04:02 - 03/12/2020
گەندەڵی بەرۆكی خاوەن پێداویستیەكانیشی گرتووەتەوە
گەرچی لە هەندێك كۆمەڵگەدا بەچاوێكی نائاسایی سەیردەكرێن، بەڵام تواناكانیان هەندێكجار لە مرۆڤە ئاساییەكانیش زیاترە، دیاردەی كەمئەندامی دیاردەیەكی حیهانیی و سروشتیشە، بەڵام دەستی مرۆڤ ڕێژەكەی زیاتر كردووە، لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش ژمارەی ئەوانەی خۆیان وەك خاوەن پێداویستی تایبەت ناساندووە سەری لە لایەنی پەیوەندیداو تەنانەت خاوەن پێداویستییە ڕاستەقینەكانیش شێواندووە.
ئەمڕۆ 3 ی دیسەمبەر ڕۆژی
جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتە، ئەگەر لەنێو تۆڕی كۆمەلایەتی فەیس بووك گەڕانێكی خێرا بكەیت بۆ هەردوو وشەی (خاوەن
پێداویستی تایبەت، یان ، كەمئەندام) لەبریی ئەوەی توێژینەوەی زانستی، ئامار و
داتا، بەهرەو تواناكانی ئەو توێژە بخاتە بەردەست، سەرجەم ئەو زانیارییانەت دەداتێ
كە پەیوەستن بە مووچەكانیانەوە، مووچەیەك كە ئەوەندە كەم و نالایەقە هەر باس
ناكرێت، سەرەڕای ئەوەش هێشتا نەكلە كاتی خۆیدا پێیان نادرێت بەڵكو لێبڕین و
پاشەكەوتیش دەیانگرێتەوە، هەربۆیە زۆرجار بوونەتە جێگەی سەرنج و فۆكەسی میدیاكان،
ئەوە لە كاتێكدا وەك خاوەن پێداویستیەكان ڕایان گەیاندووە ئەوان پێویستیان بەوە
نیە كە خەڵك بەزەییان پێیاندا بێتەوە بەو ئەندازەیەی وەك مرۆڤ سەیریان بكرێت و لە
خواست و داواكارییەكانیان بڕوانرێت.
سەرەڕای هەموو ئەو
ناهەقیانەی بەو توێژە تایبەتەی كۆمەڵگە دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی
خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و گوێنەدان بە تواناكانی ئەو كەسانە گەندەڵی دۆسیەكانی
ئەوانیشی گرتووەتەوە، بەشێوەیەك ژمارەیەكی ئێجگار زۆر هەن كە بە هیچ شێوەیەك خاوەن
پێداویستی تایبەت نەبوون و نین، بەڵام بۆ ئەوەی مووچەیەكیان هەبێت پەنایان بۆ ئەوە
بردووە وەك خاوەن پێداویستی تایبەت خۆیان بناسێنن، یان ڕێژەی كەمئەندامبوونیان
دەستكاریی بكەن، هەر بۆیە دەبنیرێت كێشە بۆخاوەن پێداویستی تایبەت درووست بووە.
بە پێی توێژینەوەكان
سەرچاوەی دروست بوونی كەمئەندامبوون دەكرێت بە دوو بەشی سەرەكییەوە یەكێكان
سروشیتییەو منداڵ هەر بە كەمئەندامی لەدایك دەبێت و بەشەكەی دیكە لەكاتی
لەدایكبوونەوە دروست دەبێت یان بەهۆی ڕووداوێكەوە. هەرچۆنێك بێت ئەو كەسانە
بەلەدەستدانی ئەندامێك یان زیاتر، یان بەڕێژەی جیاوازی كەمئەندام بوونیان تا
ڕادەیەك كاریگەرییەكی لەسەر ژیانیان دەبێت
هەر بۆیە وەك خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان دەهێنرێت.
گەرژی لە یاسای ژمارە 22ی
تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی کەمئەنداماندا هاتووە کە دەبێت لە شەقام و شوێنە
گشتییەکان رەچاوی دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکرێت، بەڵام دوای تێپەربوونی
نۆ ساڵ، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نیگەرانن لە جێبەجێنەکردنی یاساکە وەکو خۆی
و لە بەشێكی زۆری شەقامەكان و فەرمانگەكانی حكومەتیشدا شوێنی تایبەت بۆیان
چێنەكراوە.
