03:52 - 03/12/2020
مووچەش دابەشبكرێت خۆپیشاندان لە سلێمانی هەر بەردەوام دەبێت و بەغداد لێكۆڵینەوە دەكات
نارەزایی و خۆپیشاندان لە سلێمانی بەردەوامە و بەهۆی بەكارهێنانی غازی فرمێسكڕێژ و گرژی و ئاڵۆزی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانیشەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر برینداربوون.
هاوكات مامۆستایانی نارازی باس لەوە دەكەن كە ژمارەیەك مامۆستای خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون و پەیسەرپرێس زانیویەتی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای پێكهێنانی لیژنە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی سلێمانی كردووە.
چی روویدا؟
ئەمڕۆ پێنجشەممە جارێكی دیكە خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی سەرای سلێمانی ئەنجامدرا، بەپێی زانیارییەكانیش هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران غازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە و بەهۆی ئەوەشەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر تەندروستییان تێكچووە و برینداربوون لەنێویشیاندا شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت
لە سەروبەندی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكانی ئەمرۆدا لیژنەی باڵای ئارامی پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە:-
1- هەر كۆبونەوەو گردبونەوەیەك بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامیی ڕێگەپێدراو نییەو، شێواندنی ئارامی شار و ڕاگرتنی جوڵەی بازاڕ لەم قەیرانە ئابورییە قوڵەدا لە بەرژەوەندییی توێژەكانی كۆمەڵگادا نییە.
2- خۆپیشاندانی مەدەنییانەو ئاشتیانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواكارییە ڕەواكان لە چواچێوەی یاسادا؛ یەكێكە لە مافە ڕەواكانی خەڵك و پارێزگاریی لێدەكەین.
3- پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی یاسا ڕێگاپێدراوەكاندا ڕوماڵی ڕوداوەكان بكەن و ئیتیكی ڕۆژنامەوانیی لەبەرچاو بگرن.
4ـ پێویستە هەموو هێزەكان ئارامیی و ئاسایش بپارێزن و خۆیان لە هەر ڕوبەڕوبونەوەو توندوتیژییەك بەدوربگرن.
دەستگیركردنی خۆپیشاندەران
دوابەدوای دروستبوونی پشێوییەكان ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی ئاماژەیان بەوەدا كە ژمارەیەك مامۆستای خۆپیشاندەر دەستگیركراون كە ناوی چەند دەستگیركراوێكیان لای پەیسەر پارێزراوە.
بەپێی لێدوانی میدیایی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی، ئەوان ویستویانە بە هێمنانە خۆپێشاندانەكەیان بەرنە بەردەركی سەرا، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردوون و پشێوی دروستبووە.
خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت
ئەگەرچی داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران دابینكردنی مووچە و حكومەتیش دەستیكردووە بە دابەشكردنی مووچە، بەڵام بە وتەی خۆیان بەم مووچەیە خۆپیشاندان كۆتایی نایەت و نارەزایەتییەكان بەردەوام دەبن.
ئەندامێكی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی دەڵێت ئەگەر مووچەش دابەش بكرێت ئێمە لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبین، چونكە تاوەكو ئێستا 18 مووچەی تەواوەتی و 37چارەكە مووچەمان لەلای حكومەتە.
عێراق لێكۆڵینەوە دەكات
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردووە لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوونی رووداوەكانی سلێمانی پێكبهێندرێت.
پەیسەر زانیویەتی كە نوسینگەی كازمی پەیوەندییان بە چەند پەرلەمانتار و كەسایەتییەكی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و داوای زانیارییان لێكردوون لەبارەی خۆپیشاندانەكە و توندوتیژییەكان.
تەنها سلێمانی
ئەگەرچی مووچە لە هەموو هەرێمی كوردستان دواكەوتووە و قەیرانەكە هەموو هەرێمی گرتووەتەوە، بەڵام خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان تەنها لە شاری سلێمانی هەن، ئەوەش لەكاتێكدا كە پێشتریش لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكاندا تەنها پارێزگای سلێمانی دەخرۆشا و بۆ ئەم خۆپیشاندانەش بە هەمان شێوە.