12:46 - 02/12/2020
ئەدای كورد لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەخنەباران دەكرێت
بەپێی نەریتە دیبلۆماسییەكان، لە هەموو وڵاتانی جیهاندا وەزارەتی دەرەوە بەرپرسی یەكەمە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان و یەكێكە لە وەزارەتە گرنگەكانی ناو حكومەتەكان و یەكێكە لەو پۆستانەی كە وڵاتان گرنگی زۆری پێدەدەن، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەك هەموو جومگەكانی دیكە كراوەتە قوربانی پشك پشكێنە و دابەشكارییە سیاسییەكان، ئەوەش وەك خاڵی لاوازی سلكی دیبلۆماسی عێراق گوزارشتی بۆ دەكرێت كە بەغداد نەیتوانیوە ئامادەگییەكی پێویستی هەبێت بەرامبەر بە رووداو و پێشهاتە دەرەكییەكان.
كورد چەند خولێك وەزارەتی دەرەوەی لە ئەستۆ بووە، پێشتر لە سەردەمی وەزیری پێشوو هۆشیار زێباری و ئێستاش كە د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەیە و وەزیری ئێستا و وەزیری پێشووش لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون.
عەباس عەرداوی، شرۆڤەكاری سیاسی لەبارەی رۆڵی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: كورد وەك ئەوەی ئەو وەزارەتە هی خۆی بێت و گوزارشت نەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا دەكات.
رەخنەی ئەوەش دەگرێت كە وەزارەتی دەرەوە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا نوێنەرایەتی سیاسەتی دەرەوەی پایتەخت دەكات، بێ گوێدانە باكگراوندی وەزیر و تیمەكەی كە كاری لەگەڵ دەكەن بەڵام وەزارەتی دەرەوەی عێراق وانییە و لە دوو خولی رابردوودا بە داخەوە ئەوەمان بۆ دەركەوت كە پێكهاتەی كورد كاتێك نوێنەری وەزارەتی دەرەوە بێت، بە ئاراستەی سوودە شەخسییەكانی خۆی دەڕوات، دوور لە پلانی دەوڵەتسازی، سیاسەتی عێراق، بیروڕای هاوبەش، بەكارهێنانی پرۆفیشناڵبوون.
عەرداوی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بەردەوامە لە رەخنەكانی و ئاماژە بەوەشدەكات: نوێنەرایەتی كردنی عێراقی لە دوو جانتادا جێگەی نابێتەوە و نمونە بەوە دەهێنێتەوە كە گەلی عێراق بە دڵنیاییەوە دەستدرێژی سعودیە بۆ سەر گەلی یەمەن ڕەتدەكاتەوە، لێرەدا ئێمە دەپرسین كە وەزیری دەرەوە چۆن دەچێت بۆ پیرۆزبایی لە سعودیە لە چەندین بۆنەدا و ئیدانەی مافی بەرگریكردن لە گەلی یەمەن دەكات، یاخود لە بابەتی بە ئامانجگرتنی زانا ئەتۆمییەكەی ئێراندا بە هەمان شێوە بابەتی كەسی لە پەیامەكاندا بەدیدەكرێت بەناوی وڵاتەوە.
هاوكات حەسەن سالم ئەندامی ئەندامی كوتلەی سادیقون لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕەخنەی لە بێدەنگی حكومەتی عێراق دەگرێت بەرامبەر تیرۆركردنی زانا ئێرانیەكە.
سالم لە تویتەكەیدا دەڵێت دابڕانێك لە نێوان دوو دراوسێی نەیار ( سعودیە ) و دراوسێیەكی ئاشتیخواز ( ئێران )دا هەیە كاتێك وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی بە ئامانجگرتنی سعودیە دەكات دوای ئەوەی خوێنی گەنج و پیریان ڕشت و كوشتاری مرۆییان بە شەڕانگێزانە لە یەمەن ئەنجامدا، بەڵام كاتێك یەكێك لە زاناكانی دراوسێ ئارامەكە تیرۆر دەكرێت، وەزارەتی دەرەوەی ئێمە بێدەنگ دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە لە تویتەكەیدا دەپرسێت: كوا دڵسۆزی و گەڕانەوەی چاكە بۆ دراوسێیەك كە لەگەڵمان وەستابوو ئەو ڕۆژەی هەمووان وازیان لێلێهێناین و دیبلۆماسی لەكوێیە؟