبەری لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكانی سلێمانیدا، شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و هاوسەری رۆژنامەنوسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی وەسێتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا نوسیویەتی: لەم جەنگەڵەدا ژیان پڕە لەقەدەری ڕەش، پێدەچێت ئامەد گەورە نەكەم.، وەسێتی من كەمردم بستێك لە كراسە خوێناوییەكەی كاوە و كراسێكی ئامەد بخەنە سەر دڵم ئەو كات كفنم كەن، با لە گۆڕدا لەدوری ئەوان بتوانم ئۆقرە بگرم.
تیرۆر لە هەرێمی كوردستان
دوای راپەڕین و هاتنەسەركاری دەسەڵاتی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان، هەر لە سەرەتاوە تا ماوەی رابردوو ناوبەناو تیرۆر روویداوە سەرەتا تیرۆری كەسایەتییە سیاسییەكان و بەدواشیدا رۆشنبیر و شاعیر و نوسەر و رۆژنامەنوس.
بۆ نمونە:- رەئوف ئاكرەیی كارەكتەری سیاسی، فرانسیس یوسف تۆما لە بزوتنەوەی ئاشوریی، لازار میخۆ حەننا ئەندامی هەرێمی كوردستانی حیزبی شیوعیی عێراق، قەیس محەمەد ئەحمەد ناسراو بە رێناس لێپرسراوی لقی دهۆكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، نەزیر عومەر ناسراو بە ئارام هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی كرێكاریی و سۆشیالیستی، عەلی بۆسكانی، بازرگان و كەسایەتی شاری سلێمانی، بەكر عەلی شاعیر، عەبدولستار تایەر شەڕیف، نوسەر، سۆران مامە حەمە و زەردەشت عوسمان و كاوە گەرمیانی رۆژنامەنوس.
ئەوانە جگە لە چەندین كەیسی دیكە كە گومان لە داتاشینی كەیسەكانیان دەكرێت.
لەمپەڕی ئازادی
ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یاسایەك هەن بۆ رێكخستنی مافی كاری میدیایی و رۆژنامەنوسان وەك یاسای چاپەمەنی هەرێمی كوردستانی عێراق _ ژمارە (10) ی ساڵی 1993 و یاسای سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانی عێراق _ ژمارە (4) ی ساڵی 1998 و یاسای بڵاوكردنەوە لە رۆژنامەی رەسمیدا (وەقایعی كوردستان )_ ژمارە (4)ی ساڵی 1999 و یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەوانی كوردستان -عێراق _ ژمارە (13)ی ساڵی 2001 و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان _ژمارە (35) ی ساڵی 2007، بەڵام بە ئێستاشەوە ئازادی رادەربڕین و بڵاوكردنەوەی زانیاری لە هەرێمەكە لەژێر هەرەشەدایە و هیچكات ئامار و داتاكانی پێشێلكاری لە تیرۆرەوە تا دەگاتە سوكایەتی و هێرش و پەلاماردان جێگەی دڵخۆشی نین.