ڕاپۆرتی کوردستانی

03:28 - 03/12/2020

رێككەوتنی 50 ساڵی توركیا و هەرێمی كوردستان و نهێنی فرۆشتنی كێڵگە نەوتییەكان‌

پەیسەر

حەوت ساڵ بەسەر رێككەوتنی 50 ساڵی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا تێدەپەڕێت، رێككەوتنێك كە ناوبەناو لە شەقام و كۆبوونەوە سیاسییەكاندا دەخرێتە بەرباس، بەڵام بە ئێستاشەوە ناوەرۆكەكەی نەزانراوە و تەنها چەند كەسێك دەزانن هێڵە ستراتیژییەكانی چین، نە پەرلەمان و نە هیچ دامەزراوەیەكیش لە هەرێمی كوردستان نازانێت چی تێدا نوسراوە.

رێككەوتنی 50 ساڵی
ساڵی 2010 لەكاتێكدا بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، نێچیرەڤان بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان بەبێ‌ ئەوەی هیچ بەرپرسیارێتییەكی فەرمی هەبێت سەردانی توركیای كرد بۆ دۆسێی وزەی هەرێم.
لە مانگی ئازاری ساڵی 2013دا نێچیرەڤان بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت بوو رێككەونێكی 50 ساڵی لەگەڵ توركیادا واژۆكرد كە ناوەرۆكەكەی نەك تەنها بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ بەشی زۆری دامەزراوەكانی توركیاش نەزانراوە بە ئێستاشەوە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 و دوای زیاتر لە ساڵێك لە واژۆكردنی رێككەوتنەكە، نێچیرڤان بارزانی بە پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند كە "رێككەوتنێكی 50 ساڵییان لەگەڵ توركیادا ئەنجامداوە و چەند بوارێك دەگرێتەوە"، بەبێ‌ ئەوەی باس لە بوارەكان و وردەكاریی رێككەوتنەكە و ناواخنەكەی بكات.

ناوەرۆكی رێككەوتنی 50 ساڵی
ئەگەرچی تا هەنوكە بە رەسمی نە لە توركیا و نە لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی 50 ساڵی بڵاونەكراوەتەوە و لە هەردوولا تەنها تیمێكی چەند كەسی ئاگاداری ناوەرۆكەكەین، بەڵام هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كە ناوەرۆكی رێككەوتنەكە 13 خاڵە و بەسەر سێ‌ تەوەردا دابەش دەبێت كە پێكدێن لە تەوەرەكانی (سیاسی و ئابوری و وزە).
هاوكات بەشێك لە خاڵەكانی بەشێوەی جیاواز دزەیان پێكراوە كە گرنگترینەكانی ئەمانەن:-
1) هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تا 50 ساڵی دیكە لە رێگەی توركیاوە
2) پێدانی كرێی گواستنەوە و پاراستنی ئاسایش و كرێیی كۆگاكانی نەوتی هەرێم بە توركیا بۆ ماوەی 50 ساڵ
3) ئەولەویەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بیانی بۆ كۆمپانیا توركییەكان بێت لە هەرێمی كوردستان.
4) هاوكات هەندێك لێكدانەوە بۆ ناوەرۆكی رێككەوتنەكە باس لە پرسی سیاسی دەكەن لە نمونەی رێكخستنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا و پرسی پەكەكە و پارتی دیموكراتی كوردستان.


كێ‌ رێككەوتنەكەی كرد؟
ئەگەرچی بە دیوی توركیادا رەجەب تەیب ئەردۆگان و بە دیوی هەرێمی كوردستانیشدا نێچیرڤان بارزانی سیمای رێككەوتنەكەن، بەڵام ناوەرۆكی رێككەوتنەكە جگە لەو دوو كەسە لای دوو كەسی دیكەش هەن كە یەكێكیان ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوی دیكەیان تەنەر یەڵدز وەزیری پێشووی وزەی توركیایە.
بەڵام هەندێكجار ناوی دیكەش لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو گروپە زیاد دەكرێت كە ئاگاداری ناوەرۆكی رێككەوتنەكەن لە نمونەی:-
عیماد ئەحمەد - جێگری پێشووتری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بایز تاڵەبانی - وەزیری پێشووتری دارایی كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە
عەلی سندی – وەزیری پێشووتری پلاندانانی هەرێمی كوردستان

بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە چەندین كابینەی حكومەتە بەردەوام شەریك و جێگری پارتی دیموكراتی كوردستانە، زۆرجار لە میدیاكانەوە بەرپرسەكانیان باس لەوە دەكەن ئاگاداری ناوەرۆكی رێككەوتنی 50 ساڵی نین و لە دواین جاریشدا پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر پاڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو پەیامەی دووبارە كردەوە و وتی كە ئاگاداری رێككەوتنەكە نین.

فرۆشتنی كێلگەی نەوتی
لەپاڵ بەندەكانی رێككەوتنی 50 ساڵی، یەكێكی دیكە لەو دۆسێیانەی كە گومان و نهێنی زۆری لەخۆیدا حەشارداوە، پێشنیاری فرۆشتنی چەند كێڵگەیەكی نەوتی هەرێمە لەلایەن ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان بۆ بەرپرسانی توركیا.
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك كە پێگەی ویكیلیكس ئاشكرای كردن، لە 19/3/2016دا، ئاشتی هەورامی وەزیری ئەوكاتی سامانە سروشتییەكان ئیمەیلێكی ناردووە بۆ بیرات بەیرەقدار، وەزیری وزەی توركیا و تێیدا پێشنیاری فرۆشتنی چەند كێڵگەیەكی نەوتی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ توركیا.
بەپێی بەڵگەنامەكە، ئاشتی هەورامی بۆ وەزیری وزەی توركیای نوسیوە كە زۆر پێویستیان بە پارەیە هەربۆیە سێ‌ پێشنیاری بۆ كردوون لەبارەی كڕینی كێڵگەی نەوتی لە هەرێمی كوردستان
پێشنیاری یەكەم: توركیا كێڵگەكانی تەق تەق و تاوكی و شێخان بكڕێت.
پێشنیاری دووەم: توركیا كێڵگەكانی میران و بنەباوی بكڕێت.
پێشنیاری سێیەم: توركیا كێڵگەی خورمەڵە بكڕێت.

كە بەهای هەر پێشنیارێكیان 5 ملیار دۆلارە و بەپێی ئیمەیلەكەی ئاشتی هەورامی كام پێشنیار و كێڵگەیان بۆ توركیا گونجاوبێت هەرێمی كوردستان ئامادەیە خاوەندارێتییەكەی پێبفرۆشێت.