بەمەبەستی كۆتایی هێنان
بە دۆسیەی گەندەڵیكردن لە نێو خاوەنپێداویستیە تایبەتەكاندا وەزارەتی کار و
کاروباری کۆمەڵایەتی سێ جار لە رێگەی لیژنەکانی تەندروستی پشکنینی رێژەی کەمئەندامی
بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە، لە ئەنجامی پشکنینەکان ژمارەی
کەمئەندامان لە 101 هەزار و 221 کەسەوە بۆ 88 هەزار و 494 کەس کەمکراوەتەوە، بەمەش
12 هەزار و 721 کەس لە پشکنینەکان دەرنەچوون و ناویان لە لیستی مووچەی کەمئەندامی
سڕاوەتەوە، دوای ئەوەش هێشتا بەشێكی دیكە لە شارەزایان پێیان وایە ناهەقی زۆرتریش
ماوەو ئەوەش دەبێتە كێشە بۆ خاوەن هەقەكان، بۆیە ئێستا وەزارەتەکە دەیەوێت بە
میکانیزمێکی دیکە دووبارە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی کەمئەندامان بکاتەوەو
ئەوانەی كە شایستەی وەرگرتنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت نین بیبڕن و نەهێڵن
ببنە ئەرك بەسەر ئەو چینە تایبەتەی كۆمەڵگەوە.
لەبارەی مووچەی
کەمئەندامانەوە کوێستان محەممەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: کۆی
مووچەی مانگێکی کەمئەندامان لە هەرێمی کوردستان 12 ملیار و 673 ملیۆن و 700 هەزار
دینارە، لەو ژمارەیە 76 هەزار و 420 کەسیان مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن و 12
هەزار و 8 کەسیشیان مووچەی مانگانەیان 100 هەزار دینارە. بەڵام سەرجەم خاوەن
پێداویستیەكان پێیان وایە ئەو بڕە پارانە هەر زۆر كەمەو بەبەراود بە مووچەی
وڵاتانی دونیا لە ڕیزیی نەبواندایە. لە عێراقیش بەهۆی كێشەی چەند شەڕێكی نەخوازاو
خراپی ڕیگەوبان و باری تەندروستی هاوڵاتیان، ملیۆنێك 375 هەزار هاوڵاتی خاوەن
پێداویستی تایبەتن و ئەو ژمارەیەش لەسەرجەم ناوچەكانی عێراقدا دابەش بوون بەڵام
زۆرینەی ڕێژەكە بەر بەغدادی پایتەخت دەكەوێت.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی
چەند ئامار و زانیارییەكی سەبارەت بەم رۆژە بڵاوكردۆتەوە كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان
دەكەین :
بە پێی ڕاپۆرتە
رۆژنامەوانییەكان لە جیهاندا 15% بە خاوەن پێداویستی تایبەت هەژمار دەكرێن. هەموو
خاوەن پێداویستیەكی تایبەت وەك هەر كەسێكی تر پێویستی بە چاودێری تەندروستی هەیەو
بگرە هەندێك تایبەتمەندی خۆیان هەیە دەبێت بەپێی پێداویستیەكانیان بۆیان دابین
بكرێت.
لە هەندێك لە سەرچاوەكانی
دیكەدا هاتووەكە هەر 7 مرۆڤێك لە جیهاندا یەكێكیان
بەشیوەیەك لە شێوەكان خاوەن پێداویستی تایبەتن ئەوەش بەلەبەرچاو گرتنی پێناسەی
خاوەن پێداویستی تایبەت لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازیی هەیە.. دووبارە ڕاهینانەوە
و دابینكردنی پێداویستیەكان یارمەتی دەرن بۆ ئەوەی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت
بتوانن بە تەندروست بژین ، بەڵام بە داخەوە زۆرینەی ئەو پێداویستیانە بەردەست نین
بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان، بە شێوەیەك كـــــە:
970 ملیۆن كەس لە جیهاندا هەن كە كێشەی بینایی
چاویان هەیە و چاویلكە وئامێری هاوكاری كردنیان پێویستە و بۆ یان دابین نەكراوە.
ڕێژەی 75 ملیۆن كەس هەن كە كورسی تایبەت بە خاوەن
پێداویستی تایبەتیان دەوێت و بۆیان دابین نەكراوە. نزیكەی 466 ملیۆن كەس كێشەی بیستنیان
هەیە و پێویستیان بە بیستۆكی تایبەت هەیە .